ڕاپەڕیین، لە یوتۆپیاوە بۆ دیستۆپیا
3/7/2019 10:31:00 AM
ئاراس فەتاح
پرس و خەم و خەباتی مرۆڤ بۆ دۆزینەوەی مۆدێل و رێکخستنێکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی نموونەیی لە تێکستەکان کۆنترە. خەمەکانی ئینسان گەردوونیی و ھاوتان؛ ئینسان دەیەوێت ئازادییەکانی فەراھەمبێت، ژیان و ژینگە و کەرامەتی پاڕێزراوبێت و دادپەروەریی و ئاشتیی و ئاساییشی کۆمەڵایەتیشی زامنکراو. بۆ ئەم مەبەستەش تەنھا خەونی بە جیھانێکی باشتر نەبینیوە، بەڵکو فیکری فەلسەفەیی و سیاسییشی بەرھەمھێناوە، بۆئەوەی بیکات بە جیھانبینییەک تاوەکو لەپێناویدا خەباتبکات و بۆ بەدیھێنانیشی تێبکۆشێت. مرۆڤ لە قۆناغی جیاو لە چوارچێوەی مۆدێلی جیای خەباتی مەدەنیی و سیاسییشدا ھەوڵی دامەزراندنی ئەو جیھانە یوتۆپییەی داوە کە بۆ داھاتووی کۆمەڵگاکەی خۆی و سەرجەم مرۆڤایەتیی وێنایدەکات؛ جیھانێک کە چەوساندنەوەی چینایەتیی و نەتەوەیی و ئایینیی و جێندەریی تێدا نەبێت و یەکسانیی و دادپەروەریی و خۆشگوزەرانیی و بەختەوەریی کۆڵەکە سەرەکییەکانی پێکبھێنن.
جگە لە تێکستە ئایینییەکان کە ھەریەکەیان بەھەشتێکی جیا و تایبەتی بۆ ئیماندارانی خۆی بەرھەمھێناوە، چەندین تێکستی فەلسەفیی و ئەدەبیشمان ھەیە کە سەرەتای موغامەرە و فەنتازیای عەقڵی ئینسانن بۆ دامەزراندنی یوتۆپیایەک لەسەر زەویی. لە کۆمارەکەی ئەفڵاتونەوە سەرەتای ئەم وێناکردنە یوتۆپییەی مرۆڤ بۆ مۆدێلێکی تری کۆمەڵگا و دەسەڵاتدارێتیی دەستپێدەکات، بە تێکستەکەی تۆماس مۆر دەربارەی دورگە یوتۆپییەکەی تێدەپەڕێت و لە کۆمۆنیزمی مارکسییزمیشدا کۆتایی نایەت کە لە مانیڤێستەکەیدا مژدەی کۆتایی چەوساندنەوەی چینایەتیی و دامەزراندنی بەھەشتی ئازادیی لەسەر زەوی لەڕێگای شۆڕشی پرۆلیتارییەوە، بەیاندەکات. بە ڕوخانی سیستەمی کۆمۆنیزم و سەرکەوتنی لیبرالیزمی سەرمایەدارییش مێژوو کۆتایی نەھات، وەک فۆکۆیاما بانگەشەیدەکرد، بەپێچەوانەوە بوو بە یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکانی سەرھەڵدانی پۆپۆلیزمی نوێ و تەوژمێکی مەترسییداری راسیزمی کولتووریی لە ئەوروپا و ئەمریکا و زۆر وڵاتی تر.
لەسەدەی بیستەمەوە ترس لە سیستەمی سەرمایەداریی و کۆلۆنیالیزم و جەنگ و دەسەڵاتی ڕەھا لە دەسەڵاتدارێتیی تۆتالیتاریزمی کۆمۆنیزم و نازیزم دەبن بە ھەوێنی چەندین شاکاری ئەدەبیی و فیکریی و ھونەریی کە لەبری خەونبینین بە یوتۆپیا باس لە مەترسییە واقیعییەکانی سەرھەڵدانی سیستەمی دیستۆپیا دەکەن کە جیھانێکی تەوا جیاواز و ناکۆکە بە یوتۆپیا. زۆرینەی ئەم تێکستانە پێشبینی کۆتایی بەشەرییەت و ماڵئاوایی لە ئازادییەکان و فەردانییەت و پلورالیزمی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئایینیی و جێندەریی دەکەن. باس لە مەترسییەکانی تێکەڵبوونی ئایدیۆلۆژیا و دەسەڵات، بیرۆکراسییەت و کۆمەڵکوژیی دەکەن و ئەگەری جەنگی ئەتۆمیی و کۆتاییھاتنی شارستانی مرۆڤایەتیی و کوژانەوەی سروشتمان وەک گشتێک نیشاندەدەن، مەترسییەکانی شۆڕشی تەکنەلۆژیا و سەرھەڵدانی دیکتاتۆرییەتی دیجیتاڵیمان بۆبەیاندەکەن و باس لە سیستەمی براگەورەدەکەن کە نەک تەنھا چاودێریی ڕەھای ژیانمان دەکات، بەڵکو کتێب و خوێندنەوەی تێدا قەدەغەدەکرێت و شاکارە گەورەکان دەسوتێنرێن و جگە لە مارشی سەربازیی گوێمان لە موزیکی تر نابێت.
نووسینەکەی پۆڵ لافارگ لە ساڵی ١٨٨٠ دەربارەی مافی تەمەڵێتی، ڕەخنەیەکی توند بوو لە چەمکی کار نەک تەنھا لە سیستەمی سەرمایەداریی، بەڵکو لە بزوتنەوەی کرێکارانیش کە چۆن یەکێکیان کارکردنی کردووە بە کردەیەکی پیرۆز و ئەوی تریشیان لێی بووە بە ئاینێکی نوێ. کافکای نووسەریش لە ڕۆمانی دادگاییکردندا وەک ئەدۆرنۆ دەڵێت وێنای جیھانێکمان بۆ دەکێشێت کە نموونە بەرجەستەکەی لە تیرۆری نازییەکاندا بەرجەستەدەبێت. ئەڵدۆس ھاکسڵیش لە ساڵی ١٩٣٢دا لە رۆمانە دیستۆپییەکەیدا دەربارەی جیھانێکی نوێ، دەوڵەتێکمان بۆ نماییشدەکات کە کۆتایی بە پرۆسەی لەدایکبوونی سروشتیی دەھێنێت و لە تاقیگەی تایبەتدا ھەڵدەستێت بە دروستکردنی پێنج مۆدێل لە مرۆڤ بۆ کۆمەڵگایەکی کۆنترۆڵکراو و ئاراستەکراو. جۆرج ئۆروێلیش لە ڕۆمانی ١٩٨٤دا جوگرافیای سیاسیی جیھانێکی ئایدیۆلۆژیی تۆتالیتێری مەترسییداری براگەورەمان دەخاتەبەردەست کە ھەم لە سیستەمی نازیزم و ھەم لە سیستەمی ستالینیزمدا بەرجەستەدەبێت. جیھانی سەدەی بیستویەکەمیش دەبێت بە سەدەی خەمی نوێی ئینسان لە وێرانبوونی ژینگە و مەترسیی سەرھەڵدانی پۆپۆلیزم و دیکتاتۆرییەت و تۆتالیتاریزم بە فۆرم و تەکنیکی نوێی ناو جیھانی دیجیتاڵ.
دەیان ڕۆمان و تێکستی فیکریی و ئەدەبیی و بەرھەمی ھونەرییمان ھەیە کە تەعبیر لە بەھەشتی یۆتۆپیا و دۆزەخی دیستۆپیا دەکەن. دوو جیھانی وێناکراو و خەیاڵیی کە یەکێکیان لەسەر زەوی بوونی نییە و مرۆڤ بەدوایدا دەگەڕێت، ئەویتریشیان مەترسیی دروسبوونی ھەیە و مرۆڤ لێی ھەڵدێت. بۆ جیھانی یەکەمیان مرۆڤ خەباتی ئاشکرا دەکات تاوەکو بونیاتی بنێت، لە دووھەمیشیاندا خەباتی نھێنیی دەکات بۆئەوی بیڕوخێنێت و لێی دەربازبێت. یوتۆپیا و دیستۆپیا ھەردووکیان دوو چەمکن کە گوزارشت لە ناشوێن دەکەن. یوتۆپیا بەمانا پۆزەتیڤەکەی باس لە شوێنێکی وێناکراوی بەھەشتئاسا دەکات کە دەشێت لە فۆرمی دورگەیەکی خەیاڵییدا بوونی ھەبێت، یان لە ناشوێنێکدایە کە لە ئەوپەڕی دونیایە و کەس تاوەکو ئێستا نەیبینیوە. دیستۆپیاش بە مانا نێگەتیڤەکەی مەترسییەکانی جوگرافیایەکی دەسەڵاتدارێتیی وێناکراومان بۆ دەگێڕێتەوە کە چۆن ئەو شوێنە دەبێت بە دۆزەخێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ڕۆشنبیرییمان. یوتۆپیا وەک ناشوێنێک لە مێژووی مرۆڤایەتییدا ئەزمووننەکراوە و تاوەکو ئەم چرکەساتەش دورگەیەک نادۆزینەوە کە ئەو جیھانە فەنتازییە جوانەی تێدا دروستکرابێت. بەرامبەر بەوەش دیستۆپیامان ھەیە کە لە ھەموو ئەو جیھانە ئایدیۆلۆژییە عەلمانیی و دینییانە پێکدێت کە بانگەشەی دروستکردنی جیھانێکی پێرفێکت و ئاشتی ھەمیشەیی و بەھەشت لەسەر زەوی دەکەن، بەڵام بە دامەزراندنی دۆزەخێکی گەورە و جەنگ و سیستەمێکی تاریک بۆ ئینسانەکان و مرۆڤایەتیی کۆتایی پێدێت.
یوتۆپیا شوێنێکی واقیعی نییە، بۆیە تەنھا لە خەیاڵی نووسەردا دەبێت بە شوێنێکی کۆنکرێت و ناوێکی پێدەبەخشرێت. شوێنێک کە جێگای ھەموو خەونەکانی تێدا دەبێتەوە، جوگرافیایەکی فەنتازییانەی وێناکراوە کە نەچەوساندنەوەی چینایەتی، نەتەوەیی، ئایینی یان جێندەریی تێدایە، نە دەوڵەمەندیی و ھەژاریی بوونی ھەیە و نە چینێکی سیاسیی نوێنەرایەتی کۆمەڵگا دەکات و نە شتێک ھەیە ناوی گەندەڵیی بێت و نە بێدادیی و نەخۆشیی و تەنانەت مردنیش. بەکورتی جیھانێکی کامڵ و پێرفێکتمان ھەیە کە سەرتاپای خەون و فەنتازیاکانی مرۆڤ بۆ بەختەوەریی و خۆشگوزەرانیی و ئازادیی تێردەکات.
ئەزموونی مرۆڤایەتیی پێماندەڵێت دەشێت ئەم جیھانە یۆتۆپییە بە دیستۆپیی کۆتایی پێدێت. یەکەم ئەزموونی وەحشەتگەریی لە شۆڕشی فەرەنسییەوە دەستپێدەکات کە ھەموو ئینسانییەت قەرزارباری گوتار و دروشمەکانێتی، بەڵام لە قۆناغێکدا ئەو شۆڕشەش منداڵەکانی خۆی دەخوات. شۆڕشی سۆسیالیزم لە ڕوسیا و پاشان وڵاتانی تر نموونەی گۆڕینی بەھەشت بوو بە جەھەنەمی سەر زەوی. نموونەی شۆڕشی ئێرانیش بە مۆدێلە دینییەکەی بوو بە دۆزەخی ڕاستەقینەی ئینسان و گەلانی ئەو وڵاتە. لە کۆتایی سەدەی بیستەمیشدا دژ بەھەمان ئەو دەوڵەتە سۆسیالیستییانەی کە دەبایە ببن بە مەنزڵگای کۆمەڵگایەکی بێچین و خاڵیی لە چەوساندنەوەی چینایەتی و نەتەوەیی و ئایینی، شۆڕشی مەدەنیی کرا و سیستەمگەلێک دروستبوو کە ئەمڕۆ لە ھەندێ ڕووەوە لە سیستەمەکەی پێشووتر کەمتر ستەمگەر نین، وەک لە نموونەی ڕوسیای پوتین و ھەنگاریای ڤیکتۆر ئۆربان و یارۆسلاڤ کازنسکی پۆلەندا دەیبینین. لە سەدەی بیستویەکەمیشدا لە زۆرینەی ھەرە زۆری وڵاتە عەرەبییەکاندا نموونەیەکی تری شۆڕش و شەڕی ناوخۆیی و ھێزی ترسناکی سەلەفیی ئایینیمان بینیی کە چۆن نەک ھەر سەری منداڵەکانی خۆیان دەپەڕاند، بەڵکو ماڵ و مێژووشی وێران و خاپوورکردن.
لەدوای ڕاپەڕیینی ١٩٩١ و ڕاماڵینی دەسەڵاتدارێتی بەعس و ھاتنەوەی شۆڕشگێڕەکانی شاخ بۆ شار و دامەزراندنی یەکەم ئەزموونی دەسەڵاتدارێتی کوردییشەوە، چەندین لێکوڵینەوە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و شاکاری ئەدەبی شیعریی و ڕۆمان و بەرھەمی شانۆیی و ھونەریی دەربارەی ئەم ئەزموونە خۆماڵییە نووسراون و بڵاوکراونەتەوە و نماییشکراون کە ھەر ھەموویان ئەو مەترسییە ئاشکرا و پەنھانانەی ئەم دەسەڵاتدارێتییە نیشاندەدەن کە چۆن شۆڕشی کوردیی لە یۆتۆپیاوە بووە بە دیستۆپیا. چۆن شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ بوون بە بازرگانی سیاسیی ئەمڕۆ و چۆن لە بەرھەمھێنەری خەونەوە بوون بە نەوتفرۆش و وێرانکەری ژینگە و پەروەردە و ئاساییشی تەندروستیی و نیشتیمانییمان و ئەو سیستەمە سیاسییەشی کە دروستیانکرد بە چ میکانیزمێک ھەنگاوی خێرا بەرەو دیکتاتۆرییەتی خێزانیی و دامەزراندنی سیستەمێکی سوڵتانیی دەنێت.
لەدوای ڕاپەڕیینەوە شۆشگێڕەکانی شاخ چەمکی شۆڕشگێڕبوونیان لەسەر خۆیان تاپۆکردووە. لەدەرەوەی بازنەی خێزانە سیاسییەکەی خۆیاندا کەسی تر بۆی نییە شوناسی شۆڕشگێڕبوون ھەڵگرێت. شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ قەسامی شەرعییان نەک تەنھا بۆ موڵک و ماڵی گشتیی دەرکردووە، بەڵکو بۆ سەرکردایەتییکردنی ئەبەدیی ئەم نیشتیمانەش ھەموو خاک و سامانی نیشتیمانییان لەسەر خۆیان تاپۆکردووە. ھەر حیزبە مێژووی ڕاپەڕیین بۆخۆی دادڕێژێتەوە و دەیکات بە حیکایەتی حیزبیی و شەخسیی خۆی لەکاتێکدا ئەندازیار و بکەرە سەرەکییەکان یان کۆچی دواییان کردووە یان دڵشکاون.
دەسەڵاتدارێتیی خێزانە شۆڕشگێڕەکانی دوای ڕاپەڕین تەنھا ترس دروستناکات بۆئەوەی بێدەنگیی بەرھەمبھێنێت، بەڵکو لەڕێگای کردنی سیاسەت بە زەبروزەنگی ڕووت، کار لەسەر تێکشکاندنی کەرامەتی ئینسانیی ھاونیشتیمانیانی ھەرێم دەکات. ئەم مۆدێلە تەنھا شکست بە ھەموو فۆرمێکی خەباتی مەدەنیی ناھێنێت و قەشمەریی بە ھەموو خەباتێکی مەدەنیی ناکات، بەڵکو لە پاڵیدا دیدگایەکی شکستگەراییش بەرھەمدەھێنێت کە مرۆڤی بێھیوا بەرھەمدەھێنێت. ئەم ستراتیژە سیاسییەش چەشنێک لە مرۆڤ دروستدەکات کە یان تا سەر ئێسقان ڕەشبیندەبێت بەرامبەر بە ھەموو گۆڕانکارییەک، یان دەبێت بە مڕۆڤێکی توڕە کە تەنھا ڕق کۆدەکاتەوە و جگە لە توندتوتیژیی ڕێگایەکی تر نابینێت بۆ دەستکارییکردنی دەسەڵات، چونکە ئەویش وەک دەسەڵات گاڵتەی بە ھەموو فۆرمێکی خەباتی مەدەنیی و گۆڕانکاریی ئاشتییانە دێت.