كاری لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی كوردستان
3/30/2019 8:34:00 AM
شایان عەسكەریی
پەرلەمانی كوردستان بۆ خولی پێنجەم لە پانزە لیژنەی هەمیشەیی پێكدێت، لە ماوەی بیستو پێنج رۆژدا لە رێكەوتی كۆتایی هاتنی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان بەدەنگی زۆرینەی ئامادەبووانی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێن. لیژنەی كاروباری تەندروستیو ژینگەو مافی بەكاربەر یەكێكە لەو پانزە لیژنەیە. ئەو لیژنەیە وەكو لیژنەكانی تری پەرلەمان لە یانزە ئەندام پێكدێت.
پێش دانیشتنە ئاساییەكانی پەرلەمان سەرۆكی فراكسیۆنەكان یان جێگرەكانیان كۆدەبنەوە بۆ رێككەوتن لەسەر بەركەوتەیان لە لیژنەكاندا بەپێی ژمارەی كورسیەكانیان لە پەرلەمانو بە لەبەرچاوگرتنی پسپۆڕی ئەندام، بەو شێوەیە فراكسیۆنی گۆڕان دوو ئەندامی بەركەوت، فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانو سۆشیالیست پێنج ئەندام، فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دوو ئەندامو هەریەك لە فراكسیۆنی نەوەی نوێو كۆمەڵ یەك ئەندام.
لە دانیشتنی ئاسایی پەرلەمان رۆژی ١٢/٣/٢٠١٩ بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران ئەندامانی هەموو لیژنەكان پەسەند كران. لە دانیشتنی ئاسایی داهاتوودا، دەنگدان لەسەر دەستەی سەرۆكایەتی لیژنەكان دەكرێت، سەرۆكی لیژنە، جێگرو بڕیاردەر.
لیژنەی پزیشكی خولی پێشوو ئەم پرۆژە یاسایانەی ئامادە كردبوو، پرۆژە یاسای بیمەی تەندروستی، جیاكردنەوەی كەرتی تایبەتو گشتی لە سیستمی تەندروستی، پاراستنی مافی نەخۆشو هێزكاری تەندروستی، ئەنجومەنی پزیشكی لە هەرێمی كوردستان-عێراق، بەڵام بەهۆی لەكارخستنی پەرلەمان هیچ كام لەم پرۆژە یاسایانە خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ نەكراوە.
لەم خولەی پەرلەمان كاری لیژنەی تەندروستی بریتی دەبێت لە پێشكەشكردنی ئەو پرۆژە یاسایانەی لەسەرەوە باسمان كرد بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان، رێكخستنی هاوردەكردنی دەرمان بە یاسا، هەمواركردنەوەی یاسای رێكخراوە تەندروستیەكان، بەدواداچوون بۆ ئەو یاسایانەی كە پەیوەستن بە تەندروستیو ژینگەو جێبەجێنەكراون بۆ نموونە یاسای قەدەغەكردنی جگەرەكێشان لە شوێنە گشتیەكان.
كەرتی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی سیستماتیك پەكخراوە، بەشێك لە بەرپرسان دەستیان گرتووە بەسەر چەند لایەنێكی پەیوەندیدار بە تەندروستی هاووڵاتیانەوە، وەكو دروستكردنی چەند نەخۆشخانەیەكی تایبەتی كوالیتی نزم لە هەموو شارەكانی كوردستان، هێنانی دەرمانی قاچاغ و بێ كەڵك، ناردنی دەرمانی نزیك ماوە بەسەرچوو بۆ نەخۆشخانەكانی دەرەوەی شار.
ئەوەی كە لای من بووە بە پرسیارێكی گەورە، بەرپرسەكان یان خێزانەكانیان كە نەخۆش دەكەون بۆ چارەسەر نەك ناچنە نەخۆشخانە حكومیەكان تەنانەت ناچنە ئەو نەخۆشخانانەش كە خۆیان دروستیان كردووە!
بۆچی ناچنە نەخۆشخانە حكومیەكان؟ چونكە خۆیان ئەو نەخۆشخانانەیان لە كارخستووە بۆ ئەوەی نەخۆشخانە تایبەتەكانیان بخەنە كار.
ئەی بۆچی ناچنە ئەو نەخۆشخانە تایبەتانەی خۆیان دروستیان كردووە؟ چونكە خۆی دەرمانەكەی هێناوەو خۆی دەزانێت جۆری خراپە، خۆی كەسێكی لە دەرەوەی وڵات هێناوە ناوی لێناوە پزیشك، خۆی ئامێرە پزیشكیەكانی هێناوەو دەزانێ باش نین....هتد.
پزیشكانی كوردستان لە زیرەكترین پزیشكەكانی عێراقن، بۆیە هەر كە دەچنە دەرەوەی وڵات دەبن بە خاوەنی بڕوانامەی بەرزترو چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی، بەڵام بەداخەوە كەناڵە میدیاییە حزبیەكانی دەسەڵات كار لەسەر ئەوە دەكەن هاووڵاتیان متمانەیان بەو پزیشكە كوردە بە تواناو زیرەكانە نەمێنێت.
لیژنەی تەندروستی لە لیژنە خزمەتگوزارییە هەرە گرنگەكانە چونكە پەیوەندی بە تەندروستی هاووڵاتیانەوە هەیە، تەندروستیش بە نرخترین سەرمایەی مرۆڤە، چەند پزیشكێكی تێدایە كە لە گرفتەكانی پزیشكانو نەخۆش تێدەگەن، كارمەندی تەندروستی تێدایە كە لە گرفتی كارمەندانو نەخۆش تێدەگەن. هەموو فراكسیۆنەكان بەهەماهەنگی كار بۆ ئەوە دەكەین كەرتی تەندروستی پەرە پێبدەین بە شێوەیەك كە گەر وەكو وڵاتانی پێشكەوتووش نەبێت نزیك بێت لێیانەوە.
دەرمانو ئەو ماددانەش كە بەكاردێت بۆ تاقیگە دەبێت لە كۆمپانیای دایكەوە بهێنرێت، ئامێرەكان بە هەموو جۆرەكانیەوە باشترین ئامێر بنو بەردەوام سیانە بكرێت، دامەزراندنی كارمەندانی تەندروستی بەتایبەتی ئەوانەی چەند ساڵە بە خۆبەخش كاردەكەن، كردنەوەی خولی فێركردنی بەردەوام، ناردنی پزیشكانو كارمەندانی تەندروستی بۆ كۆنفرانسە پزیشكیە نێودەوڵەتیەكان بۆ ئاشنابوون بە پێشكەوتنەكانی بواری تەندروستیو جێبەجێكردنی لە كوردستان.