وتەبێژی حكومەت: کێشەكانی کارەبا و بەنزین درێژە ناکێشن و زوو چارەسەر دەکرێن
03:56 - 10/06/2026
زەمەن – هەواڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە
ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای ماوەیەکی زۆر، کۆبوونەوەی ئاسایی
خۆی ساز کرد.
لە دوای کۆبوونەوەکەش،
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند،
دوای سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ بەغدا، زەمینەسازی و هەماهەنگییەکی
باش لە نێوان هەردوو لادا دروستبووە.
ئاماژەی بەوەش
کرد لە گفتوگۆکانی داهاتوودا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، لەسەر بنەمای ڕێژەی دانیشتووان
داوای پشکی بودجەی هەرێم دەکەن. هاوکات لە ڕێگەی لیژنەیەکی باڵاوە کار دەکەن بۆ ڕاگرتنی
ئەو نادادپەروەرییەی لە پرسی دامەزراندندا بەرامبەر هەرێم کراوە، لە کاتێکدا بەغدا
زیاتر لە ملیۆنێک فەرمانبەری دامەزراندووە و یەک فەرمانبەری بۆ هەرێم دانەمەزراندووە.
لەبارەی کەمبوونەوەی
کاتژمێرەکانی کارەبا، گوتی، گۆڕانکارییەک هەبێت لەسەر بڕی بەرهەمهێنانی غاز، ڕاستەخۆ
کاریگەری دەبێت لەسەر کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی، بەڵام دڵنیایی دەدەین
کە ئەمە نابێتە کێشەیەک کە درێژە بکێشێت.
سەبارەت بە گرفتی
کەمبوونەوەی بەنزینیش، وتەبێژی حکومەت ڕایگەیاند، ئەمە کێشەیەکی کاتییە و لە ڕێگەی
هەماهەنگی لەگەڵ وەزیری سامانە سرووشتییەکان، لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی بە زووترین کات
چارەسەر بکرێت.
سەبارەت بە دۆسیەی
دارایی و پرسی داهاتی ناوخۆ، وتەبێژی حکومەت ڕوونی کردەوە، بەغدا هێشتا لەسەر هەمان
ڕێچکەی پێشووی کابینەکەی سوودانی بەردەوامە کە داوای ڕادەستکردنی مانگانەی داهاتی
ناوخۆ دەکات وەک مەرجێک بۆ ناردنی مووچە.
بەڵام بەهۆی کەمبوونەوەی
داهاتی ناوخۆ و دروستبوونی فشاری دارایی، بەوپێیەی بەغدا داوای 120 ملیار دینار دەکات،
لە بەرامبەریشدا جگە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان، مووچەی 51 هەزار مووچەخۆر لەسەر
داهاتی ناوخۆیە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا ئەنجوومەنی ئابووری کوردستان کۆببێتەوە
تاوەکو لە ڕێگەی کەسانی پسپۆڕەوە بە وردی دیراسەی داهات بکات، هەروەها گفتوگۆ لەگەڵ
بەغدا دەکرێت بۆئەوەی لە ناردنی مووچەی مانگانە، ڕەچاوی کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ
بکات.
هاوکات پێشەوا هەورامانی
تیشکی خستە سەر تهوهرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە کە تایبەت بوو بە سیستمی گومرگیی (ئەسیکۆدا)
و ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێم دژی ئەم سیستمە نییە، بەڵام لەوە نیگەران بوو کە دەکرا
وەک ناوچەکانی دیکەی عێراق، هەرێمیش زووتر ئاگادار بکرایەتەوە تا ئامادەکاری بۆ
بکات. ڕاشیگەیاند کە بڕیارە لەسەر ئەم بابەتە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ ئەنجام
بدرێت و چاوەڕوانی ئەوان دەکەن..