شارەزایەكی ئابوریی: هەرێمی كوردستان لە دەسەڵاتی هەناردەكردنی نەوت دادەماڵدرێت
12:11 - 26/05/2023
140 جار خوێندراوەتەوە
زهمهن - عێراقی
بەپێی ئهو هەموارە
نوێیەی لیژنهی دارایی پهرلهمانی عێراق شهوی رابردوو كردویهتی و دەنگی لەسەر
دراوە، رێگە لە هەرێمی كوردستان دەگیرێت كە نەوت لەو كێڵگە نەوتیانەی كەركوك و نەینەوا
دەربكات كە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمدان و زیاتر لە یەك لەسەر سێی بەرهەمی
نەوتی هەرێم پێكدەهێنن.
ئەمڕۆ هەینی، نەبیل
مەرسومی، شارەزای ئابوریی عێراقی، لەبارەی دەنگدانی شەوی رابردوی لیژنەی دارایی لەسەر
بڕگەكانی تایبەت بە هەرێمی كوردستان لە بودجەدا، لە نوسینێكدا لەژێر ناوی "ئایا
بودجە، دەبێتە زریان بۆ سەر رێككەوتنەكەی بەغداو هەولێر" وتویەتی، بەپێی هەموارە
نوێیەكە، دەبێت هەرێمی كوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی وەزارەتی نەوتی
عێراق بكات بۆ هەناردەكردنی لەڕێگەی سۆمۆوە یاخود بەكارهێنانی بۆ پاڵاوگەكانی ناوخۆ.
ئەوەشی خستۆتەڕو،
ئەم هەموارە جۆرێك لە ئاڵۆزیی بۆ پەیوەندییەكانی نێوان بەغداو هەولێر زیاد دەكات بەهۆی
ئەو كۆسپە تەكنیكییانەی دێنە سەر رێی رادەستكردنی نەوتی هەرێم بە بەغدا لەلایەك و
هەروەها بەهۆی داماڵینی تەواوەتی هەرێمی كوردستان لە دەسەڵاتی هەناردەكردنی نەوت لەلایەكی
ترەوە.
هەروەها ئاماژەی
بەوەشداوە كە بەپێی هەموارەكە، هەرێمی كوردستان دەبێت بەر لە وەگرتنی شایستە داراییەكانی،
داهاتە نەوتی و نانەوتییەكانی خۆی رادەستی حكومەتی عێراق بكات.
هەروەك ئەو شارەزا
ئابورییە باسی كردوە، بەپێی هەموارە نوێیەكە، حكومەتی هەرێم پابەند دەكرێت بەوەی كە
داهاتی نەوت لە هەژمارێكی بانكی دابنێت كە لە بانكی ناوەندیی عێراقی بێت، لەكاتێكدا
حكومەتی هەرێم هەوڵی دەدات ئەو هەژمارە بانكییە لە بانكی "سیتی بانك"
بكاتەوە.