شیوەنی پێشوەختەی مەرگێک
2/1/2023 10:09:00 AM
ڕێبوار ڕەشید
بۆ کوێستانی هەمیشە زیندوو !
وا پێنج ڕۆژێک بە سەر مەرگی ناوادەی کوێستاندا تێ دەپەڕێت. ئەم باسە نە دەستپێکردنی ئاسانە و نە کۆتایی پێهێنانی. تا ئەم چرکەیەش ئەم دێڕانە دەنووسم باوەڕ ناکەم کوێستان لە رووی فیزیکیەوە ئێمەی جیهێشتبێت. کوێستان پڕ بوو لە ژیان و لە هەموو شوێنێکدا هەیە.
پێش هەر شتێک سپاسی هەموو ئەو هاوڕێیانە و پارت و ڕێکخراوەکان دەکەم کە بە نامەی شەخسیی و بە پەیام و نووسینی روو بە دەرەوە رێزیان لە کوێستان گرتووە. دەزانم نەمتوانیوە وەڵامی هیچ کەس و لایەنێک بدەمەوە، تەنانەت لە کاتی نەخۆشبوونیشیدا و ئێستایش پاش بە خاکسپاردنی. داوای لێبوردن لە هەموو ئەو هاوڕێ و لایەنانە دەکەم و بە دڵنیاییەوە لە ڕۆژانی ئاییندەدا یەک بە یەک بە سەریان دەکەمەوە.
سی (٣٠) ساڵ ژیان لەگەڵ کوێستان بە مانای تەمەنێک لە هاورێیەتیی و هاوژیانیی دڵخۆشیی و ئارامیی بوو. هاوکات لەگەڵ پەروەردەکردنی کوڕەکان و هاوژیانیی گەرموگوڕ و دەم بە خەندەیی بەردەوامیی، خۆشقسەیی و گەرمیی باسەکانی، هەوڵ و کۆڵنەدانەکانیی بۆ مافی مرۆڤەکان و بۆ خەمی نەتەوە ستەم لێکراوەکەی نەک هەر من، بەڵکو هەمووانی دەهێنایە جۆش. کوێستان لە دەرەوە چۆن بوو لە ماڵەوەیش هەر بە هەمان شێوە بوو، چوست و چالاک و دەم بە پێکەنین و ڕوو لە ئاسۆ و خاوەن باوەڕ و دڵفراوان و بەخشندە و لێبووردە بوو.
کاتێک دەیگوت "دڵنیابن دەیبەینەوە" یان "بەرخۆدان ژیانە" بە ڕاستیی مەبەستیی بوو. ئەوە قسەی هەمیشەیی بوو، لە دەرەوە لە ناو کۆڕ و کۆمەڵدا بووینایە یان لە ماڵەوە و لە سفاری شخسییدا بووینایە.
کوێستان تەمەنی خۆیی بە رێز و واتاوە بە ڕێ کرد. دڵفراوانیی و بەخشندەیی و خەندەکانی بۆ ڕووداو و باسە ناپێویستەکانی ژیان هەمیشە منی ناچار بە دووبارە بیرکردنەوە و تێڕامان دەکرد.
کوێستان کەسێک بوو کە ڕق و کینەی لە دڵی خۆیدا کۆ نەدەکردەوە. دڵنییام دڵی لە هیچ کەسێک نەئێشاوە. مرۆڤێک بوو توانج و پلار و تەشەری دژ بە هیچ کەسێک نەبوو.
کاتێک کوێستانم ناسی ژنێکی بە ئەزموونی سیاسیی بوو. خاوەنی مێژوویەک لە بەرخۆدان و تێکۆشان بوو، دڵی پڕ بوو لە هەستی نیشتیمانپەروەریی و ڕێز لە کار و خەباتی خەڵکانی دیکە. من لەوەوە دووبارە ئەلفبێی سیاسیی لە سەرەوە فێر بوومەوە. کوێستان لە ڕابردوودا نە دەژیا و لە خولیای ئاییندەدا خۆی ون نەدەکرد. جار بە جار ئاوڕی بۆ دواوە ئەدایەوە و بە وریاییەوە بیری لە ئاییندە دەکردەوە، بەڵام هاوکات لە ئێستای ئێستادا دەژیا.
من بووم بە شاگردی کوێستان و هێدی هێدی لەگەڵ ئەودا پێش دەکەوتم. لەگەڵ ئەودا فێری تۆلەرانسی سیاسیی، فێری باشتر گوێگرترن و باشتر لێکدانەوە بووم. بە ڕاستیی لە کوێستانەوە فێر بووم کە خۆشەویستیی نیشتیمان و خەباتی ئازادیخوازیی نابێت لە پێوەندیی رق و کینە دژ بە کولتور و شارستانیی و زمانی ئەو نەتەوانە بێت کە دەوڵەتەکانیان کوردستانیان داگیر کردووە. بە ڕاستییش هەر لەو فێر بووم کە نرخی خەبات و تێکۆشانی هاوڕێیان و خەڵک فەرامۆش نەکەم کاتێک کە بۆچوون و هەڵوێستی سیاسییانم بە دڵ نەبێت.
سی (٣٠) ساڵ لەمەو بەر کە کوێستانم ناسی ئەو دەمێک بوو خاوەنی بیری ئەو پرۆژە ئاشتییە بوو کە ئێستا لە ئەمڕۆدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستە و کە کوردستان ناوەند و بنکەیەتیی. کوێستان چەندیش هەستی ئازادیخوازیی بڵند بوو، چەندیش عاشق بە خاک و خەڵکی کوردستان بوو، هەر لە سەر هەمان ئاستیش نێونەتەوەیی و هیومانیستیی و گەردوونیی بیری دەکردەوە. دەیان لە هاوڕێ نزیکەکانی لە ژن و پیاو کە لەم ڕۆژانەدا بە کوڵ بۆی گریاون غەیرە کوردن. هەرگیز لێم نەبیستووە رقی بەرامبەر بە باڵندەیەک، ئاژەڵێک یان مرۆڤێکی ئاسایی دەرببڕێت.
کاتێک ناسیم لە مێژ بوو سنوورە نەریتیە باوەکانی تێپەڕاند بوو. کوێستان خودئاگا و هۆشیارانە پرسی ژنی پێش دەخست. ئاگادارم سەدان جار بێ ئەوەی ژنانێک یان پیاوانێک هەستی پێ بکەن ئەم جێگۆڕکێی لە شوێن و لە شێوەی چالاکیی و کارەکاندا بە قازانجی ژنان دەکرد، بێ ئەوەی بە یەک وشەش باسی بکات. هێندەش خێرا بیریی دەکردەوە و چوست و چالاک بڕیاری دەدا و بە دەستوبرد ڕای دەپەڕاند کە دەبووایە بتناسیایە بۆ ئەوەی لێی تێ بگەیت.
کاتێک بۆ خۆمان پێکەوە دەبووین و سەیری فیلمێک یان شانۆگەریەکمان بکردایە بە تایبەتیی گرینگیی و بایەخی بە لایەنە فێمێنیستیی و ژنانەکەی دەدا، ئەو لایەنەی کە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ رەخنە لە پیاو دەگرێت و ئازار و ئێش و گیروگرفتەکانی ژن دەخاتە پێش چاو. کوێستان هەروەها بایەخێکی تەواو جیددیی بە پرسی هەژاریی و نەداریی و بێکاریی دەدا. لە کوێستانم نەبیستووە ئانالیزێک لە سەر دۆخی خەڵکی کوردستان یان پرسی داگیرکاریی بکات بێ ئەوەی ئاماژە بەو خاڵانە بدات.
تا ئێستایش ناتوانم لە سڕری پەیوەندییەکانی وەک ژنێکی میهرەبان و بەخشندە بۆ هاوڕێ و خێزان و دۆستەکانی تێ بگەم، کە چۆن دەتوانێت هەست و نەست و ڕێز و سۆز و خۆشەویستیی خۆی لەو ئاستەدا ڕابگرێت. لە باسی منداڵییەوە تا گەورەساڵیی و بەرەو ژیانی زیندان و پاش زیندان،
کوێستان هەمیشە سینگی پڕ بوو لە وشەی پاراو. ئەو کەسایەتییەی ئەو بوو کردبووینی بە دوو کەسی زۆر بە دەگمەن هەڵکەوتوو کە توانیبێتمان پێوەندیی هاوسەریەتیی و هاوڕێیەتیی پێکەوە گرێ بدەین و زیاترین کات پێکەوە بە سەر ببەین. هەمیشەش بە دەنگە خۆشەکەی بە گۆرانیەک ماندوویەتیی یان نیگەرانیی و خەمێکی لە ماڵەوە دەڕەواندەوە.
لە هەموو ئەو کارانەمدا کە کردوومە، جا چ وەرگێڕان بێت یان باسی سیاسیی جیاواز یان ئامادەکردنی فەرهەنگی سویدیی لێکسین، کوێستان یەکەمین کەس بوو هاوکاریی کردوم و پشتی گرتووم و کاتی بۆ فەراهەم کردوم. منیش هەمیشە لە شوێنی خۆی و کاتی خۆیدا و بە بەرچاوی هەمووانەوە سپاسم کردوە و ڕامگەیاندوە کە بێ ئەو نەمتوانیوە ئەو کارانە بکەم.
کوێستان هەر لەگەڵ مندا هاوڕێ نەبوو، هەروەها لەگەڵ ئالان و ئارانیش هاوڕێ بوو. سۆز و خۆشەویستیی دایکایەتیی تێکەڵ بە پێوەندیەکی هاوڕێیانە دەکرد، نەک هەر لەگەڵ ئەوان بەڵکو لەگەڵ هاوڕیکانیشیاندا. هیچ هاوڕێیەکی ئالان و ئارانم نەدیوە کە دەستیان لە سەر شانی کوێستان دانەنابێت و وەکو دایکی خۆیان لێیان نەڕووانیبێت و نەیاندوانبێت.
کوێستان پشت و پەنا و دوورگەیەک بوو بۆ ئارامیی و پشوو دان. دەیان لە هاوڕێیانی نزیک پێیان دەگوت "خۆش باوەش".
ئێستا من چۆن بتوانم لە ناوەڕاستی ئەم خەمە گەورەیە و ئەم بۆشاییەدا لە باسی کوێستاندا وەکو هاوڕێی و هاوژین و دایک و خوشکێک و مرۆڤێکی تێکۆشەر، سەرکەوتوو بم؟
ئەو ڕۆژەی هەواڵی نەخۆشیەکەیمان وەرگرت زۆر پێش ئەوە بڕیارمان دابوو لەگەڵ ئاران لە دەرەوە پێکەوە خواردنێک بخۆین. وەڵاممان وەرگرتبووەوە. لەگەڵ ئاران دانیشتبووین. من و کوێستان چاومان لە چاوی یەک بڕی بوو و گاه لە یەکترمان دەڕووانی و گاه سەرنجمان بەرەو شوێنی دیکە دەفڕی. ناخی من ئاگری گرتبوو و گەرووم بۆکڕووزی لێ هەڵدەستا و چاوم پڕ بوو لە فرمێسکی گەرم. دەزانم ئەویش وا بوو. ئاران بە سەرسامییەوە لێی پرسین "ئەوە بۆ هیچ ناخۆن، خۆ شەڕتان نەبووە؟". ئەو رۆژە و رۆژانی پاش ئەویش پێمان نەگوتن.
ئەو ساتە و ئەو ڕۆژانە چەند بە ئازار بوون کە دەیویست و دەمانویست لە ئاران و ئالانی بشارینەوە.
ساڵێک و حەوت مانگ ئەو هەستە لە شیوەن و گریانی قووڵ و پێکەنینی بە هەنسک، لە فرمێسک و شەونەخونی و گریان و پاڕانەوە لە خوداکان و لە مانگ و ئەستێرەکان و لە سرووشت. لەو ماوە بە ئازارەدا یەک جاریش نەم دی کوێستان لە ترسان بگری یان ورەی بڕووخێت و هەرگیز بەزەیی بە خۆیدا نەدەهاتەوە، و یەک دانە جاریش لێم نەبیست بڵێت "بۆچی من، بۆ یەکێکی تر نا؟". بە پێچەوانەوە، هەمیشە دەیگوت من تەمەنێک ژیاوم، ئەوانەگوناهن کە منداڵن یان ژنانێکن منداڵی وردیان هەیە، ئەوان چی بکەن و چ ئازارێک دەچێژن، یان ئەوانە چی بکەن کە هەژار و بێدەرەتانن و پشتیوانیی خێزانێک و هاوڕێیەکیان نییە. دەیزانی من زوو دڵم پڕ دەبێت، هەمیشە بە دکتۆرەکانی دەگوت، ڕوو بکەنە من قسەی خۆتان بکەن.
بەڵی، هاورێیان
دەزانم هەموو مەرگێک بە ئازارە و هەموو ئازارێک شوێنێک دەئێشێنێت، دەشزانم هەموومان بە شێوەیەک تامی ناحەزی مەرگمان چێشتووە و دەزانم هەموومان بە شێوەی جیاواز سەمای ناحەزی مەرگ ترساندووینی، بەڵام دڵنییام هیچ ئازارێک وەکو شیوەنی پێشوەختەی مەرگێک دڵ و دەروون ئازار نادات.
کەسایەتیی کوێستان و بە هێزیی لە رووبەرووبوونەوەی لەگەڵ ژیاندا تا بە نەخۆشیەکەی دەگات، هەموو بە یەکەوە ئەو مرۆڤەیان دروست کرد کە ئێستا من و هەموو ئێوەیەکی دوورونزیک کە دەیناسن لە دڵەوە بۆی خەمبارین و خۆشمان دەوێت و بیری دەکەین.
کوێستانی شیرین، ئیستا کە ئێمەت جێهێشت و بەرەو ئارامستان سەفەر دەکەیت ڕێزت، بەرخۆدانت، میواندارییت، خەباتت، میهرەبانیی و نەرم و نیانییت، دڵسۆزێت و تێکۆشانت لە تاسە خانەی دڵمدا جێگیرە و هەرگیز لە بیر ناچێتەوە. دڵنییام هیچ هاوڕێیەک یادت فەرامۆش ناکات.
یادت هەر بەرزە، ماڵئاوا هاوڕێی دەنگ زوڵاڵم.