2074 کەلتور

چاوەکان دوو باڵی تابووتن لە نێوان ئاسمان و زەوی نێژراون
لەبارەی ئەنتۆلۆجیای شیعری نوێی کوردی

12:04 - 17/11/2019

تۆرڤاڵد بێرتڵسن
وەرگێڕانی لە دانیمارکییەوە: ئالان پەری

ساڵی بێتەوە ئەنتۆلجیای شیعری نوێی کوردی بە زمانی دانیمارکی بڵاو دەکرێتەوە لە لایەن وەشانخانەی ئاژانسی شیعر. ئەمە زنجیرەی دوومە لە چاپکردنی شیعری جیهانی کە ساڵی پار بە سەرپەرشتی شاعیری دانیمارکی تۆڤارڵد بێرتڵسن ئەنتۆلۆجیای شیعری نوێی بۆسنەیی بڵاوکرایەوە. ئامانجی سەرەکی لەم زنجیرەیە ئەوەیە کە خوێنەرانی دانیمارکی بەر چاو ڕوونی بکرێ بۆ شیعر و کەلتوری ڕابردووی ئەو شوێنانەی کە زیاتر بۆ خوێنەرانمان بە شەڕ و مەینەتییەکانیان ناسێنراون. ئەو ناوچانەی بۆ ئێمە زیاتر لە بارەی هەلومەرجی کوشتار و کێشەکانیان دەزانین، هەروەها کەلتور و ئەدەبەکەشیان بە ئێمە نەناسراوە.
ئەم ئەنتۆلۆجیایە زیاتر بایەخ بە شاعیرە هاوچەرخەکانی کورد دەدات، هەر لە ساڵی ١٩٧٠ کە لەوکاتەوە زیاتر خەونی سەربەخۆیی بوونی کورد سەر هەڵدەدات و پەرە دەستێنێت. هەوڵ دراوە شیعری زۆربەی شاعیرانی کوردستان لەو ساڵەوە هەتا ئێستا کۆبکرێتەوە، کە بە چەندین دیالێکت شیعریان نووسیوە وەک دیالێکتی سۆرانی و کورمانجی، تەنانەت ئەو شاعیرە کوردانەی بە زمانی وڵاتانی بندەستی وەک عەرەبی و فارسی تورکیش دەنووسن، کە بۆ هەندێک ناوچە قەدەغە بووە بەزمانی کوردی بنووسن و ناچار بوون پەنا بۆ ئەو زمانانە بەرن بۆ نووسینی شیعرەکانیان. لەو ئەنتۆلۆجیایە گوڵبژێرێک لە شاعیرانی هەر شەش پارچەکەی کوردستان کراوە. کوردستانی (ئەرمینیا و جۆرجیا و ئێران و عێراق و سوریا و تورکیا). زۆربەی شاعیرەکان دیاریکراون، چ ئەوانەی لە وڵات دەژین یان لە تاراوگە، بەو شاعیرانەشەوە کە باگراوندی ئاینییان هەیە وەک ئیسلام و مەسیحی و یەزیدییەکان.
ئەم ئەنتۆلۆجیایە دەبێتە یەکەم بەرهەمی کۆکراوەی شاعیرە هاوچەرخەکانی کورد بە زمانی دانیمارکی. ئەنتۆلۆجیاکە چەند زمانێک لە خۆ دەگرێت و دابەش دەکرێت بەسەر زمانی ئوریجیناڵی شیعرەکە لەگەڵ وەرگێڕانە دانیمارکییەکەی. بەرگی کتێبەکە لە یەکێک لە تابلۆکانی هونەرمەندی کورد عەلی جۆڵا وەرگیراوە و کتێبەکە زیاتر لە ٧٠٠ لاپەڕە لە خۆ دەگرێت بە بەشداری نزیکەی ٥٠ شاعیر لەناو ئەنتۆلۆجیاکە خۆیان پێشکەش دەکەن.
ئەنتۆلۆجیاکە لەلایەن وەرگێری سەرەکی کارەکان ئالان پەری کاری وەرگێڕانی بۆ دەکرێت لەگەڵ هاوکارانی دارا کوردە، ئەرسەلان چەلەبی، مەمود ئەردەم و دواتر تۆرڤاڵد بێرتڵسن دیسانەوە بەسەر وەرگێڕانەکە دەچێتەوە. هەندێک لەو شاعیرانەی کە لەم ئەنتۆلۆجیایە بەشدارن ئەوانیش: شاڵاو حەبیبە، ملکۆ ئەحمەد، هیوا قادر، دارا کۆردۆ، چۆمان هەردی نادیە کەریم، ئەرسەلان چەلەبی، ئەسکەرە بۆیک، ئەزیزێ گەردینێزێ، مەمود ئەردەم و ئەلان پەری کە ئەویش لە ساڵی ئایندەدا لەلایەن وەشانخانەی ئاژانسی شیعر دەفتەرە شیعرێکی بەزمانی کوردی و دانیمارکی چاپ و بڵاو دەکاتەوە.
هەڵبژاردنی شاعیرەکانی نێو ئەنتۆلۆجیاکە کوالیتی شیعرەکانیان بەهەند وەرگیراوە نەک ڕۆڵ بینینیان لە بونیادنانی ئایدیای خۆیان یان بە هۆی ڕەگەز و بیر و باوەڕیان.
کۆکراوەی ئەم شاعیرانە هەوڵێکە بۆ بەدەرخستنی خەون و ئارەزووی پێش ٥٠ ساڵ بۆ خەباتکردن لە پێناو سەربەخۆیی. ئەنتۆلۆجیاکە ئەو شاعیرانە لەخۆ دەگرێت کە لە ساڵەکانی ١٩٧٩ وە هەتا ئێستا لە بەرهەمی نووسینی شیعر چالاکن.
ئەزموون و هەوڵێکە بۆ ئەوەی خوێنەری دانیمارکی بتوانێ لە بارەی شیعری ئەو ناوچەیە شارەزا بێت و چێژی تایبەتی لەو کلتورە جیاوازە ببینێت. خوێنەر زیاتر ئاشنا دەبێت بە جۆری دیالێکتی شیعرەکان و لە پەناشیان بە دانیمارکی شیعرەکان دەخوێننەوە.
لە سەر ئەنجامدا بۆمان دەردەکەوێت شیعری ئەم شاعیرانە بە قوڵایی نزیکی ١٠٠ ساڵە لە چەوسانەوەی کوردەکانەوە نووسراون و لەهەمان کاتدا خەباتی کوردەکانە بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ. هەر لە جەنگی جیهانی یەکەم و لە سەردەمی عوسمانییەکان کە ئەوکات گفتی دەوڵەتێکی سەربەخۆیان بە کوردەکان دا و دواتر لە پەیمانی لۆزان پشتیان لە کوردەکان کرد، کە لەو پەیمانە مافی کەمە نەتەوەیاتتیەکانی وەک ئەرمەن و یۆنانییەکان و جولەکەی دەستەبەر کرد بەڵام هەر ئەم پەیمانە کوردەکانی نەگرتەوە و بگرە بە پێچەوانەوە کوردەکان بۆ چەند وڵاتێک دابەشکران و تورکیای ئێستای تیا دامەزرا. هەموو کاتێک لەم خەباتەدا لەلایەن هاوپەیمانەکان و جڵەوی زل هێزەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوێن پشتیان  لە کوردەکان کردووە. ''جگە لە چیاکان کوردەکان هیچ هاوڕێیەکی تریان نییە''
بە ئێستاشەوە بێت و دوای ئەوەی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێزەکانیان لە ناوچەی نیمچە سەربەخۆی ڕۆژئاوا بۆ تورکیا و ڕوسیا و سوریای ئەسەد بە جێهێشت. ئەمە پێش ئەوە بوو کە کوردەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکیتی ئەوروپا بوونە هاوپەیمان لە دژی داعش وەستانەوە و بۆ ئازادی سوریا خەباتیان دەکرد. مردن لەم شیعرەدا تەنها خاڵێک نییە بۆ بوون و ژیانێکی تایبەت، بەڵکو مردن لێرەدا کارێکی دووبارە و هەمیشەیە وەک چۆن شاعیری کورد هیوا قادر دەنووسێت:
دیسانەوە
جوانووە تازە زاوە بەجێهێڵراوەکە منم،
دیسانەوە خوێنە چۆڕاوەکەی کەڵبەی گورگان منم،
دیسانەوە
کورد و جەنگ جەنگ و کورد
بازنە بچووکەکەی قەدەری من.

لەگەڵ ئەو هەموو گڕی ئاگرەشدا هێشتا هیوایەک هەیە.

تەواوی شیعری هیوا قادر کە لە ناو ئەنتۆلۆجیاکە کراوە بە زمانی دانیمارکی
 بەناوی:




تاڵییەک لە دەممایە تاڵی کورد بوون

هیوا قادر
تاڵییەک لە دەممایە
تاڵی کورد بوون،
تاڵی دیسانەوە گوێگرتنەوە
لە هەواڵی کوشتنی خۆم،
گەڕانەوە بۆ بادانی دوگمەی ڕادیۆکان و
بیستنی مەرگی خۆم لە ناو خشە خشی شەپۆلەکانی ئاسماندا،
سەیرکردنی لاشەی خۆم بەدەم سێدارەوە
کاتێک شەماڵ بەحاڵ ئەملەرێنێتەوە.
وەک ماسی ڕاوئەکرێم و
مەرگم کەس ڕاناچڵەکێنێت،
سارد سارد سەیری شینایی ئاسمان ئەکەم و
لەتاو تەنیایی خۆم هەست ئەکەم دەریا بەسەرمەوەیە.

تاڵییەک لە دەممایە
تاڵی کورد بوون،
تاڵییەک، ئاگرێک، ژەهرێکی شیرین،
ژەهری کوردبوون
بەدەمارەکانمدا دێت و ئەڕوات و هەر نامرم،
تەنیایی مانای خۆی لە کوردبوونم قەرز ئەکات بۆ ئەوەی غەمبارتر دەرکەوێت،
کوشتن قورسایی ترسی خۆی لە بوونم قەرزئەکات بۆ ئەوەی ترسناکتر بێت.
دیسانەوە
مەرگ و کورد و کورد و مەرگ
هاوکێشە بەردەوامەکەی بوونی من،
دیسانەوە
جوانووە تازە زاوە بەجێهێڵراوەکە منم،
دیسانەوە خوێنە چۆڕاوەکەی کەڵبەی گورگان منم،
دیسانەوە دیسانەوە
کورد و جەنگ جەنگ و کورد
بازنە بچووکەکەی قەدەری من.

تاڵییەک لە دەممایە
تا بێت تەنیایی من گەورەتر و گەورەتر ئەکات
تا ئەو کاتەی خوداش بەغیلی بە تەنیایی من دێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن