حەسەن روحانی: دهست به ئاوهوه بگرن سەرچاوەکانمان بۆ نیوە کەمی کردووە
09:49 - 30/04/2021
زهمهن - جیهانی
سەرکۆماری ئێران،
حەسەن روحانی ئاماژەی بەوە کرد کە لە وڵاتدا رووبەڕووی کێشەی وشکەساڵی جددی بوونەتەوە
و سەرچاوەکانی ئاو بۆ نیوە کەمی کردووە و داوای کرد دەست بە ئاوەوە بگیرێت.
تەلەڤیزیۆنی فەرمی
ئێران بڵاویکردەوە حەسەن روحانی لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشداری کردووە لە رێوڕەسمی
کردنەوەی ژمارەیەک پرۆژە لە پارێزگاکانی هورموزگان، مەزەندەران و خوزستان کە وەزارەتی
وزەی لە ئەستۆی گرتوون.
سەرکۆماری ئێران،
حەسەن روحانی لە وتارێکیدا کە لە رێوڕەسمەکە پێشکەشی کرد، باسی لە کێشەی وشکەساڵی
کرد لە وڵاتەکەیدا و گوتی: "ئەمساڵ رووبەڕووی وشکەساڵی بووینەتەوە. سەرچاوە
ئاویەکانمان سەدا ٥٠ کەمیکردووە. لەم رۆژانەدا کە وەرزی هاوین نزیکبووەتەوە وەرزی
باران بارین کۆتایی هاتووە".
حەسەن روحانی سەبارەت
بە رێژەی پڕبوونی بەنداوەکان وتی: "رەوشی بەنداوەکانمان وەک ساڵی رابردوو نییە
و ئەمڕۆ زۆرێک لە بەنداوەکانمان بەتاڵن. لەبەرئەوە پێویستە لە کەرتی کارەبادا وریابین
کە کێشە لە هایدرۆئەلیکتریک روودەدات".
سەرکۆماری ئێران
داوای کرد دەستپێوەگرتن لە بەکارهێنانی ئاو و کارەبا لە وڵاتدا بکرێت.