بەرەی خێرو بەرەی شەڕ
1/28/2020 10:58:00 PM
چۆمان هەردی
مەلا مەزھەر و نموونەکانی دەیانەوێت کۆمەڵگای ئێمە
لەنێوان بەرەی خێر و بەرەی شەڕدا لەت بکەن.
ئەوان خۆیان بە بەرەی خێر دەزانن و ڕێکخراوەکانی
کۆمەڵگای مەدەنیش بە بەرەی شەڕ. دەیانەوێت وا لە خەڵک بگەیەنن کە ئەوەی ئەم چەند ڕۆژەی
ڕابردوو ڕوویدا شەڕی ژنانی چالاکوانە دژ بە ئایینی ئیسلام و خەڵکی موسوڵمان. ئەمە
نەک ھەر ڕاست نییە بەڵکوو چەواشەکردنی بەشێکی کۆمەڵگای ئێمەیە و ھاندانیانە دژی کۆمەڵێک
ژن و پیاوی چالاک کە ساڵەھایە لە بواری عەدالەتی کۆمەڵایەتیدا کاردەکەن.
بۆیە لێرەدا دەمەوێت جارێکی تر تیشک بخەمە سەرئەوەی
کە بە پێچەوانەی قسەکانی مەلاوە، ئەو لەسەر ئەوە نەبراوەتە دادگا کە داکۆکیکاری ئیسلامە،
بەڵکوو لەبەر ئەوەی لە ڕێگەی تەلەفزیۆنی بەھەشتەوە بێڕێزی بەرامبەر بە ژنی کورد
کرد، بە دایناسۆر ناوی برد و بانگەشەی بۆ فرەژنی کرد (گوایە بۆ یارمەتیدانی کچانی
بەتەمەن و ژنانی بێھاوژین). فرەژنی بەپێی یاسای ھەرێمی کوردستان ڕێکخراوە و ھەرکەسێک
ئەو مەرجانەی تێدا نەبێت کە یاساکە دیاریکردووە، ڕێگەی پێنادرێت ژنی دووھەم و سێھەم
و چوارھەم بێنێت. لەڕاستیدا زۆربەی ئەو پیاوانەی ژنی دووھەم و سێھەم دێنن، کچی گەنج
و جوان دێنن نەک کچی بەتەمەن و ژنی بێھاوژین کە منداڵی ھەیە. جگە لەوەی کە فرەژنی
چارەسەر نییە بۆ ئەم پرسە کۆمەڵایەتی و ئابوورییە بەڵکوو بەرھەمھێنەری کێشەی گەورەترە.
خاڵێکی گرنگی تر ئەوەیە کە مەلا مەزھەر پیاوێکی ئاسایی نییە تا بە کەیفی خۆی قسەی
نابەجێ و بێڕێزی و تەشھیر بە خەڵک بکات و کەس گوێی نەداتێ، ئەو لە مینبەری گشتی تەلەفزیۆن
و مزگەوتەوە ئایینی ئیسلام بەکاردێنێت بۆ دژایەتی کۆمەڵێک مرۆڤ کە بەدڵی ئەو نین.
لە ڕاستیدا بەشێکی زۆری ئەوانەی لە کەمپینی (بوەستنەوە بەرامبەر بە سووکایەتیکردن
بە ژنان)دا بەشدارن موسوڵمانن و تەنانەت ھەندێکیشیان باڵاپۆشن. بەداخەوە ھێزێک ھەیە
کە دەیەوێت کۆمەڵگای ئێمە بکات بە ڕەشوسپی، بۆ ئەوەی جێگەی ھیچ ڕەنگێکی تری تیا نەمێنێتەوە،
ھێزێک ھەیە کە لەبری زمانی عەقڵ و دیالۆگ زمانی جنێو و بێڕێزی و تەشھیر بەرھەمدێنێت.
سوپاس بۆ ئەو کەسانەی کە لەم کامپینەدا ھاوکار و پشتگیر بوون و ئەوانەش کە توانیان
ڕای جیاوازی خۆیان بڵێن بێئەوەی بێڕێزیی بکەن.