450وتار

چەند تێبینیەك لەبارەی پرۆژە یاساكەی چاكسازیی

12/14/2019 2:38:00 PM
فەرمان ڕەشاد

پرۆژە یاسای چاكسازیی كە لە خولی رابردوو پەسەندكراو دواتر گەڕێنرایەوە پەرلەمان بەهۆی هەبوونی تێبینی لەسەری، لە چوارچێوە گشتیەكەی هەنگاوێكی باشە بە ئاراستەی چاكسازیی لە موچە، لە ئێستادا حكومەت بە هەماهەنگی دامەزراوە جیاجیاكانی لیژنەیەكی بۆ پێداچوونەوە بە پرۆژەكەی خولی رابردوو پێكهێناوە، بۆیە لێرەدا چەند تێبینیەك لەسەر بنچینەی پرۆژە یاساكە كە لە سایتی پەرلەمانی كوردستان بڵاوكراوەتەوە دەخەینەروو:
مادەی یەكەم، بڕگەی یەكەم 
تیایدا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە بنەماكانی یەكسانی و دادپەروەری و شایستەبوون پێوەرن بۆ پێدانی موچە، جێبەجێكردنی ئەو خاڵەش بەوە دەبێت، هەر موچە خۆرێك كە موچە لە حكومەتی هەرێم وەردەگرێت پێویستە بەشی لایەنی كەمی پێداویستیەكانی ژیانی بكات، بەتایبەت ئەگەر كەسەكە كرێچی بێت، يان بارودۆخی تایبەتی هەبێت، پێویستە ئەو موچەیە بەس بێت بۆ ئەوەی بتوانێ كرێی خانووەكەی و پێداویستیەكانی تری پێ جێبەجێ بکات، بەو پێیەی بیمەی تەندروستی نیە پێویستە بایی ئەوەش بكات كە بتوانێ خەرجی نەخۆشخانە بدات، واتە سەرەنجام هەر موچەخۆرێك بەو موچەیەی وەریدەگرێت و پێویستی بە ئیشی دووەم نەبێت پێداویستیەكانی رایی بكات، بەپێچەوانەوە ئامانجی ئەو بڕگەیە نایەتە دی، رەنگە ئێستا هێنانەدی ئەو خاڵە ئاسان نەبێت، بەهۆی زۆری ژمارەی مووچەخۆران و لاوازی سیستەمی تەندروستی و نیشتەجێكردن و بوارەكانی تر، بەڵام لە راستیدا پێویستە لە دوورمەودا بەو روانگەیە سەیری پێدانی موچە بكرێت، بۆ ئەوەی فەرمانبەر پەنا نەبات بۆ كاری دووەم كە دواجار دەرفەت لەبەردەم تازە دەرچووان كەمدەكاتەوە.
مادەی سێیەم، یەكەم
لەو بڕگەیە ئاماژە بە جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی فیدراڵ ژمارە (9) كراوە، ئێمە پێمانوایە یاسای خانەنشینی عێراق بنەمای دادپەروەری تێدا وەك پێویست رەچاو نەكراوە، راستە بەو پێیەی 80%ی داناوە بۆ خانەنشینی پلە تایبەت، بە مەرجی تەمەن و خزمەت. كە ئەوەش دووجار ناعەدالەتی دەخولقێنێت، چونكە موچەخۆرێكی ئاسایی ئەگەر بە 80%ی موچەكەی خانەنشین بێت، جیاوازیەكی گەورەی هەیە لەگەڵ پلە باڵایەك كە بەهەمان رێژەی موچەكەی خانەشین دەبێت، ئەوە دەرگایەكی گەورەتر لەسەر ناعەدالەتی موچە دەكاتەوە.
بۆیە بۆ كەمكردنەوەی ئەو بۆشاییە دەكرێت رێگا چارەسەری تر بگیرێتەبەر بۆ راستكردنەوەی ئەو لاسەنگیە، بە دیدی ئێمە پێویستە خانەشینی لە 50%ەوە دەستپێبكات تا 80% بۆ سەرجەم فەرمانبەران، واتە پلە تایبەتەكان كە موچەیان زۆرە بە رێژەی 50%ی موچەكانیان خانەشین بكرێن، دوای تێدابوونی مەرجەكان، هەروەها پلە ئاساییەكان بەگوێرەی كەمبوونەوەی موچەكانیان ئەو رێژەیەی پێی خانەنشین دەبن بەرز بكرێتەوە تا رێژەی 80%.
مادەی شەشەم
لەو مادەیە بەخشینی موچەی خانەنشینی و هەر ئیمتیازاتێكی تری دارایی بەستراوەتەوە بە تۆماری بایۆمەتری، بەگوێرەی بەدواداچوون تۆماری بایۆمەتری تەنیا لەیەك بوار سەركەوتوو بووە كە دوو موچەی و سێ موچەیی ئاشكرا كردووە بۆ هەمان كەس، ئەوانی تر كە پێیان دەوترێ بندیوارو ناشایستە سیستەمەكە سەركەوتوو نەبووە لە ئاشكراكردنیان، بۆیە پێویستە پێوەرەكان توندتر بكرێن بۆ ئەوەی خەڵكی ناشایستە دەربهێندرێن، ئەو خاڵەش یەكێكە لەو بابەتانەی كە زۆرترین گفتوگۆی لەسەرە، ئایا دواجار چۆن موچەی بەشێكی خەڵك دەبڕدرێت، كە هەیانە بە دەیان ساڵە ئەو پارەیە وەردەگرێت، جێبەجێكردنی ئەو مادەیە جورئەتی سیاسی دەوێت، هەروەها رێكەوتن و پشتیوانی هەموو لایەكی پێویستە، وەك دەبینین یەكێتی بۆ نەچونە ژێر باری ئەو خاڵە ئەوە بە پاساو دەهێنێتەوە كە موچەخۆرانی ئەوان راستە بەشێكیان كێشەی یاساییان هەیە، بەڵام پارتیش موچەخۆری نایاسایی هەیەو چارەسەركراون، ئەوەش زۆر مشتومڕ هەلدەگرێت كە دواجار سەر لەكوێ دەردەهێنێت.
فەسڵی شەشەم، مادەی یانزەهەم
ئەو مادەیە یەكێكە لەو بابەتانەی كە زۆرترین قسە هەڵدەگرێت، بەگوێرەی مادەكە بێت بەشێك لە فەرمانبەران دەرماڵەكانیان دەبڕدرێت، بەو پێیەی كە بەشێوەی فعلی خزمەت لە بواری ئەرك و چالاكی تەكنیكی ناكەن، بڕینی هەر دەرماڵەیەك كاردانەوەی خراپی لێدەكەوێتەوە بۆ پشتیوانی خەڵك بۆ پرۆژەی چاكسازی، چونكە بەگشتی موچەی فەرمانبەران بە بەراورد لەگەڵ پێداویستیەكانیان وەك پێویست یەك ناگرێتەوە، بەتایبەت دوای ساڵانێكی قەیرانی دارایی و پاشەكەوتی موچە كە خەڵك كەوتۆتە ژێر فشاری دارایی. بۆیە پێویستە ئەو مادەیە هەڵبگیرێت یان زیاتركردنی موچەی كارمەندانی تەكنیكی بێت، بەپێچەوانەوە خەڵك پێی وادەبێت ئەوە بە یاسایی كردنی پاشەكەوتی موچەو بڕینیەتی، چونكە لەبیرمان نەچێت نزیكەی 57%ی ئەو موچەی فەرمانبەران وەریدەگرن بریتیە لە دەرماڵە بەشێوە جۆراوجۆرەكانی.
بەگشتی پرۆژە یاساكە ئەگەر پەسەند بكرێت و دواتر جێبەجێ بكرێت دەكرێت دەبێتە هەنگاوی یەكەمی پرۆسەی چاكسازی لە كابینەی نۆیەم، بەڵام ئەگەر حكومەت و پەرلەمان لەوە شكست بهێنن ئەوە كاریگەری لەسەر قۆناغەكانی دواتری هەوڵەكانی چاكسازیش دەبێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن