هه‌موو ئه‌و (ئه‌رجه‌نتینی)ه‌یان خۆشده‌ویست
02:23 - 04/12/2019
گابرێل گارسیا ماركیز
دوایین جارێك كه چووم بۆ شاری پراگ، نزیكه‌ی پازده ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بوو. له‌گه‌ڵ كارلۆس فۆینتس و خۆلیۆ كۆرتاسار چووم بۆ ئه‌وێ. له پاریسه‌وه به شه‌مه‌نده‌فه‌ر سه‌فه‌رمان ده‌كرد. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر سێكمان له فڕۆكه ده‌ترساین. هه‌روا كه به شه‌و له نێوان دوو ئه‌ڵمانیاكه‌دا تێده‌په‌ڕین، لێره و له‌وێ گفتوگۆمان پێكه‌وه ده‌كرد. زه‌ریاگه‌لێك له شێلم، كارگه‌ی گه‌وره و پاشماوه‌كانی شه‌ڕه ترسناكه‌كان و عه‌شقی ناكام. كاتی نووستن كارلۆس فۆینتس به سه‌ریدا هاتبوو له كۆرتاسار بپرسێ كێ، چۆن و كه‌ی، پیانۆی خستبووه ئۆركێسترای جازه‌وه. پرسیارێك كه وه‌ڵامه‌كه‌ی ناوێك و مێژوویه‌ك بوو. به‌ڵام وه‌ڵامه‌كه‌ی تا به‌یانی خایاند. له نێوان قاپه سۆسیس و په‌تاته‌ی سارده‌وه بوو و په‌رداخی بیره‌دا. نه من و نه كارلۆس ئه‌و شه‌وه‌مان له بیر نه‌كردووه.
دوازده ساڵ دواتر خۆلیۆ كۆرتاسارم له پاركێكی مانگۆدا بینی. وتاری ده‌دا. به‌و ده‌نگه زوڵاڵه‌ی خۆی، پڕچه‌ك به یه‌كێك له سه‌ختترین چیرۆكه‌كان، شه‌وی مانتیكا ناپۆلز؛ چیرۆكی بۆكسه‌رێك كه رۆژگاری ره‌ش بووبوو. ئه‌و چیرۆكه‌ی له زمانی لاتێكی گه‌ڕه‌كه پاشكه‌وتووه‌كانی بۆینس ئایرسه‌وه نووسیوه. ئه‌گه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هه‌موو سه‌مای تانگۆیه نه‌بوایه، كاری كرده نه‌بوو یه‌ك وشه له‌و زمانی كوچه‌یه تێبگه‌ی. به‌هه‌رحاڵ چیرۆكێك بوو كه كۆرتاسار هه‌ڵیبژاردبوو تا بچێته سه‌ر بڵندگۆیه‌ك و بۆ كۆمه‌ڵێكی بخوێنێته‌وه كه له‌و پاركه رووناكه گردبووبوونه‌وه. هه‌موو جۆره مرۆڤێك له‌وێ ده‌ست ده‌كه‌وت. له شاعیرانه‌وه بیگره تا بیناسازه بێكاره‌كان، له سه‌رانی كوده‌تاچییه‌وه بیگره تا دوژمنه‌كانیان. ئه‌زموونێكی حه‌په‌سێنه‌ری دیكه بوو. ئه‌گه‌رچی شوێنكه‌وتنی ئه‌و چیرۆكه ئاسان نه‌بوو، ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌یش كه زمانی لاته‌كانیان ده‌زانی. هه‌موان هه‌ستیان به‌و گورزی ئه‌و مشتانه ده‌كرد كه داده‌هاتنه‌وه سه‌ر سه‌ری مانتیكا ناپۆلز، هه‌موان له‌به‌ر خه‌ونه‌كان و به‌دبه‌ختی ئه‌و ئه‌وكیان پڕ بووبوو له گریان. هه‌موو ئه‌م باسه له‌به‌ر ئه‌مه‌بوو بڵێم كۆرتاسار گه‌یشتبووه قۆناغێكی په‌یوه‌ندی دروستكردن كه له ناخی دڵه‌وه ده‌ڕژایه ده‌رێ. ئیدی بۆ ئه‌و كۆمه‌ڵه مانا و تێگه‌یشتن له وشه‌كان گرنگ نه‌بوو. ئه‌و خه‌ڵكه‌ی له‌سه‌ر چیمه‌نه‌كان دانیشتبوون، چما چووبوونه دۆخی نێوان خه‌و و بێدارییه‌وه و كه‌مێك له‌سه‌ر زه‌وییه‌كه به‌رزبووبوونه‌وه؛ به جادووی ده‌نگێك كه وه‌ك بڵێی سه‌ر به‌م جیهانه نه‌بوو.
ئه‌م دوو یاده‌وه‌رییه‌ی كۆرتاسار كه به‌و جۆره منی خستبووه ژێر كاریگه‌ییه‌وه، به باشی ده‌توانێ باسی ئه‌و بكات. دوو هێڵی ناودژ له كه‌سێتیی ئه‌و. له كۆڕێكی تایبه‌تی وه‌ك ئه‌و شه‌مه‌نده‌فه‌ره، وه‌ك رۆشنبیرانی دێرین وابوو و له به‌رده‌م خه‌ڵكیشدا، بێ ئه‌وه‌ی خۆی نمایش بكات، هه‌موانی شه‌یدای خۆی كردبوو. دۆخێكی بانسروشتیی هه‌بوو. له هه‌ر دوو حاڵه‌ته‌كه‌دا خراپ ده‌یخستییه ژێر كاریگه‌رییه‌وه. من كه له ژیانی خۆمدا وه‌ك ئه‌وم نه‌بینیوه.
له كۆتاییه‌كانی پاییزی ساڵی 1956 له پاریس، جاروبار ده‌هاته كافێیه‌ك كه ناوێكی ئینگلیزیی هه‌بوو. له كونجێكدا له پشت مێزێكه‌وه داده‌نیشت و له ده‌فته‌رچه‌یه‌كی خوێندنگه‌دا شتی ده‌نووسی به قه‌ڵه‌م جافێك كه مه‌ره‌كه‌بی ده‌ده‌ڵاند و په‌نجه‌كانی پیس ده‌كرد. ژان پۆڵ سارته‌ریش له مه‌ودای سێسه‌د مه‌تری ئه‌وێوه شتی ده‌نووسی. یه‌كه‌مین كتێبی ئه‌و كه خوێندبوومه‌وه، كۆمه‌ڵه چیرۆكێك بوو به ناوی ئاژه‌ڵانی نه‌بینراو. له هه‌مان په‌ڕه‌ی یه‌كه‌مه‌وه هه‌ستم كرد نووسه‌رێكه كه خۆم له گه‌وره‌ییدا حه‌زم ده‌كرد به‌و جۆره‌بم. كه‌سێك هه‌واڵی دابووه من ئه‌و له كافێیه‌كی پۆلڤاری سان میشیل ده‌نووسێ. چه‌ندین هه‌فته له‌وێ چاوه‌ڕوانم كرد تا دواجار هه‌ر وه‌ك تارماییه‌ك لێم په‌یدا بوو. كه‌ڵه‌گه‌تترین پیاوێك بوو كه ده‌كرا وێنای بكه‌ی. به سیمای كوڕێكی منداڵكاری شه‌یتان، كه له پاڵتۆیه‌كی ره‌شی درێژه‌وه هاتبووه ده‌رێ؛ وه‌ك پاڵتۆی پرسه‌داری پیاوێك كه ژنه‌كه‌ی مردبێ. چاوه‌كانیشی وه‌ك چاوانی گوێره‌كه‌یه‌ك زۆر دوور بوون له یه‌كه‌وه. چاوانێكی لار و بلوورین كه ئه‌گه‌ر دڵ فه‌رمانڕه‌وایی نه‌ده‌كرد به سه‌ریاندا، ده‌كرا له‌گه‌ڵ چاوانی ئیبلیسدا لێت تێكبچێ.
ساڵانێك دواتر كاتێك ئیدی پێكه‌وه بووبووینه هاوڕێ، جارێكی تر ئه‌وم وه‌ك یه‌كه‌مین جار بینییه‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له یه‌كێك له باشترین چیرۆكه‌كانیدا، جارێكی تر خۆی خوڵقاندبۆوه. ئاسمانێكی دیكه، چیرۆكی كه‌سێك له خه‌ڵكی ئه‌مریكای لاتین كه رێك له رووی كونجكۆڵییه‌وه ده‌چوو بۆ سه‌یری كه‌سێك كه به گیوتین ئیعدامی دەكه‌ن. ئه‌و كه‌سێتییه‌یش پاڵتۆیه‌كی درێژ و ره‌شی له‌به‌ردایه، رێك وه‌ك خودی ئه‌و له یه‌كه‌مین دیداردا. له‌و دیداره‌دا من پڕكێشیم نه‌كردبوو لێی نزیك ببمه‌وه. ئه‌وم بینی كه زیاتر له یه‌ك كاتژمێر شتی نووسی. ساتێكیش بۆ ناوبڕ و وچان نه‌ده‌وه‌ستا. په‌رداخێك ئاوی كانزاییشی له به‌رده‌مدا بوو كه تا نیوه‌ی خواردبۆوه. تا ئه‌وه‌ی دنیا تاریك بوو، قه‌ڵه‌م جافه‌كه‌ی خسته‌وه گیرفانی و ده‌فته‌رچه‌كه‌ی خسته بنهه‌نگڵی و له‌وێ چووه ده‌رێ. وه‌ك فێرخوازێكی زانكۆ كه له هه‌موو دنیا كه‌ڵه‌گه‌ت تر و له‌ڕ تر بوو. جارانی بێ‌ژمار كه له ساڵانی دواتردا یه‌كتریمان ده‌بینی، تاقه شتێك كه له بیچمی ڕا گۆڕابوو ریشێكی ره‌ش و چڕ بوو. تا چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك پێشتر وه‌ك بڵێی ئه‌و ئه‌فسانه‌یه راست بوو كه ئه‌و نه‌مربوو. به‌رده‌وام باڵای هه‌ڵده‌دا و هه‌روایش له ته‌مه‌نێكدا مابۆوه كه پێی له دایكبووبوو. هه‌رگیز لێم نه‌پرسی ئایا به‌ڕاستی نه‌مره. هه‌روه‌ك چۆن پێم نه‌وتبوو له‌و پاییزه غه‌مگینه‌ی ساڵی 1956 ئه‌وم بینیوه و پڕێكیشیم نه‌كردبوو وشه‌یه‌ك بڵێم. له هه‌ر شوێنێك ده‌زانم خه‌ریكه له‌به‌ر ئه‌و شه‌رمنییه سه‌ركۆنه‌م ده‌كات. بته‌كانی ئێمه، شایه‌نی رێز و ستایش و هۆگریین و هه‌روا بێته‌وه ئیره‌ییش. كۆرتاسار هه‌موو ئه‌م هه‌ستانه‌ی ده‌هاروژانێ. ره‌نگه بێ ئه‌وه‌ی بیه‌وێ، ئه‌رجه‌نتینییه‌ك بوو كه هه‌موو خۆشیان ده‌ویست. ئه‌گه‌ر راست بێ كه پیاوه‌كان ده‌مرن، به دڵنیاییه‌وه كۆرتاسار جارێكی تر خه‌ریكه له‌به‌ر خه‌مێك كه دنیا بووبووه هۆی، ده‌مرێ. هیچ كه‌سێك وه‌ك ئه‌و، چ له ژیان و چ له كتێبه‌كانیدا، ئه‌وه‌نده رقی له پیرۆزكردنه‌كانی دوای مردنی نه‌ده‌بۆوه. هه‌روا بێته‌وه له كۆڕ و دانیشتنی پرسه‌یش. هه‌میشه پێم وابووه مردن بۆ ئه‌و پرسێك بوو كه نه‌ده‌كرا شایه‌نی رێز بێ. له كتێبی چوارده‌وری دنیا له هه‌شتاوهه‌شت رۆژ دا له به‌رامبه‌ر یه‌كێك له هاوڕێكانی خۆی كه خۆی كردۆته مردوو، له پێكه‌نیندا ناوسكیان ده‌بڕێ. به‌م هۆكاره حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌و به‌و جۆره به بیربهێنمه‌وه كه خۆی ده‌یویست: به شه‌وقی مه‌زنی ژیان، به شانازییه‌ك كه به ناسینی ئه‌و پێمبڕابوو، به سوپاسگوزاری له‌مه‌ی كارگه‌لێكی له دوای خۆی جێهێشتووه، كه گه‌رچی نیوه‌ناچڵ مانه‌وه، به‌ڵام رێك وه‌ك یاده‌وه‌رییه‌كانی ئه‌و جوان و نه‌مرن.
وەرگێڕانی: جه‌بار سابیر
ئەم بابەتە لە ژمارە ٢٤ی پاشکۆی کولتوری ڕۆژنامەی "زەمەن" بڵاوبۆتەوە