وتار

مەرزەکان بکەن بەشوێنی مانگرتن نەک بینای پەرلەمان!

12/10/2020 5:32:00 PM 286 جار خوێندراوەتەوە
پێشڕەو بابەشێخ


هەڵوێستی بەشێک لە پەرلەمانتاران بۆ مانگرتن هەم وەک کارێکی مەدەنی و پەرلەمانی، هەم وەک بە چارەزانینی دۆخەکە و گوێگرتن لێیان لەگەڵ ئەوەی کارێکی دووبارەیە و تاقیکراوەتەوە بەڵام جێگای دەستخۆشی وپشتیوانیە .
لەگەڵ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دۆخەکە لەوە تێپەڕیوە بە مانگرتنی لەم شێوازە حکومەت بێتە ژێر بار بەڵام لە (ٲزعف ٱلٳیمان) دا ئەمەش خراپ نیە بۆ خودی مانگرتوەکان. مرۆڤ دەتوانێت پەنا بۆ هەموو کارێکی باش بەرێت بۆ ئەوەی بتوانێ هەموو ئەوانەی باوەڕی پێیەتی وەده‌یان بینێ بۆیە جێگای دەستخۆشیە کە چەند ئەندامێکی پەرلەمان بڕیاریان داوە  لە بینای پەرلەمان بۆ تێپەڕکردنی ئەم دۆخە مانگرتنیان ڕاگەیاندوە. لەگەڵ ئەوەی گومانم هەیە دەستکەوتی گشتی ئەوتۆی هەبێت،  بەڵام  ئومێد دەخوازم  کاریگەری باشی هەبێت،  ئەگەرچی بەڕێژە کەمن بەڵام بونی ویست و ئیرادەکە جێگای دڵخۆشیە .
چونکە بونی ئیرادە و نیەت و ویست گرنگە ئەگەر مرۆڤ تەنهاش بێت . ئەوکاتەی لە ٢٠٠٢ باس لە لەشکر کێشی تورکیا دەکرا بۆهەرێمی کوردستان دکتۆر فەرهاد پیرباڵ (کە بەهەموو جوانی و ناشیرنیەکانیشی لام خۆشەویستە )  ئەوکات بڕیاری دا بەتەنهاش بێت بچێت لە زاخۆ خۆی ڕوت بکاتەوە و پێش بەلەشکری تورک بگرێت دواتر بەحساب لەشکر نەهات (ئەگەرچی بونیان هەبوو بە ئێستاشەوە) . دکتۆر فەرهاد لە ماڵی ڕۆشنبیری شەرەفخان ئەوەی بە ژمارەیەکی زۆری ئامادەبوان ڕاگەیاند و ئامادەبوو ئەمە بکات  و گرنگ ئەوەبوو فەرهاد پیرباڵ ئەگەر بەتەنهاش بێت ئیرادەیەکی هەبوو .
بڕیاری مانگرتنی پەرلەمانتاران لە سەرەتای دەستپێکردنەوەی شەڕی ناوخۆی یەکێتی و پارتی لەدوای ڕاپەڕین لەناو پەرلەمان لەگەڵ ئەوەی هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی نەبوو بۆ وەستانی شەڕ بەڵام  هەڵوێستێکی ڕێزلێگیراوە .
بۆیەش مانگرتنی پەرلەمانتاران کارێکی زۆر دوبارەیە پێشوو تر تاقیکراوەتەوەو ئەنجامی نەبوە .
بۆیە باوەڕم وایە،  ئەگەر پەرلەمانتاران پێشەوایەتی خۆپیشاندەران ناکەن و نابن بە پشتێنەیەکی ئاشتی و نەرمونیانی،  ئەوا  دەبوو پەرلەمانتاران بیر لە کارێکی نوێ و کاریگەرتر بکەنەوە، کارێک ئەنجام بدات بەدەستەوە . ڕێگایەکی نوێ بێت لە نمونەی:

٭  ڕوبکەنە مەرزەکان و گومرگەکان ولەمەرزو لەناوگومرگەکان بڕیاری مانگرتن بدەن، چونکە ئەو ماوەی لە گومرگەکان دەمێننەوە هەم مانگرتنەکەیە و هەم دەتوانن ئەو قاچاغچێتیەی باس دەکرێت و هەیە نەیهێڵن و ئەوماوە داهاتێکی زۆر باش بۆ خەڵک دەگێڕنەوە، یا هەرنا دەتوانن ئەو ماوەیە  ڕێگری لە قاچاخچێتی بگرن . هەرچونیان بۆ ئەوێ سودێک بەداهات دەگەیەنێت بۆ موچە خۆران لەم دۆخەدا .
٭  دەتوانن لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و قونسڵخانەکان پشتیوانیەک بەدەست بێنن و چاودێروچاوەکان ببەن بۆ مەرزەکان .
بەتایبەت بۆ ئێستا ڕوداوگەلێک دەبێت خۆپیشاندەرو خەڵکی ناڕازی و موچەخۆران بەگشتی هەستبکەن کەسانێک هەن خۆیان بە نوێنەری خۆپیشاندەران و موچەخۆران و هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە دەزانن و کار بۆ گێڕانەوەی مافی خوراویان دەکەن .
٭  لە کارێکی وادا بازنەی ناڕازی و مانگرتنی پەرلەمانتاران  فراوانتر دەبێت و ڕەنگاوڕەنگتر دەبێت، بەشێوەیەک بواری هیچ ناهێڵێتەوە کە بەشێکی تر لە پەرلەمانتاران لەناو هۆڵی پەرلەمان لەگەڵ دەنگی ناڕازی بن و لە دەرێی پەرلەمان دوور لە شەقام و خۆپیشاندەر بن و بەشێکی تریان دەخرێنە ژێر پرسیارەوە لەلایەن دەنگدەروهەوادارانیان . کەواتە لە ژمارەیەکی کەم لە پەرلەمانتار دەبن بە ژمارەیەکی گەورەتر .

٭  ئەم شێوازی مانگرتنە دەچێتە خانەی ڕاستەوخۆی چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و هێنانەوەی داهات و گێڕانەوەی تاڵانی و قاچاغچێتی گومرگ و گەیشتن بە ڕاستیەکان لە داهاتی سنورەکان و گێڕانەوەیان  بۆ خەزێنەی حکومەت نەک چەند کەسێک . کەواتە بەم شێوازی کارکردنە هەم چاودێر و پاسەوانی داهاتی خەڵکی و هەم مانگرتوشی بۆ بەدەستهێنانی داخوازیەکانی خەڵک و خۆپیشاندەر .

٭  دەکرێ وەک پاڵپشتی بۆ پەرلەمانتاری مانگرتوی مەرزەکان و گومرگەکان هەر پەرلەمانتارێکی بەویژدان و خەمخۆری  کورد لە پەرلەمانی عێراق ببێ بە پاڵپشت بۆ ئەوانیش و  بۆگەیاندنی دەنگی ناڕازی و خۆپیشاندەرانیش بە پەرلەمانی عێراق و سەفیری وڵاتان و دونیای دەرەوە ئەمیش بە مانگرتنیان لە پەرلەمانی عێراق .
کەواتە لەبری ئەوەی پەرلەمانتارانی هەرێم لەناو بینای پەرلەمان مانبگرن با بچن بۆ مەرزەکان و  لە بری ئەوەی پەرلەمانتارانی عێراقیش لە دورەوە و لە فیسبوک و ڕاگەیاندنەکان ببن بە پشتیوانی خۆپیشاندەران با لە پەرلەمانی عێراق مانگرتن ڕابگەیەنن .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن