487وتار

کورد و عێراق: تەوەرێک بۆ گفتوگۆ

5/2/2020 5:38:00 PM
دکتۆر جەبار قادر

سیاسەتی نێودەوڵەتی لە سەر ئاستی دونیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەمان پێ دەڵێ، کە بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتانی زلهێز و هەرێمەکەش لە ئێستادا دژی دەستکاری کردنی سنوورەکانن. ئەمە ئەلف و بێی سیاسەتە و هەموو کەسێکیش دەزانێ ئەم هەڵوێستە دژی خواست و خەون وهیواکانی هەموو کوردێکە. ناشێ کەسێک هەبێ و سیاسەتیش بکات ئەو ڕاستییە نەزانێ کە دەستکاری کردنی سنوورەکان لە ڕۆژهەڵاتی نزیکدا، بە تایبەتی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان چی بوومەلەرزەیەک لە هەرێمەکە دروست دەکات. ئەوەی وای زانیبێ گۆڕینی سنوورەکانی عێراق، سوریا، تورکیا و ئێران لەم سەردەمەدا کارێکی وا ئاسانە و بە پەیمانی نهێنی دەوڵەتێك یا سەرکردەیەکی ناودار مەیسەر دەبێ، زۆر بەهەلەدا چووە. هەڵبەتە ئەم باسە و ئەنجامدانی ڕیفیراندەم بۆ وەرگرتنی ڕای خەڵك لە سەر چارەنووسی خۆیان، با دەرفەتی جێبەجێ کردنیشی لە ئارادا نەبێ، دوو پرسی تەواو لێک جیاوازن و نابێ تێکەڵ بەیەک بکرێن. من لێرەدا باس لە بارودۆخی ئێستای باشووری کوردستان دەکەم. 
هەموو کاربەدەستێک و بگرە هەموو عەرەبێکی عێراقی گومانی لەوەدا نیە، کە کوردستان ڕۆژێک دێ سەربەخۆیی خۆیی بەدەست دێنێ. کەس نازانێ ئەمە کەی بەدیدێ، بەڵام لە بەرامبەریشدا کەس گومانی لەوەدا نیە کە دەبێ هەر ڕووبدات. ئایە بە پەیدابوونی نەوەیەکی نوێی جیاواز لە ئێمە، حیزب و هێزگەلێکی تەواو جیاواز لەمانەی ئەمڕۆ دێتە دی؟، یا بە هۆی هەژانێکی گشتگیرەوە کە ناوچەکە سەروبن دەکات ئەمە ڕوودەدات؟. یا کاربەدەستانێکی وا لە عێراق پەیدا دەبن کە لەوە تێدەگەن کە قازانجی گەل و نیشتمانەکەیان لەوەدایە لەم "کێشە"ی کورد و کوردستانە خۆیان ڕزگار بکەن؟. ئەمانە ئەو کاتە دەتوانن ئەگەر بیانەوێت وڵاتەکەیان ئاوەدان بکەنەوە و گەلە بێبەشەکەیان لە پێداویستییە هەرە سەرەتاییەکانی ژیانی ئادەمیزاد خزمەت بکەن. ڕەنگبێ ئەمە زۆر بە دوور ببینرێ، بەڵام نابێ نەکردە چاوی لێ بکرێ. ئەوە نیە زۆر جار کە توڕە دەبن، دەڵێن: با بڕۆن ملیان بشکێنن و لە کۆڵمان ببنەوە؟. ئەمە ئەگەرێکە دەبێ کورد خۆی بۆ ئامادە بکات، تەنانەت کەسێکی ڕەگەزپەرست و فاشی وەک سەدام حوسێن لە چەندین بۆنەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕێی تێناچێ نەتەوەیەکی وەک کورد بەو ژمارە زۆرە بۆ هەمیشە بە ژێر دەستەیی و بێ دەوڵەتیی قایل بێ. هەموو عەرەب هەستی بەوە کردووە دۆزی کورد بۆ ئەوان "کێشە"یە، هەر بۆیە لە کاتێکدا ئێمە هەمیشە باس لە دۆزی(قضیة)ی کورد دەکەین، ئەوان باس لە "کێشە"ی کورد دەکەن. ئێمە باس لە نەتەوەیەک دەکەین کە کە نەک هەر مافەکانی خوراون، بەڵکو ئەوەشی پێ ڕەوا نەبینراوە ولاتەکەی بە کۆڵۆنیا دابنرێ، لە کاتێکدا کۆڵۆنیایەکی نێودەوڵەتییە. کۆڵۆنیا کلاسیکییەکان سنووری دانپێدانراویان هەبوو، زمان و کولتور و تایبەتمەندی خۆیان دەپاڕاست و  دەوڵەتانی پێشکەوتووی دونیا داگیریان کردبوون، کە لە گەڵ هەموو ستەم و زۆردارییەکاندا، بەڵام هەر ئەو هێزە ئیمپریالییانە بوون بناغەکانی دەوڵەتیان بۆ دروست کردن. لە بەرامبەردا کورد کۆڵۆنییای گەلانی دواکەتوو، هەژار و شۆفینین کە چاویان بڕیوەتە خاکەکەی و سامانەکانی وڵاتەکەی بەتاڵان دەبەن. دوای سەد ساڵ لە دروستکردنی ئەو دەوڵەتە دەستکردانە، هیچ کامیان نەیانتوانیوە ببنە دەوڵەتی هاووڵاتی یەکسان و دان بە سادەترین مافەکانی کورددا بنێن، لەوەش ناچێ لە مەودایەکی بینراودا دەرفەتی ئەوە لە ئارادا بێ. نەک هەر ئەوە، بەڵکو بەو سیاسەتە چەوتانەیان قەت نەدەکرا بتوانن هەستی ئینتیما لە لای کورد بۆ ئەم دەوڵەتانە دروست بکەن. سەیر وسەمەرە لەوەدایە نەک هەر لە لای کورد، بەڵکو لە حاڵەتی عێراق و سوریادا بۆ بەشی هەرە زۆری عەرەبەکانیش ئەوەیان پێ نەکراوە. هەڵس و کەوتی "ئۆپۆزیسیۆنی سوریا" و بەرپرسانی شیعەی عێراق ڕۆژی سەد جار ئەم بۆچوونە پشتڕاست دەکەنەوە.
ڕووخانی ڕژێمی سەدام و هەڵتەکاندنی بناغەکانی دەوڵەتی عێراق، دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ کورد بۆ ئەوەی سەرلەنوێ و لە سەر بنەمای نوێ پەیوەندییەکانی لە گەڵ دەوڵەتی داگیرکەری عێراقدا داڕێژێتەوە. بەداخەوە بەرپرسانی کورد زۆر ساویلکانە و نابەرپرسیارانە لە گەڵ ڕووداوەکاندا هەڵس و کەوتیان کرد و هەموو هەوڵێکیاندا دڵی داگیرکەر ڕابگرن و نەیڕەنجێنن، گوایە لەم ڕێگەوە مافەکانی کورد مسۆگەر دەکرێن. ئەوان دوای ئەو هەموو ئەزموونە تاڵە لە گەڵ ڕگێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، لە سروشتی دەوڵەتی کۆڵۆنیاڵی عێراق تێنەگەیشتن و وایان دەزانی سیاسەتی چەوسانەوەی کورد و وێرانکردنی کوردستان بەندە بە کەسەکانەوە. تەنها دوو سێ ساڵ تێنەپەڕی بوو، سەرەتاکانی ئەم سیاسەتەی ئەمڕۆ لە دژی کورد پەیڕەو دەکرێ دەرکەوتن. بە تایبەتی کاتێ مالیکی کەوتە هەڕەشە و هێزی سەربازی لە دژی کورد جووڵاند. لە کاتێکدا سەردارانی کورد گاڵتەیان بە پەرپوتی هێزەکانی مالیکی دەکرد، کەسانێکی زۆری وەک ئێمە داوامان لێ کردن هەتا زووە لوتیان بشکێنن، ئەگینا پاشەڕۆژی کورد باش نابێت. ئەو قسانە هاتنە دی نەک لە بەر ئەوەی ئەو کەسانە کاغەزی سپییان دەخوێندەوە، بەڵکو ئەمە تێگەیەشتنە لە سروشتی دەوڵەتی داگیرکەری عێراق. ئەگەر لووتی هێزە شێعەکان لە ساڵی ٢٠٠٨ بشکێنرایە، ئەستەم بوو کارەساتەکانی ١٦ ئوکتۆبەری ٢٠١٧ ڕوو بدەن. ئێستا لە تەک هەستی شۆڤێنیزمی عەرەبی لە دژی کورد، باوەڕی مەزهەبی شیعەی توندڕەویشی هاتووەتە سەر کە هەر وەک ڕژێمی مەلاکانی ئێران شەهیدە بە خوێنی کورد، کە بە پێی لێکدانەوە مەزهەبییەکانیان دەرکەوتنی دوا ئیمامی شێعە بەشەڕی کورد و راماڵینی دەستپێدەکات. ئەگەر ئێستا تەنها بە مووچە بڕین هەڕەشە لە کورد دەکەن، ئەوا ئەو ڕۆژەی ترسی هێزی هاوپەیمانانیان نەمێنێ، دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیە دادەمەزرێنن و ئەو دەمەش جیهاد لە دژی کورد یەکەمین هەنگاویان دەبێ. ئەمە ئەمڕۆ نا سبەینێ، ساڵێکی تر نا دوو ساڵی تر هەر ڕوودەدات.  
تا ئێرە شتێکی تازەم نەوتووە. ڕەنگبێ لە سەدا هەشتای کورد ئەمە لە منیش باشتر بزانێ، بیستەکەی تریشی خۆخۆری کوێری کردبێ و ڕاستییەکان نەبینێ. 
کورد کە ناتوانێ سەربەخۆیی ڕابگەیەنێ، کەسیش بەرگەی شەڕ و ماڵوێرانی زیاتر ناگرێت، لە گەڵ هیچ حکومەتێکی عێراقیشدا ڕێککەوتن ناکرێ، کێشەکە ڕادەستکردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت و داهاتی نێوخۆی کوردستان نیە، هیچ بناغەیەکی نەک بۆ دەوڵەتسازی، بەڵکو قەوارەیەکی بەڕیوەبەرایەتی خۆجێیشی بنیات نەنراوە، خۆ باسی خۆبژێوی هەر ناکرێ، ئەی باشە چارە چییە، کورد چی بکات و چۆن لەم تەنگەژەیە ڕزگاری دەبێ؟. 

تێبینی: ئەم پرسیارە بۆ گتفوگۆی هەموو هاوڕێیانە، هەموو بیروبۆچوونێکی جددی پێشوازی لێ دەکرێت، هەموو قسەیەکی زبر و پەلامارێک لادەبرێ. هەرچی بە حیزبەکان و دەسەڵاتی حیزبی بوترێ پێشتر وتراوە، بۆیە نابێ کات بەو قسانەوە بە فیڕۆ بدرێ.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن