906وتار

پارتی ویەکێتی مۆتەکەی گەلی کورد

7/6/2019 9:46:00 PM
شەهید خەلیل

لەدوای ڕاپەڕینەوە ھیواکان گەورەکران، کە گەلی کورد دەبێتە خاوەن کیان و چوارچێوەیەکی سیاسی وقانونی خۆی. تێیدا خەڵکی بتوانن مومارەسەی ژیانێکی شەرەفمەندانە وئازادیەگشتیەکان بکەن، چونکە دەیان ساڵ بوو ھەموو خەڵک رۆڵەکانیان دەناردە شاخ بۆ بەرگری وگیانفیدای بۆ بەدەستھێنانی مافەکانی گەلی کورد. ھەرچەندە ھەرلەسەرەتاوە کۆمەڵێک خەڵک بەوپەری  بەدگومانیەوە لە دۆخەکەی دەروانی. لەسایەی دووھێزەوە دەبێ بتوانرێت ئەو خەونەی گەلی کورد بەدیبھێنێت؟ چونکە ھەر لەسەردەمی شاخ دووھێزە باڵادەستەکە چەندین جار توشی شەر وپێکدادانی گەورەی سەربازی بووبوونەوە تێیدا بێ گوێدانە بارودۆخەکە دەیان رۆڵەی ئەم نیشتیمانە لەجیاتی لەشەری دوژمن شەھیدبن شەری براکوژیان بوو بەدوا سەنگەری پارتیزانی.


ھەرچەندە بەرەی کوردستانی تا رادەیەک ئەم گومانەی رەواندەوە، بەڵام دوای ئەوەی یەکەم ھەڵبژاردنی پەرلەمان لەساڵی ١٩٩٢ بووبە یەکەم وێستگەی بە لارێدابردنی دۆخی کوتدستان کەتێیدا تەزورێکی گەورە لەھەڵبژاردن کرا بەتایبەت لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی چەند ساڵێک دواتر لەبەر بەرژەوەندیە ئابوریەکانیان کوردستانیان خستە ناو شەرێکی گەورەی براکوژی، دەستیان بۆھەموو حەرامکراوەسیاسیەکان برد تەنھا لەپێناو بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی ھەریەکەو لەلای خۆیەوە ھەوڵی شەرعاندنی شەرەکەی دەدا. کە لەپێناو ئەو ھاوڵاتیانەیە کە کورەکانیان لە شەرەکە دەبوون بەقوربانی ودەیان دوژمنایەتی قوڵی مێژووی خستە ناو کۆمەڵگاوە لەھەموو ھەڵبژاردنەکان لەجیاتی دەنگی ھاوڵاتی سەنگی مەحەک بێت تەزویر و ساختەکاری دەبێتە سیمای سەرەکی ئەو ھەڵبژاردنانەی پارتی ویەکێتی تێیدا شەرعیەت بەخۆیان دەدەنەوە، ھەرگیز ناتوانن بروا بەخۆیان بھێنن کە دەبێت دوای ئەم ھەموو ساڵە لە ناعەدالەتی وبەفیرۆدانی پارە وزەی ھاوڵاتیان واز لەکورسی دەسەڵات بھێنن.

 


سیمای سەرەکی حکومرانی ئەم دووھێزە بەھەدەردان و دزینی پارەی میلەتێک بووە، کەھیچ خواستێکی نەماوە بۆئەوە ئەم دووھێزە چیتر بەردەوامبن قەیران وململانێی ناشەریفانە وایکردووە پێگەی ھەرێم لەئاستی ئیقلیمی ونێودەوڵەتی تەواو لاواز بێت ئەگەرچی ھەرێم خاوەنی کۆمەڵێک سەرچاوەی سروشتیە، بەڵام ھەموو کوردستانیان لە ھەرێمێکی فرەسەرچاوە کردۆتە تەنھا پشت بەستن بە نەوت چونکە تێیدا دەتوانن زۆرترین دزی وناعەدالەتی بکەن کەرتەکانی کوشتوکاڵ وگەشتیاری وئاژەڵداری بەتەواوی پشتگوی خراوە میلەتێکی موچەخۆری بێ بەرھەمیان دروستکردوە بۆئەوەی لە ھەڵبژاردنەکان لەپێناو قوتی ژیان، دووبارە دەنگیان پێ بداتەوە. نەوت بۆتە ئەو نەعرەتەیەی کەخەڵکی جگە لە بێ ھیوایی ھیچی تریان بۆنەماوەتەوە وە کۆچکردن لە وڵاتێکی پڕ خێر وبێر بۆتە ئیشی رۆژانەی ئەوانەی تەواو بێزار بوونە بەدەست خراپی دۆخی حکومرانی وئیدارەدانی ئەم دووحیزبە.

 


ئازادیەکان لەژێر ھەرەشەی جدی دان لەجیاتی دادگاکان سولحی عەشایەری جێگای گرتۆتەوە. ناتوانرێت ھیچ ھیوایەک لەسەر دادگا وداواکاری گشتی ھەڵبچنرێت وھەمیشە ئازادی لەژێر رەحمەتی چەقۆی بەڵتەچی و شەق وەشێنەکانی ئەم دووحیزبەدایە. تائێستا نەیانتوانیوە ھێزێکی یەکگرتووی نیشتیمانی بنیات بنێنن کەھەموو خەڵک ھەست بەئارامی وئاسودەیی بکات وبەیەک ئاراستە لەھەمووان دووربێت. نەیانتوانیوە ئابورێکی باش بنیات بنێنن، کەخەڵک ھەست بەئارامی گیرفانی بکات بۆیە بەردەوام نارەزایەکانی خەڵکی گەورە دەبێت وئەگەری تەقینەوەی جەماوەری لێدەکرێت. کەرتی گشتی وتایبەت لەژێر ھیچ جۆرە چاودێری ولێپرسینەوەیەک نیە وجیاوازی لەنێوانیان وەک ئاسمان ورێسمانە. لەگەڵ قەیرانی دروستکراوی دارایی ھەموو کەسێک ھەستی بەوەکرد کە ئەم وڵاتەیان چۆن لەلێواری دارمانێکی گەورە نزیک کردۆتەوە


جیاوازی ژیانی بەرپرسان لەگەڵ ھاوڵاتیان بەراورد ناکرێت چینێکی مشەخۆری گەندەڵ ھەموو خۆشیەکانی بۆخۆی وخێزانەکەیی وبەشێکی کەمی دەوروبەرو کاسەلێسەکەی دەوێت وھاوڵاتیانیش رۆژ دوای رۆژ توشی رەشبینی سەرگەردانی دەبن وە بەرپرسان ھەمیشە خەڵکی وەک کەرەستەیەکی خراپ بەکاردەھێنن بۆ بەردەوامی خۆیان وبەڵێنەکانیان ھەمووانی ھەراسان کردوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن