1697 کەلتور

* شەربەتی ترس

11:37 - 16/10/2019

 

شەربەتی ترس، ئەمە ناوی نوێترین رۆمانی چیرۆکنووس و رۆماننووس (ئارام کاکەی فەلاح)ە، لەم رۆژانەدا لە ناوەندی رەهەند بڵاوکرایەوە.

ئارام کاکەی فەلاح، یەکێکە لە چیرۆکنووس و رۆماننووسە تایبەتەکانی ناوەندی ئەدەبیی کوردی. خاوەن خەیاڵ و فەنتازیایەکی تایبەتە لە گێڕانەوە و دروستکردنی چیرۆک و کەشی ئەفسووناویی ناو رووداوی تێکستەکانی. لە نووسیندا شیرینیی و چێژێکی تایبەت بە خۆی هەیە. ئەم تایبەتمەندییە بووەتە شێوازێکی تایبەتی خوێنەرەکانی زۆر بە ئاسانی دەتوانن بەرهەم و تێکستەکانی بناسنەوە. پێشتر بە بەرهەمەکانی (سیزیف ئەو کوڕەی دوو دڵی هەبوو، نووسینەوەی دڕک، بەیازی گوڵفرۆشێک، وێنەکان دووبارە دەبنەوە) خوێنەرێکی تایبەتی لەسەر ئەم شێوازە لە نووسین راهێناوەو دەقەکانی مایەی لەسەر وەستان و خوێندنەوەی جیاوازە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا وەک پێویست لەسەری نەنووسراوەو کەمتر ئاوڕ لە تێکستەکانی دراوەتەوە.!

چیرۆک و گێڕانەوەی رۆمانی (شەربەتی ترس) قسەکردن و چیرۆکی ژنان و خانمانی کوردە، وەک بوونەوەرێ کە هەمیشە بە ناوی ئەڤین و دڵبەندییەوە ماف و ئازادییەکانیان لێ دەسەنرێتەوە، ئەمە جگە لەوەی لە هێڵێکی تری رۆمانەکەدا هەستی غوربەت و سیاسەت و نیشتمان و زۆر چەمکی تر، دێنە ناو گێڕانەوە تایبەتەکەی ئەم رۆماننووسە.

 (شەربەتی ترس) بەسەرهات و چیرۆکی دکتۆرە نازەنین بە زمانێکی سەرنجڕاکێش و  تایبەت دەگێڕێتەوە، کە لە هەندەرانەوە هاتووەتەوە  بۆ کوردستان  و کلینکێکی تایبەتیی ژنان و منداڵبوون دەکاتەوە، ئامانج لە کردنەوەی کلینکەکەی هاندانی ئەو خانمانەیە  کە ئازاد بن لەوەی منداڵیان ببێ یان نا. لە دەستپێکردنی کاری ئەم دکتۆرە تایبەتەی ژنان، رۆژێ (مەحبووبەی نازدار) خانمە شاعیرێکە دێتە لای و بەسەرهاتی خۆی بۆ دەگێڕێتەوە، کە لەلایەن خۆشەویستەکەیەوە بە زۆر سێکسی لەگەڵ کراوەو ئێستا سکی هەیە. ئەم خانمە شاعیرە دوودڵە لەوەی منداڵەکەی لەبارببات یان بیهێڵێتەوە، دواجار بڕیار دەدات منداڵەکەی ببێ.! دکتۆرە لێی دەپرسێت: (ئەگەر منداڵەکەت رۆژێ گەورە بوو و لێی پرسیت کوا باوکم؟ چی وەڵام دەدەیتەوە؟ مەحبووبەی نازدار دەڵێ: درۆی لەگەڵ ناکەم، پێی دەڵێم: کچم، کوڕم! باوکت لاقەی کردم، من دەمتوانی خۆم بکوژم و کۆتایی بە هەموو شتێک بێنم، بەڵام ئەوەم بەڕاست نەزانی و لە جیاتی ئەوە هێندە تۆم خۆشویست نەمتوانی ئەوە بکەم.)

* ئەم بابەتە لە ژمارە (١٧)ی ڕۆژنامەی کولتووری "زەمەن" بڵاوبۆتەوە

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن