بگــۆڕی خۆت بە
3/31/2019 12:05:00 PM
باوان شێخ کەریم
ئەو ئاو و هەواو كەشە دەرونیەی كە تاك تیایدا دەژی و پەروەردە دەبێ، كاریگەری ئەوتۆ لەسەر كەسایەتی تاك بەجێ دەهێڵێ. بەشێوەیەكی گشتی دامەزراوە كۆمەڵایەتیەكان وەك (خێزان ــ خوێندنگەــ كۆمەڵ ــ ئامرازەكانی ڕاگەیاندن ــ مزگەوت...هتد) بارودۆخ و كاریگەری جیا جیا بۆ تاكەكانیان دەخوڵقێنن، هەندێك جار لە بار و گونجاوە بۆ گەشەكردن و هەندێك جاریش دژوار و نالەبارە.
ئەگەر ھاتوو ئەو ژینگەیە توندوتیژی و ترس و تۆقاندن و هەڕەشەلێكردنی لە خۆ گرت، ئەوا جیاواز دەبێت لە ژینگەیەكی دیكە كە شێوازێكی نەرم و نیان و لێبوردەیی و سەربەستی و ئازادی بەكاردەهێنرێت لە مامەڵەكردنی تاكەكانیدا، ئەم جیاوازیانە دەبێتە هۆی دروستكردنی ڕەوشت و بیركردنەوە و باری دەروونی جیاواز لە لای تاكەكانی كۆمەڵگە.
بەزۆری دەروونناسان كۆكن لەسەر ئەوەی كە لەسەرەتادا پەروەردەی خێزان پاشان خوێندنگە كاریگەری پۆزەتیڤ و نێگەتیڤی هەیە لەسەر مرۆڤ. زۆر جار ھاوڕێ دەبێتە ئامرازێكی سەرەكی بۆ گۆڕینی فیكر و بیركردنەوەكان ئیدی چ ھاوڕێی ڕاستەقینەو تەنگانە بێت چ ھاوڕێی بەرژەوەندیخواز. بێت. هەموو ئەو هۆكارانە هاوبەشی دەكەن لە دروستكردنی تاك و داڕشتنیدا، بەڵام لەسەرو ئەمانەشدا، پەروەردەكردنی خود دەبێتە ھۆكاری سەرەكی بۆ گۆڕینی ئاڕاستەكانی ژیانی مرۆڤێك بەتایبەت لە تەمەنی لاوێتیدا گەنج دەتوانێت درك بە توانا شاراوەكانی خۆی بكات و بەكاریان بھێنێت و لەڕێگای پەروەردەكردنی خودەوە ئامانجەكانی بەدەستبھێنێت.
بەبڕوای من پێوانەی سەركەوتن بە پلە و شوێن ناكرێ، بەڵكو كۆڵنەدان و متمانەبەخۆبون و زیاتر بەدەسھێنانی ئەزمون و شكاندنی بەربەستەكان و زاڵبون بەسەر ئاستەنگەكاندا لە كاتی هەوڵدان بەرەو سەركەوتن ھۆكارن بۆ گەشتن بە ئامانجەكان و خەونەكان.
زۆر جار ژینگەی دەروونی دەبێتە بەربەست لەبەردەم گەنجێك كە دەیەوێت (بگـــۆڕێ... سەركـــەوێ)، كاریگەری كۆمەڵگەو كەلتورو دین وای لە زۆرێك لە بیرمەندەكانی كرد بچنەوە سەر ئەو وتەیەی كە دەڵێ، "مرۆڤ بەڕەوشتی خۆی چاكەكارە، بەڵام بارودۆخە خراپەكانی دەوروبەری وای لێكردووە خراپ بێت." ھەرچەندە بەشێكی زۆری خاسیەت و خوو و ڕەفتارەكانی مرۆڤ وەرگیراون و تاك لە ڕێگەی پەروەردە كۆمەڵایەتیەكانی ناو خێزان و خوێندنگەكەی فێریان بووە، بەڵام مرۆڤ توانای گۆڕینی ڕەفتار و كەسایەتی خۆی ھەیە. ھەمیشە پەروەردەی خێزان وەك یەكەم قوتابخانەی فێربون و پەروەردەی ناو دامەزراوە كۆمەڵایەتیەكان بەتایبەت خوێندنگە، وەك دووەم قوتابخانەی فێربون، دەبنە فاكتەری سەرەكی بۆ دروستبونی تاكێكی ھۆشیار لە كۆمەڵگادا.
پێم وایە پێویستە هەموومان ئەم ڕاستییە بزانین كە تاك توانای گــۆڕینی ڕاوبۆچون و ڕەفتارەكانی خودی خۆی ھەیەو لە ڕێگەی ھەوڵدان بۆ پەروەردەكردنی خودو خوڵقاندنی بارودۆخی گونجاو و لەبار، دەتوانێت زۆر لە ڕەفتار و بیركردنەوەو هەڵسوكەوتە خراپەكانی بگۆڕێت و لە كەسێكی لاواز و بێ دەسەڵاتەوە ببێت بەكەسێكی ھۆشیار و بەهێز و خاوەن توانا، ئەمەش دەمانگەیەنێتە ئەو بڕوایەی كە نابێت لە ژیــــان بێ هیوا بین و دەست لە ئەژنۆ دانیشین و لەبەردەم كێشەو گرفتەكانی ژیـــان چۆك دابدەین، بەڵكو دەبێت بەردەوام لە هەوڵ و كۆششدا بین و بەرامبەر ژیـــان گەشبین بین و ئەو بڕوایەمان هەبێت كە ئەمڕۆ وەك دوێنێ نییە و لە هەمان كاتیشدا وەك سبەینێ نابێت، بەڵكو بەردەوام ژیــان لە گــۆڕاندایە و تواناو بەهرەكانی مرۆڤیش ئەوەندە زۆر و لەبن نەهاتون كەدەتوانرێت لە ڕێگەیانەوە بەشێك لە گیروگرفتەكانی پێ چارەسەر بكرێت و لەهەمان كاتیشدا زۆربەی حەزو ئارەزوو خەونەكانی پێ بهێنرێتە دی. پابەندبن بە بڕیارەكانی حزبە دەسەڵاتدارەكان و لەكۆتایشدا، گرەوی ژیان ئەوانە دەیبەنەوە كە كۆڵنەدەر و خۆڕاگر و گەشبینن.
لە كۆمەڵگای كوردیدا، دەسەڵاتی كوردی بۆ ماوەی چەندین ساڵە كار لەسەر ئەقڵی تاك دەكات و ھەمیشە ھەوڵی ناھۆشیاركردن و ڕێگریكردن لە بەكارھێنانی وزە شاراوەكانیان دەكات، ئەمەش كۆمەڵگایەكی ناچالاك و دواكەوتو دروست دەكات و تاكەكانی والێدەكان پابەند و گوێڕایەڵبن بە بڕیارەكانی دەسەڵات و ھەمیشە بەدوربن لە ڕەخنەگرتن و نەبنە بەشێك بۆ باشتركردنی یاخود گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی وڵات.
ئەوەی لە ئێستادا لە كۆمەڵگای كوردیدا دەخوڵقێ، سەرلەنوێ پێویستی بە پەروەردەیەكی تۆكمە ھەیە، بەتایبەت پەروەردەی ئەخلاقی، تاكەكانی ئەم كۆمەڵگایە دەبێ وریاتر لەم دۆخەی ئێستادا مامەڵەبكەن و لە ڕێگای پەروەردەكردنی خودەوە بەسەر زۆرێك لە كێشەو گرفت و بەربەستە كۆمەڵایەتی و كەلتوری و دینی و سیاسیەكاندا زاڵبن و ڕێگەنەدەن وەك كاڵا بەكاربھێنرێن و ببنە بەشێك لە قوربانیەكانی دەسەڵات.