دوای ئەمانە چی
5/9/2020 11:36:00 AM
شەماڵ عەبدولوەفا
(5/7/2020) رۆژێکی دیکەی ناشرین لەھەرێمێکی لێوان لێو لە قەیران:
ھەرچەندە ئەمەی پارتی کردی لە دیوی دەرەوە کارێکی یاسایی بچوکە، بەڵام ھاوکێشە گشتیەکە واناڵێت و کرۆک و ئاماژەکانی گەورەن.
ئەمەی ئەمڕۆ ئەنجامی کۆمەڵێک ھەنگاوی کەڵەکە بوە.
کاتێک سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی گۆران و تیمی حکومەتیان دەرکرد، ئەگەر ئەوکات لایەنەکانی دەرەوەی پارتی یەک ھەڵوێستبان، ئەمە روی نەدەدا، نەک ھەڵوێست نەبو، پەرلەمان بۆ کاک مەسعود کاراکرایەوە ریفراندۆم بکات. ئەنجامەکەمان دیت!!!.
دوێنێ (54) چوار پەرلەمانتار بە پارتی وت: ئەمە مەکە و ھەڵەیە، بەڵام گوێی نەگرت.
ئێمە باوڕمان بە رێککەوتنە لە پێناو سودی گشتی، نەک لە پێناو رێککەوتن.
کاتێک کاک نەوشیروان لە لەندەن گەڕایەوە و پێش گەڕانەوەی و خۆئامادەکردنی بۆ مردن، کۆمەڵێک کۆبونەوەی لەگەڵ سەرجەم دامەزراوەکانی گۆران کرد، وتی ھاوسەنگی ھێز لاسەنگ بوە! بۆیە دەبێت (ی ن ک) و (گۆڕان) ببنە خاوەنی پڕۆژەی ھاوسەنگی ھێز! لەسەر بنەمای چاکسازی و سیستمێکی باشی حوکمڕانی رێکەوتنی شاری جوانی لێکەوتەوە! بەڵام مەرەکەبی واژۆکەیان وشکنەبوەوە! بەشێک لە یەکێتی پیلانیان دژ گێيا!! ئێستا گلەیی چی لەپارتی دەکەن!!.
ئەم پەرلەمانە و ھێزی پارتی
پارتی ئێستا دەڵێ چیم بوێت دەیکەم، بەھێزی خۆی و ھێزی کۆتاکان کە خاوەندارێتی کۆتاکان دەگەرێتەوە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان.
ساختەکاری زۆر پارتی و یەکێتی لە ھەڵبژاردن و رێژەی زۆری کۆتاکان و بایکۆتی دەنگدەران پێماندەڵێت: ئەم پەرلەمانە نوێنەرایەتی راستەقینەی خەڵک نیە، بەڵام تەنیا دامەزراوەیەکیشە بتوانێت بەشێک لە نوێنەرایەتی تێدا ببیندرێت.
لە ھەمو دونیادا و لە ناشرینترین سیستەمدا کەمێک رێز لە پەرلەمان دەگیرێت، بەو پێیەی نوێنەرایەتی دەنگی خەڵکە، بەڵام پارتی کاتێک پەرلەمانی دەوێت بەقسەی خۆی بکات، ئەگەر باوەڕی بە زۆرینە و کەمینەیە، ئەو کاتەی زۆرینە نەبو، بۆچی دایخست؟.
ئەمجارە پارتی رێزی بۆ نزیک نیوەی پەرلەمان نەبو !! پارتی بەمە نازانێت چ زەرەرێکی کرد و ھەرێمی شەق کرد بەشێوەکی زەق و رون، ئاوا دەتانەوێت دەوڵەت دروست بکەن؟.
خاڵە جەوهەریەکە ئەمەیە:
ئەوانەی بایکۆتی پەرلەمانیان کرد دژ بەپارێزبەندی، بۆچی دەچنەوە پەرلەمان؟ بۆ رێز لە خۆتان ودەنگدەرانتان ناگرن!؟ کاری پەرلەمان دەڕوات و لەسەر ئێوە ناوەستێت و حسابی یەک پولی قەلبتان بۆ ناکەن.
پرسیارەکە ئەمەیە: چی بکەین؟
گۆڕان چوە حکومەت بۆ ئەوەی چاکسازی بکرێت لە پێناو بەرژەوەندی گشتی، نەک بەردەوامیدان بە دۆخێکی خراپ.
فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان یەکێکە لە چالاکترین و تۆکمەترین ئۆرگانی گۆڕان، بەشێکی سەرەکیشە لە دروستکەری بڕیاری گۆڕان.
ھەر کارێک بەرامبەر فراکسیۆنەکەمان کرابێت بەرامبەر تەواوی بزوتنەوەی گۆڕانە، فراکسیۆنەکەمان لە ماوەی رابردودا، ئازایانە و بە وردەکاریەوە گەندەڵی و دزی دۆسیەی نەوت و خاڵە سنوریەکان و کۆمپانیاو باج ...... ھتدیان دیاریکرد، بە پڕۆژەیەکی تۆکمە نەخشە رێگای دەربازبون لەم قەیرانەیان دانا، لە بری ئەوەی گوێیان لێبگیرێت کرانە بەشێک لە سیناریۆیەکی ناشرین بۆ شکاندنی کەسایەتیان!، کە سێ رۆژە داوادەکەن دەبێت پارێزبەندی لە کەس وەرنەگیرێتەوە، ئەگەریش وەرگیراوە لە ھەموی بێت، نەک نیوەی ئەوانەی بڕیاربو پارێزبەندیان لێوەربگیرێتەوە ناوەکانیان نەخرانە بەرنامەی کارەوە، ئەو چوار کەسەش کە دانران سیناریۆ بو، بەشێکی بۆ شکاندنی ھاوڕێکانی ئێمە بو.
لەمەودا دەبێت بزانن فراکسیۆنەکەمان نەک چاوترسێن، بەڵکو جدی تر قسەیان دەبێت.
بزوتنەوەی گۆڕانیش کۆبونەوە دەکات، دراسەی کۆی رێککەوتن و شێوازی بەشداری و ئەو چاکسازیانەش دەکات، کە دەبو بکرێت.