1680وتار

بەچکە ئەڵمانە نەخوازراوەکانی نەرویج

9/8/2021 9:00:00 PM
شیروان مەحمود محەمەد



بەبۆنەی کەمپینی ناوی من ناوی دایکمە

لە نێوان ساڵانی ١٩٤٠ تا ١٩٤٥ وڵاتی نەرویج کەوتە ژێر داگیرکاری ئەڵمانیای نازییەوە و خێزانی شاهانە و حکومەتی نەرویج ناچاری هەڵاتن کران بۆ بةریتانیا و لەوێ حکومەتێکی تاراوگە پێکهێنرا. لەو ساڵانەدا  بەردەوام ژمارەی ئەفسەر و سەربازانی ئەڵمانی لە نەرویج زیادی دەکرد و لەکۆتایی جەنگدا ژمارەیان گەیشتە ٣٧٢هەزار.

بوونی ئەو ژمارە زۆرەی ئەلمان بۆ ماوەی پێنچ ساڵێک لە نەرویجدا، بێگومان سەرهەڵدانی کۆمەڵێکی زۆری پەیوەندی لێکەوتەوە، لە نيَوان ئەو ئەڵمانانەی، لە بەرەکانی جەنگ، لە خێزان و دەزگیران و دڵبەرەکانیان دوورکەوتبوونەوە، لە لایەک و کیژان و ژنانی نەرویجی، لە لایەکی ترەوە، کە یان بەحەزی دڵی خۆیان یان لە ژێر فشاری بارودۆخی ناهەمواری جەنگدا ناچاربوون پەیوەندی سۆزداری و سێکسی و بگرە هاوسەرگیریش لەگەڵ جەنگاوەرانی داگیرکاردا ببەستن.


ئەو پەیوەندیانە نزیکەی ١٠ هەزار منداڵێکی لێکەوتەوە، کە هەر تا ئەو کاتەیان خۆش بوو کە وڵات داگیرکراو و لە ژێر دەسەڵاتی ئەڵمانەکاندا بوو. بە کۆتایی جەنگ و وەدەرنان و گەڕانەوەی سوپای تێکشکاوی نازییەکان، دۆزەخی ڕاستەقینەی ئەو منداڵانە و دایکە جێهێڵراوەکانیان دەستی پێکرد.

ئەو منداڵانە چیتر وەک منداڵی ئاسایی سەیر نەدەکران، بەڵکو وەک میراتێکی نەخوازراوی قۆناغی داگیرکاری و ژیردەستەیی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکراو بە '' بەچکە ئەڵمان '' ناویان دەبرا. لە کۆڵان و گەڕەک و قوتابخانە و هەموو شوێنێکدا بە چاوی نزم سەیر دەکران و جیاوازکاری لە ئاستیاندا دەکرا و نەدەبوو چاوەڕێی هیچ یارمەتی و فرسەتێکی گەشەسەندن لە کۆمەڵگا بکەن. پاشتریش کە گەورە بوون لە بواری کار و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا دووچاری هەمان گومانلێکردن و سووکایەتیکردن دەبوونەوە. ١٤ هەزار لەو ژنانەی پەیوەندییان لە گەڵ ئەڵمانەکاندا هەبوو خرانە زیندانەوە. پێنچ هەزاری تریان، بەبێ هیچ دادگایی کردنێک، بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک،  ناچاری کاری زۆرەملێ و سوخرەکێشی کران.

 کار گەیشتە ئەوەی کە گەورە پزیشکێکی نەرویجی ڕایگەیاند: ئەو ئافرەتانەی ئامادەبوون لە گەڵ پیاوانی داگیرکەردا پەیوەندی ببەستن، بێگومان لە ڕووی عەقڵییەوە نەخۆش و دواکەوتبوون و، بۆیە وا چاوەڕان دەکرێت کە مناڵەکانیشان هەروابن. ئەمە دەرگای خستە سەرپشت بۆ ئەوەی ئەو منداڵانە وەک کەروێشکی تاقیگا بە کاربهێنرێن و چەندین جۆری دەرمان و نارکۆتیکایان لە سەر تاقی بکرێتەوە، لەوەش زیاتر هەندێک لە دایکەکان و مناڵەکانیان  بە زۆر نەشتەرگەری لۆبۆتۆمیان بۆ کرا(١)

تەنیا لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا مۆرکی تابوو بوون لە سەر ئەو باسە لابرا و، سەرەتا لە بەرهەمە ئەدەبییەکاندا و، دواتر لە دیبەیتی ڕۆژنامە و مێدیاکانی تردا زیاتر و زیاتر باس دەکرا و نامرۆڤایەتی ئەو حاڵەتە دەخرایە ژێر پرسیارەوە،  کە '' ئەگەر دایکانی ئەو منداڵانە  وەک کەسانی گەورە بەرپرسیاربووبن لە رەفتاری خۆیان، ئایا منداڵەکانیان چ گوناهێکیان کردووە و، بۆ دەبێ لە سەر ڕەفتاری دایک و باوکیان سزا بدرێن '' . ساڵی١٩٨٦ پەرلەمانی نەرویج بە زۆرینەی دەنگ پێشنیارێکی، بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە تاوان دژی ئەو منداڵانە، ڕەت کردەوە. لە ساڵی ١٩٩٦ دا بڕیاردرا بڕێک پارە، وەک قەرەبوو،  بدرێت بەو کەسانەی بە زۆر نەشتەرگەری لۆبۆتۆمیان بۆ کرابوو. سێ ساڵ دواتر دەوڵەتی نەرویج  نەوەی ئەو جولەکانەی موڵک و ماڵی باووباپیرانیان لە لایەن دەوڵەتی نەرویجەوە دەستی بەسەرداگیرابوو، قەرەبووکردەوە، بەڵام بەچکە ئەڵمانەکان لەو قەرەبووەش بێبەش کران، ئەگەرچی ساڵی ١٩٩٨ سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتەی نەرویج بەفەرمی داوای لێبوردنی کرد بۆ ئەو نەهامەتیانەی دەوڵەت هێنابووی بەسەر منداڵە ئەلمانەکان و دایکەکانیاندا.

ئێمەش لە کوردستان و، پاش هێرشەکانی داعش بۆ سەر ناوچە یەزیدینشینەکان، دووچاری کێشەیەکی هاوشێوە، ئەگەر چی بە هەندێک جیاوازیشەوە بێت، بووینەوە. هەزاران ئافرەتی یەزیدی بەدیل گیران و کران بە کۆیلەی سێکسی بۆ جەنگاوەرانی داعش و ئەو دەستدرێژییە نامرۆڤانەیە، وەک باس دەکرێت، سەدان منداڵیان لێ کەوتەوە کە ئێستا لە بەر هەڵاتنی سەربازانی خەلافەت، کەسایەتی باوکەکانیان نادیارە و بەو هۆیەشەوە ناتوانن ببنە خاوەنی ناسنامە، بێگومان جگە لەوانەش، لە سەرانسەری عیراقدا منداڵی تر زۆرن کە لەبەر هۆیەک بێت نەیانتوانیوە ببنە خاوەنی ناسنامە.

هەندێک ڕێکخراوی مەدەنی لە کوردستاندا هەستیان بە جیدیەتی کێشەکە کردووە و، چەندساڵێکە کار بۆ ئەوە دەکەن کە لەڕێگای چالاکیی مەدەنی و، بە پشتگیری یاساناسان، فشار بخرێتە سەر پەرلەمانی عیراق  بۆ دەرکردنی بڕیارێک کە ڕێگە بەوە بدات ئەو منداڵانە ناسنامە وەربگرن و لە بری ناوی باوک، ناوی دایکیان وەک ناوی دووەم هەڵگرن.

چوار لەو ڕێکخراوانە، کە بریتین لە ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان، ئێمە، یەکێتی ژنانی کوردستان و هاریکاری یاسایی ژنان، وەک بەشێک لە هەوڵی سەرنجڕاکێشانی ڕای گشتی بۆ لای ئەم کێشە مرۆڤییە، کەمپینیکیان ڕاگەیاند بە ناوی : ناوی من ناوی دایکمە و داوایان لە خەڵک کرد کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆ ماوەی دوومانگ ناوی دایکیان هەڵگرن لە بری ناوی باوکیان، وەک پشتیوانییەک بۆ ئەو منداڵانەی ئێستا خاوەنی ناسنامە نین و ئومێد دەکرێت لە داهاتوودا بەناوی خۆیان و دایکیانەوە (وەک ناوی دووەم) ببنە خاوەن ناسنامە.


من، ئەگەر چی بەش بە حاڵی خۆم هەڵگرتنی ناوی دایک وەک چارەسەرێک نابینم بۆ کێشەی ئەو منداڵانە و، ترسم لەوە  هەیە کە کارێکی لەو جۆرە ببێتە هۆی ستیگماتیزێرەکردنێکی (٢) زیاتریان لە ناوکۆمەڵگادا، جگە لەوەش لەو باوەڕەدا نیم کە کەمپینی (ناوی من ناوی دایکمە) کێشەکەیان زیاتر بەرێتە پێشەوە، بەڵام بە هیچ جۆرێک ناتوانم دژایەتی بکەم، بەو پێیەی من پێشنیارێکی ترم لە زەیندا نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و ئەگەر پێشنیارێکی واشم هەبێت، دڵنیا نیم ئایا لە پێشنیاری ئەو بەڕێزانە باشترە کە ئەو دەستپێشخەرییەیان خستۆتە ئەستۆی خۆیان، یان نا ؟

بەڕای من کێشەکە زیاتر پەیوەستە بە دیدی چەوتی کۆمەڵگاوە لە ئاست ئەو منداڵانەی کەسایەتی باوکیان نادیارە و بڕینی وشەی قێزەوەنی '' زۆڵ'' بە باڵای ئەو منداڵانەدا و، لەو ڕێگایەشەوە، سزادانی منداڵان لە سەر تاوانێک کە ئەوان خۆیان هیچ دەستێکیان تێدا نەبووە، ئیتر ئایا دایکەکانیان بە ڕەزامەندی خۆیان ئەو منداڵانەیان خستبێتەوە( وەک لە حاڵەتی ژنە نەرویجییەکاندا) یان بە زۆر لاقەکرابن و دووگیان بووبن (وەک لە حاڵەتی  ژنان و کیژە یەزیدییەکاندا).  دەشزانم کە گۆڕینی ئەو جۆرە تێڕوانینە لە ناو کۆمەڵگادا کاتێکی زۆری دەوێت، بەڵام کێشەی یاسایی و بەڕێکردنی کاری ڕۆژانەی ئەو منداڵانە لە بوارەکانی خوێندن و کارکردن و هاوسەرگیری (لە داهاتوودا) وموڵکدارێتی، کێشەیەکی هەنووکەییە و چاوەڕانیی قبووڵ ناکات و، وەک کێشەیەکی ئاڵۆز، پێویستی بە هەڵوێست و گفتۆگەیەکی جیدی  سیاسییەکان و یاساناسان و پیاوانی ئاینییە.


بەڵام ئەوەی بووە مایەی سەرسوڕمانی من، ئەو کاردانەوە تووندە بوو کە هەندێک مەلا و ئەستێرەئاینییەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و شوێنکەوتوانیان لە ئاست ئەو کەمپینە نواندیان، بێ ئەوەی گوێ بدەنە مەبەستی کەمپینەکە و ئەو ڕاستییەی کە تەنیا بۆماوەیەکی دیاریکراوی دوومانگەیە بۆ سەرنجڕاکێشانی ڕای گشتی بە لای کێشەکەدا و، بەهیچ جۆرێک مەبەستی لابردنی یەکجارەکی ناوی باوکان و جێگرتنەوەی نییە بە ناوی دایکیانەوە.


وەک هەمیشەش کۆمەڵێک دەقی ئاینی، بە هەمان کۆمێنت و ڕوونکردنەوە، دەیان و سەدان جار لە واڵی ئەو کەسانەدا بڵاوکرانەوە کە بەشداری خۆیان لەو کەمپینەدا ڕاگەیاندبوو. فەرموودەی قورئانی پیرۆز'' و ادعوهم لابائهم  هو اقسط عند اللە'' لە هەموو کۆمێنەتەکاندا دووبارە دەکرایەوە بێ ئەوەی هەوڵێکی جیدی بدرێ بۆ دۆزینەوە چارەسەرێک بۆ کێشەی ئەو منداڵانە و دایکە یەزیدییەکانیان .


 سەرباری ئەوەش شێوازێکی بازاڕیانەی هێرشکردنە سەر و سووکایەتی پێکردنی ئەو کەسانەی بەشداری کەمپینەکەیان کردبوو دەستی پێکرد و، بەشێوەیەکی تەواو دوور لە فەرموودەی قورئانی پیرۆز کە دەڵێت'' و جادلهم بالتي هي احسن'' ، ئەو لایەنانە خێرا کەوتنە تانەلێدانیان و تۆمەتبارکردنیان بەوەی کە بەشداربووانی کەمپینەکە'' لە باوکایەتی باوکی خۆیان و داوێنپاکی دایکیان دڵنیا نیین''  بۆیە ناوی دایکیان دەخەنە جێی ناوی باوکیان!

من بە ڕاستی سەرم سوڕما، چونکە بە بۆچوونی من، کەسانی ئیماندار دەبێ خەمی چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکانیان هەبێت و، سنگیان هێندە فراوان بێت بتوانن گوێ لە ڕاو و بۆچوونی کەسانێکیش بگرن کە جیاوازن لە ڕاوبۆچوونی خۆیان، تا بتوانن بە بەڵگە و مەنتیق قەناعەتیان پێبکەن. من وا مەزەنەم دەکرد کە ڕەنگە ئەو بەڕێزانە لە مەبەستی کەمپینەکە حالی نەبووبن، بەڵام  دوایی گەیشتمە ئەو قەناعەتەی کە، بە پێچەوانەوە، ئەو لایەنانە باش لە فیکەی خۆیان گەیشتوون. ئەوان چاک لەوە حاڵی بوون کە وروژاندنی ئەو بابەتە، بابەتی منداڵی لە دایکبوو لە ئاکامی دەستدرێژیکردنە سەر ژنان و کچانی یەزیدی، جارێکی تر هەموو تاوانەکانی داعش و ئەو فیکرە لە قاو دەدات، کە بە داخەوە، بەڕای ئەو لایانانە، نەک بەڕای من،  بەشێکە لە کەلەپوور و میراتی فیکری ئیسلام و هەرهێرشکردنە سەر و لە قاودانێکی، لە قاودانی ئیسلام و لەکەدارکردنێتی. ئەوجۆرە لایەنانە  کە لە ژێر فشاری ئیدانەکردنی تاوانەکانی داعشدا تینیان بۆ دێت، بە ناچاری دەڵێن داعش نوێنەرایەتی ئیسلام ناکات، بەڵام لە هەڵوێستیکی ئاوادا، کە بۆ داکۆکی کردن لە مافی قوربانیانی داعش سازدەدرێت، دەکەونەوە داکۆکی کردن لە فیکری داعش، لەڕێگای گومان خستنە  سەرهەر هەوڵێکی وەک کەمپینی  ناوی من ناوی دایکمە، بۆ ئەوەی کەس نەوێرێ  توخنی ئەو لاپەڕە ڕەشەی داعش بکەوێت و بیخاتە ژێر پرسیارەوە.

سەرەنجام دەڵێم، دوور لە هەر مەبەستێکی لاوەکیی لایەنگرانی ئەو کەمپینە یان بەرهەڵستکارانی، کێشەی کچان و ژنانی یەزیدی و، کێشەی بێبەشکردنی منداڵەکانیان لە مافی بوونی ناسنامەیەکی ڕەسمی، کێشەیەکی جیدییە و پێویستی بە چارەسەری خێرا ومرۆڤانە هەیە، دوور لە سزادانەوەی قوربانیانی دەستی ڕەشی داعش، بۆ ئەوەی وەک نەرویج، پەنجا ساڵ دواتر بە ئاگا نەیەینەوە و داوای لێبوردن لە قوربانییەکان بکەین

پەراوێزەکان :
(1) لۆبۆتۆمی: هەوڵێکە لە ڕێگای نەشتەرگەری دەماغەوە و برێنی پەیوەندی نێوان بەشی پێشەوەی دەماغ و ئەو ڕێچکە عەسەبیانەی دەیبەستنەوە بە بەشی ناوەوەی دەماغەوە، گوایە دەتوانرێ چارەسەری نەخۆشیە سایکۆلۆژییەکان بکرێت. بەکارهێنانی ئەو میتۆدە لە سییەکانی سەدەی ڕابردوودا زۆر بەر بڵاو بوو، باشتر دەستی لێهەڵگیرا بە هۆی ئەو ئاکامە کارەساتبارانەی لە نەخۆشەکاندا جێیدەهێشت.

(2) ستیگماتیزێرەبوون یان ستیگماتیزێرەکردن  بریتیە لەوەی کە ئەندامانی گرووپێکی کۆمەڵایەتی، کە کۆمەڵگا دید و هەڵوێستێکی نەرێنیانەی هەیە بەرامبەریان، دووچاری ستەم و مامەڵەیەکی جیاوازدەبنەوە، تەنیا لە بەر ئەوەی سەر بەو گرووپە کۆمەڵایەتیە  بەنزم سەیرکراوەن

سەرچاوەکان:
(1)
https://urplay.se/program/214637-norges-oonskade-tyskungar
(2) https://sv.wikipedia.org/wiki/Tyskerunger

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن