هێڵێکی ئاسنین لە بیابانەوە
08:01 - 12/12/2019
بەکر ئەحمەد
هۆڵۆکۆستی جووەکان تەنها وەک پرسیارێکی سیاسی و مێژوویی نامێنێتەوە و لە بوارە جیاجیاکانی ئەدەب و هونەردا ئامادەیی خۆی رادەگەێنێت. ئەوەی کە ئینسان دەرەقەتی خوێندنەوەی ئەم مێژووە خوێناوییە درێژەی نەبێت، دەکرێ لە ئەدەبدا و لە رۆمانێکدا گۆشەیەکی ئەم چیرۆکە دیژ و گەوەرەیە بخوێنێتەوە. ئەم ئامادەییە هونەریی و ئەدەبییەی هۆلۆکۆست، وشیارییەکی کۆمەڵایەتی گەورە لە دەرەوەی بازنەکانی جووبووندا دروستدەکات و پرسی هۆلۆکۆست لە پرسی جووەکانەوە دەگۆرێت بە پرسێکی ئینسانی و ئاسان، ئینسانەکانی ژینگە کۆمەڵایەتی و جوگرافیا جیاوازەکانی دیکە لەگەڵیدا هاوسۆزی پەیدادەکەن.
“ نۆرمان فینکڵیشتاین” لە (پیشەسازی هۆلۆکۆست) دا، دەست بۆ هەستیارترین جومگەکانی تراژیدیای جووەکان دەبات و پێی وایە کە ئازارو فرمێسکی جووەکان لە هۆلۆکۆستدا لە دەستی ناسیونالیزمی جوودا دەبێتە سەرچاوەیەکی سەروەت و سامان پێکەوەنان بۆ ئیلیتێکی کەمی جوو.
بە کورتییەکەی: تەرمی قوربانییەکانی نازیزم هەمیشە بە شانی سیاسەتمەدارانی جوەوەوەیە تا قازانجی تایبەتی لێ بکەن. یان بە هەق و ناهەق، پرسیاری جووی قوربانی بەرز ڕادەگیرێت.
ئەگەر پیشەسازی دروستکردن لە قوربانییەکانی جوو، فینکڵیشتاین دەخاتە سەرکەڵکەڵەی ئەوەی سنوورێک بۆ ئەم ماکینە گەورەیەی دروستکرن و دووبارە دروستکردنەوەی جووی قوربانی دابنرێت، ئەوا لە بوارەکانی ئەدەبدا، کەمتر دروستکرن و دووبارەگێڕانەوەی قەتڵوعامی جووەکان دەخرێتە بەر هەمان نیگای رەخنەگرانە.
بە بڕوای من (لیستی شیندلەر) و (خاڵکوتەکەی ئاوشویتش) و دەیەها چیرۆک و فیلمی جۆراوجۆر لە ئاگادرکردنەوەی ئینسانەکانی ئەمڕۆدا، لە سەدان دۆکۆمێنت و وانەی مێژوویی سەبارەت بە دڕندەییەکانی نازیزم کاریگەرتر بوون.
بەڵام ئایا لە بەرامبەر هۆلۆکۆستی کوردەکاندا لە ئەنفالدا، بە جیا لە شیوەن و فوغان و مۆنیۆمێنتەکانی ئەنفال و شیعرە پڕلە فرمێسکەکانی ئەنفالدا، چیرۆکی ئەنفال لە رۆماندا چۆن دەگێڕدرێتەوە؟
لێرەوە دەمەوێ سەیرێک لە رۆمانی “ زیکزیکە” ی(عومەر سەید)ە بکەم کە کۆششێکی هەتا بڵێی جوانی بە ئەدەبیکردنی ئەم مێژووە پڕ لە نەهامەتییەی خەڵکی کوردستانە لە بواری رۆماندا.
بۆ ئەم مەبەستە، ناچارم باسەکەم هەر لە هۆلۆکۆستی جووەکانەوە دەست پێبکەم.
لە هەر لایەکەوە سەرنج لە هۆلۆکۆستی جووەکان بدەیت، ناکرێ چاوت نەچێتە سەر رەیلی شەمەندەفەرەکەی ئاوشویتس. قووللەیەکی بەرز، هێڵی شەمەندەفەرێک کە بەژێر قووللەکەدا تێدەپەڕێت و دەتگەێنێتە ئەو دیوی شوراکانی دوای قوووللەکە. لێرەدا سنووری ژیانی کۆتایی دێت. بەخێربێن بۆ ئاوشویتش!
ئەم وێنەیەی سەرەوە، بە یەکێک لە بەهێزترین سیمبولەکانی قەتڵوعامی جووەکان دەناسرێتەوە. تراژیدیای جوو، لەبەردەم ئەم دەمە داچەقیوەی ناو قووللە سەربازییەکەی ئاوشویتسدا، بە لوتکەی خۆی دەگات. بەڵام هەمووشمان دەزانین کە بەرلەوەی ژیانی پینەچییەکی کراکۆڤ، یان وێنەگرەکەی پراگ، یان پیانۆژەنەکەی بەرلین، لە کوورەکانی ئاوشویتسدا کۆتایی پێبێت، ئەوا لە رێگای هونەری رۆمانەوە، بێگومان هونەرەکانی دیکەشەوە، دووبارە ژیان بە بەریاندا کراوەتەوە و تەماشاکەری ئەم وێنەیە، دەکرێ ئەو ژیانەش ببینێت کە لە سەنتەری شارەکانی کراکۆڤ و پراگ و بەرلینەوە دەست پێدەکات و بەرلەوەی ئەو کەسانەی سەرەوە بخرێنە ناو فارگۆنی شەمەندەفەرەکانی ئاوشویتسەوە، ژیانێکی دیکەیان بووە و ئامادەیی هەبووە.
بەڵام لە دۆخی هۆلۆکۆستی کوردەکاندا، لە ئەنفالدا، ئێمە خاوەنی وێنەیەکی وەک ئەو وێنەیەی سەرەوە نین کە لە ناوشیاریی دەستەجەمعیی ئینسانەکانی سەرزەویدا، ئەنفالی پێ بناسرێتەوە.
هونەر و ئەدەبی کوردییش لەم ئاستەی ئێستایدا لە خوڵقاندنی وێنەیەکی دیار و ناسراوی هولۆکۆستی کوردەکاندا بە تەواوەتی دەستەپاچەیە.
ئەنفال لە شیعری کوردیدا، بەشی شێری بەردەکەوێت. رێک بە پێچەوانەی (تیۆدۆر ئەدۆرنۆ)وە کە لە ساڵی ١٩٥١ دەنووسێ: (لە دوای ئاوشویتسەوە شیعرنووسین کارێکی بەربەریانەیە.) بەڵام رێک لەو شوینەدا کە کورتهێنانی شیعر دەکرێتە هۆکارێک لەلای ئەدورنۆوە بۆ ئەوەی دەرەقەتی تراژیدیای هۆلۆکۆست نەیەت، رێک لەو شوێنەوە شاعیری کورد لەپاڵ ئەو هەموو شێوازەی دەربڕیندا، زیاتر دەست بە داوێنێ شیعرەوە دەگرێت بۆ ئەوەی ئەنفال بگرێت و رامی بکات.
دەربڕینەکەی ئەدۆرنۆ جێگای مشتومڕێکی زۆرەو بە شێوازی جۆراوجۆر راڤە کراوە. لای رەخنەگری ئەدەبی (سارا عەبدوللاهی) ئاواهی تەفسیری ئەم دەربڕینەی ئەدۆرنۆ کراوە: لە دوای سامی هۆلۆکۆستەوە، ئینسان لە بەرامبەر ئەو نەکردە مۆراڵییەدایە کە بتوانێت جوانییەکی شاعیرانە فۆرمۆلە بکات. ئاخر زمان وەک کەوتوویەک سەرنج دەدرێت، بۆ ئەوەی بتوانێت هەستێتەوە، پێویستبوو ئەو درزە بدۆزرێتەوە کە کەوتۆتە ناو زمانەوە، پاشان درزەکە تۆمار بکرێت. لای ئەدۆرنۆ، شیعر فۆرمی دەربڕینی کەسی ئازادە، ئاوشویتسیش نەفیکەرەوەی هەموو ئازادییەکی ئینسان بووە.) (1)
گەر زیادەڕەوییم نەکردبێ، دەتوانم راشکاوانە بڵێم: عەرعەر، بیابانی خۆرئاوا، زیل، جاش ئەو وشە هەمیشە ئامادانەن کە چیرۆکی ئەنفالیان لە شیعردا تۆمار کردووە و ئەنفالیان لە ناودا دیلکردووە. هەموویشی لە وێنەیەکی کۆلیکتیڤیستی گەورەدا کە قوربانی دەمووچاوی دیار نییە.
بە تەفسیری سارا عەبدوللاهی، لە هۆلۆکۆستی جووەکاندا، زمان زەربەیەکی گەورەی بەردەکەوێت و درزێکی گەورە دەکەوێتە جەستەی زمان خۆیەوە. کاتێک ئینسان دەستی خستە سەر ئەو برین و درزەی کە زمان تێی کەوتووە، ئەوسا دەتوانێت فۆڕمێک بدۆزێتەوە کە دەربڕی ئەو جوانکارییە بێت کە شیعری پێ دەناسرێتەوە.
لەوە دەچێت کە دەربڕینی ئیستاتیکیانەی شیعری کوردی لە سی ساڵ دوای ئەنفالیشەوە، هێشتا نەیتوانیوە دەست بخاتە سەر ئەو برینەی کە ئەنفال لە جەستەی ئینسانی کورددا هەڵیکەندووە. بۆیەش دەربڕینەکانی سەبارەت بە ئەنفال، لە پێنچ وشە تێناپەڕێت کە نەک دەروازەیەکی ئەدەبی لە بەرامبەر ئەنفالدا ناکاتەوە، بەڵکو لە بێ دەموچاوییەکی نەبینراودا بە نادیاریی دەیهێڵێتەوە.
ئەگەر بگەڕێمەوە سەر وێنەکەی سەرەوە، شەمەندەفەرەکەی کە دەگاتە ئاوشویتس، پەیوەندی ئەم وێنەیە لەگەڵ وێنەیەکدا کە دەکرێ ئەنفالی کوردستانی لە ئاستی لۆکاڵیدا پێ بناسرێتەوە، ئەوا ئێمە جگە لە بیابانێكی رووت، هیچ شتێکی دیکە شک نابەین. واتا لە بەرامبەر دوا وێستگەی ئەنفالدا کە چارەنووسی 182 هەزار ئینسانی کوردی تیا دەگاتە کۆتایی، تەنها بیابانێکی رووت شک دەبەین.
بەڵام لە هۆلۆکۆستی جووەکاندا، لە دوای گەیشتنی جووەکانەوە بۆ ئاوشویتش، لە رێگەی چیرۆک و رۆمانەوە، ئێمە دەموچاوی ئەوانە دەبینین کە دەسووتێنرێن. واتا لە رێگای دووبارە دروستکردنەوەی ئەدەبی هۆلۆکۆستەوە، بەسەر هێڵی هەمان ئەو شەمەندەفەرەدا، کە سەرێکی لە ئاوشویستدایە دەتوانین بگەرێینەوە بۆ ناو کوچە و کۆلانەکانی شارەکانی ئەوروپا و ژیان و دەموچاوی قوربانییەکان بدۆزینەوە. بەڵام شیعری کوردی کە گێڕەرەوەی بەشێکی زۆری ئەدەبی ئەنفالە، ئەم دەرفەتەمان بۆ ناڕەخسێنێ. واتا هێڵێک دروست ناکات بۆ گەڕانەوە بۆ ناو ژیان.
هەر بۆیەش رۆمانی (سەرزەمینی زیکزیکە)ی عومەر سەیدە، لەم شوێنەوە جێگای سەرنجدانە کە بەرلەوەی قوربانییەکانی ئەنفال بگەیەنرێنە عەرعەر و لەژێر لمدا بشاردرێنەوە، ژیانێکی دیکەیان بۆ دروست دەکات و سەرزەمینی زیکزیکە دەبێتە ئەو هێڵی شەمەندەفەرەی کە لە وێنەکەی ئاوشویتسدا هەیە، بەڵام لە شێوەی رێگای قەتارئاسای ئەو لۆری و زیلانەی لە گوند و شارەکانی کوردستانەوە بەڕێ دەخرێن تا بە دوا مەنزڵگای خۆیان بگەن کە بیابانە.
ئەگەر لە دیمەنی شەمەندەفەرەکەی ئاوشویتسدا سەرێکی ئەم هێڵی ئاسنە لە ناو ئاوشویتسدایە و سەرێکی تری بە پایتەختی شارەکانی ئەوروپاوەیە، سەرێک لە ناو مەرگ و سەرێکیش بە ژیانەوە، ئەوا رۆمانی (سەرزەمینی زیکزیکە) کێشانی ئەو رێگا درێژەیە کە سەرێکی لە مەرگدایە، لە بیاباندا و سەریکی دیکەی ریگاکە لە ناو شار و گوندێکی کوردستانەوە دەست پێدەکات. لێرەوەیە کە ئەنفال و حەکایەتە گەورەکەی تراژیدیای کورد، دەکرێ بگیرێت و قوربانییەکان ببنە خاوەنی دەموچاوی خۆیان. سەرزەمینی زیکزیکەی عومەر سەید، لێرەوە لەم بەشەوە دەچێت بۆ کۆ، نەک وەک ئەو گوتارە باوە ئاساییەی کە ئەنفال هەمیشە لە کۆدا تەفسیر دەکات و توانای پەڕینەوەی نەبووە بۆ بەش.
“ لەم ماڵەدا من و میمکم و باپیرەم دەژین. لە باوک و دایک و سێ براو دوو خوشک، هەر بە تەنها خۆم ماوم و ئەوان هەر هەموویان ئەنفالن. میمکیشم حەوت براو چوارخوشکی بێسەروشوێنی ئەنفالە.”
عومەر سەیدە لە کێشانی وێنەی یەکێک لە پاڵەوانەکانیدا، بەو شێوەیەی سەرەوە، لە زمانی کەسی یەکەمی تاکەوە، کاراکتەرێکی رۆمانەکە دەخوڵقێنێ. ئەم پاڵەوانە لە ئۆردۆگایەکی کەسوکاری بێسەروشوینکراوی ئەنفالکراوەکاندا ژیان بەسەر دەبات. دیمەنی ئەم ئۆردوگایە کە بەسەرزیندووەکانی دوای ئەنفالی تێدا دەژی، هێندە خاکستەری و بێڕەنگ باس دەکرێت، کە جیاوازییەکی ئەوتۆی لە ژیانی ناو ئاوشویتسدا نییە. دیمەنی کارو لە خەوهەستانی پاڵەوان و ئاخاوتنی بێ ئاخاوتنی ئەم لەگەڵ میمکیدا، لە شانۆگەرییەکی بێدەنگ دەچێت. باسکردنی ژیانی ئەم ئۆردوگایە، خوێنەر دەخاتە ناو کەشوهەوایەکی هەتا بڵێی ئۆردوگا ئاساوە.
بەڵام ئەوەی کە جێگایەکی گەورە لە (سەرزەمینی زیکزیکە)دا داگیر دەکات، لە راستیدا میمکی پاڵەوانە و لە بێ زمانی ئەو و کەم قسەکردنیشیدا، بەشێکی گەورە لە حەکایەتی ئەنفال دێتە گێرانەوە، بێگومان لە چارەنووسی بنەماڵەیەکدا.
یەکێک لە دیمەنە جوان و بەهێزەکانی ئەم رۆمانە ئەوەیە کە پڕۆسەی ئەنفالکردنی گوندێک لە گوندەکانی ئەنفال، لە رێگای پاڵەوانەکانی کتێبی (ئەلف و بێی) باڵدارەوە دێتە گێرانەوە، ئەویش لە ریگای ئاخاوتنی نێوان دارا لەگەڵ کوڕە فیگورئاساکەی (ناجی ئەلعەلی)دا کە بە حەنزەڵە ناو دەبرێت. بێنە بەرچاوی خۆت کە دارا بۆردومان دەبینێت و مام زۆراب هەڵدێت و زارا پەلاماری منداڵ دەدات.
هەڵبژاردنی کەسایەتییەکانی ناو ئەلف و بێی باڵدار، کە زرنگانەوەیەکی گەورە و شەخسی لە یادەوەریی ئینسانی کورددا هەیە، قورساییەکی گەورە لە سەر زەینی خوێنەر دروست دەکات و نووسەر زیرەکانە خوێنەر کیشدەکاتە ناو بازنەیەکی خۆناسینەوەی کۆمەڵایەتییەوە کە پاڵەوانی چیرۆکی ئەنفال پێویستی پێیەتی.
شایەنی باسەکە کە دەنگی گێڕانەوەی ناو رۆمان بەسەر چەند کاراکتەرێکدا دابەش دەبێت. دەنگێکی بێڕەنگ کە رووداوەکان وەک ئەوە دەبینێ لە پەیوەند بە ژیان لە دوای قەومانی ئەنفالەوە. دەنگێکی دیکە کە هێندەی لە دەنگی رەنگدار دەچێت کە جێگایەکی تایبەت لە دووبارە نیشاندانی ژیانی پاڵەوانەکانی ناو رۆماندا داگیر دەکات بەرلەوەی لە دواوێستگەی ئەنفالدا، لە بیاباندا جێ بگرێت. ئەم دەنگە وەک دەنگی زیکزیکەکانی گەرمیان وایە و رەنگاوڕەنگە. ئەم رەنگە دەکرێ ئازارێکی پرتەقاڵی بێ، کە سەرگوزشتەی دڕکەپیاوێکە کە شادی هێنەری ناو مەملەکەتی دڕکە، یان دەکرێ دەنگێکی خەنەیی بێت کە لە سیمای تارماییەکەی دەشتی حەمریندا خۆی بەرجەستە دەکاتەوە.
زمانی گێڕانەوە لە دەربڕینی هەردوو دەنگی بێڕەنگ و رەنگداری سەرزەمینی زیکزیکەدا سادەیە و وەک زمانی سادەی گەرمیانییەکانی قوربانی ئەنفال ئاسان دەچێتە دڵەوە. ئایا ئەمە هەڵبژاردنێکی بە ئاگاهانەی نووسەرە بۆ نەخشاندنی زمانێک کە تراژیدیای تیا دەخوڵقێ، یاخود زمانی ناوەوەی قوربانیانێکە کە کەوتنی زمان لە دوای ئەنفالەوە تەنیویەتی، ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ ئەدۆرنۆ، هیشتا دەستی نەخستۆتە سەر درزو بریندارییەکانی ناو زمانەوە، تا لە ئاست ئەم تراژیدیایەدا بێت. بە هەرحاڵ، سادەیی ئەم زمانە لە گێڕانەوەدا لە هەرکامێکی ئەو هۆکارانەی سەرەوە سەرچاوەی گرتبێ، وەک خاڵێکی سەرکەوتوو بۆ نووسەر تۆمار دەکرێت.
بەڵام جێی داخە لە نێوان لاپەرەکانی ٧٥ تا ٧٩ دا ئەم دووبارە گێڕانەوەی تراژیدیای ئەنفال لە گێڕانەوە ئەدەبییەکەی خۆی دەکەوێت و بە زمانی راپۆرتێکی رۆژنامەوانی، مێژوویەکی سادە وەک ئەوەی کە چۆن بووە دەگێڕدرێتەوە.
بە بڕوای من ئەگەر ئەم بەشەش وەک دەنگی زیکزیکەیەکی رەنگدار بهێنرایەتە گێرانەوە، دەکرا رەهەندی تر و گۆشەی دیکەی رووداوی تێ بکەوتایە کە زمانی رێپۆرتاژی رۆژنامەوانی نەدەکردە دەربڕین بۆ خۆی.
لەگەڵ گەیشتنە کۆتایی دێڕەکانی ئەم رۆمانەدا، خوێنەر هەستدەکات کە هەڵبژاردنی ناونیشانی سەرزەمینی زیکزیکە چەند هەڵبژاردنێکی بە ئاگاهانەی نووسەرە و خوێنەر لە بەشی ٧ رۆماندا: کیڵگەی دڕک، زریکەی ئەبەدی میمکمدا، دەکرێ زریکەی ئەنفال ببیستێت و هاوکاتیش بە تاسەیەکی زۆرەوە بە شوێن گەیشتن بە کۆتاییەکانی رۆمانەوە بێت. لە جێگایەکی ئەم رۆمانەدا گوێبیستی ئاخاوتنێکی نێوان حەزرەتی ئیبراهیم و خودا دەبین:
حەزرەتی ئیبراهیم بەدەم چەقۆ تیژکردنەوەوە رووی کردە ئاسمان و وتی:
خودایە قوربانییەکە ئامادەیە لە کوێ سەری ببڕم؟
دەنگێک لە ئاسمانەوە وەڵامی دایەوە: بچۆرە گەرمیان، مەگەر نازانی من ئەو جێگایەم بۆ قوربانیدان خولقاندووە.
لە زریکەی ئەبەدی میمکمدا، زۆر بە سادەیی نەک هەر پڕۆسەی سەربڕینی قوربانییەکان، بەڵکو ژیانی ئەوانەیشی لە دوای ئەنفالەوە لە چاوەڕوانیدا رۆژەکان تێدەپەڕێنن، بە تەواوەتی دیلت دەکات و قورگت پڕدەکات لە گریان. لانی کەم بۆ من کە چاوەڕوانی ئەم جۆرە لە چارەنووس نەبووم بۆ میمکی پاڵەوان.
عومەر سەید، بەوەی حەنزەڵەی (ناجی ئەلعەلی) دەکاتە گوێگری دارای ئیبراهیم ئەمین باڵدار بۆ بیستنی چیرۆکی ئەنفال، ئەوا جێگای خۆیەتی ئاماژەیەک بەم فیگورە کاریکارێستییەی ناجی ئەلعەلی بدەین . ئەو لە چاوپێکەوتنێکیدا سەبارەت بەم فیگورە دەڵێ: حەنزەلە خۆیەتی لە منداڵیدا کە لە گوندەکەی خۆی هەڵدەکەنرێت. وەک منداڵێکی تۆراو، دەست لە پشتاوپشت لە بینەر، تەمەن دە ساڵ، بڕیارە گەورە نەبێ تا نەگەڕێتەوە بۆ شوینێ خۆی.
لە سەرزەمینی زیکزیکەدا، حەنزەلەکانی کوردستان، بە گەورە و بچووکەکانیانەوە، دەست لە پشت و پشت لە بینەر نین. وەک ئەوەی کە فیگۆرەکەی ناجی ئەلعەلیدا دەبینرێت، بەڵکو رووخساریان هەیە و ناویان دڕکە پیاو و میمک و کاکەوڵایە.
ئەگەر حەکایەتی گومناوکردنی ١٨٢ هەزار گوندنشینی کورد، تاکە زانیاری ئێمەیە لەسەر یەکێك لە برینە قووڵەکانی سەرجەستەی ئینسانی کورد، ئەوا (سەرزەمینی زیکزیکە) پێدانی دەموچاوە بە چەند کەسێکی ئەم قوربانیانە.
وەزیفەی ئەدەبیش هیچ شتێکی دیکە نییە جگە بەخشینەوەی دەموچاو بەو کەسانەی لە دەموچاو بێبەشکراون.
عومەر سەیدە لە کێشانەوە و دووبارە دروستکردنەوەی هەندێک لە دەموچاوەکانی ئەنفالدا، بە سۆزو میهرەبانانە و وەستایانەوە ئەم پڕۆسەی بە کەسی کردنەوەی قوربانییەکان ئەنجام دەدات و لە چەند سەد لاپەرەیەکدا کارێکی هەتا بڵێی جوان دەخوڵقێنێ.
سەرچاوەکە بە سویدی لەژێر ناونیشانی: شیعر لە دوای ئاوشویتسەوە لە رێگەی ئەم لینکەی خوارەوە پەیدادەبێت.
ئەم بابەتە لە ژمارە ٢٥ کولتووری زەمەندا بڵاوکراوەتەوە