کەلتور

ڕۆمانی خەیاڵی زانستی و ڕۆمانی فەنتازیا: بەراوردێک

01:49 - 01/07/2020 189 جار خوێندراوەتەوە

باسی پێنجەم
د. گۆران سەباح
لە باسەکانی پێشوودا، تەکنیک و ستایل و وردەکاریی ڕۆمانی خەیاڵی (خەز) هاتنە پێشکێشکردن. بەس چەند پرسیارێک وەڵامیان دەوێ. جیاوازیی نێوان خەز و فەنتازیا چییە؟ کەرستەی خەز بۆ نووسینی ڕۆمانی فەنتازیا دەشێ؟ چۆن دەزانین ڕۆمانێک خەزە یان فەنتازیایە؟ دەکرێ ڕۆمانێک هەرتک بێ؟


زۆرینەی خەز ئەم سێ خاڵە لەخۆ دەگرن (کێمپتن، ٢٠٠٤): کۆمەڵگەی دیستۆپی، داهاتوو و توخمی زانستێکی هەرە پێشکەوتوو. با ئەو سێ خاڵە لەسەر ڕۆمانی (١٩٨٤)دا تاقی بکەینەوە. بەڵێ هەر سێکی تێدایە. جۆرج ئۆروێل لە ١٩٤٩دا ڕۆمانەکەی بڵاو کردەوە، بەڵام باسی داهاتوو (١٩٨٤) دەکات کاتێ کۆمەڵگەیەکی دیستۆپی دەناڵێنێت بە دەست رێژیمێکی تۆتالیتار، لە رێگەی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووەوە کۆنتڕۆڵی خەڵک دەکات.


ڕۆمانی فەنتازیا ئەم سێ خاڵەی تێدایە (ڕۆبنسن، ٢٠١٧): بوونەوەری ئەفسانەیی، هێزی ناسروشتی (سوپەرپاوەر) وجیهانێکی خەیاڵئامێز. با ئەو سێ خاڵە لەسەر زنجیرە ڕۆمانی (لۆرد ئۆف زە ڕینگ) تاقی بکەینەوە: بەڵێ هەر سێکی تێدایە. تۆلکین ڕۆمانەکەی بە سێ بەرگ بڵاو کردەوە، هەر سێ بەرگ فەنتازیان. بوونەوەری ئەفسانەیی، سوپەرپاوەر، هێزی ئەفسانەیی و دنیایێکی خەیاڵئامێزی هەس.


خەز لەبارەی جیهانی مۆدێرنە. چۆن بواری زانستی جیهانەکە پێش دەکەوێت. فەنتازیا توخمی ئەودیو سروشت بەکار دەبات، هیچ پێوەندی بە جیهانی ئێستەوە نییە. بە کورتی، خەز لەسەر بنچینەی لۆژیکە و فەنتازیا لەسەر بنچینەی خەیاڵ (ڕۆبنسن، ٢٠١٧).  
کات و شوێن (سێتینگ)ی هەردوو ژانرەکە جیاوازن (کێمپتن، ٢٠٠٤). بە گشتی، خەز لە شوێنێکی دیستۆپی و ئایندەیەکی تەکنەلۆژی روو دەدا، بەڵام فەنتازیا جیهانی پڕە لە ئەفسانە و رووداوی ئەودیو سروشت. هەندێ جار ئەستەمە بڵێی کامیانە. بۆ نموونە، چیڕۆکی (ئایەرن مان). کەواتە دەتوانین بڵێین، ڕۆمان هەیە هەردوو توخمی تێدایە. دەکرێ ڕۆمانێک لە یەک کاتدا خەز و فەنتازیاش بێ.
ئێستە ژانرێکی تر هەیە پێی دەڵێن فەنتازیای زانستی (فەز).
سەرچاوەی خەیاڵی فەز لەسەر بنچینەی زانستە، بەڵام زانستێکی مەحاڵ (ئەبیگەیل، ٢٠٢٠). جیاکردنەوەی فەز و خەز لە یەکتر ئەستەمە چونکە زۆر لە یەکتر نزیکن. ئەو خەیاڵەی ئەوڕۆ مەحاڵە، رەنگە سبەی ببێتە ڕاست.
خەز، فەز و فەنتازیا یەک ژانر نین و زۆریش لە یەکەوە نزیکن. بەڵێ، دەکرێ ڕۆمانێک هەرسێک بێ. بۆ نموونە لە ڕۆمانی (سوپەرمان: دواهەمین کوڕی کریپتۆن)ی ماگن ئێلیەت (١٩٧٨)، پاڵەوانەکە ناوی (کالئێل)ە، لە گوللە خێراترە، بە یەک باز بەسەر هەوربڕەکاندا ئاوا دەبێت، گوللە کاری لێ ناکات، خەڵکی هەسارەی (کریپتۆن)ە کە لە رووی زانستییەوە زۆر پێشکەوتوون. لەو سۆنگەوە، ڕۆمانەکە خەزە، بەڵام پاڵەوانەکە ئەفسانەییە، کەواتە فەنتازیایە. ئەی زانستی پێشکەوتووی هەسارەکە خەیاڵێکی مەحاڵ نییە؟ دە کەواتە، فەزە. نا. هەرسێکە. خەز، فەز و فەنتازیاشە. بۆ؟ چونکە توخمی هەرسێ ژانری تێدایە. دەبێ شتی وا؟ بەڵێ.
خەزنووس، فەزنووس، فەنتازیانووس دەبێ باش شارەزای جیهانی ژانرەکەیان بن، ئەگینا کەس باوەڕ بە چیڕۆکەکەیان ناکات (ڕۆبنسن، ٢٠١٧) بەڵێ دەتوانی توخمەکان تێکەڵ بکەی بە یەکتر، بەڵام دەبێ چیڕۆکەکەت لای خوێنەر سەر و بنی تێک بکاتەوە.

گۆران سەباح دکتۆرای لە بواری ڕۆژنامەوانی و نووسیندا هەیە لە زانکۆی کانزەس لە ئەمریکا. سێ ڕۆمانی (شاخوێنبەری سەرکردە، ترس و ڕق، دووی سوور) بە ئینگلیزی و کوردی چاپ کراوە. سکۆلەری فوڵبڕایتەرە، هەڵگری خەڵاتی باب سیگمان و کاڵدەر پیکێتی ئەمریکییە لە بواری ڕۆژنامەوانی و نووسیندا.


سەرچاوەکان

Nussbaum, Abigail (April 2, 2015). "Science Fantasy". In Nicholas, Peter (ed.). The Encyclopedia of Science Fiction. Retrieved June 30, 2020
Robinson, Jeremy (2017). What every screen writer needs to know. Retrieved from writersdigest.com on June 30, 2020
Kempton, Gloria (2004), Write Great Fiction: Dialogue, Cincinnati: Writer's Digest Books.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement