1004 عیراق

دۆخی سیاسی و ئابوری عێراق لە چاوەڕوانی بەڕێوبەرایەتی نوێی ئەمەریکادا

04:00 - 09/11/2020

  "زەمەن" 


سەرکەوتنی جۆ بایدن لەهەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەی ئەمەریکادا، کاردانەوەی لای زۆرێک لە وڵاتان دروستکردووە و چاوەڕوانی گۆڕانکارین لە سیاسەتی نوێی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام بەشێک لە بەرپرسانیش، وەهای نابینن سەرۆکی نوێ، توانای گۆڕانکاری لە ستراتیژیەتی ئەمەریکادا هەبێت لەناوچەکەدا.


بەرپرسانی عێراق، سات بە سات چاودێری هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکایان دەکرد، بەو پێیەی گۆڕانکاریەکانی ئەمەریکا دەبەستنەوە بە ڕوودانی پێشهاتی نوێ لە وڵاتەکەیان، بەتایبەت بەرچاویان ڕوون نیە، لە کاتی گۆڕانکاریدا لە بەڕێوبەرایەتی ئەمەریکا، سیاسەتی ئەو وڵاتە چۆن دەبێت بەرامبەر عێراق.

ئەکرەم ساڵەح ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت، "ئەمەریکا وڵاتێکی دامەزراوەییە، گۆڕانکاری لە سەرۆکدا، گۆڕانکاری زۆر لەستراتیژی وڵاتدا دروست ناکات، بەڵام بەو پێیەی بایدن شارەزایی لەکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق هەیە، ڕەنگە هەنگاوەکانی دروست بن، چونکە ئەزموونی هەیە و پەیوەندی لەگەڵ سەرکردەکانیش هەیە."

تا ئێستا سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر میلیشیا شیعەکان لە عێراق توندە، ناو بەناو هێزیش لەدژیان بەکار دەهێنێت، بەڵام لە سەر ئاستی عێراق تێڕوانینی جیاواز بۆ سیاسەتی ئەمەریکا لە سەردەمی ئیدارەی نوێ دا هەیە، بەشێکیان پێیانوایە ئەمەریکا لە ستراتیژیەتی ئێستای بەرامبەر ئێران و میلیشیا شیعەکان بەردەوام دەبێت، بەشێکی تریشیان وەهای دەبینن فشارەکانی سەر هێزە شیعیەکان خاو دەبنەوە و بەشێوەیەکی دیپلۆماسیانە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

نەجات حسێن سەرکردە لە ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی شیعی، داوا لە جۆ بایدن دەکات لە حاڵەتی گرتنە دەستی دەسەڵات، بەشێوەیەکی دیپلۆماسی و دوور لە هەڕەشە و بەکارهێنانی هێز مامەڵە لەگەڵ کێشەکانی عێراق بکات، دەڵێت، "پێشبینی دەکەین، جۆ بایدن مامەڵەی سیاسیانە لەگەڵ کێشەکان بکات، نەک بەکارهێنانی هێز و هەڕەشە و بۆردومان، چونکە چارەسەرکردنی کێشەکان پێویستیان بە لێکگەیشتنە."

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەرچوونی جۆ بایدن، کورد و سوننەکانی عێراق کەوتوونەتە جوڵە، بەشێک لە سوننەکانی عێراق داوای پێکهێنانی هەرێمێکی جیاواز لە چوارچێوەی عێراق دەکەن، کوردەکانیش گەشبینن لە سەردەمی ئیدارەی نوێ دا، مافەکانیان بچەسپێنرێت، بەتایبەت کە جۆ بایدن پێشتر پرۆژەیەکی بۆ بە هەرێم کردنی عێراق هەبووە.

بورهان محەمەد فەرەج ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لەکوتلەی یەکێتی، ئاماژە بەوەدەکات، جۆ بایدن شارەزاییەکی زۆری لە دۆخ و مێژووی عێراق هەیە، بۆیە ڕەنگە واقیعیانە مامەڵە لەگەڵ عێراق بەگشتی و پێکهاتەکان بەتایبەتی بکات، بەتایبەت ناوبراو پرۆژەی هەبووە بۆ فێدراڵیەت لەعێراقدا و دەڵێت "بایدن بەرچاوی ڕوونە لە سیاسەت کردن و مامەڵەکردن لەگەڵ عێراق و ئێران و ناوچەکەش."

بڕیارە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو، هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق بکرێت، کە بەشێک لە هێزە شیعیەکان لەگەڵ ئەنجامدانی نین، بۆیە لەئێستاوە مەترسی ڕێگریلێکردنی و ئەنجامنەدانی پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق دروستبووە، گەر ئەمەریکا فشارەکانی لەسەر عێراق بەردەوامی پێنەدات بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە لە وادەی دیاریکراودا.

 

سەرچاوە: دەنگی ئەمریکا

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن