1240 کەلتور

دوو کورتە یادداشت، بۆ ساڵیادی م. کەمال رەئووف محەمەد

12:16 - 09/10/2019

نووسینى: بەختیار حەمەسوور

١/ لێکۆڵەری تۆزتەکێن


میتۆدی مامۆستا کەمال رەئووف محەمەد (١٩٤٢ – ٣٠/٩/٢٠١٨) لە لێکۆڵینەوەدا میتۆدێکی ناوازە و تەواو تایبەت بە خۆیەتی، کە بەش بە حاڵی خۆم زۆر کەم لای لە لێکۆڵەرانی کورد دیومە، هەرچەند ئاگادارم شێوە و نووسینی مامۆستا کەمال لە دامێنی شێوە و شاڕێی زانا و نووسەری پایەبەرز تۆفیق وەهبییەوە داکەوتووە، بەڵام هەر لێی جوودایە. لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا، زۆرترین کاتی خوێندنەوەم بۆ کتێبەکانی مامۆستا کەمال رەئووف تەرخان کرد، زۆری لێ فێربووم، لە زۆر لایەنەوە بەرچاوم روون بووەوە و لە گەلێک بواریشەوە هاندرام بۆ بیرکردنەوەو بەدواداچوون. میتۆدی لێکۆڵینەوە لای ئەم نووسەرە، پشکینە، لێوردبوونەوەیە، ساخکردنەوەیە بە ساڵ‌و مانگ و رۆژەوە. زۆرجار مێژووی رووداوێک، دامەزراندنێکی حوکوومی و رێکخراوەیی، ساڵی ژیان‌و مردنێک، بە هەڵە چەسپیوەو دەگوترێتەوە و دەنووسرێتەوە، بەڵام ئەم دێت و راستی دەکاتەوە بە بەڵگەوە، هەمووشتێک بە بەڵگەوە. لەنێو نووسەرانی کورددا، دوو کەسم پێ شک دێت نزیک بن لە میتۆدی مامۆستا کەمالەوە، هەڵبەت بە جیاوازی دانانی فەرهەنگ و رێچکەی هەردوولا، شێوازی نووسین و وردبوونەوەیان سەر بە هەمان میتۆدە، ئەوانیش؛ (دوکتۆر جەمال نەبەز و مامۆستا عومەر مارف بەرزنجی)یە.

ئەو سەرچاوەو دەستنووس و بەڵگانەی لە نووسراوەکانی مامۆستا کەمالدا هاتوون، دەگمەنن، بەتەمەنن، لەبیرچووەوەن، فەرامۆشکراون، تۆزلێنیشتوون، لەژێر تەبەقەی ئەستوور و چین‌ لەسەر چینی گەرد و غوباری ساڵ و سەدە دوورەکاندا قوورس و چەماونەتەوە، بەڵام ئەمە نابێت وابێت، ئەمە یانی کەمتەرخەمی، نەزانی، قەدرنەزانین، دەبێت دەستێک بێت و دەرگای دۆڵاب و داڵانە شێدار و تاریکەکان بکاتەوە و دەگمەنیی ئەو سەرچاوە و دەستنووس و بەڵگانە درک و تیشکپرژێن بکات و لە ترس و خەمی لەبیرچوونەوە، فەرامۆشی، تۆزلێنیشتن دەربازیان بکات و  بیانخاتە بەرچاوان. مامۆستا کەمال رەئووف محەمەد ئەم کارەی کرد، بۆیە بیرەوەری و یادی سەوزە، بۆ لەبیرچوونەوە و فەرامۆشی و تۆزلێنیشتن نابێت.

٢/ سەرەتای پەخشانی کوردی
سەبارەت بە کتێبی «ئەدەبی نامەنووسینی کوردی»ی مامۆستا کەمال رەئووف محەمەد؛ کتێبەکە بریتییە لە سێ جزم و نزیکی دوو هەزار لاپەڕە. لێکۆڵەر رووبەرێکی ون و دەستبۆنەبراوی بۆ باسەکەی هەڵبژاردووە؛ چارەکی کۆتایی سەدەی نۆزدە تاکو ناوەڕاستی سەدەی بیست، لە وردبوونەوە و تەتەڵەکردنی باسەکەیدا، میتۆدێکی هێجگار زانستی و دەقیق پێڕەو دەکات، بە ئەمانەتەوە رۆژ و ساڵەکان رادەگوازێت و بە شێوەیەکی قیرسچمەیی و وردەکارانە، گەشتێکی درێژ بەنێو هەموو ئەو رۆژنامە، گۆڤار و بڵاڤۆکانەدا دەکات، کە دەکەونە پانتایی لێکۆڵینەکەیەوە. بە شێوەیەک سەروەختی خوێندنەوە، تووشی حیرمان و سەرسووڕمان دەبیت، کاتێک دەبینی نووسەر بە حەوسەڵە و سەبرەوە، کونپشکنانە، دانە بە دانەی ئەو بڵاوکراوانەی تەماشا کردووە و بە شوێن ئەو سەرەدەزوو و داوانەدا گەڕاوە کە پەیوەستن بە ناونیشانی باسەکەیەوە. ئەم کتێبە، کتێبێکی سەرچاوەیی گرنگە، ئاسۆی زۆر لایەنی تاریک و پەیپێنەبراو بە رووی خوێنەر و لێکۆڵیاراندا واڵا دەکات.  

نامە، وەک بەشێک لە پەخشانی هونەری، لە ئەدەبیاتی کوردیدا، سەرەتاکەی دەچێتەوە سەر یەکەم رۆژنامەی کوردی، «رۆژنامەی کوردستان»: ٢٢/٤/١٨٩٨. کاتێک باس لە پەخشان دەکەین لە نووسراوی کوردیدا، دەبێت رۆڵی رۆژنامە نەدیو نەگرین، چون رۆژنامە بزووێنەر و هەڵسوڕێنەری پەخشانی کوردی بووە، ئێمە پشتر کەشکۆڵ و دەستنووسمان هەبووە، بەڵام سەرومڕ شیعر بوون، ئەگەر هەوڵێکیش بە ئاڕاستەی پەخشاندا هەبووبێت، ئەوا لە شێوەی مەولوودنامە یان میعراجنامە و دەقی دینیدا بوون، بۆ نموونە: مەولوودنامەکەی شێخ حسێنی قازیی لە سەردەمی حوکمڕانی باباندا، واتە دەقانێک نەبوون کە کوردییانە و کوردانە تەعبیریان لە هەست و نەستی خۆمان کردبێت. کاتێک دەگەڕێینەوە بۆ دەستپێک و یەکەم گوژمەکانی ئەم هونەرە، نابێت چاوەنواڕیی زۆرمان ببێت، لە دەستپێکی ئاماژەبۆکراوەوە، شێوازی پەخشانی کوردی و نامەکاری، شێوازێکی کارگوزاری بووە نەک شێوازێکی هونەری، واتە شێوازێک بووە سەرقاڵ بە بابەتی هوشیارکردنەوە، ئیعلانات، تەبلیغات، جاڕنامە، زانیاری، فێربوون و...  دەتوانین نوختەی پێشکەوتنی هونەری پەخشان لە ئەدەبی کوردیدا، ببەینەوە سەرەتای دەرکەوتن و چەکەرەکردنی هەستی ناسیۆنالیستی کوردی، ئەویش بە دروستی پاش کەوتنی دەوڵەتی عوسمانی لە ساڵی ١٩١٨ و هاتنی ئینگلیزەکان بۆ ناوچەکە و لاوازبوونی زمانی تورکی، عەرەبی و فارسی لە کوردستان و بەتایبەت سلێمانیدا، لەو مێژووە بەدواوە، وردەوردە بەکارهێنانی زمانی کوردی برەوی ئەستاند و چووە ناو فەرمانگە، دامودەزگەی میری، مەکتەب و نامەکارییە کەسەکی و رەسمییەکانەوە. هاتنی چاپەمەنی بۆ شارەکە و چاپکردنی رۆژنامە، کارێکی کرد کە رۆشبیران و منەوەران سەر بکەنە کوردی نووسین، بیسەلمێنن زمانی کوردی هەر بەتەنیا زمانی شیعر نییە، بەڵکو لە توانایدایە ببێتە زمانی پەخشان و پەخشانی هونەریی و زانستیشی پێ بنووسرێت.
بە کورتی، لە مێژووی پەخشانی کوردیدا، رۆژنامە رۆڵێکی سەرەکی گێڕاوە، بە گوتەیەکی تر: سەردەمی رۆژنامە، سەردەمی دەرکەوتن و چەسپێنەری پەخشانی کوردییە.

*ئەم بابەتە لە ژمارە (١٧)ى رۆژنامەى "کولتوورى زەمەن" بڵاوبۆتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن