ئێمە مەحکومین بەیەکگرتن
1/19/2026 7:09:00 PM
یەڵدا هەرکی
شیکاری ئەم ڕۆژانەی
هەرێم، زیاتر لە پێشبینییەکانی کەشناسی لە لوتکەی قەیراندا دەچێت؛ یان دەبێتە تۆفان،
یان نابێت!
ئەو دەمارگرژانەی کە پۆزی زانایی لێ دەدەن و تەواوی
هونەریان ئەوەیە لە نێوان عەرش و فەرشدا بە هەڵواسراوی بمێننەوە. شیکارەکانیان دەخوێنمەوە
و بە خۆم دەڵێم: خۆزگە تۆزێک لە هێوریی ڕەگەکان دەدوان.
من سیاسی نیم و هەرگیز نەمویستووە
پێم بخەمە ناو پێڵاوی سیاسەتەوە؛ نە لەبەر ئەوەی ڕێگاکە ناناسم، بەڵکوو لەبەر ئەوەی
ئەم توێکڵە بێگانەیە، لە گفتوگۆ لەگەڵ ڕەگەکان دامدەبڕێت.
من پێیەکانم تووشی "تێگەیشتنی
ڕووتی خاک" کردووە؛ شتێک قووڵتر لە عادەت، لەو شوێنەی کە بڕبڕەی پشتم لەگەڵ دەماریی
بەئاگای ڕەگەکان خەریکی مشاعێرەیە. من لەسەر شانەکانی مێژوو وەستاوم؛ لێرە خاک، ئەمانەتێکە
بە حورمەتی خوێن گەرم بووەتەوە، و من لە هەر هەنگاوێکدا، قورسایی نەجابەتی ئەو کەسانە
هەست پێ دەکەم کە پێش من، کراسی ئەم کێوانە بوون.
لێدانی دڵی ئەم خاکە، درێژەی دەمارەکانی
منە. سیاسەت، ئەندازەی سنوورەکانە، بەڵام پێپەتییەکانی من، حورمەتی ئەم پێکەوەبەستراوییە
تێدەگەن؛ لەوێدا کە هەر گەردێکی خاک، چیرۆکی
گیانێکە کە لە پێناو مانەوە بەخشراوە.
ئێمە مەحکوومین بە یەکگرتن، یەکگرتوویی فەرمانێکی
ئەبەدییە، چونکە خوێنە ڕژاوەکان، لە ژێر پێستی ئەم خاکەدا گەیشتوونەتەوە بە یەک...
ئێوە دەڵێن:
کەشناسیی ئەم ڕۆژانەی هەرێم، هەواڵی هەورە ڕەشەکان دەدات؟
من دەڵێم : سیاسەت
ئەگەر لە جیاتی پهرتەوازەیی ناوخۆیی، دەرفەتێک بێت بۆ ڕواندنی ئومێد، هیچ هەورێک نامێنێتەوە.
ئەهلی دروشم نیم و دەزانم ڕاستییە تاڵەکان بە هیچ ڕستەیەکی
جوان شیرین نابن؛ ڕاستیی کوردستان نە لە شیعرەکانی منە و نە لە شیکارییە ڕەشەکانی ئێوەدایە،
ڕاستیی کوردستان لەوێدایە کە ئەگەر پشت لە یەکدی بکەین لەم ئێستای مێژووەدا، بنبەستی
ڕاستەقینە ڕێگەیەک جگە لە کەوتن ناهێڵێتەوە.
داهاتوو هی ئەو کەسانەیە کە دەزانن
دارەکان تەنیا کاتێک بە جەنگەڵ دەمێننەوە کە ڕەگەکانیان لە ژێر خاکدا لە یەکدی ئاڵابێت.
کەواتە یان لە یەکدی دەئاڵێین، یان لە گۆشەگیریی وشکی خۆماندا، دەبینە کۆتەرەدار بۆ
تەنووری دراوسێ.
مێژووی ئێمە هەوراز و نشێوی کەم نەبووە، بەڵام
ئەمڕۆ کاتی ئەوەیە بسەلمێنین کە سیاسەت، بێجگە لە کایە کاتییەکان، پێویستی بە ئێسکبەندییەکی
یەکگرتوو هەیە.
سیاسی نیم، من شاعیرم ، بەڵام ئەمە باش تێدەگەم؛ دەوڵەتی کوردستان، پێش ئەوەی کایەیەکی سیاسی بێت،
هاواری خوێن و پێویستییەکی ڕۆحییە؛ تەمەننای ماڵێکە بۆ ڕۆحێک کە سەدەکانە ئاوارەیە.
ئێمە مەحکوومین کە یەکبگرین، دەنا لە ناو ئەم چوارپارچەیی
مێژووەدا، بۆ هەمیشە لەناو دەچین؛ "چونکە لە نەخشەی ئەبەدییەتدا، شوێنێک بۆ ئەو
گەلە نییە کە لەگەڵ خۆیاندا لە شەڕدا بن".