دەخوێنمەوە بۆ ئەوەی نەنووسم!
09:51 - 15/08/2019
بهڵێن سابیر عومهر
رەنگە گونجاوترین ناونیشان بۆ وتارەکەم، ئەو ناونیشانەی سەرەوە بێت، بە نیاز بووم ئەو چەند دێڕەی خۆی(کاروان عومەر کاکە سوور) بکەم بە ناونیشانی وتارەکە، بەڵام وەک ئەوەی لە خوارەوە دەیبینن، درێژە، چەندی هێنام و بردم بۆم کورت نەکرایەوە(ئەرێ ئەوە ئیمڕۆ نووسین لای ئێمە بۆچی هێندە ئاسانە؟ ئەو داڕشتنەی ئێمە چ لای مامۆستای کوردی و چ لای مامۆستای عەرەبیدا پێنجمان پێ لە دە وەرنەدەگرت، ئاستیان زۆر لەم بابەتانە بەرزتر بوو، کە ئیمڕۆ بڵاودەکرێنەوە) ئاسان نییە قسەکردن لهبارهی چیرۆک، رۆمان، ژیاننامە و ئەدەبیاتی (کاروان عومەر کاکەسوور) چەند رۆژێک لەمەوبەر بە دۆستێکم گوت، نیازمە (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دیالۆگێکی بەردەوام) بخوێنمەوە. گوتی”هیچت بۆ نانووسرێت” بە نزیکی هەر وا بوو. ئەو کتێبە یەکێکە لەو کتێبانەی، یان راستتر بڵێم لەو تاقانە بە گژ خۆتتدا دەباتەوە. وات لێدەکات چەند رۆژێک، هەفتەیەک، مانگێک، یان تا ئەبەد نەنووسیت، یان بە شەرمەندەییەوە بنووسیت.
خوێنەر و رەخنەگر دوای خوێندنەوەی ئەو کتێبە، هەڵوەستەیەک دەکەن؛ ئەوەی یەکەم دەپرسێت: چیت خوێندووەتەوە؟ دووەم: ئاخۆ لە خۆڕا حوکمی نەداوە؟ قەت نەیگوتووە: ئەوەیان شیعرێکی باڵایە، ئەویان هیچ؟
(گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام) بابەتی رەخنەییە، دوا بەرهەمی چاپکراوی نووسەرە، ئەمساڵ (ماڵی وەفایی) بە چاپی گەیاندووه. ئەم کتێبە، هەر چەند وا دەردەکەوێت؛ لە شێوەی نامەیەکی درێژ، دایەلۆگێکی بەردەوام لەگەڵ کەسێک، بە ڕاناوی “تۆ” نووسرابێت، بەڵام لە راستیدا نامەیەکە رووی لە هەر خوێنەرێک و هەر رەخنەگرێکە. نامەیەکە دەوڵەمەند کراوە بە بۆچوون و راڤەی رەخنەدۆزانەی جیهانی، لە هەموو بارێکدا دەگونجێت و بەردەوام کراوەو خۆنوێکەرەوەیه. بەسەریەکەوە چەند کتێبێکی مێژوویی دەخوێنیتەوە، چوار نووسەر، یەک رووداو، لە هەمان شوێن و کات بە شێوازی جیاواز دەگێڕنەوە، یەکەمیان جاشێک ناو دەبات بە قارەمان، دووەم بە پێچەوانەوە. سێیەم رووداوێکی شەرمنانە بە داستان و نەبەردی تۆمار دەکات، چوارەم بە پێچەوانە، ئەمە چەواشەکردنی مێژووە، چونکە دوێنێیە ئاسانە، هێندە هیلاکەتی تێدا نییە، هەموان، بە کەمترین مەعریفە و هیچ ئاگاییەکەوە دەنووسن و دەرەقەتی دێن. رەخنەکارانی ئەدەبیی ئێستە چەشنی چەواشەکارانی مێژوو، ئارەزوومەندانە، بۆ هەندێک نەمری دەخوڵقێنن، دێڕی بیرمەندێک، فەیلەسوفیان بە ناو دەکەن، بۆ هەندێکی دیکە پاڵەوان دروست دەکەن حەکایەتەکانیان دەبەنە سەرووی هەڕەمەکەوە. لەم کتێبەدا نووسەر لەم هەرا و ژاوەژاوە، وریات دەکاتەوە، لەخۆڕا، بێ گەڕانەوەی بۆ سەرچاوە بنچینەییەکان ناو، دێڕ، تێزی هیچ نووسەرێک بە زۆر، یان بە رووتی هەروا بۆ زەقکردنەوەی دەقەکەت، جێنەکەیتەوە لە نووسراوێک، بە زەرەر دەشکێتەوە.
جگە لەوەی خۆی دەڵێت(کەم نین ئەو تێکستە گەورانەی لە کازینۆ، لە ناو پاس، لە سەیرانگە و شوێنی دیکەدا بە شێوەی زارەکی و بە چەند وشەیەکی ساکار بڕیاریان لەسەر دراوە) لەگەڵ خوێندنەوەی ئەو کتێبە ناو و وێنەی ئەو کەسانەت بیر دەکەوێتەوە، کە رۆژێک رەخنەگر نەبوونە، وا ناوی خۆیان هێناوە، بیرت دەکەوێتەوە، ئەوان نەک بە نووسین لەو باوەشە کتێب و کۆمەڵە وتارەی نووسیوویانە و بەردەوام دەنووسن، بەڵکو لە ناوەندە سەقافییەکان، لە چایخانە و قاوەخانەکان، لە ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەکاونتەکانیان، ڕۆژانە بێ راڤەکردن، کۆمەڵێک قسەی هیچ بەسەر هیچەوە دەڵێن، تەخشان و پەخشان بە وشەوە دەکەن، لە کۆتاییدا بەم دەڵێن: باش، بەمیش خراپ. هەر پاژێک دەخوێنیتەوە کەم کەم رۆڵی خراپی ئەو رەخنەگرانەت بیردەکەوێتەوە، لە ئاراستەکردنی خوێنەر بە ئاقاری پێشنیارکردن و زەقکردنەوەی ئەو کتێبانەی نووسەرەکانیان دۆستی خۆیانن، هەڕەمەکەییانە، حوکمدان و ناشیرینکردنی ئەوانەی هاوپێڕی خۆیان نین. رەخنەگری کوردی لە بنەڕەتدا حهز دهكات کار لەسەر لێڤڵی بەرز بکات، گوایه ناتوانێت، بهڵام راستییهكهی باشترە بڵێم توانای ئەوەندەیان نییە مامەڵە لە گەڵ دەقێک بکهن، کە پێشتر هیچی لە بارەوە نەنووسراوە. ئەوانە دوای دەنگدانەوەی جەماوەر، یان لە چەند گۆشەیەکی نزم و بچووکەوە، کە پێشووتر چەند نیمچە رەخنەگرێک، یان خوێنەرێکی زرنگ فەهمی بەسەردا شکاوە، سەرەتای رێگەکەی کردووەتەوە، دێن شەنوکەوی دەقەکان دەکەن. هەندێکیان سەرپێییانە تەنیا لەسەر نووسینی وتارێک لە ساڵێکی جیاواز، هێڵ بەسەر کۆی ساڵەکانی داهاتووی خوێندنەوە و نووسینی بنووسەکە دەکێشن. یان بەو پێوەرەی” لە داپیرە و باپیرە ئازیزەکانی وەرگرتووە” قەرار دەدەن. هەندێکی دیکە تەنانەت ئەمەش ناکەن و ئەو چەمکانەی بە کاری دێنن، لە بێئاگاییەوەیە، شوێن و بەکارهێنانی هیچ کۆنتێکستێکیان پێکەوە نییە، بێگومان ئەمەش فریودانی خوێنەرە، هەم جۆرێکە لە شۆ و یاریکردن، هەم جۆرێکە لە (شامانیزم) وەک نوسەر ناویان دێنێت بە “ رەخنەگری میللی وەک شامان” ( رەخنەگری میللی هەمیشە وەک شامان خۆی پیشان دەدات، کە هێزێکی سیحریی، یان غەیبیی هەیە و لە نووسیندا پەنای بۆ دەبات. واتا بە پاڵپشتی ئەو هێزە لە هەموو شتێک دەزانێت و پێویستی بە خوێندنەوە نییە) پرسیار و دایەلۆگ رەنگە گرنگ ترین بەش، کە نووسەر بە چڕی و ئاگاییەوە شڕۆڤەی کردووە، چەمکی” پرسیار و دایەلۆگ” بن، گرنگی پرسیار، یان دواجار ئەوەی کاری داهێنان دەخوڵقێنێت پرسیارە، بێگومان ئەوەیش بە دایەلۆگی بەردەوام. نووسەرەکانی ئێرە هەمیشە خۆیان لە پرسیار دەدزنەوە، هەندێکیان وەک ئەو رەخنەگرەی نووسەری ئەو کتێبە باسی لێوە دەکات(پرسیار بە گرنگ نازانێ) چەند یەکێکی دیکە، دەرگای گفتوگۆ دادەخەن. ساڵی پار لە یەکێک لە کۆڕە ئەدەبییەکان؛ نووسەرێک رۆمانێکی بە چاپ گەیاندبوو، ئەو پرسیارەم لێیکرد: بۆ دەنووسی؟ گوتی: نەنووسم دەبێ خۆکوژی بکەم! گوتم ئەوە چۆنە، دەکرێ روونکردنەوە بدەیت! گوتی دانیشە ئێوە دەتانەوێ کۆڕەکە بشێوێنن! ئەمەی ئەو گوتی، بەتایبەت وەڵامە یەک دێڕەکەی، رەنگە دێڕێکی فەلسەفیی لەبەرکراو بێت، رەنگیشە هەر وانەبێت، لە بیانووێک زیاتر بۆ داخستنی دەرگەی گفتوگۆ هیچی تر نەبێت. لە کاتێکدا پرسیاری من بۆ کردنەوەی گرێچنەی کۆمەڵێک پرسیاری دیکە بوو، بێگومان بۆچوون زۆرە لەسەر ئەو پرسیارە، ئێستا دەپرسم: ئەگەر ئەو رۆماننووسە، پێش نووسین، خوێنەر با، لەمەڕ ئەو پرسیارەوە دیدی کۆمەڵێک فەیلەسوف و رەخنەگری بەرچاو نەدەکەوت؟ بە وێنە لایەنی کەم کارەکتەری ژنە رۆمانووسی تورک “ لەتیفە ساکن” لە کتێبی “مردن لە دارستاندا نییە” بەرچاو نەدەکەوت؟ کە دەڵێت “من هەر کات توانیم وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە، نەمدەنووسی” راستیەکەی خوێنەر زرنگ بێت دەزانێت نووسەر و رەخنەگرەکانی ئێرە خاڵی کۆتاییان خوێندنەوە داناوە، پێیانوایە پاشخانە مەعریفییەکەی ساڵی ئاشووب و قات و قڕی، بەشی سەد ساڵی دیکەی نووسین و گللەیی کردنیان دەکات. رەنگە تاکە گلەیی من ئێستا وەک خوێنەرێک، لە ئەو هەمە، ئەوەیە لە سێ شوێن دووبارە ئاماژە دەدات( ئێستا باری دەروونیم رێگەم نادات بەرهەمی هیچ نووسەرێکی کورد بخوێنمەوە، بۆیە لە دنیای کوردی دوورم) ئەمە هەم دڵخۆش، هەم دڵگرانم دەکات، هیوادارم ئەو قۆناغە بە زوویی تێبپەڕێت، لەسەر حیسابی وەک خۆت دەڵێیت ( رەخنەگرێکی ویژدانی) دوور نهکەویتەوە، بێئاگا نەبیت لە چاودێریکردنی ئەدەبیاتی نەوەی تازە، بەهەرحاڵ هیوادارم ئەوەی نووسیوومە، ئەوە نەکەوێتەوە وەک خۆت لە شرۆڤەی چەند پەرەگرافێکی” کامۆ” دەڵێیت ( ئەوەی بە نیازە لەم دنیایەدا ئیفلاس نەکات و ببێتە خاوەنی شت، هەر بەو خەیاڵپڵاوییە دەگات) (کاتێ لێکدانەوەیەکی رازیکەرانە بۆ ئەو دنیایە دەکەیت، ئەوا پێت وایە دنیایەکی گونجاو و رێکە، بەڵام هەر هێندە هەستت بەوە کرد، ئەو لێکدانەوەیەت تەنیا وەهمە، ئەوا دەمودەست خۆت نامۆ دەبینیت و پەیوەندیت پێوەی نامێنێت) من ئەوەم نەکردووە، نە شرۆڤە، نە خوێندنەوەی بۆ کتێبەکەت، تەنیا وەک خوێنەرێک کتێبەکەتم بە دەستەوە گرت. ئەوەش وەک لەسەرەتادا گوتوومە قورسە، قسەکردن لەسەر زمان و گێڕانەوە بە گشتی و ئەدەبیاتی ئێوە بهتایبهتی.