شەهیدو بریندار هەیە.. حکومەتی سوریا پەلاماری گەڕەکە کوردیەکان بەردەوامە
12:21 - 07/01/2026
زەمەن - هەواڵ
لە دوێنێوە بۆردومانکردنی گەڕەکە کوردنشینەکانی
شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە حەلەب، لەلایەن چەکدارانی سەر بە دیمەشقەوە بەردەوامە و
لە دوێنێوە 46 کەس بوونەتە قوربانیی هێرشەکان.
شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، ئەو دوو گەڕەکەی شاری حەلەبن کە هێزە کوردییەکان خۆیان ئەمنیەتی دەپارێزن. بەپێی راگەیێندراوی ئاسایشی ئەو گەڕەکانە، لە تشرینی یەکەمی 2025ـەوە ئەو ناوچانە لەلایەن گرووپەکانی سەر بە حکومەتی سووریاوە رووبەڕووی هێرش دەبنەوە. لە دوایین هێرشدا کە دوێنێ سێشەممە کرا، 4 کەس گیانیان لەدەستدا و بە دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئاخین نوجان، بەرپرسی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی حەلەب رایگەیاند، ئەوە 6 مانگە ئەو هێزانە دەیانەوێت ئێمە پەلکێش بکەنە نێو شەڕەوە، رۆژانە پێشێلکاری دەکەن و هۆکارێک دەدۆزنەوە بۆئەوەی شەڕمان لەگەڵ بکەن، بە چەکەکانیان تەقە لە هێزەکانی ناوخۆ دەکەن.
"چوار جار بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشیان کردە سەرمان"
بەرپرسی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی حەلەب دەڵێت، "گرووپە چەکدارەکان لە 24 کاژێردا چوار جار بە درۆنی خۆکوژ (بۆمبڕێژکراو) هێرشیان کردە سەرمان."
دەشڵێت، "شەڕەکە پێش نیوەڕۆی دوێنێ دەستیپێکردووە، ئەوان بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئێمە و دوو هەڤاڵمان شەهید بوون، ئێمەش هێرشمان کردووەتە سەر دوو بارەگای ئەوان. دواتر شەڕەکە تەشەنەی کردووە، ئەوان بۆدوومانی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەبیان کردووە بەبێ ئەوەی جیاوازی لەنیوان کەسانی سڤیل و سەربازی بکەن."
ئاخین نوجان ئاماژەی بەوەش کرد، "دوای ئەوەی هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا کوێرانە بۆردوومانی خەڵکی سڤیل و هێزەکانی ئێمەیان کردووە، فەرمانمان بە هێزەکانمان کردووە بە تووندی رووبەڕوویان ببنەوە."
"سڤیل و ئاسایش بەبێ جیاوازی کراونەتە ئامانج"
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب رایگەیاند، گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە رووبەڕووی تۆپبارانێکی سەخت بوونەتەوە لەلایەن ئەو گرووپانەی سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریان.
دەشڵێت، هێرشەکان بە چەکی قورس و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) کراون و بەبێ جیاوازیی سڤیل و ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیان کردووەتە ئامانج.
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەم تۆپبارانە بووەتە هۆی برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل و ئەندامانی ئاسایشی ناوخۆ، کە زۆربەی بریندارەکان لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودن. بەهۆی سەختیی تۆپبارانەکەوە، "تائێستا چەندین بریندار هەن، کە نەتوانراوە بگەینە لایان."
ناوی بریندارانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ:
_ حەسەن خالید ئەحمەد
_ حەموودە محەممەد بەکر
_ سەبری محەممەد عەبدولقادر (گیانی لەدەستدا)
_ سولەیمان عەزە کڵۆشۆ
_ عەبدولڕەحمان زەکەریا خەلیل
_ حەمزە مستەفا سولەیمان
_ حوسێن محەممەد ئۆناش
ناوی بریندارە سڤیلەکان:
_ نووری جەمال حوسێن
_ دلبرین حەمدووش
_ جیهاد سەلاح ناسر
_ باسل شەریف عەلی
_ محەممەد زەکەریا مەردەلی
_ ئۆرهان سمۆ
قوربانییانی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب بەگشتی:
4 کەس گیانیان لەدەستداوە
2 ژن، 1 پیاو، 1 منداڵ
38 کەس بریندار بوون
29 پیاو، 3 ژن، 6 منداڵ
ئاژانسی دەنگوباسی سووریا: هەسەدە هاوەنبارانمان دەکات
بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاژانسی دەنگوباسی فەرمیی سووریا (سانا)، لە راگەیێندراوێکدا، کە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ی وەکو رێکخراو ناساندووە، دەڵێت، "رێکخراوی هەسەدە بە گولـلە هاوەن گەڕەکی سریان دەکەنە ئامانج."
ئاماژەی بەوەش کردووە، "هێزەکانی سوپای عەرەبیی سووریا، لە میحوەرەکانی کاستێلۆ و شیحان رووبەڕوویان بوونەتەوە."
محەمەد وەجیهـ جومعە، بەڕێوەبەری تەندروستیی حەلەب، هەسەدە تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، "بەداخێکی زۆرەوە، خەڵکی سڤیل لە شاری حەلەب لەلایەن هەسەدەوە تۆپباران دەکرێن."
دەشڵێت، "سێ بریندار گەیێندرانە لامان؛ یەکەمیان لە کاتی گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستدابوو. دووەمیان، سەرەڕای هەموو هەوڵەکانمان رزگار نەکرا، چونکە برینەکەی زۆر سەخت بوو. سێیەمیشیان کە منداڵێکی تەمەن چوار ساڵانە، گولـلە یان پارچەی تەقەمەنی راستەوخۆ بەر چاوی کەوتووە."
ئەو گرووپانە کامانەن کە گەڕەکە کوردییەکان بۆردوومان دەکەن؟
میدیای نزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، "لەم کاتەدا، چەکدارە بەکرێگیراوەکانی حکومەتی کاتی لە سووریا (حەمزات، عەمشات، سوڵتان موراد و نوورەدین زەنگی)، کە پاڵپشتیی راستەوخۆ لە دەوڵەتی تورکیاوە وەردەگرن، گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە و بەنی زەید لە شاری حەلەب هاوەن و تۆپباران دەکەن."
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەم گەڕەکانە لە دوێنێ سێشەممەوە رووبەڕووی ئەو بۆردوومانانە دەبنەوە.