ئەڵتەرناتیڤی دروست بەرەنگاربوونەوەیە دژ بە داگیرکەریی
7/24/2019 10:09:00 AM
ڕێبوار ڕەشید
دەوڵەتی ئێران و تورکیا بێ لە داگیرکردنی خاکی کوردستان و هەموو ئەو تاوانانەی لە دژی خەڵکی کوردستان ئەنجامیان داوە، هەروەها تاوانی گەورەیان دژ بە مرۆڤایەتیی بەرامبەر نەتەوەکانی دیکە و هەروەها خەڵکی خۆیشیان ئەنجام داوە. لەبەرئەوە ئەم دوو دەوڵەتە دوژمنی خەڵکی کوردستان و نەتەوەکانی دیکەن. لە مێژووی ئازادیخوازییدا پێوەندیی هێز و دەسەڵات لە نێوان داگیرکار و داگیرکراو، چەوسێنەر و چەوساوە، تاڵانکار و دادۆشراو دا ڕوونە.
قسەیەک لە سەر دڕندەیی و وەحشیگەریی سپای تورک لە مێژوودا نییە. دەوڵەتی تورک کۆمەڵکوژیی دژ بە کورد و ئەرمەن و ئاسوور و ئاشوورکلدانی و یۆنانی و ڕۆم و لاز و چەرکەس و هتد. ئەنجام داوە. داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا لە بەراووردی کۆلۆنیالیزمی کلاسیکدا بێ وێنەیە. بۆ نموونە، ناوچەی زۆر بەرفراوانی باکوور، شوێنی کەلەپور و شارستانیی کورد و ئاشوور و ئەرمەن بە ئەنقەست دەخاتە ژێر ئاو، لە چەندین ناوچەی وەکوو راجو و جەندەریسە و عەین دارا لە ڕۆژئاوای کوردستان شوێنی کولتوریی و شارستانیی چەند هەزار ساڵە بە شۆڤڵ تەخت دەکات و مۆڵگای سەربازیی لە سەر دادەمەزرێنێت بۆ ئەوەی مێژووی نەتەوە دێرینەکانی ناوچەکە ڕیشەکێش بکات.
بۆ ئەوانەی ئازادیخوازن با کوردیش نەبن، یان ئازادیخوازیش نەبن و هەر خاوەنی ویژدانێکی گشتیی بن، ئەم داگیرکارییەی تورکیا دەبیت بە نەفرەت و دژایەتیی بکرێت.
پلانی ستراتیژیی تورک هەر سەبارەت بە سنووری نێو تورکیا نییە. بە پێی پەیماننامەی نەتەوەیی تورک/ ميثاقی میللی کە هەمیشە لە ڕۆژەڤی حکومەتەکانی تورکیادا بووە و کە ئەردۆغان زۆر بە جیددیی کاری لە سەر دەکات، گەڕاندنەوەی ویلایەتی موسڵ و حەڵەبە بۆ تورکیا. ئەمە شتێک نییە کە دەسەڵاتدارانی باشوور یان هەر کەسێکی دیکە لە باشوور و پارچەکانی تر ئاگایان لێی نەبێت.
حەڵەب گەورەترین ویلایەتەکانی عوسمانی بوو. هەر ساڵی 1939 دەوڵەتی تورک ناوچەکانی ئەسکەندەرون و ئەنتاکیا و هتد. داگیر کرد و لەو کاتەوە بوون بە پارچەیەک لە تورکیا. ئەوی لە سنووری ویلایەتکە ماوە وەکوو ئیدلیب، باب و مەنبەج و ڕەقە و خودی حەڵەب و دەوروبەری ئەوا خودی تورکیا، نەک هەر ئەردۆغان، بە هی خۆی دەزانێت.
ئەردۆغان کار بۆ ئەوە دەکات کە ویلایەتە کۆنەکانی عوسمانیی، دیارە بە تایبەتیی موسڵ و حەڵەب، بگەڕێنێتەوە بۆ تورکیا و لەگەڵ داودئۆغلۆ ئایدیۆلۆژیەکی نوێیان لە لەیەکدانی سوننەی پەڕگیر و ڕەگەزپەرستیی تورکیی هێنایە ئاراوە، واتە ئیخوان موسلیمونی تورکیی. دروشمی ئەردۆغان هەروەکوو بەعسیەکانە. تێبینیی بکەن کە بەعسیەکان هەر هەمان بناخەی ئایدیۆلۆژییان هەیە، هاوسەرگیریی سوننەی پەڕگیر و ڕەگەزپەرستیی عەرەبیی.
دەوڵەتی تورکیا و ئێران لە بنەڕەت و پراکتیکی سیاسییدا ئێراق و سووریا بە رەسمیی ناناسن. هاوکاریی کردنیان لەگەڵ ئەوان تەنیا لە چوارچێوەی دوژمنایەتیکردنی کوردستان و لێدانی دایە.
بە هەموو پێناسەیەک لە جیهانبینیی ئازادیخوازییەوە تورکیا و ئێران داگیرکار و دوژمنن.
ئەوی لە کوردستان بژی و لە سەنگەری دژ بە داگیرکارییدا نەوەستێت و بە ڕوونیی و ڕاشکاویی و بە کردەوە نیشانی نەدات ئەوا بەشێکە لە نەزمی داگیرکارییەکە و خیانەت لە خەڵک و خاکەکەی دەکات.
لە ئەدەبیاتی ئازادیخوازیی نێونەتەوەییدا خوێندوومانەوە و بیستوومانە و بینیوومانە کە تەنانەت کەسانی زۆر پەککەوتە، کەمئەندام و تووڕە لە جێپێی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابووری خۆیان، هەر بەشدارییان لە خەباتی خۆیانن دژ بە داگیرکەریی کردووە و هەڵیانبژاردووە کە لە سەنگەری دژ بە داگیرکەرییدا رۆڵێکی بەرچاو ببن.
لە ئەدەبیاتی ئازادیخوازییدا ئەوانەی دەکەونە داوی خۆفرۆشیی و وڵآتفرۆشیی بە سووک و ڕووسووا و نامرۆڤ تێیان دەڕووانرێت و وەکوو نموونەی شەرمەزاریی دەهێنرێنەوە. فەڕەنسیەکان لە جەنگی سەربەخۆییدا دژ بە نازیسزم زیاتر لە 9 هەزار خۆفرۆشیان تیرباران کرد و پاش دادگاییش زیاتر لە 1500 خۆفرۆشیان کوشت. جێی سەرنجە کە پاش دادگاییکردنەکانیش بە واتای ئەتک کردن سەری هەموو ئەو ژن و پیاوانەیان دەتاشیی کە گومانیان لێ دەکرا بە شێوەیەک دەستیان لە سیخوڕییدا هەبووە.
بە دۆکۆمێنتی هەزاربەهەزار و ئەزموونی کۆن و ئێستاکانێ لە هەموو حاڵەتەکانی خۆفرۆشیی و وڵاتفرۆشییدا تەنیا هۆیەک کە لە پشتیەوەی هەیە پارەیە.
پارەکە ڕەنگە سەد دۆلارێک بێت و ڕەنگە ملوێنان دۆلار بێت، بڕەکەی گرینگ نییە، ئەنگیزەکە پارەیە.
سیخوڕێک ڕەنگە بە قازانجی سەد دۆلارێک بکەوێتە داوی خۆفرۆشییەوە، بەڵام سەرۆکعەشیرەت و ئاغا و بەگ و هی دیکە وەکوو بازرگانی شەڕ خۆیان دەفرۆشن کە قازانجیان لە شێوەی مستوەگەرکردنی کورسی خۆیان و پێگەی خانەوادە دەتوانێت بە ملیارد دۆلار بێت.
ئەمە دیاردەیەکی کوردستانیی نییە، بەڵکو دیاردەیەکی ململانێی نێوان داگیرکەر و خەباتی ئازادیخوازییە کە دووکاندار و بازرگانی شەڕ بە ناوی ڕێکخراوە و حیزب و ناوچەپارێزیەوە پەیدا دەبن.
دەوڵەتی داگیرکەر زۆر زیاتر لە سپا و لە ئامرازی سەرکوتگەریی خۆی کەڵک لە خۆفرۆشانی نەتەوەی بندەست وەردەگرێت.
داگیرکەر هەرگیزاوهەرگیز ناتوانێت وەکوو "دەراوسێ" و "دۆست" و "هاوپەیمان" و "هاوبازرگانی بێتەرەف" ببینرێت. ئەوانەی ئەو جۆرە ناوانە دادەتاشن، ئەنگیزەکەیان خۆفرۆشتنە بۆ پارەوپول. بێگومان ئەوانەی لە ڕێگای خۆفرۆشییەوە بە ملوێنەها و بگرە ملیاردەها دۆلار قازانج دەکەن، هەروەها پاساو و بیناوویشی بۆ دەدۆزنەوە.
لەبەرئەوە هەموو ئەوانەی لەو پێوەندیەدا پارەیان قازانج کردووە و قازانج دەکەن، تەنانەت ئەگەر بۆ وتارنووسینێک و گۆرانی گوتنێک و پێشکەشکردنی بەرنامەیەکیش بێت، دەبێت لە خۆیان بپرسن: "بۆچی من ئەم پارەیە وەردەگرم؟"
ئەوانەی پارە وەردەگرن و ئەو پرسیارە لە خۆیان ناکەن دڕندەیەکی بێ بەزەیین کە دژ بە نەتەوەکەی خۆیان لە ئاو و ئاور بێ ئامانترن. ئەو خۆفرۆشانەن کە گەلی کوردیان لە باشوور کردووە بە گاڵتەجاڕی مێژوو.
ئەوە راستیەکی حاشاهەڵنەگرە کە لە پێوەندیی نێوان داگیرکەر و داگیرکراودا تەنیا خەباتی ئازادیخوازیی هەیە.
بەڵێ، دانوستاندن و گفتوگۆش دەتوانن هەبن، بەڵام تەنیا و تەنیا لە چوارچێوەی خەباتە ئازادیخوازیەکەدا.
ئێمەی کوردستانیی ئەوڕۆ لە گەرمەی خەباتی ئازادیخوازییداین و هێشتا هیچ پارچەیەکی کوردستان ڕزگاری نەبووە. دەوڵەتی ئێران و تورکیا بە 30 ساڵێک توانیان باشوور لە چنگی خەڵکی زەرەلێکەوتووی باشوور بهێنە دەر و کۆلۆنی بکەن. ئێستا تەواوی ئێراق بە باشووری کوردستانەوە لە ژێر کۆنترۆڵی ئێران و تورکیادایە. میت و ئیتلاعات لە باشوور راستەوخۆ بە ئانکارا و تارانەوە گرێ دراون.
هەوڵی پسپۆڕانەی داگیرکەریی لە ئارادایە کە باشوور وەکوو تیغی دووسەرە بە کار بهێنن. لەلایەکەوە لە پشتەوە لە پارچەکانی دیکەی پێ بدەن و لەلایەکی دیکەیشەوە نیشانی جیهانی بدەن و بڵێن "ئەمەیە حوکمڕانیی کوردیی".
کەس نییە ڕۆژانە ئەم جۆرە قسانە نەبیستێت.
لەبەرئەوە لە سەر هەموو کەسێکی باشوور (دیارە هەموو کوردستان) پێویستە کە بە پێی توانای خۆی دژ بە داگیرکەریی بووەستێت.
بڕووانن، بەرەنگاربوونەوەی ئەفسانەیی کوردستانیانی ڕۆژئاوا خەونی نیوکۆلۆنیالیزمی عوسمانیی ئەردۆغانی گۆڕی بۆ خەونێکی ئاڵۆز.
ئەمڕۆ ئەردۆغان دۆڕاوترینن سیاسەتمەداری جیهانە. لە دونیادا بە سووک دەبینرێت و لە ناو خەڵکی خۆی و تەنانەت حیزبەکەی خۆشیدا ڕووسووا بووە. ئاکەپە بەرەو دوولەت بووون دەچێت و لەوێشەوە پارچەی دیکەیشی لێ بەر دەبێتەوە. ئەردۆغان تورکیای بەرەو هەزارهەڵدێریی مایەپووچی سیاسیی و ئابووریی دەبات و وێستانی نییە.
ئەوانەی لەم ماشێنە شەقوشڕەی ئەردۆغاندان ئەوانەن کە کەوتوونە داوی پرۆپاگەندەی تورکییەوە و لەگەڵ ئەودا ملیان دەشکێت. یەکێک لە ئەلفابێی سیاسیی بۆ مرۆڤی ئازادیخواز ئەوەیە کە باوەڕ بە پروپاگەندەی داگیرکەر نەکات. داگیرکەر لە سەر پروپاگەندە و هەڕەشەوگوڕەشە و لێکترازاندنی نەتەوەی بندەست دەژی.
بەڵێ، بیروباوەڕەکان دەتوانن جیاواز ببن. مرۆڤی کورد وەکوو مرۆڤی هەر نەتەوەیەکی دیکە دەتوانێت ئەوپەڕی چەپ بێت، جۆرەکانی سۆسیالیست و سۆسیالدیموکرات و کۆمۆنیست بێت. یان ئەوپەڕی ڕاست و جۆرەکانی لیبرال و ئولترا کۆنسەرڤاتیڤ بێت، دەتوانێت سەر بە شێوەکانی فێمێنیزم یان مەزهەب و ئایینی جیاواز بێت، بەڵام دەبێت لە سەنگەری دژ بە داگیرکەرییدا بێت.
بەڵێ، هیچ کەسێک نابێت لە دەرەوەی خەباتی ئازادیخوازییدا بمێنێتەوە و وەکوو تەماشاکار لەو تێکۆشانە بڕووانێت.
ڕوون و ئاشکرایە ژمارەیەک لە خۆفرۆشیی سەرجادە ناتوانن فەریادڕەسیی داگیرکەر بن. دەوڵەتی تورکیا و ئێران سوود لەوانە وەردەگرن کە بە ناوی مقامی سیاسیی و عەشیرەتیی و ناوچەگەریی و حیزبیی و مزگەوتەوە دەدوێن. ئەوانەی لە پراکتیکدا دەستیان دەرووات و دەمیان دەگاتە خەڵک و بژێوی نانەسکیی خەڵکیان لە ژێر دەستدایە.
قسەی پێ ناوێت کە تورکیا و ئێران بێ خۆفرۆشی ناوخۆ ناتوانن خۆیان لە بەردەم نەعرەتەی کورددا ڕا بگرن، بەڵام بێگومان ئەو تێکۆشانە وزە و خوێن و سامانمان زۆر زیاتر لە سەر دەکەوێت لە کاتێکدا لە ناوخۆدا لە پشتەوە خەنجەر لە بڕبڕەی پشتمان بدەن.
خەباتی ئازادیخوازیی کوردستان هەروەکوو سەرجەم تێکۆشانە ئازادیخوازییەکانی جیهان دژ بە هیچ نەتەوە و ئایین و مەزهەبێک نییە، بەڵکو دژ بە نەزمێکی داگیرکەرییە و هەمیشە دەیەوێت لە پرۆسەیەکی ئاشتیی و سیاسیی دیموکراسییدا کێشەکە چارەسەر بکات. لە سەر ئەو بناخەیە ئاشتیەوانیی و هاوسۆزیی و هاوپشتیی نێوخۆ بە مانای وشە پیرۆزن چون ژیان و نرخی مرۆڤ لە کوردستان بەرز ڕادەگرێت، ڕێگای خەباتمان کورتر دەکاتەوە و زەرەرەکانمان زۆر بەرسنووردارتر دەکات. نەک هەر لە باشوور، بەڵکو لە سەرانسەری کوردستان پێویستمان بە پێشخستنی یەکیەتیی نەتەوەییە. یەکیەتیی نەتەوەیی لە سەر پرینسیپی فرەلایەنیی، دیموکراسیی و ڕێزگرتن لە ماف و لە بەهاکانی مرۆڤ. بەڵام هەروەها لە سەر پرینسیپی هاومافیی، بەرابەریی، هاوسەنگەریی، هاوپشتیی و هاوئاییندەیی.
سیستەمی داگیرکەریی درەنگ نابات لە کوردستان تێك دەشکێت چون زۆربایەتیی خەڵکی کوردستان هەروەکوو سەرجەم خەڵکانی دیکەی جیهان ئاشتیخواز و ئازادیخوازن و ئامادەن ئەو رەنجە بکێشن و ئەو قوربانییە بدەن کە پێویستە. لەو بارەوە هەموو هەوڵێک بۆ دەستنیشانکردن و لە قاودان و بێنرخکردن و سزادانی خۆفرۆشیی ناوخۆ بەردێکی بناخەییە.
تا خۆفرۆشیی نێوخۆ کەمتر بێتەوە یەکیەتیی نەتەوەیی زووتر پێ دەگات و خێراتر بە ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی دەگات.