544 جیهان

ئەوروپا په‌نا بۆ خه‌ڵوز ده‌باته‌وه‌

08:44 - 20/06/2022

"زەمەن"

 

گەورەترین کڕیارانی غازی ڕوسیا لە ئەوروپا، به‌ دوای جێگره‌وه‌ی غازدا ده‌گه‌ڕێن، پێدەچێت وڵاتانی کیشوەرەکە خەڵوزی زیاتر بسوتێنن بۆ ئەوەی به‌سه‌ر کەمی ده‌ستكه‌وتنی غازی ڕوسیا سه‌ركه‌وتوو بن.

ئەڵمانیا، نەمسا و هۆڵەندا ئاماژەیان بەوە کردووە وێستگەکانی کارەبا كه‌ به‌ خەڵوز كار ده‌كه‌ن ڕەنگە یارمەتی ئەوروپا بدەن لە بەرگەگرتنی ئەو قەیرانەی کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی غاز.ئەڵمانیا رایگەیاندووە، رەنگە ئه‌و وێستگە كاره‌باییانه‌ به‌گه‌ڕبخاته‌وه‌ كه‌ بە خەڵوز کاردەکەن.

رۆبەرت هابێک، وەزیری ئابووری ئەڵمانیا وتی: ئەمە بە ئازارە، بەڵام پێویستە لەناو ئەم قەیرانەدا بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی غاز.

رۆیتەرز لە زاری وەزارەتی ئابووری ئەڵمانیاوە رایگەیاندووە، دووبارە به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی وێستگەکانی کارەبای خەڵوز رەنگە توانای 10 گیگاوات زیاد بکات، پێشبینی دەکرێت ئەنجومەنی باڵای پەرلەمانی ئەڵمانیا لە مانگی تەمموزدا تاوتوێی یاسایەک بکات کە پەیوەندی بەم گواستنەوەیەوە هەیە.

لە نەمسا، حکومەت ڕۆژی یەکشەممە لەگەڵ کۆمپانیای ڤێرباند ڕێککەوتن لەسەر گۆڕینی وێستگەیەکی کارەبا کە بە غاز کاردەکات بۆ خەڵوز، ئه‌وه‌ش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ڕووبەڕووبوونه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ به‌ حاڵەتێکی لەناکاوی وزە.

لە هۆڵەندا تەلەفزیۆنی ئین ئۆ ئیس، بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی حکومەت ڕایگەیاندووە کە ڕێگە بە وێستگەکانی کارەبای خەڵوزی ئەو وڵاتە دەدرێت کە بەرهەمهێنان زیاد بکەن بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بن لە کەمکردنەوەی پشتبەستن بە غازی ڕوسیا.

هەفتەی رابردوو، "گازپرۆم"ی روسی، توانای "نۆرد ستریم 1"ی كەمكردەوە، كە بۆرییەكی گەورەیە و غاز بۆ ئەڵمانیا و وڵاتانی دیكەی ئەوروپا دابین دەكات، ئەوەش بەهۆی دواكەوتنی گەڕانەوەی ئەو ئامێرانەی كە كۆمپانیای "سیمێنس ئینێرجی"ی ئەڵمانی نێردراوە. بۆ کەنەدا بۆ چاککردنەوە.

دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین وتی: ئێمە غازەکەمان لەبەردەستە و ئامادەیە بۆ گەیاندن، بەڵام ئەوروپییەکان دەبێت ئەو ئامێرانە بگەڕێننەوە کە پێویستە بەپێی پێویستیه‌كانیان چاکبکرێنەوە، لە کاتێکدا بەرپرسانی ئەڵمانیا دەڵێن ڕوسیا ئەمە وەک بیانوویەک بەکاردەهێنێت بۆ کەمکردنەوەی هه‌نارده‌كردنی غاز.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن