1676وتار

راستییەکان لە کوێن؟

10/22/2019 1:27:00 PM
ئیحسان وەڵزی

دەربارەی متمانە و بێ متمانەیی لە کۆمەڵگەی کوردیی باشووری کوردستان

“راستییەکان تا ئەو کاتە دوور لە گومان دەمێننەوە، کە کولتوورێکی هاوبەش هەبێت، پاڵپشتییان لێ بکات و دامەزراوەگەلێک پشتیان پێ ببەسترێت، تا ئەو دەمەی فەزایەکی گشتیی گونجاو و میدیاگەلێکی تا ئاستێک جێ باوەڕ پێکردن هەبن.”
(بڕونۆ لاتوور)


ئێمە لە کۆمەڵگەیەکدا دەژین، تاکەکانی وەک ئەوانەی هەر کۆمەڵگەیەکی دیکە، تامەزرۆی زانینی راستی و راستیی رووداوەکانین. جیاوازییەکی ئێمە لەگەڵ ئەوانەی دیکە لەوەدایە، کە لای ئێمە بۆ هەر رووداوێک، ئەگەر رەهەندێکی کەم تا زۆر سەروو تاکەکەسی و گشتی هەبێت، لانیکەم دوو ریوایەت هەن. 
راستییەکان دروستکراوی دەستی کۆمەڵگە یان باشتر بڵێین بەرهەمی کردە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانن. لانیکەم و لەو کاتەوەی کتێبە هاوبەشەکەی پێتەر بێرگەر و تۆماس لوکمان سەبارەت بە دروستکردنی کۆمەڵایەتییانەی واقیع، نیوسەدە لەمەوبەر بڵاوکرایەوە، ئەمە بۆتە بنەمایەکی پتەوی نێو زانستە کۆمەڵایەتییەکان. (Berger/Luckmann: 2013) لە رێی بە کۆمەڵایەتیکردنەوە، کۆمەڵگە ئەو راستییانەی نێو دونیای رۆژانەمان وەک راستی بابەتی و نێوان و بگرە هەندێک جاران سەروو مرۆییش پێ دەفرۆشێت. بە حوکمی بەشداربوونیشمان لەو پڕۆسەیەدا، زۆربەی جاران ئێمەش راستییەکانی بەم نرخە لێ دەکڕین و بۆ کاتێکی مەودا مامناوەند یان مەودادرێژیش وەک حەقیقەتێک مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەین.
بە کۆمەڵایەتیبوون ئەگەر بریتیش بێت لە هەوڵی لە قاڵبدانی مرۆڤ، ئەوا لەلایەکەوە کۆمەڵگە لە هەر ئان و ساتێکدا بوونێکی جیاوازی هەیە، جیاواز لە هەر ئان و ساتێکی دیکە و لە هەر کۆمەڵگەیەکی دیکە، لەلایەکی دیکەشەوە سەرەڕای لە قاڵبدان یان هەوڵی لە قاڵبدانی تاکەکان، مرۆڤ نەوەک هەر وەک جۆر، بەڵکو وەک تاک تاکیش بە ناوازەیی دەمێنێتەوە. هەر ئەمەیشە هەموو هەوڵێکی بە ماشێنکردنی تاک لەلایەن کۆمەڵگە و لە رێی شێواز، میکانیزم و دەزگا زەبەلاحەکانی بە کۆمەڵایەتیکردنەوە لە بار دەبات. 
لە نێوان گۆڕانی بەردەوامی گۆمەڵگە، کە وەک خەسڵەتێکی دانەبڕاوی خودی دیاردەی پێکەوەژیانی مرۆڤەکان و هەم هێزێکی غەریزەئاسایە لە بوونی مرۆڤدا و هەوڵی لەبن نەهاتووی کۆمەڵگە بۆ بەردەوامی و رێکخستنی پێکەوەژیان، ئەو شتە دروست دەبێت کە پێی دەگوترێت سیستەم، یاخود رێکخستنی کۆمەڵایەتی. رێکخستنێک کە هەرچەندە بوونێکی ئەزەلی نییە، بەڵام لە جۆرێک لە بەردەوامی و سەقامگیرییش بەرخوردارە، کە بکرێت پێی بگوترێت رێکخستن. 
هەڵبەتە لە دونیا و کۆمەڵگەی نوێدا، لەو رۆژەوەی وەک تۆپە بەفرێکی غلۆربووەوە، گۆڕانکارییەکانیش هەرچی زیاتر خێرا و خێراتر و گەورە و گەورەتر دەبن، زۆرێک لە راستییەکانیش لەگەڵیدا و بە هەمان ئەندازە تەمەن کورت و کورتتر دەبن. 
هەم ئەو فاکتەرانەی کە دەبنە مایەی جۆرێک لە سەقامگیریی مامناوەند یان مەودادرێژ و هەم میکانیزمەکانی کارکردنیشیان دەکرێت بە گوێرەی کات و شوێن جیاواز بن. لەمەڕ راستی و ئەو واقیعەی ژیانی رۆژانە کە تێیدا لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا هێزیان هەیە، دەکرێت ئاماژە بەو چوار فاکتەرە سەرەکییە بکرێت کە لە گوتەکەی سەرەوەی فەیلەسوف و کۆمەڵناسی فەڕەنسی بڕونۆ لاتووردا هاتوون، ئەوانیش بریتین لە؛ کولتوورێکی هاوبەش، دەزگا و دامەزراوەگەلێکی کارا، فەزایەکی گشتیی چالاک و هەروا میدیایەکی جێ متمانە. (Latour: 2018)
بە بۆچوونی لاتوور ئەمانە ئەو فاکتەرانەن، بە بەردەستبوونیان راستییەکان دەتوانن خۆیان لە گومانی بەردەوام بپارێزن. لەبەر رۆشنایی ئەم چوار فاکتەرەدا، هەوڵ دەدرێت لە چەند دێڕی داهاتوو ئەو دیاردەیەی بێ متمانەیی و لەرزۆکیی راستی و راستیی رووداوەکان لە کۆمەڵگەی باشووردا شیبکرێتەوە.

کولتوورێکی هاوبەش
چەمکی کولتوور دەکرێت هێندە بەرتەسک لێکبدرێتەوە کە تەنیا چەند بوارێکی وەک هونەر، ئەدەب، کەلەپوور و بەرهەمی فیکری دیکە بگرێتەوە، هەروەک چۆن دەکرێت مەبەست لێی تەواوی سامانی هزری و بەرهەمە ماددی ومەعنەوییەکانی کۆمەڵگەیەک بێت، وەک ئایین، ئاکار، یاسا، تەکنیک و دابونەریت و سیستمی پەروەردەیی و مەعریفی. کاتێکیش دەگوترێت بۆ ئەوەی راستییەکان دوور بن لە گومان، ئەوا پێویستە کولتوورێکی هاوبەش هەبێت، پشتگیرییان بکات، ئەوا مەبەست لە کولتوور لێرەدا بە مانا فراوانەکەیەتی، کە کۆی جیهانی مانا و مانابەخش و ئەو سیستەمە رەمزییانە دەگرێتەوە، کە تاکەکانی گرووپێک، بچووک بێت یان گەورە، بەردەوام واقیعەکەیانی پێ لێکدەدەنەوە و لە رێیانەوە دایدەڕێژنەوە.
ئەو بەشە لە کۆمەڵگەی کوردی کە نزیک بە سێ دەیەیە لە جۆرێک لە خۆبەڕێوەبەرییدا دەژیەت و وا چاوەڕوان دەکرا، بەهۆی ئەو واقیعەی دوای جەنگی جیهانیی یەکەم هاتبووە کایەوە، جۆرێک لە هاوبەندیی و هاوبەستەیی درێژخایەنی تێدا دروست بێت، کە ببێتە مایەی هاتنەکایەی کولتوورێکی هاوبەشی دەوڵەمەند، دەبینین هەمان ئەو واقیع و فاکتەرە سۆسیۆسیاسییانە دەرەنجامێکی رێک پێچەوانەی ئەمە دەخەنەوە. لە بری هاوبەستەیی و یەکانگیری، لەتلەتبوون و ماڵ ماڵۆچکە دەبنە خەسڵەتی ئەم کۆمەڵگەیە. واقیعێکی کۆمەڵایەتی ئەوتۆ دێتە کایە، کە لە توانایدا نییە زەمینەیەکی لەبار و گونجاو بۆ گەشەیەکی کۆمەڵایەتیی گونجاو لەگەڵ رۆژگار و قۆناغی ئەمڕۆدا بڕەخسێنێت. رەوتی گواستنەوە لە ئێمەی نەرێتییەوە بۆ ئێمەیەکی مۆدێرن، لە منێکی کلاسیکیی پشتبەستوو بە بونیادە کۆمەڵایەتییە پێشمۆدێرنەکانەوە بەرەو منێکی چالاک و بە ئاگا لە رۆڵ و رۆژگاری خۆی، ناکەوێتە سەر هێڵی دروستی خۆی. 
بەهۆی ئەو ململانێ سیاسییانەی کە مێژووی لانیکەم پەنجا ساڵی رابردووی ئەم کۆمەڵگەیەیان رەنگڕێژ کردووە، بەردەوام بۆ خۆجیاکردنەوە لەوی دی هەوڵی زەقکردنەوەی خاسییەتە کولتووری و کۆمەڵایەتییە ناوچەییەکان دراوە. زەقکردنەوەی بۆ نموونە جیاوازییەکانی نێوان بادینان و سۆران، جا چ لە رووی زمان و دیالێکتەوە بووبێت، یا لە رووی پەیوەندی و بونیادە کۆمەڵایەتییەکانەوە، کاریگەرییەکی زۆری بەسەر پەرتەوازەیی کولتوورییدا هەبووە و تاکو ئێستاش هەیەتی. زیاتر لەمەش لەتبوونی هەرێم بۆ زۆنی حزبی و دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری جیا، ئەم کاریگەرییەی چەند قات کردۆتەوە. ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی کردۆتە سەر باسکردن و گێڕانەوەی فاکت و رووداوەکان. هەر نموونەیەک لەو رووداوانەی لە دە پانزە ساڵی رابردوو لە زۆنی سەوز یان زەرد روویان داوە بگرین – نزیکترینیان رووداوەکەی هەفتەی رابردوو، کە بووە مایەی گیانلەدەستدانی ئامانج بابانی و هاوسەر و منداڵەکەی، دەبینین کە چۆن ریوایەتی جیاجیا نەوەک هەر لەسەر ئاستی رەسمی و سیاسی و میدیاییەوە، بەڵکو لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و لەنێو کۆڕ و کۆمەڵانی خەڵکیشەوە هەبوون. 
هەڵبەتە ئاشکرایە کە تێوەگلانی  زۆر جاری حزب و کەسانی باڵادەستی نێوحزبەکانیش لە رووداوەکاندا، ئەگەر هۆکاری سەرەکیش نەبووبێت، ئەوا یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گومانە لە ئاست هەر ریوایەت و زانیارییەک کە وەک راستی و حەقیقەتێک فڕێ دەدرێتە نێو کۆمەڵگە. هەربۆیە دەکرێت لێرە باس لە لەتلەتبوونی کولتووریی نەوەک هەر ئاسۆیی، واتە جوگرافی و ناوچەیی بکرێت، بەڵکو دەکرێت بە هەمانشێوە باس لە دابەشبوونێکی ستوونیش لە نێوان دەسەڵات و هاوڵاتیاندا بکرێت. راستییەکان جارێک لەسەر ئاستی ناوچەیی، جارێکی دیکەش بە گوێرەی زۆنی حزبی و هەندێک جاریش بە گوێرەی دەسەڵات و لایەنگرانی لە لایەک و ئۆپۆزسیۆن و نەیارانی لە لایەکی دیکەوە، لێک دادەبڕێن. دەکرێت سەبارەت بە تاکە رووداوێکیش زیاتر لە دابەشبوونێک لە ریوایەت و گێڕانەوەکاندا هەبن. 
دیارە وەک میکانیزمێکی بەرگریی کۆمەڵگەیش لە خۆی، دواجار ئەم هەوڵەی حزب و کەسانی دەستڕۆیشتووی نێو حزبەکان بە رووی خۆیاندا هەڵدەگەڕێتەوە و لە رێی نەمانی متمانەوە، ئەو هەواڵ و زانیارییەیش کە دروستن وا نابینرێن و هەموو سەرچاوەیەکی رەسمی گەیاندنی زانیارییەکان، بە گومان و بێ متمانەییەوە لێیان دەڕوانرێت و وەک سیناریۆ و دروستکراو لە قەڵەم دەدرێن.

دامەزراوەگەلێکی کارا
دامەزراوە دیاردەیەک نییە تایبەت بێت بە کۆمەڵگەی مۆدێرن، کۆمەڵگە نەرێتییەکانیش جۆرێک لە دامەزراوەی سادەیان ناسیوە، لێ کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن بێ دەزگا و دامەزراوەکان بەرچاو ناکەوێت. رۆڵی دامەزراوەکان کاتێک بە روونی دەردەکەوێت کە رەوایەتی لە کۆمەڵگەدا، چ سیاسی بێت، چ یاسایی چ هی بواری دیکە لە بنەمای نەریتەوە دەگوازرێتەوە بۆ بنەماگەلێکی دیکە، کە ئەگەر بە خەسڵەتێکی دیاریکراو بناسرێتەوە، ئەوا ئەمە خەسڵەتە وەزیفییەکەیانە. بێگومان کاتێک دەکرێت باس لە دامەزراوەگەلێکی پشت راستییەکان بکرێت، کە ئەمانە وەزیفەی خۆیان بە گوێرەی ئەو لۆژیکە وەزیفییە بەڕێوەبەرن کە بنەمای بوونیانە. چونکە دامەزراوەکان ئەرکێک هێناونیەتە بوون و پێویستییەکی رێکخستنی کۆمەڵایەتین.
بەداخەوە لە کۆمەڵگەی لامۆدێرنی - لایەک مۆدێرن - کوردی ئەم هەرێمەدا، هەم پێویستی هەبوونی دامەزراوەکان دەمێکە بووەتە واقیع و هەمیش بوونیان. گرفت لە بوون و نەبوونیاندا نییە، هێندەی گرفت لە ئەداکردنی ئەرک و رۆڵیاندایە. کارایی دامەزراوەکان بەندە بە سەربەخۆییان و دووربوونیان لە دەستێوەردانی کایەکانی دیکەی دەرەوەی ئەو کایەیەی دامەزراوەکە بەشێکە لێی.
داگیرکردنی دامەزراوەکان و بەتایبەتیش ئەوانەی بەشێکی ئەرکەکەیان پەیوەندی بە سەقامگیریی کۆمەڵایەتییەوە هەیە، وەک دادگاکان، داواکاری گشتی، پۆلیس و دەزگا دادوەرییەکانی دیکە، و دەستوەردان لە کاروباریان لەلایەن کایەی سیاسی و بەتایبەتیش حزبی سیاسییەوە، ئەمانەی لە ئەداکردنی ئەرک و بینینی رۆڵی سەرەکی خۆیان لاڕێ کردووە و بەمەش دواجار سەرچاوەیەک لە سەرچاوەکانی متمانە و باوەڕکردنی ئەو زانیارییانەی بڵاویان دەکەنەوە، لێڵ کردووە.

رووبەرێکی گشتیی زیندوو
فەزا یان رووبەری گشتی، ئەو رووبەرە ئازاد و کراوەیەیە کە دەکەوێتە نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگە. لەم رووبەرەدا پرس و دامەزراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بە بابەت دەکرێن، ئەو شوێنەیە کە گفتوگۆی سیاسیی تێدا روودەدات و لەلایەن هیچ کامێکیانەوە مۆنۆپۆل ناکرێت، بەڵکو زیاتر شوێنی بەیەکگەیشتنیانە. فەزای گشتی، بە پێچەوانەی ئەو دۆخەی لە دونیای کۆندا تێیدا بوو و تەنیا بۆ توێژێکی دیاریکراو ئاوەڵابوو، لە سەردەمی ئەمڕۆدا دەبێ بۆ هەموان کراوە بێت و هەموان دەستیان وێڕابگات.
بەهۆی مێژووی پڕ لە سەرکوتکاری لە عێراقدا، تا ساتی راپەڕینی 1991یش شوێنێکی ئەوتۆ نەبوو، بکرێت پێی بگوترێت فەزای گشتیی ئازاد. راپەڕین و دواتریش رووخانی رژێم ئەو دوو ساتەوەختە بوون کە چاوەڕوان دەکرا ببنە مایەی سەرهەڵدانی ئەم فەزا گشتییە. بەڵام بەداخەوە شەری ناوخۆی چەندین ساڵە و دواتریش بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و سڵ نەکردنەوە لە هەر ئامرازێک - زۆربەی جاران نەرم و جارجارەیش توند - بۆ بەردەوام بوون لە دەسەڵاتدا، وایان کرد ئەم فەزا گشتییە، وەک چاوەڕوان دەکرا دروست نەبێت. لە بری پەیوەندی وئاڵوگۆڕی سیاسی، کڕین و فرۆشتن و دەمشڕی دەبنە دوو خەسڵەتی سەرەکی لەم شوێنەدا. بەتیابەتیش خاڵی دواییان لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەرچی زیاتر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و زیادبوونی بەکارهێنانیان، هەرجۆرە هەوڵێکی جیدیی پەیوەندی، گفتوگۆ و ئاڵۆگۆڕی لە فەزای گشتییدا خستۆتە کەنارەوە. 
دەسەڵاتێک کە هەموو هەوڵێکی داوە بۆ سڕکردنی عەقڵی، خۆی لە خۆیدا لاوازی تاکەکان، کۆمەڵگەیەکی مەدەنی شەپڵەلێدراو و تاکێکی لاواز لە لێکدانەوە و نوێنەرایەتی کردنی خۆی و گەلێک جارانیش ئامادەی چوونە نێو تەونی گەندەڵی، بوارێکی ئەوتۆیان بۆ فەزایەکی گشتیی زیندوو نەهێشتۆتەوە. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە ئێستا تاکە رووبەرێکە بکرێت پێی بگوترێت رووبەری ئاڵۆگۆڕ و پەیوەندیکردن، بووەتە شوێنی جنێوفرۆشی و تۆمەتبەخشینەوە.

میدیایەکی جێ متمانە
یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی میدیا، گەیاندنی زانیارییە. لەمەشدا میدیا بەردەوام لەبەردەم هەڵبژاردنی ئەوەدایە کە کام زانیاری کەی و چۆن شایانی گەیاندنە. 
میدیای کوردیی باشوور لە بەشێکی زۆریدا میراتگری میدیایەکی دەوڵەتیی و ئاڕاستەکراوە، کە تەنیا بوار بە هاتن و بیستنی یەک دەنگ دەدات. دابەشبوونی میدیای کوردی دوای راپەڕین بەسەر بەرە حزبییەکاندا تەنیا دابەشبوونی هەمان ئەو دەنگانەیە کە خاسییەتی سەرەکییان مۆنۆلۆگبوونە. میدیای حزبی ناوەکەی بە خۆیەوەیەتی و میدیای حزبە و هیچی دیکە، چ بەرخۆرەتاو و بێت و چ لە سێبەردا. 
ئەوەش کە بە میدیای ئەهلی ناسراوە و نزیک بە دوو دەیەیە بوونی هەیە، هەتا رۆژگاری ئەمڕۆش بە دەست ناپڕۆفیشناڵبوونەوە دەناڵێنێت. سەربارەی ئەمەش ئەم جۆرەش لە میدیا، ئەگەر توانیبێتیشی بەرگەی هەژموونی پارە و هەوڵی کڕین لەلایەن هێزە سیاسییەکان و هەژموونی حزب بگرێت، ئەوا نەیتوانیوە بە تەواوی خۆی لە لایەنگیریی سیاسی بەدوور بگرێت و زیاتر میدیایەکی شەڕکەر و پارتیزان بووە و کەمتر بابەتی. لە بری بێلایەنی و بابەتیبوون، سەنگەرگیریی و بوونی بە دەنگی ناڕازی هەڵبژاردووە. 

کەواتە:
دەکرێت ئێمە لەو گرفتانەی لەنێو ئەم کولتوورە پەرتەوازەیەدا، لە ناکارایی و بێکاریگەریی دامەزراوەکان، لە نەبوونی فەزایەکی گشتیی زیندوو کە پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی تێدا تاوتوێ بکرێن و هەروا لە میدیایەکی حزبی و یاخود لاواز لە پڕۆفێشناڵبووندا بەدوای ئەو بێ متمانەییەدا بگەڕێین کە کۆمەڵگەی کوردی باشوور گیرۆدەیەتی. بەمەش راستییەکان لەم کۆمەڵگەیەدا بوونەتە قوربانیی ململانێی نێوان حەز و میزاجی تاکەکان و بەرژەوەندیی کۆمەڵێک لایەن و گرووپی پەرتەوازە.


سەرچاوەکان:
Berger, Peter L./ Luckmann, Tomas (2013): Die gesellschaftliche Konstruktion der Wirklichkeit.  Frankfurt: Fischer.
Latour, Bruno (2018): Das terrestrische Manifest. Berlin: Suhrkamp.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن