1547 دیمانە

د.شلێر فایەق: پێشر رۆژانە زیاتر لە 150 منداڵ لەدایكدەبوون ئێستا كەمبۆتەوە بۆ 50 منداڵ

10:51 - 19/11/2019

سازدان: مەزهەر كەریم

د.شلێر فایەق، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی، هۆشداریدەدات لە كەمبوونەوەی رێژەی منداڵبوون بەتایبەت لەناو دانیشتوانی شاری سلێمانی‌و دەڵێت پێشر رۆژانە 150 بۆ 160 منداڵ لەدایكدەبوون ئێستا كەمبۆتەوە بۆ 50 بۆ 60 منداڵ.

د.شلێر فایەق، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ “زەمەن” چەندین ئامار‌و جیاوازی لە نێوان نەخۆشخانەی منداڵبوون‌و نەخۆشخانە ئەهلیەكان دەخاتەڕوو، ئەو بە ژمارە وەڵامدەداتەوە، كە لەدایكبوونی منداڵ لە نەخۆشخانەكەی ئەوان زۆر زیاترە لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان.

بەپێی ئامارەكەی بەردەستی شلێر فایەق، لەمساڵدا سیانزە هەزار ژن لە نەخۆشخانەی منداڵبوون منداڵیان بووە، ساڵی رابردووش چواردە هەزار منداڵ لەدایكبوون.



زەمەن: ڕۆژانە چەند نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەكەتان دەكەن؟
شلێر فایەق: نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی ئاستی سێی پێدەڵێن بەپێی رێكخراوی جیهانی (WHO)، نەخۆشخانەی ئاستی سێش ئەوەیە هەموو حاڵەتێكی كتوپڕی ساردو هەموو نەشتەرگەریەكانی ژنان‌و منداڵبوونی تێدایە، چ نەخۆشی ژنان یان نەخۆشی منداڵان. لە پارێزگای سلێمانیدا پێویستمان بەچوار نەخۆشخانەی لەم جۆرە هەیە، واتا ئەم نەخۆشخانەیە كاری ئەو نەخۆشخانانەش دەكات كە لەدەرەوەی سلێمانی كاری ژنان‌و منداڵبوون دەكەن، بەتایبەت حاڵەتە قورسەكانی نەشتەرگەری كە پێویستی بە چاودێری ورد هەیە، لەبەرئەوە نەخۆشخانەكەمان تایبەتە بە نەخۆشیە كتوپڕەكانی ژنان‌و منداڵبوون، ئێمە هۆڵێكی گەورەی منداڵبوونمان هەیە، كە لەیەك كاتدا بیست ژن دەتوانێت منداڵی ببێت، لەمساڵدا سیانزە هەزار ژن لە نەخۆشخانەكەمان منداڵی بووە، ساڵی پاریش چواردە هەزار ژن منداڵیان بووە.

زەمەن: كەواتە منداڵبوون لە شاری سلێمانی زیادیكردووە یان كەم؟
شلێر فایەق: منداڵبوونی دانیشتوانی شاری سلێمانی بە ژمارە بەرەو كەمبوون دەڕوات بەتایبەتی لەم چەند ساڵەی دواییدا، بەداخەوە كە پێشر ڕۆژانە 150 بۆ 160 منداڵ لەیەك ڕۆژدا لەدایكدەبوون ئێستا كەمبۆتەوە بۆ 50 بۆ 60 منداڵ، منداڵبوونی ئاوارەكان بەرەو زیادبوون دەڕوات، ئەمەش زۆر خراپە، لەگەڵ ئەوەشدا سلێمانی لە كۆنیشدا لەچاو شارەكانی دیكەدا هەر منداڵیان كەمتر بووە، هۆكارەكەشی بۆ تەبعی شارەكە دەگەڕێتەوە.

زەمەن: ئایا ئەو ژنانەی روو لە نەخۆشخانەكەتان دەكەن، تێیاندایە لە خوار هەژدە ساڵەوە بێت؟
شلێر فایەق: لە هەموو جۆرە نەخۆشێك دێتە نەخۆشخانەی ئێمە، تیایەتی لەناو شارە، تیایەتی دەرەوەی شارە بەتایبەتی لەم چەند ساڵەی رابردوودا ژنانی خوار تەمەن هەژدە ساڵ زۆرن، كە منداڵیان دەبێت بەتەنیا لەمانگی نۆدا پەنجا ژن لەخوار هەژدە ساڵەوە منداڵیان بووە، خۆشبەختانە 45 ژنیان بە سروشتی منداڵیان بووە، بەڵام دڵمان بەوە خۆش نیە لەخوار تەمەنی هەژدە ساڵییەوە كچان شوو بكەن‌و منداڵیان ببێت.

زەمەن: نەخۆش زۆرجار گلەیی ئەوەیان هەیە پزیشك‌و كارمەندەكانتان وەك پێویست بەدەم نەخۆشەوە ناچن بۆچی؟
شلێر فایەق: لە هەموو دونیادا منداڵبوون بە ئازارە، بەداخەوە لە دێرزەمانەوە ئەو قسەیە لە نەخۆشخانەكانی منداڵبوون لە هەموو عێراق‌و وڵاتاندا هەیە، نەك شاری سلێمانی. خەڵكی وادەزانێت ئێمە توندوتیژی بەرامبەریان بەكاردەهێنین، بەڵام خۆی لەوكاتەی سەری منداڵەكە دێتەدەرەوە لەگیانی ژنەكە دەبێت هانی بدەیت‌و هاوكاری پزیشك‌و كارمەندەكان بكات لەوكاتەدا هەندێك بەتوندوتیژی تێدەگەن. من ناڵێم لەساڵانی رابردوودا توندوتیژی بەكارنەهاتووە، بەڵام ئێستا كە سۆشیال میدیاو دەنگ تۆماركردن هەیە بەهیچ جۆرێك ناتوانرێت توندوتیژی بەرامبەر نەخۆش بەكاربهێنرێت، چونكە كەس لێت قەبوڵ ناكات، بەڵام بەجارێك بیست ژن لەلای پزیشكێكی ئێمە منداڵی دەبێت پزیشك ناتوانێت نەخۆش بلاوێنێتەوە، خۆشم ئەوە دەزانم لاوانەوەی نەخۆش لای ئێمە كەمە، نەخۆشێك بەتەمابێت ئێمە بیلاوێنینەوە‌و قسەی لەگەڵ بكەین فریاناكەوین.

زەمەن: ئەمە واینەكردووە ژنان كەمتر بێنە نەخۆشخانەكەتان بۆ منداڵ بوون‌و زیاتر روو لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان دەكەن؟
شلێر فایەق: لەگەڵ ئەوەی خەڵكانێك پێیان وایە نەخۆش كەمتر دێتە نەخۆشخانەی منداڵبوون، بەڵام ئێستا ژمارەی منداڵبوون لەلای ئێمە زۆر زیاترە لە ژمارەی منداڵبوون لە سەرجەم نەخۆشخانە ئەهلیەكان لە سنوری سلێمانی، مانگانە 1500 منداڵ لە نەخۆشخانەكەمان لەدایك دەبێت ئەوان بەهەموو نەخۆشخانە ئەهلیەكان 1000 منداڵی تێدا لەدایك دەبێت، نەخۆشخانە ئەهلییەكان منداڵبوونی زۆر كتوپڕو سروشتی وەرناگرن، تەنیا لەدایكبوون لە رێگەی نەشتەرگەرییەوە وەردەگرن، بیرمان نەچێت نەخۆشخانەی ئەهلیی بۆ حاڵەتی ئاسانە هەرگیز ناتوانن حاڵەتی قورس وەربگرن.

زەمەن: بەپێی ئەزموونت ئەتوانیت بە ئێمە‌و خوێنەرەكانمان بڵێیت، ئەو زیانانە چین كە ئەگەر پێش وادەی ئاسایی منداڵ لەدایك ببێت؟
شلێر فایەق: دەبێتە هۆی نەبەكامی منداڵەكە، بەتایبەت هۆی دروستنەبوونی سیەكانی منداڵەكە كە ئەمە بۆخۆی مەترسیەكی زۆر گەورەیە لەسەر منداڵەكە، ئەگەر منداڵ لەسێ‌ دەقەی یەكەمدا ئۆكسجینی بۆ نەچێت توشی شەلەل دەماخ دەبێت.

زەمەن: ژنان بە سروشتی منداڵی ببێت باشترە یان بە نەشتەرگەری؟
شلێر فایەق: ئێستا من لە پڕۆژەیەكدا كاردەكەم كە هەوڵی ئەوە دەدەین منداڵبوون بەڕێگەی نەشتەرگەری كەم بكەینەوە، كە پێیدەوترێت پڕۆژەی كەمكردنەوەی منداڵبوون بەنەشتەرگەری، لەڕاستیدا منداڵبوون بەنەشتەرگەری‌و منداڵبوون بە سروشتی هەردووكیان زیانی خۆیان هەیە، بەڵام ئەگەر بیخەینە تای تەرازویەك‌و حسابی بكەین منداڵبوون بە سروشتی كێشەكانی زۆر كەمترە. لەجیهاندا وەها رێگە پێدراوە ئەگەر سەد ژن منداڵی ببێت لەڕۆژێكدا پانزە بۆ بیست ژن دروستە بەنەشتەرگەی منداڵی ببێت، بەڵام لەو ژمارەیە تێپەڕی ئەوا كارێكی دروست نیە، لە مانگی رابردوودا سێ‌ حاڵەتی مردنی ژنان هەبووە لە دەوروبەری سلێمانیدا بەهۆی نەشتەرگەری منداڵبوونەوە ژنان بە بەنجكردن مردون.

زەمەن: كەواتە حاڵەتی مردنی دایك‌و منداڵ لە نەشتەرگەریدا زۆرترە یان لە ئاساییدا؟
شلێر فایەق: لەكاتی منداڵبوون بەشێوەی نەشتەرگەری مردنی دایك زۆر زیاترە، ئێمە ساڵانە بەشی نەبەكاممان هەیە، ئەو ژنانەی بە نەبەكامی منداڵیان دەبێت ئەوا منداڵەكانیان دەمرێت.

زەمەن: ئێوە هۆبەی مامانیشتان هەیە بۆچی؟
شلێر فایەق: مامان لە هەموو دونیادا هەیە كە پێیدەوترێت منداڵبوون لەناو ماڵاندا، ساڵانی زوو كاری مامانی كارێكی زۆر بەهێزبوو، بەڵام لەگەڵ پێشكەوتنی كەرتی تەندروستی‌و دروستكردنی نەخۆشخانەی منداڵبوون جێگرەوەی ئەو كارە دروستبووە، كە پزیشك لە نەخۆشخانە ئەو كارە دەكات، ئێمە هۆبەیەكمان هەیە بەناوی هۆبەی مامانی، كە رێگە بەو مامانانە دەدات بۆ خۆیان كارمەندی تەندروستین، لەگەڵ ئەوەشدا چەند كارێكی سنووردار دەكەن رێگەپێدراونین هەموو كارێكی مامانی بكەن لەماڵاندا.

زەمەن: زیانەكانی تەندروستی بۆ ژنانی خوار تەمەن هەژدە ساڵ منداڵیان ببێت چیە؟
شلێر فایەق: من لەڕووی جەستەییەوە باسی دەكەم، ئەو ژنەی هێشتا تەمەنی نەچوەتە هەژدە ساڵ‌و كۆئەندامی زاوزێی باش پێنەگەشتووە ئێسقانەكانی حەوزی هێشتا بەتەواوەتی گەشەكان نەكردووە كێشەی تەندروستی بۆ خۆی‌و منداڵەكەی دەبێت لەبەرئەوەی دروستكردنی منداڵێك لەسەر جەستەیەك كە هێشتا ماویەتی‌و تەواو پێبگات، بەتەكید ئەو منداڵەی كە دروستی دەكات باش دەرناچێت، كە لەو حاڵەتاندا نیسبەتی منداڵی نەبەكام‌و مردن‌و لەبارچوون منداڵ لە‌و ژنانەدا زۆرە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ژنانە بۆخۆیان دوچاری زۆر گیروگرفت دەبنەوە، ئەگەر كچێك لەپێش تەمەنی هەژدە ساڵیەوە نەشتەرگەری بۆ بكرێت خۆی نەپارێزێت لە منداڵبوون ئەوا لەتەمەنی 30 ساڵیدا توشی جۆرەها نەخۆشی ژنان‌و منداڵبوون دەبێت هەندێكجار لەو تەمەنەدا ناچاربوین منداڵانیان بۆ دەربهێنین.

زەمەن: باشترین تەمەن بۆ كچان هاوسەرگیری بكەن‌و منداڵیان ببێت كەیە؟
شلێر فایەق: باشترین كات بۆ منداڵبوون‌و پێكهێنانی هاوسەرگیری لەنێوان 20 بۆ 35 ساڵیدایە، هەركەسێك بیەوێت منداڵی ببێت لەو تەمەنەدا تەواوی بكات زۆر باشە بێت.

زەمەن: نەخۆشخانەی منداڵبوون بیناكەی وەك پێویست نیە بۆ ئەمە چیتان كردووە؟
 شلێر فایەق: بینای نەخۆشخانەی منداڵبوون، بینای نەخۆشخانە نیە پێویستی بەوە هەیە شوێنێكی باشتر هەبێت، لەئێستادا وامان لێكردووە لەڕووی ژینگەی كاركردنەوە زۆر شیاوبێت، بەڵام وەك بینا زۆر خراپە، بەداخەوە لەڕووی داودەرمانەوە كەموكوڕیمان هەیە هەندێكجار دەرمانی ئەنتی بایۆتیك‌و دەرمانی ئازار شكێنمان نیە لەبەرئەوەش نیە كە بۆمان ناكڕێت بەڵكو لەبەرئەوەی شێوازی كڕینەكەی پێیدەچێت.

زەمەن: بۆ حاڵەتی كەمی ژمارەی فەرمانبەر نەخۆشخانەكەتان چیكردووە؟
شلێر فایەق: ژمارەی كارمەندەكانمان بەرەو خراپیەكی زۆر زۆر دەڕوات، چونكە ئەو كارمەندانەی لە نەخۆشخانەكەمان كاردەكەن ژمارەیەكیان تەمەنیان هەڵكشاوەوە بەرەو پیربوون دەڕۆن نەخۆشیە موزمینەكان لەسەریان دەركەوتووە ماندون چەند ساڵێكە ئەو كارە قورسە دەكەن، پێویستمان بە 150 كارمەندی نوێ‌ هەیە، لە ساڵی 2012وە یەك كارمەندی تازەمان بۆ نەهاتووە چەند ساڵێك پێشتریش، چونكە هەرچی كارمەندێك دادەمەزرا بۆ نەخۆشخانەی شاریان دەنارد، كارمەند هەیە تایبەتمەندیەی بۆ نەخۆشخانەی منداڵبوونە لەشار دامەزراوە، لەگەڵ ئەوەشدا نەخۆشخانەی شار نەخۆشخانەیەكە بەشی ژنان‌و منداڵبوونی نیە، لەگەڵ ئەوەشدا زیانەكانی كەمی كارمەند لە جۆرو كوالێتی كارەكەمان دادەبەزێنێت، نەخۆش گلەیی دەكات ناچین بەدەمیەوە نازانێت سەرمان ناپەرژێت بەهۆی زۆری نەخۆشەوە، لەگەڵ ئەوەشدا جۆری نەخۆشخانە حكومییەكان لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان باشترە، ئەوە لایەنێك دەیەوێت نەخۆشخانە حكومییەكان لەكەدار بكات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن