593وتار

نرخی دەرمان

5/22/2019 10:14:00 AM
شایان عەسكەریی

 

 لە بەدواداچوونێکی وورد بۆ کێشەی زیادبوونی نرخی دەرمان لە دەرمانخانەکانی شاری سلێمانی، پەیوەندیم کرد بە بەرێزان بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، سەرپەرشتیاری سەندیکای دەرمانسازان لە سلێمانی، بەڕێوەبەری تاقیگەی جۆری لە هەولێر، سەرپەرشتیاری سەندیکای دەرمانسازان لە هەولێر، چەند دەرمانخانەیەک لە سلێمانی و چەند بەرێزێکی تر، هەموویان بەوپەری خۆشحاڵیەوە وەڵامیان دامەوە.

پەیوەندیم کرد بە بەرێز وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان بەداخەوە ئامادە نەبوو وەڵامی پرسیارەکانم بداتەوە. ئەنجامی بەدواداچوونەکەم:

١. ئەوە زیادکردنی نرخی دەرمان نیە، بەڵکو دیاریکردن و یەکخستنی نرخی دەرمانە بەپێی نوسراوێکی فەرمی وەزارەتی تەندروستی، ژمارە ٨٧٤، لە خوارەوە هاوپێچ کراوە.

٢. ئەو دیاریکردن و یەکخستنە لە تاقیگەی جۆری سەر بە وەزارەتی تەندروستی، لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە ئەنجام دراوە کە پێکهاتووە لە چەند دەرمانسازێک، بە پێی رێنمایی ستانداردی پەیڕەوکراوی ناوخۆو ووڵاتانی دەوروبەر، نرخاندن بۆ دەرمان و بەرهەمە پزیشکیەکانی ناوخۆ و هاوردەکراو کراوەودەکرێت.

٣. نرخاندنەکەی بەڕێوەبەرایەتی تاقیگەی جۆری، بە سی دی بەسەر سەندیکای دەرمانسازانی هەموو پارێزگاکانی کوردستان دابەش کراوە.

٤. ئەو لیستەی دەرمان کە بڵاو کراوەتەوە، تەنها بەشێکی ئەو سی دی یە یە کە بەسەر سەندیکای دەرمانسازانی پارێزگاکانی کوردستان بڵاوکراوەتەوە لە لایەن بەرێوەبەرایەتی تاقیگەی جۆری، لیستە بڵاوکراوەکە لە سێ خانە پێک هاتووە بەم شێوەیە: ناوی دەرمان، نرخی پێشوو، نرخی ئێستای سەندیکا. لە کاتێکا لیستە ئەسڵیەکە جگە لەو سێ خانەیە لەچەند خانەیەکی تریش پێک هاتووە، ئەو سێ خانەیە لە سی دی یەکە بەم شێوەیەیە:ناوی دەرمان، نرخی شەریکە، نرخی دەرمان لە دەرمانخانە.

٥. هەندێک لە دەرمانخانەکان، بەشێک لە دەرمانەکان بە تایبەتی دەرمانی نەخۆشیە درێژخایەنەکان بە نرخی شەریکە دەفرۆشنەوە واتا بێ قازانج، کاتێک بریاری یەکخستنی نرخی دەرمان دەرچوو وا دەرکەوت کە نرخی ئەو دەرمانانەی بێ قازانج دەفرۆشرێن زیادکراوە.

٦. بەڕێوەبەری تاقیگەی جۆری و سەندیکای دەرمانسازان تەنها فەرمانە وەزاریەکەیان جێبەجێکردووە، کە ئەرکی سەر شانیانە.

٧. لە ئێستادا بەشێک لە دەرمانخانە سزادراوەکان سزاکانیان راگیراوە، کراوە بە دوا ئاگادارکردنەوە، ئەو غەرامانەی لێیان وەرگیرا بوو دەگەرێنرێتەوە بۆیان. تێبینیەکان:

١. دیاریکردن و یەکخستنی نرخی دەرمان کارێکی گرنگ و پێویستە، تاوەکو هەمان جۆری دەرمان لە هەموو دەرمانخانەکان هەمان نرخ بێت و فرۆشتنی دەرمان بە سیستم بکرێت. لەگەڵ ئەوەی کە پێویستە هەموو دام و دەزگاکان پابەند بن بە رێنمایی و بریاری حکومەت، بەڵام ئەم فەرمانە وەزاریە چاوپیاخشاندنەوەو ووردبوونەوەو دانیشتنی زیاتری دەوێ، بۆ ئەوەی سیستمێکی رێک و پێک بێتە کایەوەو هەموو لایەنە جێبەجێکارەکان بە خۆشحاڵیەوە پابەند بن پێوەی.

٢. سەندیکای دەرمانسازانی هەموو پارێزگاکانی کوردستان وەکو یەک و لە یەک کاتدا فەرمانەکان بەسەر دەرمانخانەکان جێبەجێ بکەن.

٣. باشتر وایە نرخی دەرمان لە بەڕێوەبەرایەتی تاقیگەی جۆری بە دیناری عیراقی بێت، نەک دۆلار.

٤. باشتر وایە هەموو جۆرەکانی دەرمان لە هەرێمی کوردستان نرخاندنی بۆ بکرێت نەک تەنها بەشێکی.

٥. هەموو جۆرە سەرپێچیەکی دەرمانخانە سزا بدرێت، نەک تەنها فرۆشتن بە نرخی شەریکە. لە کۆتاییا، تکا دەکەم حزبەکان و بەرپرسەکانیان دەست لە کاروباری تەندروستی وەرنەدەن و بازرگانی بە تەندروستی میللەتەوە نەکەن.

د. شایان عەسکەری

پەرلەمانتاری کوردستان فراکسیۆنی گۆڕان

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن