1203 کەلتور

چۆن هاملێت بخوێنینەوە؟

09:19 - 19/05/2020

"زه‌مه‌ن"  حسێن لەتیف

هاملێت ئەو تێکستەیە هەرکەس یەک جار بیخوێنێتەوە ناچار بە بیرکردنەوەی دەکات,بیرکردنەوە لە دۆخی خۆی,خۆ ئەگەر زیاتر لەجارێک بیخوێنێتەوە ئەوا ناچار بە قسەکردنی دەکات, قسەکردن لەبارەی خۆیەوە یان لەبارەی ئەوانی ترەوە. من سێ جار هاملێتم خوێندوەتەوە لەژیانم دا .جاری یەکەم ساڵی ۱۹۸۹ مناڵێکی  پانزەساڵان بووم ,دانی پێدا دەنێم نەمزانیوە شانۆ بخوێنمەوە شانۆیشم وەک چیرۆک و شیعر خوێندووەتەوە,لەگەڵ ئەمانەش دا تووشی سەرسامی و دڵەڕاوکێ بووم ,شیعرێتی رووداوەکان منیشیان پەلکێشی ئەو دۆخە دەروونیەی هاملێت دەکرد ئایا ( بەراست ئەوە باوک بوو دەرکەوت یان تارمایی بوو)ئایا (مام دەرکەوتەیەکی تری باوک نەبوو)لانی کەم بۆ هاملێت کەدایکی لێ داگیرکردووە?ئایا هاملێت دەیویست لە ڕێگای کووشتنی مامیەوە دایکی بەدەست بهێنێتەوە کەپێشتر باوکی لێی داگیرکردبوو یان دەیویست دەسەڵات لەدەست خویدا بمێنێتەوە یانیش هەردووکیان پێکەوە؟ئەمانەو چەندین پرسیاری تریشلەوکاتەوە تا ئێستا بۆم وەڵام نەدراونەتەوە.بەقەد ژمارەی خوێنەرەکان وەڵام  بۆ ئەوپرسیارانە هەیە.

 

ئەی بۆ هاملێت مامی نەکوشت دایک و دەسەڵاتیش بۆخۆی بمێنتەوە؟ دەروونناسان و ڕەخنەگران پێیان وایە ئافاتی گەورەی کەسێتی هاملێت (بیرکردنەوەیە)بیرکردنەوەی زۆر ناهێڵێت هیچ ئەکتێک بنوێنێت.بۆ بەهێزکردی ئەم بۆچوونەش ئەوان دەگەڕێنەوە سەر ئەو ڕستەی هاملێت کە دەڵێت(بیرکردنەوەی زۆر مرۆڤ ترسنۆک دەکات) ئافاتی هاملێت ئەوەیە نەیتوانیوە هاوسەنگی لەنێوان بیرکردنەوەو کردار دا رابگرێت,بەڵکو بیرکردنەوە قورس و کردار سووک بوو.

 

جاری دووەم ساڵی ۱۹۹۲ لەیەکێک لەژمارەکانی گۆڤاری ئەدەبی بێگانە بەوەرگێڕانی عەزیز گەردی خوێندمەوە.ئەمجارەش خەمێک بۆچارەنووسی هاملێت دایگرتم,چونکە دۆخێکە دەشێت هەریەک لە ئێمە لەقۆناغێک دا تێی بکەوین.دۆخێک کە پێویستی بە بڕیارە و بریارمان پێنەدرێت.دایک و مام فێڵمان لێبکەن و دوورمان بخەنەوە لەخۆیان و لە عەرش.

 

سێهەمجار ساڵی ۲۰۱۳ بە وەرگێڕانی جەبرا ئیبراهیم جەبرا خوێندمەوە.تێگەشتم تارمایی دەکرێت لە زیاد لەئاستێک و کایەیەکدا بەکاربهێنرێت بۆ خوێندنەوە و راڤە. هەریەک لەمارکس و درێدا ئەوەیان کردووە .هەردووکیشیان بۆ قسەکردن لەسەر هاتن و گەرانەوەی کۆمۆنیزم لەئەوروپادا سوودیان لە تارمایی هاملێت  وەرگرتووە.(تارماییەک بەئاسمانی ئەوروپادا دەگەڕێت تارمایی کۆمۆنیزمە).

 

منیش سودم لەچەمکی تارماییبینی لەخوێندنەوەی خوێنەردا . وتارێکم بەناوی تارمایی خوێنەر نووسی و لەکۆڤاری رامان بڵاوکرایەوە. خوێنەر تارماییە.هیچ نووسەرێک ناتوانێت گريمانەی خوێنەری تێکستەکەی بکات :خوێنەر نەمێژووی دیاریکراوی هەیەو نە سایکولوجیای دیاریکراو، خوێنەر تارماییە ،بەڵام هەمیشە دەقنووس چاوەڕوانی پێشوازی ئەوانە .
هاملێت لەدوخێکی دەروونی وەهادانووسراوە شەکسپیر لەو ساڵەدا باوکی مردووە،کورەکەشی کەناوی هاملێت بووە مردووە .رەشبینیش یەکێک بووە لەتایبەتمەندیەکانی سەردەمی شەکسپیر  هەربۆیەش هاملێت بڕیاری پێنادرێت.

 

مارکسیش گوایە پاش مردنی مناڵێکی ئەم دەقەی خوێندوەتەوە بۆیە هێندە کاریگەری لەسەری هەبووە. درێداش دوای رووخانی سەربازگەی ئشیتراکی رایگەیاند (تارمایی کۆمۆنیزم بەرێوەیە).

منیش کاتێک تارمایی خوێنەرم نووسی بەو وتارە ویستم  بڵێم ئەوە ئیتر رەخنەگرەکان نیین دەتوانن ڤیزا بدەن بەدەق بەڵکو تارماییەک هەیە دەتوانێت کاریگەری لەسەر ژیان و مردنی دەق دابنێت،ئەویش تارمایی خوێنەرە.

 

هاملێت بە هۆی بیرکردنەوەی زۆرەوە نەیتوانی مامی بکوژێت بەڵام خوێنەر رۆژانە تێکست دەمرێنێت و ژیان بە تێکست دەبەخشێت. ئەمەش پەیوەندی بەو دۆخەوە هەیە کە فرۆید باسی دەکات،فرۆید باس لەقوناغی منداڵی تا تەمەنی پێنج ساڵی دەکات،تا ئەو قۆناغە کەسێتی مرۆڤ دروست دەبێت و دواتر لەژیانیدا رەنگ دەداتەوە و ناگۆڕێت،بەڵام دەرونناسە رەفتارگەراکان پێیان وایە دوای ئەو قۆناغەش مرۆڤ دەگۆڕێت و رووداوەکان و ژینگە و پەروەردە و کەلتور کاریگەری خۆی لەسەر کەسێتی مرۆڤ  بەجێدەهێڵێت.ئەگەر هاملێت ئەو کەسێتیە بێت لەگۆشە نیگا فرۆیدیەکەوە لێ بڕوانین بەهۆی گرێی ئۆدیبیەتەوە نەیتوانی بێت بڕیار بدات،ئەوا لەگۆشەنیگای رەفتارگەراکانەوە تارمایی خوێنەر قوناغی ئۆدیبیەت جێدەهێڵێت و بریار دەدات.چونکە خوێنەر هەرتێکستێک دەخوێنێتەوە کاریکەری لەسەر کەسێتی و بیرکردنەوەی  بەجێ دەهێڵێت.

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن