"کۆمپانیاو بازرگانەکان لەماوەى سێ مانگدا قەرزەکانیان نەدەنەوە دەست بەسەر موڵک و سامانیاندا دەگیرێت"
07:46 - 17/03/2020
سازدانی: ئیحسان حەسیب
کازم نامیق، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی بانکه بازرگانییەکانی هه‌رێمی کوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، 75 كۆمپانیا‌و بازرگان و به‌ڵێنده‌ر، نزیكه‌ی 800 ملیار دینار قه‌رزداری حكومه‌تن، ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ی سێ مانگدا، قه‌رزه‌كانیان نه‌گێڕنه‌وه ده‌ست به‌سه‌ر موڵك و سامانیدا ده‌گیرێت و له زیادكردنی ئاشكرادا ده‌فرۆشرێت و ده‌خرێنه لیستی ره‌شه‌وه.
کازم نامیق، له‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی “زه‌مه‌ن”دا باس له دوایین رێنمایی وه‌زاره‌تی دارایی ده‌كات بۆ گێڕانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان، ئاماژه‌ش ده‌كات حکومەتیش ٥٩٩ ملیار دینار قەرزارى بەڵێندەرانە.
وتیشى: “هه‌رچی داهاتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، جگه له داهاته‌كانی نه‌وت دیته ناو بانكه‌كانه‌وه“.
زه‌مه‌ن: بڕی قه‌رزی حكومه‌ت له‌سه‌ر كۆمپانیاكان چه‌نده، چ هه‌نگاوێكتان ناوه بۆ گێڕانه‌وه ئه‌و قه‌رزانه؟
كازم نامیق: بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ی كۆمپانیاكان و سه‌رمایه‌داران و وه‌به‌رهێنه‌ران قه‌رزاری حكومه‌تن، كه پێی ده‌وترێت قه‌رزی بازرگانی، له‌نێوان 770 ملیار بۆ 800 ملیار دیناره. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌نگاوه‌كانی ده‌ستپێكردووه بۆ گێڕانه‌وه‌ی قه‌رزی بازرگانی، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران سێ بڕیاری له‌و باره‌یه‌وه ده‌ركردووه، وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری، چه‌ند رێنماییه‌کی ده‌ركردووه، دوایین رێنمایی كه ده‌رچووه، رێنمایی ژماره چواری ساڵی 2020، كه دوایین مۆڵه‌ت دراوه به كۆمپانیاكان و به‌ڵێنده‌ران له‌ماوه‌ی سێ مانگدا قه‌رزه‌كان بگێڕنه‌وه، ماوه‌كه‌ش له 10ی مانگی شوباتی ئه‌مساڵ ده‌ستپێده‌كات، تاوه‌كو 10ی مانگی پێنج، ئه‌وه دوایین مۆڵه‌ت و واده‌یه بۆ گێڕانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان.
زه‌مه‌ن: ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ی ئه‌و سێ مانگه‌دا قه‌رزداره‌كان، قه‌رزه‌كانیان نه‌گێڕایه‌وه بۆ حكومه‌ت، چ رێكارێكیان به‌رامبه‌ر ده‌گرنه‌به‌ر؟
كازم نامیق: رێكاری یاسایی هه‌یه به‌رامبه‌ریان ده‌گیرێته‌به‌ر، ئێمه هیوادارین ئه‌و قه‌رزانه بگێڕنه‌وه، پێش ئه‌وه‌ی بگاته گرتنه‌به‌ری رێكاری یاسایی، دوو رێگا هه‌یه بۆ گێڕانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان، یان به چه‌كی بانكی، یاخود به كاش بیگه‌ڕێننه‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ی ئه‌و سێ مانگه‌ی بۆیان دیاریكراوه قه‌رزه‌كانیان نه‌گێڕنه‌وه بۆ حكومه‌ت، ئه‌وا له‌ژێر رۆشنایی یاسا‌و رێنماییه‌كانی په‌یڕه‌وكراو، به‌تایبه‌تی یاسای (قانون تحصیل الدیون الحكومیة) ژماره‌ی 56ی ساڵی 1977، هه‌مواركراوی یاسای جێبه‌جێكردنی ژماره 30ی ساڵی 1957، به‌مه‌به‌ستی فرۆشتنی ئه‌و موڵكانه‌ی، كه ره‌هنكراون به‌رامبه‌ر قه‌رزه‌كان، وه‌كو رێكار به‌رامبه‌ریان ده‌گیرێته‌به‌ر، موڵكه‌كانیان ده‌كرێته موزایه‌ده‌و ده‌فرۆشرێت، به‌پێی یاساكەو قه‌رزه‌كانی حكومه‌تی لێی هه‌ڵده‌گیرێت و ده‌خرێنه لیستی ره‌شه‌وه.
زه‌مه‌ن: به‌شێك له‌و ره‌هنانه‌ی دانراون به‌رامبه‌ر به قه‌رزه‌كان، یه‌ك له‌سه‌ر چواری قه‌رزه‌كانه، ئه‌وه چۆن چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن؟
كازم نامیق: نا به‌و شێوه‌یه نییه، كاتی خۆی كه قه‌رزه‌كان دراوه، به‌رامبه‌ر به ره‌هنكردنی موڵك دراوه به كۆمپانیا‌و سه‌رمایه‌داران، ره‌هنكردنی موڵكه‌كانیش به به‌های له 30%ی موڵكه‌كان قه‌رز دراوه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و قه‌رزه ماوه‌یه‌كی زۆری به‌سه‌رچووه كه دراوه، سودی له 11%ی ده‌چێته سه‌ر ساڵانه، وای لێهاتووه قه‌رزه‌كان بوون به دوو هێنده، به‌هۆی سودی قه‌رزه‌وه ئه‌وانیش دواكه‌وتوون له دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانیان، له‌و كاته‌شی كه قه‌رز دراوه، به‌هاو نرخی موڵك به‌راورد به‌ئێستا زۆر زیاتربوو، به‌ڵام زۆرینه‌ی ئه‌و موڵكانه‌ی كه رەهنكراون به‌شی قه‌رزه‌كان ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌شێكی كه‌م هه‌یه، كه قه‌رزه‌كه‌ی زیاتره له موڵكه‌كه‌ی، به‌ڵام زۆرینه‌یان موڵكه‌كانیان به‌شی دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانیان ده‌كات.
زه‌مه‌ن: ده‌وترێت ئه‌و قه‌رزه‌ی حكومه‌ت داویه‌تی چه‌ندین كێشه‌ی یاسایی هه‌یه، بۆ نمونه كۆمپانیا هه‌یه قه‌رزی وه‌رگرتووه، به‌ڵام ئه‌و موڵكه‌ی له ره‌هندا دایناوه، موڵكی تایبه‌تی نییه‌و پشكدارییه، چۆن چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشانه ده‌كه‌ن؟
كازم نامیق: ئه‌وانه‌ی ئێمه كێشه‌مان له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه‌و حكومه‌تی قه‌رزی زۆری پێداون، 75 سه‌رمایه‌دارو بازرگان كۆمپانیا و به‌ڵێنده‌رن، هه‌ر یه‌كه‌و كه‌یسی قه‌رزه‌كه‌ی به‌جیایه، ئه‌وانیش به‌پێی تایبه‌تمه‌ندی كه‌یسی ئه‌و قه‌رزدارانه هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵدا ده‌كەین، بۆ نموونه، هه‌ندێك له‌وانه ئه‌وانیش قه‌رزیان له‌لای حكومه‌ت هه‌یه، به‌ڵێنده‌ر هه‌یه كاری بۆ حكومه‌ت كردووه، قه‌رزی له‌لای حكومه‌ت هه‌یه، له‌هه‌مان كاتدا قه‌رزی له حكومه‌ت كردووه، سه‌رجه‌م قه‌رزداره‌كان له‌ماوه‌ی ئه‌م سێ مانگه پۆلێن ده‌كرێن و هه‌ر كه‌یسه‌و هه‌ر قه‌رزدارێك به‌جیا هه‌ڵسوكه‌وتی تایبه‌تی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن، ئینجا له موڵكه ره‌هنكراوه‌كان ده‌كۆڵنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بزانن ئایا پشكدارییه، یان موڵكی تایبه‌تییه، یان خانووی نیشته‌جێبوونه، ئه‌وانه هه‌مووی پۆلێن ده‌كرین.
زه‌مه‌ن: ئه‌ی حكومه‌ت چه‌ند قه‌رزداری كۆمپانیاكانه؟
كازم نامیق: بڕی ئه‌و قه‌رزه‌ی كۆمپانیاكان هه‌یانه له‌سه‌ر حكومه‌ت، به‌وردی ژماره‌كه‌ی له‌لای من نییه، به‌ڵام ئێمه وه‌كو بانكه‌كان، ئه‌وانه‌ی له‌دوای ساڵی 2014وه، قه‌رزه‌كانی بۆیان كرده چه‌كی پاره‌و چه‌كه‌كانیان خه‌رج نه‌كرا له بانكه‌كاندا، نزیكه‌ی 500 ملیار دیناره، پاره‌ی به‌ڵێنده‌ر له‌لای ئێمه هه‌یه، كه هێشتا نه‌كراوه‌ته كاش بۆیان، به‌ڵام ئێمه قۆناغ به‌قۆناغ پاره‌كانیان بۆ خه‌رج ده‌كه‌ین، له‌ساڵی 2019دا دوو قۆناغ خه‌رج كراوه، هه‌ر قۆناغه 100 ملیۆن دۆلاربووه.
زه‌مه‌ن: ئه‌و كۆمپانیانه داواده‌كه‌ن، كه حكومه‌ت قه‌رزه‌كانی ئه‌وان بگێڕێته‌وه، ئینجا با داوای قه‌رزه‌كانی بكات، به‌ڕێزتان ده‌ڵێن چی؟
كازم نامیق: ئه‌وه دوو شتی جیاوازه، ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كاری وه‌به‌رهێنانیان كردووه، قه‌رزداری بانكه‌كان نین، چه‌ند دانه‌یه‌كیان قه‌رزداری بانكه‌كانن، بۆیه ئه‌وه دوو بابه‌تی جیاوازن. ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌تی دارایی و پلاندانان، لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌شیان پێكهێناوه، ئه‌و پڕۆژانه‌ی، كه نیوه‌ی یان له 75%ی ته‌واو بووه، ئه‌وانه ده‌ست به جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه‌و به قۆناغ پاره‌كانیان خه‌رج ده‌كرێته‌وه، ئه‌وه بابه‌تێكی جیاوازه له‌گه‌ڵ قه‌رزی بازرگانی.
زه‌مه‌ن: ئه‌وانه‌ی ئه‌و 800 ملیار دیناره‌یان وه‌كو قه‌رز له‌حكومه‌ت وه‌رگرتووه، كێن و بۆ چ مه‌به‌ستێك قه‌رزیان وه‌رگرتووه؟
كازم نامیق: ئه‌و قه‌رزانه‌ی كه هه‌یه، پێیان ده‌وترێت قه‌رزی بازرگانی، به‌پێى رێنماییه‌كان، سروشتی بانكه‌كان وایه، بانك پاره له خه‌ڵك وه‌رده‌گرێت له‌هه‌مان كاتدا كۆمپانیا‌و بازرگان هه‌یه پێویستیان به پاره هه‌یه، ئێمه به سوودی له 11%، ئه‌و قه‌رزانه‌مان داوه به‌و كه‌سانه، بۆ نمونه ئه‌گه‌ر 100 ملیۆن دینار بده‌ین، به كه‌سێك ئه‌وا جگه له‌و 100 ملیۆن دیناره، ساڵانه 11 ملیۆن دیناری سوود ده‌چێته سه‌ر ئه‌و قه‌رزه، ئه‌وه پاره‌ی بانكه‌كانه دراوه به‌و قه‌رز وه‌رگرانه، ئه‌وه په‌یوه‌ندی به شتی دیكه‌وه نییه، ئه‌وه كاری بانكی و قه‌رزی بازرگانییه، بۆ هیچ مه‌به‌ستێكی دیكه نه‌دراوه، به‌شێك له‌وانه‌ی به‌هانه‌ی ئه‌وه ده‌هێننه‌وه حكومه‌ت قه‌رزی ئه‌وان ناداته‌وه، ئه‌وه بابه‌تێكی جیاوازه كاتی خۆی كه قه‌رزیان وه‌رگرتووه، خۆیان هاتوون گرێبه‌ستیان ئیمزاكردووه، له‌گه‌ڵ بانك، موڵكی خۆیان ره‌هنكردووه، له‌به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی قه‌رز، به‌و نیه‌ته قه‌رزیان پێدراوه، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به دۆخی ئه‌وان و راگرتنی پڕۆژه‌كانه‌وه نییه‌و ئه‌وه بابه‌تێكی دیكه‌یه.
زه‌مه‌ن: پێشتر حكومه‌ت پێشینه‌و قه‌رزی به هاوڵاتیان داوه، وه‌كو پێشینه‌ی خانووبه‌ره، هاوسه‌رگیری، قه‌رزی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و قه‌رزی بچووك، به‌ڵام به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه، وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و قه‌رزانه راگیران، كه‌ی ده‌ست ده‌كرێته‌وه به‌وه‌رگرتنی ئه‌و قه‌رزانه؟
كازم نامیق: ئه‌و بابه‌ته په‌یوه‌ندی به بانكه پسپۆڕییه‌كانه‌وه هه‌یه، په‌یوه‌ندی به منه‌وه نییه، من به‌رپرسم له بانكه بازرگانییه‌كان، به‌ڵام وه‌كو زانیاری، زۆرینه‌ی ئه‌و قه‌رزانه حكومه‌ت، كه به هاوڵاتیانی داوه، قه‌رزی خانووبه‌ره‌یه، ئه‌و قه‌رزه له فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆران وه‌رناگیرێته‌وه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌شێك له مووچه‌كانیان له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه پاشه‌كه‌وت كراوه، به‌ڵام ئه‌و قه‌رزه‌ی، كه‌وا لای هاوڵاتیانه، له خانووبه‌ره، كشتوكاڵ، ئه‌وا ساڵانه پاره‌كانیان لێوه‌رده‌گیرێته‌وه، هاوڵاتیانیش له گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و قه‌رزانه به‌رده‌وامن، ئه‌وه هیچ كێشه‌یه‌كی نییه.
زه‌مه‌ن: حكومه‌ت چه‌ند قه‌رزداری بانكه‌كانه؟
كازم نامیق: ئێمه بانكه‌كانمان بانكی حكومی پێده‌ڵێن، ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌مان له‌گه‌ڵ حكومه‌تدا نییه، كه قه‌رزداری یه‌كتری بین، حساب و كتاب نییه له‌نێوان ئێمه‌و حكومه‌تدا، ئه‌وان چه‌ند قه‌رزداری ئێمه‌ن و ئێمه چه‌ند قه‌رزداری ئه‌وانین، هه‌رچی داهاتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، جگه له داهاته‌كانی نه‌وت، هه‌مووی دێته ناو بانكه بازرگانییه‌كانی حكومه‌ته‌وه، كه ژماره‌یان 90 بانكه له سه‌رتاسه‌ری كوردستاندا، ئێمه بانكی سه‌ر به حكومه‌تین، به‌ڵام بانكه ئه‌هلییه‌كان، به رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ بانكی ناوه‌ندی عێراق، له‌دوای سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی دارایی له هه‌رێمی كوردستاندا، بڕێك قه‌رزیان داوه به حكومه‌تی هه‌رێم، بانكی ناوه‌ندی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم رێككه‌وتوون، كه مانگانه، بڕی 10 ملیۆن دۆلار له‌و بڕه پاره‌یه‌ی له به‌غداوه بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌نێردرێت ده‌بڕدرێت و خه‌رج ده‌كرێت بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزی بانكه ئه‌هلییه‌كان، مانگانه دانه‌وه‌ی ئه‌و قه‌رزانه به‌رده‌وامه.
زه‌مه‌ن: ئه‌وانه‌ی سوودمه‌ندبوون له قه‌رزه‌كانی بازرگانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، زۆرینه‌یان له‌سنوری پاڕێزگای هه‌ولێرن، ئایا ئه‌وه راسته؟
كازم نامیق: راسته، زۆرینه‌ی ئه‌و قه‌رزه بازرگانیانه دراوه له سنوری پارێزگای هه‌ولێره، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ولێر پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستانه، زۆرینه‌ی بانكه‌كانی حكومی له هه‌ولێره كه ژماره‌یان 35 بانكه، 33 بانك له سلێمانییه، 22 بانكیش له‌دهۆكه، زۆربه‌ی قه‌رزه‌كان له سنوره هه‌ولێره، كه نزیكه‌ی 400 ملیار دینار ده‌بێت، دهۆك زۆر كه‌مه ناگاته 5 ملیار دینار، پشكی قه‌رزه‌كه‌ی دیكه‌ش ده‌كه‌وێته پارێزگای سلێمانى، كه زیاتر له 300 ملیار دیناره، به‌هۆی قه‌یرانی دارایی و بازرگانه‌كان و كۆمپانیاكان به‌به‌رده‌وامی داوای مۆڵه‌ت و درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان ده‌كه‌ن، به‌هۆی نه‌مانی سیوله‌و پاره و قه‌یرانی دارایی و وه‌ستانی پڕۆژه‌كان، به‌ڵام ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاری گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و قه‌رزانه‌ی داوه‌و ئه‌و ماوه‌یه‌ی بۆ دیاریكردوون له چوارچێوه‌ی یاسای چاكسازی، بۆیه زۆر جه‌خت له گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و قه‌رزانه ده‌كرێت و ئه‌و سێ مانگه دوایین مۆڵه‌ته بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، به‌پێچه‌وانه‌وه رێكاری یاسایی به‌رامبه‌ریان ده‌گیرێته‌به‌ر.
زه‌مه‌ن: یه‌كێك له گرفته‌كانی به‌رده‌م پێشكه‌وتنی ئابووری و وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمی كوردستاندا، كۆنی سیستمی دارایی و بانكه، چ هه‌وڵێك دراوه بۆ پێشخستنی سێكته‌ری دارایی و بانك؟
كازم نامیق: بنه‌مای پێشكه‌وتنی هه‌ر وڵاتێك، پێشكه‌وتنی سیستمی دارایی و بانكه، ته‌نانه‌ت حاڵى حازر له وڵاتانی ده‌وروبه‌رماندا، له ئێران و توركیا‌و سوریا‌و كوه‌یت، په‌ره به سیستمی كاری بانكه‌كان دراوه‌و به‌شێوه‌ی كاش كارناكه‌ن و به كارتی ئه‌لكترۆنی و ئامێری زیره‌ك كارده‌كه‌ن و بانكه‌كانیان كراوه به ئه‌لكترۆنی، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌ناو ئه‌و دۆخه‌ی عێراق‌داین به به‌رده‌وامی شه‌ڕ هه‌بووه، دۆخه‌كه سه‌قامگیرو ئارام نه‌بووه، دۆخی ئه‌منیی و سیاسیی، كاریگه‌ری نه‌رێنی راسته‌وخۆی له‌سه‌ر ئابووری و دارایی هه‌بووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌نگاوه‌كانی ده‌ستپێكردووه بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازی له سیستمی بانكی له هه‌رێمی كوردستاندا، ته‌كنه‌لۆژیای بانكه‌كان دامه‌زرێندراوه له هه‌ولێر، لقی هه‌یه له سلێمانی، تائێستا 20 بانك به‌ستراونه‌ته‌وه به سیستمی به ئه‌لكترۆنیكردنی بانكه‌كان له هه‌ولێرو دهۆك، لە سلێمانیش، له بانكێكدا ده‌ستكراوه به كاركردن له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا، بانكه‌كان به سیستماتێك ده‌كرێن، به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاوه هه‌ر وا ئاسان نییه، چونكه ده‌بێت به قۆناغ ئه‌و كارانه جێبه‌جێ بكرێن ماوه‌یه‌كی پێویسته، به‌ڵام هاوڵاتی جارێ هه‌ستی پێناكات، كه گۆڕانكاری كراوه، تا ئه‌و كاته‌ی ئامێره زیره‌كه‌كان داده‌مەزرێن و كارتی زیره‌ك دروست ده‌كرێن، ئه‌و كاته هاوڵاتیان هه‌ستی پێده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بكاته كارتی ئه‌لكترۆنی و به‌كاشی نه‌یدات به موچه‌خۆران ئه‌وا پرۆسه‌ی چاكسازییه‌كه خیڕاتر ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌م كاره زه‌حمه‌ته‌و هه‌روا به‌ئاسانی ناكرێت، حكومه‌تی هه‌رێم نزیكه‌ی ملیۆنێك و 350 هه‌زار مووچه‌خۆری هه‌یه، له توانای ئێمه‌دا نییه، ئێستا ئه‌و هه‌موو موچه‌خۆره به ئه‌لكترۆنی بكه‌ین، ئێمه داوای هاوكاری له بانكه ئه‌هلییه‌كانیش ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی هاوڵاتی له‌و كاته‌دا بتوانێت له‌هه‌ر بانكێك ویستی، به كارتی ئه‌لكترۆنی مووچه‌كه‌ی وه‌ربگرێت، به‌ڵام هێشتا زووه باس له‌و بابه‌ته بكرێت.
زه‌مه‌ن: ئایا حكومه‌تی هه‌رێم ناتوانێت له‌جیاتی پاره‌ی كاش، له رێگه‌ی دروستكردنی كارتی زیره‌كه‌وه موچه‌ی مووچه‌خۆرانی دابین بكات؟
كازم نامیق: كاری بانكه‌كانمان، كلاسیكی و ته‌قلیدییه، هێشتا به چه‌ك و پاره‌ی كاش مامه‌ڵه ده‌كه‌ین، تائێستاش خه‌ڵكه‌كه حه‌زی به مامه‌ڵه‌ی كاشه كو‌لتووری خه‌ڵكه‌كه وایه، هیوادارین بتوانین كو‌لتووری ئه‌و خه‌ڵكه بگۆڕین، هێواش هێواش، به‌قۆناغبه‌ندی هه‌نگاوه‌كان ده‌ست پێبكه‌ین، سیستمی بانكه‌كان به‌ئه‌لكترۆنی بكرێت و به كارتی زیره‌ك مامه‌ڵه بكه‌ین، له‌وانه‌یه خه‌ڵكێك هه‌بێت، بڵێت ئه‌و هه‌موو بانكه زۆره هه‌یه له هه‌رێمی كوردستاندا كاره‌یان چییه؟ به‌ڵام دڵنیابن، هه‌موو كاره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم، له رێگای بانكه‌كانه‌وه ئه‌نجامده‌درێن، سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌و داموده‌زگاكانی حكومه‌ت حسابه‌كانیان له‌بانكه حكومییه‌كانه، نه‌سریه‌و هه‌رچی خه‌رجی وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كان هه‌یه له رێگای بانكه‌كانه‌وه خه‌رج ده‌كرێن، هه‌رچی داهاتی حكومه‌نی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، جگه له‌داهاته‌كانی نه‌وت دیته ناو بانكه‌كانه‌وه، بۆیه كاری بانكه‌كان زۆر فراوانه، بڕوا ناكه‌م هیچ هاوڵاتییه‌ك هه‌بێت له كوردستاندا كاری به بانك نه‌بووبێت، ته‌نانه‌ت بۆ ده‌ركردنی پاسپۆرت و كڕینی ئۆتۆمبێل و گواستنه‌وه‌ی ساڵنامه‌ی ئۆتۆمبێل، مامه‌ڵه‌ی زه‌وی و خانووبه‌ره پێویستی به چه‌كی بانكی هه‌یه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه راناوه‌ستین له‌م قۆناغه‌دا هه‌نگاوه‌كانمان ده‌ستپێكردووه بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازی و په‌ره‌پێدانی كاری بانكه‌كان له‌كوردستاندا، كه ئه‌وه‌ش له بڕگه‌یه‌كی كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاتووه، سه‌باره‌ت به ئه‌لكترۆنیكردنی بانكه‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ی مامه‌ڵه به پاره‌ی كاش و مامه‌ڵه‌كردن به كارتی زیره‌ك، هه‌نگاوه‌كانیش ده‌ستیانپێكردووه، به‌ڵام كاتیان پێویسته.