257 کوردستان

دوا ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز لەسەر کەیسی نەوتی هەرێم:
بەرهەمهێنانی نەوت لە مەترسیدایە

03:06 - 29/03/2023

زەمەن
وەرگێڕانی: ئالان جەلال  شوانە
 
 27ی ئازار (رۆیتەرز)- بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستانی نیمچە سەربەخۆی عێراق لە مەترسیدایە، دوای ئەوەی وەستانی هەناردەی باکوور وایکردووە ئەو کۆمپانیایانەی لەوێ کاردەکەن بەرهەمهێنان ڕابگرن یان نەوتی خاو بگوازنەوە بۆ عەمبارکردن، کە توانای سنووردارە.

 عێراق ناچار بوو ڕۆژی شەممە نزیکەی ٤٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا هەناردەکردنی نەوتی خاو کە دەکاتە نیو لەسەدی دابینکردنی نەوتی جیهانی لە ڕێی بۆرییەکی هەناردەکردنەوە کە لە کێڵگە نەوتییەکانی باکووری کەرکوکەوە بەرەو بەندەری جەیهانی تورکیا دەڕوات، ڕابگرێت.

 کۆمپانیا نەوتییەکانی ناوچەکە لە دۆخێکی نادیاردا ماونەتەوە، چونکە بڕیارە وەستانی بۆرییەکە بەردەوام بێت تا ئەنقەرە و بەغدا و حکومەتی هەرێم یەکلاییکردنەوەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن دەدۆزنەوە.

 تورکیا دوای ئەوەی عێراق لە دۆسیەیەکی ناوبژیوانیدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و تیایدا ڕایگەیاندبوو تورکیا ڕێککەوتنێکی هاوبەشی پێشێلکردووە بە ڕێگەدان بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی نەوت بۆ جەیهان بەبێ ڕەزامەندی بەغدا، پەمپکردنی نەوتی خاوی لە بۆریەکان دا ڕاگرت.

 کۆمپانیای Forza Petroleum (FORZ.TO) کە بنکەکەی لە کەنەدایە و پێشتر کۆمپانیای Oryx Petroleum Corporation بووە، ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە لە مۆڵەتی 14,500 bpd  لە هەولێر - KRI بەرهەمهێنان دادەخات، چونکە کۆگاکە نزیک بووەتەوە لە توانای تەواوی پاشخان خستن.

 کۆمپانیای HKN Energy کە بنکەکەی لە دالاسە و بلۆکی سەرسانگ بەڕێوەدەبات، ڕایگەیاندووە، "لە ماوەی هەفتەیەکدا کارەکانی دادەخات ئەگەر هیچ چارەسەرێک بڕیاری لەسەر نەدرا "، چونکە دامەزراوەکانی هەڵگرتنیان لە توانای تەواوی پاشخان خستن نزیکبوونەتەوە.

 بلۆکەکە لە چارەکی چوارەمی ساڵی ڕابردوودا 43 هەزار و 38 بەرمیلی لە ڕۆژێکدا بەرهەمهێناوە.

 کۆمپانیای HKN ساڵی ڕابردوو نامەیەکی بۆ نوێنەرانی ئەمریکا نووسی و هۆشداریدا لەوەی کە وەستانی هەناردەکردن لە ڕێگەی بۆرییەوە دەبێتە هۆی داڕمانی ئابووری حوکمەتی هەرێمی کوردستان  KRI.

 کۆمپانیای گڵف کیستۆن پترۆلیۆم (GKP.L) کە کێڵگەی شێخان بە توانای 55 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە بەڕێوەدەبات، ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "دامەزراوەکانی توانای هەڵگرتنیان هەیە کە ڕێگە بە بەردەوامبوونی بەرهەمهێنان دەدەن بە ڕێژەیەکی کەمکراوە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، دوای ئەوە کۆمپانیاکە" بەرهەمهێنان ڕادەگرێت".

 کۆمپانیای DNO (DNO.OL) و کۆمپانیای Genel Energy ڕایانگەیاندووە، نەوت لە چەند تانکیەکداهەڵدەگرن، کە دەتوانێت چەند ڕۆژێک بەرهەمهێنانی تێدابێت.

 ئەو دوو کۆمپانیایە پشکی کێڵگەکانی تاوکێ و پێشکەبیریان هەیە، کە لە ساڵی ڕابردوودا 107 هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا بەرهەمهێناوە.
هاوکات کۆمپانیای گەنەل ئینێرجی پشکەکانی لە کێڵگەکانی تەق تەق و سارتە هەیە کە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 4500 بەرمیل و 4710 بەرمیلیان لە ڕۆژێکدا بەرهەمهێناوە، بەپێی ئەنجامی ساڵانەی کۆمپانیاکە.

 سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئۆپەراسیۆنەکانی کێڵگەی نەوتی خورمەلە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، بەرهەمهێنان لە کێڵگەی نەوتی خورمەلە کە لەلایەن گروپی کوردی کارەوە بەڕێوەدەبرێت، کاریگەری نەبووە لەسەر ڕاگرتنی بەرهەمهێنان و بە نزیکەی 135 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا و بەرەو تانکەکانیان دەڕوات.

 کۆمپانیای شاماران پترۆلیۆم (SNM.V) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: کۆمپانیاکە لە پەیوەندییەکی نزیکدا دەمێنێتەوە لەگەڵ بەرهەمهێنەرانی تری نەوت لە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ بەرپرسە پەیوەندیدارەکانی حکومەت، بەردەوامیش دەبێت لە چاودێریکردنی ئەم دۆخە لە نزیکەوە.

نوسینی ڕاپۆرت:
By :Rowena Edwards
REUTERS


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن