129 ئابوری

​نه‌وت بە ٧٦،١٨ دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت

12:01 - 24/03/2023

زه‌مه‌ن - ئابوری

لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا، یەک بەرمیل خاوی برێنت بە ٧٦ دۆلار و ١٨ سه‌نت مامەڵەی پێوە دەکرێت.

دوێنێ نرخی یەک بەرمیل خاوی برێنت گەیشتە ٧٧ دۆلار و ٤٤ سەنت و رۆژەکەی بە ٧٥ دۆلار و ٩١ سه‌نت تەواو کرد. ئەمڕۆش لە کاتژمێر ١٠:٢٨، بەراورد بە نرخی داخستنی پێشوو، بەڕێژەی لەسه‌دا ٠،٣٥ بەرزبوونەوەی به‌خۆیه‌وه‌ بینی و بە ٧٦ دۆلار و ١٨ سه‌نت مامەڵەی پێوە دەکرێت.

لە ھەمان کاتدا، یەک بەرمیل خاوی رۆژئاوای تێکساس (WTI)، بە ٧٠ دۆلار ٢٥ سەنت فرۆشرا.

نیگەرانییەکان سەبارەت بە زیادبوونی گرژییەکان دوای هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بنکەی هاوپەیمانان لە سووریا کە رەنگە ببێتە هۆی پچڕانی دابینکردن لە ناوچەکەدا، کاریگەری هەبووە بەسەر بەرزبوونەوی نرخی نەوت.

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، دوێنێ نزیکەی کاتژمێر ١٣:٣٠ بەکاتی ناوخۆ، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر دامەزراوەیەکی سەر بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە شاری حەسەکە باکووری رۆژھەڵاتی سووریا و لە ئەنجامدا کارمەندێک گیانی لەدەستداوە و کامەندێک و پینج سەربازی ئەمریکیش بریندار بوون.

لەلایەکی دیکەوە وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ڵۆید ئۆستن رایگەیاند: "بە رێنمایی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن، رێگەم بە فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا دا بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئەو دامەزراوانەی کە گرووپەکانی پەیوەست بە سوپای پاسدارانی ئێران بەکاریان دەهێنن. ئەمە لە وەڵامی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی ئەنجامدرا کە بەم دواییە کراوەتە سەر هێزەکانی هاوپەیمانان لە سووریا".

هێرشەکەی ئەمریکا بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و نیگەرانییەکان سەبارەت بە زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران کە دەتوانێت دابینکردنی نەوتی خاو لە ناوچەکەدا پەکبخات.

لێدوانەکانی وەزیری وزەی ئەمریکا، جەنیفەر گرانهۆڵم سەبارەت بەوەی کە پڕکردنەوەی یەدەگی ستراتیجیی نەوتی وڵاتەکە ساڵانێکی زۆری دەوێت، فشاری خستە سەر نرخەکان.

بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی لە مێدیا جیهانییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، گرانهۆڵم رایگەیاندووە کە بۆیان ئەستەمە سوود لە دابەزینی نرخی نەوت وەربگرن. ئەو لێدوانانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە کەمتر نەوت لە بازاڕەکاندا دەکڕدرێت، بەمەش بەرزبوونەوەی نرخەکان سنووردار دەبێت.

بەردەوامی نادڵنیایی لە بازاڕەکاندا بەرلە کۆبوونەوەی گرووپی ئۆپیک پڵەس کە لە وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی هەناردەکاری نەوت (ئۆپیک) و ژمارەیەک لە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتی دەرەوەی ئەو رێکخراوە پێک دێت کە بڕیارە لە سێی نیساندا بەڕێوەبچێت، دەبێتە هۆی هەڵکشان و داکشانی نرخەکان.

لەکاتێکدا هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکرێت کە گرووپی ئۆپیک پڵەس درێژە بە سیاسەتی بەرهەمهێنانی ئێستای خۆی دەدات، شارەزایان پێشبینی دەکەن کە نرخی نەوت کە بۆ نزمترین ئاستی ١٥ مانگی رابردوو دابەزیوە، رەنگە لەم هەفتەیەدا لەنێوان لەسەدا سێ بۆ لەسەدا پێنج بەرزببێتەوە.

ئاماژە بەوەیش دەدرێت رەنگە لەڕووی تەکنیکییەوە، خاوی برێنت لەنێوان ٧٧ دۆلار و ٢٠ سەنت بۆ ٧٨ دۆلار و ٤٨ سەنت بەرھەڵستی بنوێنێت و نرخەکەی لەنێوان ٧٤ دۆلار و ٨٨ سەنت بۆ ٧٣ دۆلار و ٨٤ سەنت بمێنێتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن