پێگەی ھەرێم لە هونەری مفاوەزات
6/30/2020 3:08:00 PM
ئەبوکاروان
ناخوازم لەم کوورتە نووسینەدا بەچڕی و بەوردی باسی ھونەری مفاوەزە بکەم، یان باسی لایەنی ھونەری و زانستی ئەو چەمکە بکەم کە بەچەند ڕەهەندێکەوە پەیوەندیدارە ،وەک زانستی سیاسی ، ئیداری ،کۆمەڵایەتی و دەروونی .هاوکات هەڵوەستە ناکەم لەسەر بنەماکانی مفاوەزات و مەرجەکانی پەیوەست بەو لایەنە، بەڵکو دەمەوێ تەنها لە پێگەی شاندەکەی ھەرێمی کوردستانەوە ڕای خۆم بدەم.
ھەموو لایەکمان دەزانین کە پێگەی ھەرێمی کوردستان لە دانووستاندا لە گەل بەغدا لاوازە ،بەوەی داخوازیەکان ڕوون و ئاشکران، کە لە مووچەو بووجەدا خۆی دەبینێتەوە. لایەنی بەرانبەریش کە حکومەتی فیدڕالە باش دەزانێت داخوازییەکانی ھەرێم چین و چییان دەوێ ، ئەمەش لە ھونەری مفاوەزەدا ھەڵەیەکی گەورەیە کە لایەنی ناکۆک بەتەواوی بزانێ بەرانبەر چیدەوێ.
لەکاتێکدا ھەرێمی کوردستان مفاوەزە دەکات لەگەڵ بەغدا ، پێگەو زەمینە گۆڕاوە و بۆچوونی بەرپرسانی بەغداو خودی کازمی و ھەتا ئەمریکاو دەوروبەرو ناوخۆی ھەرێمیش وەکوو ڕابوردوو نیە و پێچەوانەی بەرژەوەندیەکانی ھەرێمی کوردستانە . پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ھێزی پێشمەرگەی کوردستان سەرکەوتنی گەورەی بە دەستھێنابوو بەرانبەر داعش ،پەیوەندییە دیبلوماسییەکانی ھەرێم لە ئاستێکی بەرزدابوو لەگەڵ دەوڵەتە زلھێزەکان، ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێم لە ژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتدارانی ھەرێمدا بوون، ئەم خاڵانە هەموو هۆکاربوون بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەرێم، بۆیە بەغدا لە کاتی عبادی دا بە ناچاری قبوڵی ئەوەی کرد کە ھەرێم نەوتی کەرکوک بفرۆشی و بێ ئەوەی دینارێک بداتە ناوەند . هەر ئەو پێگە بەھێزەبوو وایکرد چەندڕۆژێک پێش ئەنجامدانی ڕیفراندووم، قاسم سولەیمانی داوابکات دەسڵاتدارانی ھەرێم ڕیفراندۆم ئەنجام نەدەن، لە بەرانبەردا بەڵێنیدا کە ئاڵای کوردستان لە حمرین بەرز بکاتەوە، شاراوەیش نیە حیدر عبادی بە ئاشکرا وتبووی ،من ئامادەم بە بڕیاری فەرمی فرۆکە خانەکانی ھەرێم پەیوەست بکەم بە حکومەتی ھەرێمەوە ،ئەمە لە کاتیکدا لە دونیای دەوڵەتانی فیدراڵدا فڕۆکەخانەکان لە لایەن حکومەتی فیدراڵەوە بەڕێوە دەبرێن.
بێگومان لێرەدا پرسیارێک دێتە پێش، کەدەڵێت ئایا پێگەی ھەرێم لە ئێستادا وەکو چەند ساڵێک لەمەوپێشە؟ بێگومان وەڵامەکە نەخێر دەبێ ، کە واتە وەفدەکەی ھەرێم سەر کەوتوو نابێت لە گفتوگۆکانیدا و ناچارە بەم بارودۆخە خراپەیەوە بە تایبەتیش لە بواری دارایدا بە کەمترین شایستە داراییەکان ڕازیبێت، چونکە نە کازمی دەیەوێ دەردی عبدولمھدی بە سەردابێت و فشاری بکەوێتە سەر ،کە ھاوکارییەکی باشی ھەرێمی کرد. ھەروەھا بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵ و لیژنەی دارای و نەوت لە پەرلەمان وەکو بەرپرسانی پێشووی بەغدانابن و نین ، کە پێشتر لە شاخ و لەدەمی ئۆپۆزسیۆن بووندا یەکتریان دەناسی و تاڕادەیەک ڕێزیان لێدەگرتن ھاوکاریان دەبوون . ئەوەیشمان لە بیر نەچی کە ئەمریکا پشتگیری کازمی دەکات و نایەوێ بەدەردی عبدوالمهدى بچێ بەتایبەت لەبەرانبەر ھاوکاری ھەرێم، لەوەیش خراپتر ئەوەیە بەشداربووانی شاندەکەی حکومەتی ھەرێم کە لە حزبەکانیانەوە ئاراستە دەکرێن یەکگرتوو نین و لە سەر داخوازییەکانی ھەرێم تەبانین . بەگشتی هەموویان ڕازین لە سەر تنازولات، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە لایەنێکیان ڕیککەوتن لەگەڵ بەغدا بەتاکە چارەسەر دادەنێ.
دەوڵەتی تورکیاو ڕیککەوتنە پەنجا ساڵیکەی بەرپرسانی ھەرێم لەسەر ناردنی نەوت ،کە ڕێکەوتنێکی ناشەفاف و نایاساییە،گرفتێکی مەزنە و ڕێگری دەکات لەبەردەم شاندی دانوستاندن ،بە مەبەستی ڕیککەوتن لەگەڵ بەغدا و ئەنجامەکەشی لە بەرژەوەندی ھەرێمدا نابێت ئیدی ڕیککەوتن ڕووبدات یا نا.