570 کەلتور

پیراندێللۆ
چیرۆکنووس و شانۆنووسی ئیتاڵی

02:59 - 02/11/2019

ئیدریس عەلی

لویجی پیراندێللۆ، یەکێکە لە چیرۆکنووس و شانۆنامەنووسە بەناوبانگەکانی ئیتاڵیا، کە لەپای کارە داهێنەرەکانی خەڵاتی نۆبڵی پێدراوە، بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە، بۆ زیاتر لە چل زمانی جیهانی وەرگێڕدراون، بەتایبەت شانۆنامەکانی کە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا لەسەر تەختەی شانۆ نمایش کراون و لەلایەن رەخنەگران‌و بینەرانەوە، پێشوازی گەورەیان لێکراوە.

کتێبی (پیراندیلۆ...چیرۆکنووس و شانۆنووسی ئیتاڵی) نووسینی (عوض شعبان)ەو لەلایەن( ئەردەڵان عەبدوڵڵا) بە شێوەیەکی جوان و کوردییەکی پوخت و بێ گرێ، وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.

ئەم کتێبە، سەبارەت بە بەرهەم و وێستگەکانی ژیانی ئەم چیرۆکنووس و شانۆنامەنووسە ئیتاڵییە واتا (پیراندێللۆ)یە، کە بەهۆی بەرهەمەکانییەوە بە تایبەت شانۆنامەکانییەوە، ناوی بە جیهاندا بڵاوبووتەوە و چوارچێوە و سنووری ناوبانگی وڵاتەکەی خۆی تێپەڕاندووە، هاوکات هەر لە دووتوێی ئەم کتێبەدا چیرۆکێکی بە ناوی (خوالێخۆشبوو) لەگەڵ شانۆنامەیەکیدا بە ناوی (کووپە) وەک نموونەی بەرهەمەکانی بڵاوکراوتەوە و خوێنەری کورد، بەهۆی ئەو دوو بەرهەمەوە، دەتوانێت زیاتر بەم نووسەرە ئاشنا ببێت و چێژ لە شێوازی نووسینی وەربگرێت.

ئەم نووسەرە، ساڵی ١٩٣٤ بەهۆی گرنگی و بڵاوبوونەوەی بەرهەمەکانی بە جیهاندا، خەڵاتی نۆبڵ وەردەگرێت و دەبێت بە یەکێک لە پایە گرنگەکانی سەدەی بیستەمی ئەدەبیی مۆدێرنی ئیتاڵیا و لەسەر ئاستی جیهانیش، وەک نووسەرێکی گرنگ و خاوەن پێگەی ئەدەبی کە شێواز و تەکنیکی تایبەت بە خۆی هەیە دەناسرێت و بەرهەمەکانی دەخوێنرێتەوە، یەکێک لە خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی ئەم نووسەرە، کە بەرهەمەکانی پێوە دەناسرێتەوە و لەم کتێبەدا پێداگری لەسەر کراوە، بریتییە لەوەی کە بە شێوازێکی سەیر و ناوازە هەردوو چەمکی واقیع و وەهم تێکەڵ دەکات و لە بەرهەم و نووسینەکانیدا رەنگدانەوەیەک ئیستاتیکی و داهێنەرانەی دەبێت و وا لە خوێنەر دەکات کە نەتوانێت لە یەکتریان جودا بکاتەوە، هەر لەم کتێبەدا سەرنج‌و بۆچوونی کۆمەڵێک رەخنەگر و لێکۆڵیاری ئیتاڵی و جیهانی لەسەر بەرهەم و کارەکانی پیراندێللۆ خراونەتە روو، هاوکات باس لە میتۆدی نووسین و ناوەڕۆکی بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە ناودارە کراوە.

گرنگی ئەم کتێبە لەوەدایە، کە لە رێگەی بۆچوون و سەرنجی چەند نووسەر و رەخنەگرێکی جیهانییەوە، پتر ئاشنا دەبین بە یەکێک لە نووسەرە گرنگ و گەورەکانی بواری ئەدەب  و شانۆ کە پێشتر ئێمەی کورد چ شارەزاییەکی ئەوتۆمان لە بارەی خۆی و بەرهەمەکانییەوە نەبووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرهەمە شانۆیی و ئەدەبییەکانی  (پیراندێللۆ) بۆ زۆربەی زمانە زیندووەکانی جیهان وەرگێڕدراون، بەتایبەت نووسینە شانۆییەکانی لە زۆربەی وڵاتاندا نمایش کراون.

هەر وەک وەرگێڕی ئەم کتێبە، ئاماژەی پێداوە شانۆکانی پیراندێللۆ، سیما و شێوازێکی ئێجگار تایبەتیان هەیە، ناوەڕۆکی زۆربەی کارەکانیشی سیمایەکی گاڵتەجاڕی و نامۆیی و هەندێ جاریش تووندڕەوییان پێوە دیاربووە، رۆحێکی گاڵتەئامێز کە زۆربەی ئیتاڵییەکانی پێ دەناسرێتەوە و بەشێکی گەورە لە کولتووری وڵاتەکەیان پێکدەهێنێت، ئەوەی ئەم گەورە نووسەرە لە شێواز و ستایلی نووسینی ئەوانی دیکە و ئەو کولتوور و رۆحە گاڵتەئامێزەی ئیتاڵییەکان جودا دەکاتەوە، ئەوەیە کە ئەم توانی لە رێگەی بەکارهێنانی شێوازی گاڵتەئامێزییەوە، گوزارشت لە ژیانی تاڵ و ناخۆشی تاکی ئیتاڵی بکات وەک بوونێکی غەمگین، هەر بۆیە مێژوونووسانی ئەدەبیی ئیتاڵی، پێگە و پلەوپایەیەکی بەرزو گەورەیان بە پیراندێللۆ داوەو بە گرنگییەوە لێی دەڕوانن و نەوە دوای نەوە دەیخوێننەوە و ماناو دەلالاتی نوێ لە بەرهەمەکانی دەدۆزنەوە کە هاوسەردەمی دنیای ئێستایە.

نووسەری ئەم کتێبە واتە عوض شعبان کە نووسەرو رۆژنامەوان و وەرگێڕێکی پڕ بەرهەم و رۆشنبیری عەرەبەو لە بەیروت لەدایکبووەو خاوەنی چەندین خەڵاتی بەناوبانگە، کۆی بووچوونی لەسەر شانۆنامەکانی پیراندیلۆ وا پێناسە دەکات، کە شانۆ لای پیراندێللۆ بریتییە لە ژیان، تەمسیلیش واتە هەقیقەت، ئەمەش بەو مانایە دێت، کە تەمسیل گوزارشت لە واقیع دەکات، هەروەها لە هەقیقەت زیاتر دەتوانێت گوزارشت لە شتەکان و هزر و مرۆڤەکان بکات، ئەمەش بەو مانایە دێت کە ئەو مرۆڤانەی لەلایەن خوداوە درووستکراون نامێنن، بەڵام ئەو کەسایەتیانەی کە درامایەک دەیانخولقێنێت بۆ هەتاهەتایە دەمێنن، پیراندێللۆ، دەڵێت: (ئەو کەسایەتییانەی خەیاڵ دەیانخولقێنێت، زۆر لە مرۆڤ راستگۆترن).

ئەم کتێبە، یەکێکە لە هەوڵە باشەکان بۆ ئاشنابوونی خوێنەر، بە پیراندێللۆ و تێگەیشتن لە جۆرێکی دیکە و فۆڕمێکی دیکە لە نووسین و داهێنان، کتێبەکە لە چەند بەشێک پێکهاتووە، سەرەتا بە ناساندێکی تێروتەسەل دەستپێدەکات و وێنەی ژیان و وێستگە جیاجیاکانی پەرەسەندن و بەرەوپێشچوونی نووسینی ئەم نووسەرەمان پێدەناسێنێت. دواتر دێتە سەر چەند پرس و بابەتگەلێگی هەستیار و گرنگ، بەتایبەت کاریگەریی ژینگەی ژیان لەسەر ئەدەبی پیراندێللۆ و قسەکردن لەسەر بەرهەمە شانۆییەکانی و پاشان هەڵوێستەکردنێکی چڕ و فرە رەهەند، لەسەر چیرۆکەکانی.

ئەم بابەتە لە ژمارە ١٩ی پاشکۆی کولتووری زەمەن بڵاوکراوەتەوە

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن