بۆچی دەنووسین؟
09:59 - 10/01/2020
ئەحمەدی مەلا
٢٣
ئایا شیعری جاران جوانتر و پاراوتر و ڕەوانتربو؟ زۆرجار گوێمان لەم جۆرە پرسیارانە دەبێ. دەبێ چ ھۆکارێکیان لە پشتەوە بن؟ بە گشتی خوێنەر نایەوێ دنیای زەینی بشڵەقێ، نایەوێ ئەو نەخشەسازییەی کە لە مێشکی سەبارەت بە دنیای شیعر دروست بووە، تووشی لەقین بێ، ئارەزوو ناکات ئاسمان نارنجی بێت، باڵندە لە کتێبەکانەوە ھەڵفڕن، زۆر شتی دیکەشی ناوێ. ئەو پەخشانی دەوێ بە زمانێکی ھاوسەنگ، لەسەر بنەمای وێنەگەلێک کە ھزری نەشێوێنێ، دواجار ئەو زمانێکی رامکراو و ئاشناو دەستەمۆکراوی دەوێ. خوێنەر دڵدارانە سەیری شاعیر دەکات، چاوەڕێی ئەو پێغەمبەرە دەکات تا بە وشەی جوان پەیامەکانی بگەیەنێت، لە دووتوێی وێنە شیعرەکانی، کۆترەکەی پیکاسۆ ببینێ چڵە زەیتوونێکی بە دەنووکەوەبێ، دەبێ کۆترێکی سپییش بێت.
بەڵام زمانی شیعریی، لە نێو ئەدەبیاتی گەلانی دی، دەمێکە ھەژانی بە خۆیەوە بینووە. پۆل ئیلوار لە دیوانی دووەمیدا “ خۆشەویستی شیعر” لە ساڵی ١٩٢٩ دا چاپ بووە، شیعرێک دەنووسێ بە ناونیشانی “زەمین شینە وەک پرتەقاڵ” لەم شیعرەدا باسی ئەڤینی خۆی بە “گالا” دەکات کە دەبێتە ئەستێرەیەکی گەش، کە شیکلی گۆی زەمینی ئێمەی ھەیە. ئەڤین دەبێتە چەقی ئەزموونی ئیلوار، ئەڤینێکی زەمینیی کە رەنگی نارنجیی پرتەقاڵ دەبێتە رەنگی ئاھەنگ و بەختەوەریی عیشقێکی ئەفسووناوی کە زمان بەرەوە ئاقارە تایبەتییەکانی خۆی دەبات. عەشقێکە کە ھەموو بەختەوەرییەکان لە دەوری خۆی کۆدەکاتەوە، ھەموو خۆرەکان دەھێنێتەسەر زەمین و وێنەی خۆشەویست چەقی دەقەکەو چەقی دنیا داگیردەکات. زەمین و فۆڕمی پرتەقاڵ و رووخساری “گالا” کۆدەبنەوەو ئاوێتەی یەکتر دەبن. ئەزموونی عیشق و شیعر دەبن بە یەک ئەزموون، ئەویش ستایشکردنی دنیایە کە دەبێتە جێگە و پێگەی عیشقی راستەقینە، عیشقی بەرجەستە کە لە جەستەی ژندا -گالا-دا کۆدەبێتەوە.
کەواتە ئێمە دەتوانین وزەی خەیاڵ ببەخشینە زمانی شیعریی سنوورەکانی فراوانتر بکەین و ئیش لە قووڵاییەکانی دەقی شیعریی بکەین، تەنھا بەوە رازی نەبین کە وێنە دووبارەبووەکان دووپات بکەینەوە، وێنە ھاوتەریبەکان بەسەر بکەینەوە، نەخشەسازییو دارەڕای زەینی خۆمان دەستەمۆکراوانە بنووسینەوە، بەڵکو ھەنگاوی بوێرانەتر بھاوێژین کە ئامانجی زمان نەگوتراو بھێنێتە زمان.
شیعر ئەزموونێکی دەگمەنە، لە لایەن تاکێکی دەگمەنەوە دەنووسرێ بەدەگمەنبوون دەبێتە جەوھەری شیعرییەت، نەک بابەت و پەیامەکانی، ئەم بەدەگمەنبوونە ھەموو تاکێک دەگرێتەوە، ھەموو ئەزموونێک قبووڵ دەکات، ئەگەر ئەم کارەکتەرەی ھەبێت. تاکو سەرچاوەکانی مەعریفە، ئەزموونی ژیان، پەیوەندییە رۆحییەکان تێگەیشتنە زمانەوانییەکان بەرتەسک ببنەوەو لە یەک سەرچاوەوە ھەڵبقوڵین، ھەندەش شیعرەکانمان پێکدەکەن. شیعر ئەم لەیەکچوون و پێکچوونە رەت دەکاتەوە. دواجار خوێنەر/نووسەر دەبن بە یەک ئەزموون، دەقی خوێندراو، دەقی نووسراوە، واتە “من”ی خوێنەر رۆح دەکەمەوە بەر دەقی نووسراو، واتە بەشدار دەبم لەم بەدەگمەنبوونە دواجار بەشدار دەبم لە فراوانکردنی ئاسۆی روانین و تێڕوانین و بینین و دیدگا.
پۆل ئێلوار وزەیەکی دەگمەن دەکات بە چەقی شیعرەکەی، ئەویش خۆر/ پرتەقاڵە کە دواجار دەبن بە سەرچاوەی وزەیەکی مەعنەوی کە خۆشەویستییە بە واتایەکی دیکە، ئەوەی گرنگە لە نووسینەوەی شیعردا، گڕێدانی شتگەلێکە کە پێکەوە گرێ نادرێن، نزیکردنەوەی چەمک و جەمسەرە دوورەکانە وەک “رێڤێردی” دەیگوت تاکو تەلیزمێکی نوێی لێوە پەیدا بێت. تەنانەت رەنگە خوێنەر ھەبێ بە شینیی گۆی زەمینیش سەری سوڕبمینێ. ئەوەی سەر لە خوێنەر تێکدەدات رەنگی شینو رەنگی پرتەقاڵییە کە پۆل ئیلوار ئێمەی پێ دەناسێنێ بەڵێ لە شیعردا، دەشێ ئاسمان نارنجی بێت، پەنجەرە ھی ئاسمان بێت لە نێو دێرەکانیشمانەوە خۆر ھەڵبێن.