هەواڵ

جەستەی مەستوورە لە رۆحی شیعری نالی-دا

02:08 - 21/11/2019 272 جار خوێندراوەتەوە

عەبدولخالق یەعقووبی

هەر شاعیرێکی داهێنەر خاوەن گوتارێکی فیکری و جوانیناسیی تایبەت بە خۆیەتی. شاعیری داهێنەری خاوەن گوتار، لەنێو تانوپۆی سیستمی جیهانبینی و ژیانبینیی خۆیدا دەقی خۆی دەخوڵقێنێت و شیکردنەوەی شیعری شاعیری ئەوتۆ لە دەرەوەی ئەو سیستمە، دواجار خوێندنەوەیەکی نەزۆک و گەلێک جار ناڕاستی لێ دەکەوێتەوە، کە ناتوانێت ببێتە ئاوێنەیەکی باڵانوێنی هزر و هەستی شیعرەکانی. پۆل ریکۆر، فەیلەسوفی ئەدەبناسی فەرەنسی، لەم بارەیەوە دەڵێت: “بەرهەمی ئەدەبی، نەک هەر ئاوێنەی باڵانمای سات و سەردەمی خۆیەتی، بەڵکو لە هەمانکاتدا دەلاقەیەکە رووەو ئەو جیهانەی کە لە هەناوی خۆیدا هەڵیگرتووە”.

لێکدانەوەو شیکردنەوەی شیعری “مەستوورە”ی نالی، لە دەرەوەی سیستمی هزرڤانی و جوانیناسیی شیعری نالی تا ئێستاش ئەو رێسا باڵادەست و نەریتە زاڵە بووە کە ئەم شیعرەی پێ خوێندراوەتەوە و زۆربەی جارانیش ئەنجامی بە تاوانبار لە قەڵەمدانی نالیی لێ کەوتووەتەوە، تاوانبار هەم لە هەمبەر پرسی ژن بە گشتی، هەمیش بابەتی کەسایەتیی مەستوورە بەتایبەتی.  وەک بڵێی نالی لەم قەسیدەیەدا، لە رێبازی جیهانی شیعریی خۆی، واتە خۆشەویستیی مرۆڤ و نیشتمان و جوانی لایدابێت و دژی رێساکانی سیستمی هزریی شیعری خۆی راسابێت و نۆڕمی گوتاری جوانیناسانە و واتاناسانەی شیعری خۆی پێشێل کردبێت. شیعری نالی و ئەو گوتارگەلەی لەسەر دەستی جیهانبینیی شیعری ئەو هاتوونەتە ئاراوە، یەکێک لە گرینگترین وەرچەرخانەکانی شێوە تێڕوانینی کولتووریی مرۆڤ و کۆمەڵی کوردە بۆ چەمکگەلێکی لە چەشنی ژیان و جیهان و سروشت و مرۆڤ. شیعری نالی نیشانەی ئاشکرای مەوداوەرگرتنی مرۆڤێکە لە زەینییەتی تاکڕەهەندی و رەهاخوازانە کە سەرلەبەری دیاردەکانی جیهان، تەنیا لە دەلاقەیەکی بچووکی ئایدیۆلۆجیکەوە ببینێت. نالی لە شاعیرانی پێشەنگی کوردە، کە دژی سیستمی بەهادانەری باوی کۆمەڵی سەردەمی خۆی دەنگی هەڵبڕیووە و گەر نەشیتوانیبێت ئەم سیستمانەی لە بناغەوە هەڵتەکاندبێت، ئەوا رەنگ و رواڵەتی دزێوی ئەو سیستمە کۆنەپارێزانەی ئاشکرا کردووەو بەرهەڵستیان بووەتەوە. شاهیدی ئەم وتانە زۆربەی شیعرەکانی نالییە و دەست بۆ هەر دێڕە شیعرێکی ببەی، ترووسکاییەک لەو هزرە تازانەت بەردەکەوێت. 

نالی لە قەسیدەی “مەستوورە” لە دووتوێی تەکنیکی گێڕانەوەی خەونێکدا (بە تەعبیری خۆی “تەحریری خەو”) و لە رێگای هەڤپەیڤینی نێوان خۆی و مەستوورە، لە هەمبەر جەستەی مەستوورەو خۆی بە گشتی و ئەندامی نێرمایی (جنسی) خۆی و مەستوورە بەتایبەتی، هەڵوێستی شاعیرانەی خۆی دەربڕیوە. ئەم هەڵوێستە دەشێت لەنێو زەمینە و سیاقی سێ سیستمی بەرودوادا لێی بڕوانرێت:
١سیستمی شیعر بە گشتی.

٢سیستمی شیعری نالی بەتایبەتی.
٣ سیستمی تەکنیکی بەکارهاتووی شیعری “مەستوورە”(واتە گێڕانەوەی خەونەکە.)
دیارە ئەم هەڵوێستەی نالی سەرەتا هەڵوێستێکی شیعرییە،  کەواتە دەشێت بەپێی پێوانەکانی جیهانی دەقی شیعریی تاوتوێ بکرێت. ئینجا ئەم هەڵوێستە شیعرییە پاژێکە لە سیستمی جیهانبینی-جوانیناسیی شیعری نالی و دەشێت بۆ شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی ئەم شیعرە تایبەتمەندی و سەنگی مەحەکی سیستمی جیهانبینی و جوانیناسیی شیعری نالیشی تێدا رەچاو بکرێت. دواجار ئەم هەڵوێستە شیعرییەی نالی لە دووتوێی گێڕانەوەیەکی خەونئامێزدا بە دەستەوە دراوە و پێویستە خەسڵەتەکانی خەونیش وەک ئەسڵێکی گرینگ لە کاتی شڕۆڤەکردن و نرخاندنی ئەم شیعرە بە هەند وەربگیرێن و جێگە و پێگەی شایانیان پێ بدرێت. هەر بۆیە بە رای من ئەو خوێنەرەوە و توێژەر و رەخنەگرانەی کە رستە پڕ پێچوپەنا و وردەکارییەکانی قەسیدەی “مەستوورە” بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو سێ سیستمە گرینگە دادەبەزێننە سەر کۆمەڵێک گوزارەی سادەی درووشمئامێز و لەوێوە نالیی پێ تاوانبار دەکەن، پتر لەوەی کەڵکەڵەی کەشفی جیهانی دەقی شیعریی نالییان هەبێت، خوازیاری سەلماندن و سەپاندنی زەینییەتی خۆیانن بەسەر دەقی ئەو شیعرەدا. بە وتەیەکی تر، ئەم چەشنە خوێنەرەوەو بەردەنگانە لەبری کارکردن بە مەنتیقی دەق، بۆ دۆزینەوەی جوانیی و واتاکانی دەق، بە لۆژیکی زەینی خۆیان  بۆ داسەپاندنی واتای خۆیان (یان زۆرجار نییەتی خۆیان) بەسەر دەقدا هەوڵ دەدەن. 

لە پڕۆسەی خوڵقاندنی شیعردا شاعیر ئەو واقیع – بابەتانەی کە لە جیهانی دەوروبەری خۆیدا دەیدۆزێتەوە دەکاتە هەوێنی شیعر و ئەو هەوێنە لە بۆتەی زمانی شاعیرانەی خۆیدا قاڵ دەکاتەوە و شیعری لێ بەرهەم دەهێنێت. دیارە لەم نێوانەدا شاعیر بۆی هەیە بۆ تەیارکردنی زەینی بەردەنگ و خوێنەرەوەی خۆی بۆ تێگەیشتن لە واتای بەرمەبەستی تەکنیکی وەسفکردنیش بە کار بهێنێت. بەڵام کەڵک وەرگرتن لە تەکنیکی وەسف  دوائامانجی شیعر نییە، بەڵکو زەمینە و بیانوویەکە بۆ گەیاندنی واتا. تەنانەت گەر هەڵبکەوێت لە شیعرێکدا تەنیا وەسفی رووت بە دەستەوە درابێت، ئەم وەسفە دواجار دەشێت پیشاندەری حاڵەتێکی دەروونیی شاعیر یان واتایەکی شاراوەی دەقە شیعرییەکە بێت. کەواتە دەستەواژەی “وەسفی رووت” لە شیعردا بەو مەرجە پاساو هەڵدەگرێت کە دواجار نوێنەری واتایەکی دیار یان نادیاری شیعر بێت. وەسف لە شیعردا رێگایەکە بۆ تێگەیاندنی خوێنەرەوە لە ئەزموونێکی هەستکرد یان خەیاڵکردی شاعیر و لەم سۆنگەیەوە رەهەندێکی  نوێ بە ئەزموونە واتایی و فۆرمییەکانی خوێنەرەوە زیاد دەبێت. گەر بێت و لەرستە وەسفییەکانی شیعرێک دوامەبەست و دوائاکامی شاعیرەکەی لێ هەڵێنجین، ئەنجامی ئەم کردەیە بە هەڵەتێگەیشتنە لە تەکنیکی وەسفی شیعریی، یان لە واتا گریمانەییەکانی دەق. بۆ وێنە، با سەرنج بگرینە ئەم شیعرەی (ئالفرێد تێنیسۆن) وەسفی هەڵۆیەکمان بۆ دەکات:

(هەڵۆ)
بە چنگە چەمیوەکانی نێچیری توند توند گرتووە؛
لەپەنا خۆر، لە وڵاتانێکی تەریک؛
لە ئامێزی ئاسمانی شین و ساماڵ باڵ لێک ئەدا،

لە ژێر پەنجەی دەریای خرۆشان دەهەژێ؛
لە بانەوە، لە لووتکەی چیاکانەوە دەڕوانێت و
وەک تیری هەورەتریشقە بەرەو زەوی دادەگەڕێ.
(لە ئینگلیزییەوە: عەبدولخالق یەعقووبی)

جگە لەم شێوە وەسفەی کە “تێنیسۆن” لەم شیعرەدا کردوویەتی، دەکرێت بۆ جۆرە وەسفێکی زانستیی وردیش لەمەڕ گیاندارێکی لە چەشنی “هەڵۆ” ئینسایکلۆپیدیا یان کتێبێکی دەربارەی مێژووی سروشتی گیاندار و باڵندە یارمەتیدەرمان بن، بۆ وێنە  پێمان بڵێن: “هێلکەی هەڵۆ خاڵدارن و لە سێ دانە تێناپەڕن. هێلانەی ئەو باڵندەیە زۆرجار لە دۆڵ و دەرەیەکی دوورەدەست چێ دەکرێت و دەستی کەسی پێ راناگات. قاچی نە زۆر درێژ و نە زۆر کورت و چنگیشی چەمیو و خڕ و تیژن”. 
مەبەستی شێوە وەسفی لەم چەشنە بەدەستەوەدانی کۆمەڵێک زانیارییە لەمەڕ باڵندەیەک بە ناوی هەڵۆ، بەڵام ئەم زانیارییانە لە ئاستی پەڕ و باڵ و هێلکە و هێلانەی ئەو باڵندەیە تێناپەڕێت. بەڵام گەر بمانەوێت جگە لەم جۆرە وێناکردنەی باڵندەی گۆرین کە پتر لە باڵندەیەکی لە کارەبادراوی ویشکبووی پشت جامخانەی دووکانە شتە زریقە و بریقەدارفرۆشەکانی شار دەچێت، بە شێوەیەکی تر هەڵۆمان نیشان بدرێت، کە تێیدا شکۆی تەنیایی و وزەی وردبینیی و سرووشتی کێوی بوونی هەڵۆ رۆحی بەبەردا بکرێت، ئایا دەکرێت ئاوڕ لە شیعری تێنیسۆن نەدەینەوە و چێژ لەو ئەزموونە بە زمان کراوەی ئەو لەمەڕ باڵندەیەکی ئەوتۆ وەرنەگرین؟! 
لەم شیعرەدا تێنیسۆن دەربارەی هەلۆ قسەمان بۆ ناکات و زانیاریمان پێ نادات، بەڵکو رێگامان بۆ خۆش دەکات هێزی خەیاڵی خۆمان بخەینە گەڕ و لە  ئەزموونی هەستکردن بە هەڵۆدا، بەو جۆرەی ئەو هەستی پێکردووە، شەریک و هاوبەش بین. لەسەر دەستی ئەم شیعرە هەم سنووری ئەزموونی جوانیناسیی ئێمە لەمەڕ هەڵۆ بەرفراوانتر دەبێت، هەمیش ئەم ئەزموونە زێتر و کاریگەرتر لە ناخی هەست و بیری ئێمەدا رەگاژۆ دەکات و بڕشتی تێڕوانینمان بۆ جیهانی زیندووی باڵندەکان پتر دەکات. 
شیعری “مەستوورە”یش شیعرێکی تەواو وەسفئامێزەو نالی گوتەنی “تەحریری خەیاڵ‌و خەو”ی ئەم شیعرە لە قەوارەی کۆمەڵێک وەسفی بە روداوی پڕ وردەکاریی ئەندامی مێینەو نێرینەدا کراوە. ئەم زنجیرە وەسفانە لە دووتوێی کۆمەڵێک خوازە و شوبهاندن و وێنەسازیی و گیانبەخشیدا هاتووە، کە پتر لەوەی روویان لە دیاوی دیار و زەق و ئاشکرا و بێپەردەی ئەم ئەندامانە بێت، ئاڕاستەیان بەرەو دیوی نائاشکرا و ناڕاستەوخۆیانە بە جۆرێک دواجار رێژەی جوانیناسانەی فۆڕم و ناوەڕۆکی ئەم قەسیدەیە زیاد دەکەن. ئەم وەسفانە لەم سۆنگەیەوە لە چوارچێوەی ئەم شیعرەدا جێگە و پێگەیەکی مەنتقی بۆ خۆیان دەستەبەر دەکەن کە هەر لە دەستپێکی شیعرەکەدا پێداویستیی هێنانەئارای ئەم وەسفانە دەستنیشان دەکرێت، چونکی شیعرەکە لە هەبوونی“عوقدە”یەک لای مەستوورەو ویستی“حەلکردنی” ئەم “مەسەلە”یە بە “جەوابێ”لەلایەن “دێوانە”وە دەست پێدەکات:
دێوانە کە زانی کە دەبێ عوقدەگوشا بێ
هەستا و گوتی ئەشکی رەوانم بە فیدا بێ

بۆیە ئەم “مەسەلە”یە “نوکتێکی زەریفە”و مەستوورە دەبێ “تەعریفی بکات” واتە بیناسێنێت و ئەم ناساندنەش لەسەر دەستی کۆمەڵێک دێڕەشیعری وەسفییە کە بە گشتی وەک “سیڕڕ” لە قەڵەم دەدرێت. کە واتە وەسفی ئەندامی مێینەی مەستوورە کە لە دێڕەشیعری
ئەم سیڕڕە چییە میثلی سوها بێ، نە سوا بێ؟!
دووڕڕێ کە وەکو دووڕڕی سەما بێ، نەسما بێ

دەستپێدەکات، بەپێی لۆژیکی گێڕانەوەیی ئەم شیعرە، دوای ئەو خواستە خەیاڵییەی مەستوورە، کە خۆی ئەنجامی خواستی خەیاڵیی نالیی شاعیرە، دێتە ئاراوە؛ ئەو خواستەی کە تێیدا مەستوورە دەخوازێت“عوقدە”کەی “وا” بێ و “مەسەلە”کەی بە “جەوابێ” “حەل بکرێ”. جگە لەم هۆیە، مەستوورەی خەیاڵکردی نێو دەقی ئەم قەسیدەیە باوەڕی بە دەسەڵاتی نالی لە بواری “شەرحکردن”ی “مەسەلەی بیکر” هەیە، و بۆیە ئەم هۆیەش مەنتقی هێنانە گۆڕێی “نوکتەی زەریف” و “تەعریف کردن”ی ئەم نوکتەیە و باسکردن لەم “سیڕڕە” لە دووتوێی کۆمەڵێک دێڕە شیعری وەسفی بۆ ئەندامی مێینەی مەستوورە، پاساوهەڵگر دەکات. ئەم پاساوەش بۆ ئەو پاژەی شیعرەکەش کە تێیدا “دێوانە”(ئەندامی نێرینەی نالی) وەسفی خۆی دەکات وەڕست دەگەڕێت، چونکی پاش وەسفەکانی مەستوورە لەئەندامی مێینەی خۆی، ئەویش(واتە نالی-ش) بەو راستییە دەزانێت کە پێویستە “عوقدەگوشا” بێت و هەر بۆیە لە هەمبەر وەسفەکانی مەستوورە، وەسفی خۆی دادەنێ و لە رێوشوێنی مەنتقی گێڕانەوەیی شیعرەکە لانادات.
تا ئێرە باسی ئەوەمان کرد لە شیعری مەستوورەدا، وەسف پانتاییەکی بەرفراوانی بۆ خۆی تەرخان کردووەو ئەم وەسفانەش وەسفی دوو ئەندامی مێینەو نێرینەن. نالی-ش وەکو خوڵقێنەری ئەم دەقە بەپێی پێداویستیی مەنتیقێکی شیعریی ئەم وەسفانەی لە قاڵبی ئەم شیعرەدا جێ کردووەتەوە. 
لێرەدا لە وێستگەی پرسیارێکی تیۆریکدا رادەوەستین و دەڵێین، ئایا نیشانەی جوانیی شیعر لە وەسفی  جوانیی دایە یان لە جوانیی وەسف؟ ئایا ئەگەر شاعیرێک زیاترین وەسفی گوڵ و گوڵزار و کێو و کوێستان و رەنگ و رووخساری هێنایە نێو جیهانی شیعرەکانییەوە، جوانیی و چێژبەخشیی شیعرەکانی مسۆگەر دەکات؟ ئایا دەکرێت شاعیرێک لە شیعریدا باسی خەمی تاقەت پڕووکێنی خۆی بکات و ئێمە وەک خوێنەرەوە لە خۆشیی خوێندنەوەی ئەو شیعرە شاگەشکە بین؟ ئایا دەکرێت دوای خوێندنەوەی، بۆ نموونە ئەم شیعرەی شاعیری  فارس، فڕووغ فەڕوخزاد “خەمێکی خۆش”یان “چێژێکی تێکەڵ بە ئازار” ناخمان داگیربکات؟
من رووتم، رووتم، رووتم
وەک بیدەنگیی نێوان پەیڤەکانی 
مەحەببەت رووتم
برینی من هەمووی لە سۆنگەی ئەڤینە
لە سۆنگەی ئەڤینە، ئەڤینە، ئەڤین
من ئەم دوورگە سەرگەردانەم
لە شۆڕشی ئوقیانووس و
تەقینەوەی کێو پەڕاندووەتەوە و
لەتلەتبوون رازی ئەو وجوودە 
یەکگرتووە بوو
کە لە سوکوچروکترین زەڕڕەکانییەوە
هەتاو لەدایکبوو.
         (وەرگێڕانی: عەبدولخالق یەعقووبی)

ئەم چەند دێڕە شیعرە پاژێکە لە شیعری هەرمانی “باوەڕ بێنین بە سەرەتای وەرزی سارد” کە پیشاندەری ئەوپەڕی خەمباریی و دڵساردیی شاعیرە لە هەڵوەشانەوەی عیشقی نێوان خۆی و دڵدارەکەی و هەپروون بە هەپروون بوونی  وجوودی دوورگەئاسای خۆی و کولانەوەی برینی خۆشەویستیی و ئاشقێنی. خەمباریی و هیوابڕاویی پانتایی شیعرەکەی داگیرکردووە، کەچی چێژی ئەم پاژەی شیعری فرووغ، هەر لەم شێوە دەربڕینە خەماوییەدایە. بە وتەیەکی تر، ئەم شیعرە وەسفی خۆشیی ناکات، بەڵام هەست بە خۆشیی وەسفەکەی دەکرێت. بۆ نموونە کاتێک لە رێگای چەند پاتکردنەوەی وشەی “رووت”ەوە حاڵەتی راستۆکی و پاکی و بێ غەلوغەشیی خۆیمان بۆ زەق دەکاتەوە:
من رووتم، رووتم، رووتم
وەک بێدەنگیی نێوان 
پەیڤەکانی مەحەببەت رووتم

ئەم بابەتە لە ژمارە ٢٢ ی پاشکۆی کولتووری زەمەن بڵاوکراوەتەوە

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن