هەواڵ

نیشتیمان وەک ناتاراوگەیەکی کاتی

09:17 - 08/10/2019 116 جار خوێندراوەتەوە

پیتەر سلۆتەردایک
لەئەڵمانییەوە: بەکر عەلی


زمانی ئەڵمانی تایبەتمەندییەکی سیمپاتییانە بگرە سەختی هەیە، لەوەدا کاتێک قسە لەسەر شوێنی لێوەهاتن Ort der Herkunft دەکات، وشەیەکی پڕ دەنگمان بەناوی (نیشتیمان Heimat)ەوە پێشکەش دەکات. لەبەر ئەوەش پڕدەنگە، چونکە ئەو وشەیە وای کردووە: لێوەهاتن و حەزی گەڕانەوە بۆی و خەونبینین بە دۆخێکی رابوردووەوە بخاتە نێو یەک دەستەواژەوە (نیشتیمان). بۆ تێگەیشتن لەو مەسەلەیەش با نموونەی زمانەکانی تر بهێنینەوە.
لە زمانی ئینگلیزی ئەمەریکیدا بەبێ هیچ تاسەیەک مرۆڤ دەتوانێت بڵێت:
Home is where we start from.
واتە نیشتیمان/ ماڵەوە بریتییە لەو شوێنەی لێوەی دەستمان پێکردووە، ئەمەش رستەیەکی زۆر بەسوود و روونە، بەتایبەتیش لەبەرئەوەی کە ئەمەریکییەکان خۆشیان دان بەوەدا دەنێن، کەوا ئەوان خۆیان کۆچەرین و لەو شوێنەوە نەهاتوون و خەڵکی ئەو شوێنە نین کە ئێستا تێیدا هەن. کەواتە لە وڵاتێکی ئاوا کۆچبەریدا، دەستەواژەی لە ماڵەوە بوون/ لە نیشتیمان بوون being at home لە خودی خۆیدا  بریتییە لە شتێکی جیاواز لەو وڵاتانەی هەر هیچ نەبێت بۆ ماوەیەکی دوورە خەڵکی ناوخۆی خۆیان نیشتەجێی بوون.
کەچی ئەوە شتێکی بەڵگەنەویستە، کەوا ئەمەریکییەکان ئەگەرچی زۆرینەی زۆریان لە کۆچەر و کۆچبەرەکانن، نایانەوێت دەستبەرداری ئەزموونی لە ماڵەوەــ بوون بن. ئەزموونکردنی کۆمەڵگەی مۆبایل/ جووڵاو ئەوە دەسەلمێنێت کەوا: توانینی لە ماڵەوە ــ بوون بریتییە لە مارەییەک بۆ مرۆڤی جووڵاو، نەک بریتی بێت لە ئیمتیازێک بۆ ئەو کەسانەی پێیان وایە مرۆڤ و سەرزەمینەکەی بە شێوەیەکی حەتمی پێکەوەلکاون.
یەکێک لە داهێنانە ناوازەکانی ئەمەریکییەکان، بریتییە لە ماڵی جووڵاو mobile homes، واتە ئەو ماڵە تاک خێزانییانەی دەتوانرێت هەڵبگیرێن و بە واگۆنێک بگوێزرێنەوە بۆ ئەو شوێنەی خۆیان حەزیان لێیەتی، تاوەکو سەرلەنوێ دایبنێنەوە. مۆبایل هۆم راستییەکی قەڵەمڕەویی ئەنترۆپۆلۆژیمان بۆ دەردەخات: ئەگەرچی مرۆڤ هەر لە بنەڕەتەوە بریتییە لەو بوونەوەرەی لەناو ماڵدا لەنگەر دەگرێتەوە، بەڵام پەیوەندی ئەو بە دەوروبەری ماڵەکەیەوە هەر بە جوڵاوی دەمێنێتەوە . 
بۆیە ئەگەر ئەمەریکییەکان وشەیەک شک نەبەن وەک ئەم وشە نەتەوەییەی ئێمە (ماڵەوە/نیشتیمان Heimat) کە هەموو دەنگە لاوەکییەکانیشی تێدا دەنگبداتەوە،  سەرباری ئەوەش ئەوان لەگەڵ ئێمە و هەموو خەڵکانی تریشدا لەو دۆخانەی شیاوی بەراوردکردنن لە ئەزموونی چوونەدەرەوە لە ماڵەوە و گەڕانەوە بۆ ماڵەوە بەشداریمان دەکەن. چونکە شتەکە بە تەواوەتی ئەوەیە، بەبێ گەڕانەوە شتی وا نابێت.
ماڵەوە Heimat,home بریتییە لەو جێگەیەی کە تێیدا زامە دەروونییەکانت لەناو گەنجینەی ژێر بنمچیکەدا، لەناو چەکمەجە کڵۆمدراوەکاندا، لەناو تاقە لەیادکراوەکانی ژێرزەمینەکەدا دووبارە دەهێنرینەوە زمان. بەم پێیە ماڵەوە بریتییە لەو جێگەیەی کە تێیدا ئێمە دووبارە لە نزیکەوە دەتوانین لێکۆڵینەوە لەو بریندارکردنانە و لەو شڵەژانانە و لەو ناتەواوییانە بکەین کە ئێمە لێیانەوە هاتووین. ئەمانە ئەو  ناڕیالی یادەوەرییە پێکدەهێنن، کە تێیاندا ماددە تاریکەکەی رۆژگارە بزربووەکەی تێدا دانراوە. 
  رێگەی دووەم کە خۆمانی لێوە لە بازنە تەماوییەکەی چەمکی هایمات/ماڵەوەی ئەڵمانی دوور بخەینەوە، وەکو هەمیشە ئەوەیە کە بەرەو باشوور دەمانباتەوە.  ئێمە قەرزارباری  رۆمەکانین کە دووەمین رستەی باوی خۆیان لەسەر چییەتی لەناو ــ ماڵەوەداــ بوون دا بۆ بەجێهێشتووین: ئوبی بێنە ئیبی پاتریا ubi bene ibi patria کە دەڵێت: لە کوێ باش بوویت، ئەوێ نیشتیمانە.
خۆ ئەگەر ئێمە لە نزیکەوە لێی بڕوانین، ئەوا لەم رستە سادەیەدا توانستێکی زۆری مانایەکی روخێنەرانە دەدۆزینەوە. ئەم رستەیە رێک و ڕەوان داوای هەڵگەڕاندنەوەیەکی رەخنەیی دەکات، واتە: لە کوێ تۆ باش نەبوویت، ئەوێ ماڵی تۆ نییەــ یان با دروستتر بڵێین: چیتر نابێت لەوێدا بمێنیتەوە. لەبەرئەوەی دڵسۆزی بۆ شوێنێکی خراپ هیچ فەزیلە نییە. 
نیشتمانپەروەریی وەک مۆڵەتێک 
بۆ رۆشتنە دەرەوە
ئەو شتەی بە یەکەمین نیگا دروشمی نیشتیمانپەروەرییەکی پتەوی شوێن دەردەخات، بەڵام گەر بێت و نزیکتر لێی رابمێنین، دەبینین خۆی وەکو مۆڵەتێک بۆ رۆشتنە دەرەوە  پیشان دەدات.  بەمەش مانا و ئاڕاستەی گرفتی پاتریا/ نیشتیمان  دەگۆڕدرێن: واتە ئەگەر نیشتیمان سەرەتا و بەر لە هەرشت واتای ئەوشوێنەی لێوەی هاتووین Herkommen بگەیەنێت، لەگەڵ ئەو بارەی بۆ یادەوەرییە تاریک و رووناکەکانی هەڵیگرتووە،  ئەوا دەشێت لە خوێندنەوەی دووەمیدا نیشتیمان واتای شوێنێک بگەیەنێت لە داهاتوودا Zukunft، کە بە ئارامییەکەوە تێیدا دەتوانین بڵێین: ئیبی بێنە ibi bene لێرە بەرگە دەگرین. ئەمەش پێویست ناکات ببێتە میوانخانەیەک بۆ ئاشتی هەمیشەیی، شتێک کە بە ئیرۆنییەکی مۆنەوە نووسینە هاوناوەکەی ئیمانۆئیل کانتمان وەبیر دەخاتەوە. دیارە لە دیدی میوانەکانی ئەو خانووە هەموو زیندووەکان بریتین لە کۆچەر و بەس، چونکە ژیان خۆی هیچ نییە، جگە لە لێکۆڵینەوەیەکی بەرواردکارییانەی ئاستەکانی تاراوگە. ئەی چۆن دەکرێت وەڵامی مردووەکان بدەینەوە؟ جگە لەوەی پێیان بڵێین، وەک هەمیشە نیشتمان، بریتیشە لەو دازاینە کاتییەی لەناو ناــ تاراوگەیەکدایە.  
سەرچاوە: Berliner Zeitung,24.09.2019

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن