641وتار

پێشنیارێك بۆ دروستكردنی دەزگای هەواڵگری كوردستان

6/22/2022 3:11:00 PM
محەمەد شەریف

   حزبە كوردستانیەكان بە هەموو ڕەنگ و ئایدیای جیاوازیان ئەتوانین بڵێن سەروەتێكی گەورەیان لە كادر و ئەفسەرانی بواری هەواڵگری و ئاسایشی نەتەوەیی هەیەو ئەكرێت هەموو ئەو ئەفسەر و كارمەندانە لەناو (دەزگای هەواڵگری كوردستان) كۆبكرێنەوەو سوودیان لێ وەربگیرێـت بۆ بنیاتنانی دەزگایەكی نیشتیمانی گەورە كە ببێتە جێگای سەرنجی دۆست و نەیارەكانی كورد بە گشتی ، چونكە ئەگەر كادر و ئەفسەرانی دەزگا هواڵگریەكانی حزبە كوردستانیەكان بە گیانێكی نیشتیمانپەروەریەوە بخرێنە خزمەتی پرۆسەی كاری كۆكردنەوەی زانیاری و پاراستنی هەرێم ئەوا دڵنیام كە ئەبێتە دەزگایەكی گەورەی زۆر بەهێز لەناوچەكە و دەنگدانەوەیەكی گەورەی ئەبێت چونكە ئەوكاتە دەوڵەتانی دراوسێ و عەرەبی و ئەوروپی و ئەمەریكیش ناچار ئەكەیت كە ڕەفتار و شێوەی كاركردنیان بگۆڕن بەرامبەر بەو دەزگا نیشتیمانیە گەورەی كە دروستكردنی زۆر ئاسانەو ئەكەوێتە ئەستۆی هەردوو حزبی دەسەڵات كە ئەكرێت بەشی زانیاریەكانی حزبەكانی تریشی تێدا جێ بكرێتەوە، كە ئەو كاتە چیتر حزبەكان بۆخۆیان ناتوانن كاری سەربەخۆ لەگەڵ هیچ دەزگایەكی تری هەواڵگری ناوچەكە و دەوربەرمان بكەن.

   دروستی بونی (دەزگا هەواڵگری كوردستان) ئەكرێت هەوڵێكی تر بێت بۆ زیاتر پتەوكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و كاڵبونەوەی دوو ئیدارەیی لە هەرێمی كوردستان ، كە من پێم وایە ئەگەر متمانە نەگەڕێتەوە بۆ ناو كادر و ئەفسەرانی دەزگا هەواڵگریەكانی حزبە كوردستانیەكان مەحاڵە هەرێم بتوانێ قەوارەیەكی بەهێزی هەبێت و دوو ئیدارەیی كۆتایی پێ بهێنرێت.
   بۆیە لە ئێستادا دەزگا هەواڵكری حزبە كوردستانیەكان ئەگەر نەكرێتە یەك دەزگای نیشتیمانی و كادر و ئەفسەرانی هەموو حزبەكانی تێدا كۆنەكرێـتەوە ئەوا نەبونیان باشترە لە بوون .

   هەنگاونان بۆ دروست كردنی (دەزگای هەواڵگری كوردستان) كارێكی نیشتیمانی یەو  ئەگەر هەموو ڕەنگ و ئایدۆلۆژیا و بۆچونەكانی تێدا كۆبكرێتەوە ئەوا ئەبێتە ئارمێكی گەورەی سەركەوتن بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان و قەوارەكەی كە هاوپەیمانان و دۆستانی هەرێمی پێ دڵخۆش ئەبن و نەیار و دوژمنانیش زیاتر دڵتەنگ و غەمبار ئەبن، كە ئەكرێت دروست بونی ئەو دەزگا گەورەیەی هەرێمی كوردستان دواجار وا لە دوژمنەكانیشمان بكات دانی پێدا بنێن و ئیجباری ئەوەیان بكات هەڵسوكەوتی دروست لەگەڵ هەرێمەكان بكەن و لەوە زیاتر نەتوانن ببنە هۆكاری دروست بونی ئاژاوە و تیرۆر و هێرشی ناڕەوا بۆ سەر تاك و ناوچە و نەتەوەكەمان.

   نمونەی دەزگا هەواڵگریە نیشتیمانیەكانی ناوچەكە لەبەردەستماندایە، بۆ نمونە دەزگای هەواڵگری عێراق  لە دوای پرۆسەی ئازاد كردنی عێراق لە ساڵی 2003 توانرا لە ماوەیەكی كەمدا خۆی ڕێكبخاتەوە و سەرلەنوێ هەموو نەتەوەو و بیروبۆچونە جیاوازەكانی تێدا كۆبكرێتەوەو ئەركێكی گەورەی پاراستنی خاكی عێراقی لە ئەستۆ گرت و توانی لەو هەموو بارە نالەبارەی دەوڵەتی عێراق كە لە دوای پرۆسەی ئازاد كردنی بەسەریدا هات تێپەڕێنێت و بووە هاوكارێكی باشی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە شەڕی تیرۆر .
   نمونەی ووڵاتی میسریش مێژویەكی دور نیەو هەموان بیرمانە كە دەزگای هەواڵگری میسر چۆن توانی لەو بارە ناهەموارەی دوای نەمانی حوسنی موبارەك جڵەوی دەسەڵات بگرێتە دەست و نەیهێشت دەوڵەتی میسر بچێتە ژێر هەژمونی حزبە ئیسلامیە توندڕەوەكان و وەكو دەزگایەكی نیشتیمانی دڵسۆز بە خاك و نەتەوەكەی هەوڵسوكەوتی كرد و دەوڵەتی میسری خستەوە سەر قاچی خۆی .

    دروست بونی (دەزگای هەواڵگری كوردستان) متمانەیەكی زیاتر ئەدات بە گەل و نەتەوە بۆ زیاتر خزمەتكردنی ئاسایشی نەتەوەیی كە لە ئێستادا بەهۆی پەرتەوازەیی دەزگا تایبەتەكانی هەواڵگری حزبەكان ـ تاكی كورد هەمیشە لە ترس و دڵەڕاوكێدایە ، ئەكرێت لە دوای ڕاگەیاندنی دەزگای هەواڵگری كوردستان چەندین خەڵكی زیرەك و بەتوانا و خاوەن بڕوانامەی بەرز دابمەزرێنن كە حەزیان لە كارەكەیەو ئەیانەوێت لەو بوارەدا خزمەت بە گەل و نیشتیمان بكەن بەڵام تا ئێستا بەهۆی  بیر و باوەڕی حزبی یەوە ئەو هەلەیان بۆ نەڕەخسابێت لەو بوارەدا كار بكەن.
دروست بونی ئەم دەزگا هەواڵگریەی دەرهاویشتەی ئەبێت بۆ زیاتر بەرەو پێش چونی هەرێمی كوردستان لە بواری ئابوری و سەربازی و كەمكردنەوەی كاری  گەندەڵی و قاچاخچێتی و سوود وەرگرتنی ناڕەوا لە هەرێم .

   بۆیە گرنگە بەرپرسی دەزگا هەواڵگریەكانی حزبە كوردستانیەكان لە ڕێگای بەرپرسی یەكەمی حزبەكانیانەوە دەستپێشخەر بن بۆ دۆزینەوەی میكانیزمێكی دروست لە پێناو دروست كردنی (دەزگای هەواڵگری كوردستان) كە دواجار ئەبێتە سەروەریەكی گەورە بۆ تەواوی حزبە كوردستانیەكان و سەرۆكی ئەو كابینەیەی كە ئەتوانێت هەنگاو بەرەو دروست بونی ئەم دەزگایە بنێت ، چونكە دروست بونی ئەم دەزگا نیشتیمانیە تەواوی ئەفسەر و كادر و بەرپرسانی دەزگا هەواڵگریەكانی هەرێمی كوردستان ئاشناو ئاشت ئەكاتەوە و هەمویان ئەكاتە هێزێكی بەهێز بۆ تێكشاندنی هەموو ئەو دەستانەی ئەیانەوێت ئاشتی و ئارامی هەرێمی كوردستان تێك بدەن.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن