39 کوردستان

دەستەی مافی مرۆڤ: تەقەکردن لە هێمن مامەند سنوردارکردنی دەنگی ئازادە

02:07 - 03/09/2025

زەمەن _ سلێمانی

 

 دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند تەقەکردن لە هێمن مامەند هەوڵێکە بۆ “سنووردارکردنی دەنگی ئازادی و کاری ڕۆژنامەوانی لە شاری سلێمانی”.

 ئەمڕۆ چوارشەممە، ٣ی ئەیلولی ٢٠٢٥، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی کوردستان پەیامێکی سەبارەت بە بریندارکردنی ڕۆژنامەنوس هێمن مامەند لە شاری سلێمانی بڵاوکردەوە و دەڵێت: “دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت بۆ ئەو کردەوە نامرۆڤانەی بەرامبەر ناوبراو ئەنجامدراوە، لامان وایە هەوڵێکە بۆ سنووردارکردنی دەنگی ئازادی و کاری ڕۆژنامەوانی لە شاری سلێمانی”.

ئاماژەی بەوەشداوە، بە پێویستیشی زانیوە کە “دەزگا ئەمنیەکان و ئیدارەی پارێزگای سلێمانی هەرچی زووە بکەرانی ئەو کارە بدۆزنەوە و دەستگیریان بکەن و ڕادەستی یاسا بکرێن”.

دەستەی مافی مرۆڤ لەگەڵ هیواخواستن بۆ چاکبوونەوەی هێمن مامەند ڕایگەیاندووە “لەنزیکەوەش وەک دەستە چاودێری ئەو کەیسە دەکەین و هەر دوای ڕووداوەکەش تیمێکی نووسینگەی سلێمانی دەستە سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە و چاویان بە ناوبراو (هێمن مامەند) کەوتووە لە هەواڵیان پرسیوە، لە ئێستادا لەژێر چاودێری پزیشکی دایە چاوەڕێی لێکۆڵینەوەکان دەبین”.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن