58 کوردستان

نوری حه‌مه‌ عه‌لی: پلانمان هەبوو بەرەو کەرکوک جوڵە بکەین

06:21 - 03/09/2023

"زەمەن"


فەرماندەی میحوەری پردێی هێزی پێشمەرگە ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو خۆیان ئامادە کردبوو بۆ ئەوەی بڕۆن بەدەم خۆپیشاندەرە کوردەکانی کەرکوکەوە، بەڵام بەهەوڵی هەندێک بەرپرسی عێراقی جوڵەیان بەرەو کەرکوک ڕاگرتووە.

ڕۆژی شەممە، بەشێک لە کوردەکانی دانیشتووی کەرکوک، دژی داخستنی ڕێگەی نێوان کەرکوک_هەولێر لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبی و لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکانەوە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و گرژی ڕوویدا، بەو هۆیەوە 4 خۆپیشاندەر کوژران و 15 ی تریش برینداربوون.

نوری حەمە عەلی، فەرماندەی میحوەی پردێی هێزی پێشمەرگە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەندێک بەرپرسی دڵسۆزی عێراق دەستوەردانیانکرد و داوای دان بەخۆدا گرتنی لێکردین، ئەگینا پلانمان هەبوو بەرەو کەرکوک بڕۆین. چۆن دەبێت خوێنی کورد لەکەرکوک بڕژێت و ئێمە دەستەوەستان بین."

تەقەکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە خۆپیشاندەرە کوردەکان، بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستانی هێنایە دەنگ و ئیدانەی "ڕشتنی خوێن"ی خۆپیشاندەرە کوردەکانی کەرکوکیان کرد. هەروەها مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، خۆپیشاندەرانی لایەنگرانی حەشدی شەعبی و لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکانی بە "گێرەشێوێن" ناوبرد.

نوری حەمە عەلی، دەڵێت،"داخستنی ڕێگەی کەرکوک_هەولێر و دژایەتیکردنی گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکوک پلانی شۆڤێنییەکان بوو، گەر پێشتر خێوەتەکە لابرایەو ڕێگەکە بکرایەتەوە، خوێنی گەنجی کوردیش نەدەڕژا."

لە ڕۆژی 27 ی مانگی ڕابردووەوە، لایەنگرانی عەرەب و تورکمان و حەشدی شەعبی دژی پێدانەوەی بارەگاکان بە پارتی لەسەر ڕێگەی کەرکوک_هەولێر خێوەتیان هەڵداو ڕێگەکەیان داخست. ئەمەش توڕەبوونی دانیشتوانی کوردی کەرکوکی لێکەوتەوەو بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی حکومەتی عێراقیان ناچارکرد ڕێگەکە بکاتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن