بەڵگەنامەكانی پاندۆرا؛ گەندەڵی گەورەكانی جیهان
08:10 - 04/10/2021
زەمەن_جیهانی
پەردە لەسەر سەروەت و سامان، مامەڵەی نهێنی سەركردەكانی جیهان و سیاسیی و ملیاردێرەكان هەڵدەماڵرێت، ئەوەش لە گەورەترین دزەپێكردنی بەڵگەنامەكانی تایبەت بە پرسی داراییدا.
بەڵگەنامەكانی پاندۆرا، گوزارشتە لە دزەپێكردنی نزیكەی 12 ملیۆن بەڵگەنامە كە سامانی نهێنی، خۆدزینەوە لە باج، لە هەندێك حاڵەتدا سپیكردنەوەی پارە، لەلایەن كۆمەڵێك سەركردەی جیهان و دەوڵەمەندانەوە.
ناوی نزیكەی 35 بەرپرسی ئێستا و پێشوو، زیاتر لە 300 بەرپرسی حكومی، لە بەڵگەنامەی كۆمپانیاكانی خۆدزینەوە لە بەڵگەنامەكانی پاندۆرادا هاتوون. سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمیر پوتین و شا عەبدولڵای دووەمی ئوردن لە نێو ئەو نزیکەی 35 سەرکردەی ئێستا و پێشوودان، کە ناویان لە فایلەکاندا هاتووە، هەردووکیان بەیاننامەیان بڵاو کردەوە و وتیان کە ئەوان هیچ کارێکی هەڵەیان نەکردووە.
بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی پاندۆرا کە لە نزیکەی 12 ملیۆن فایل پێکدێن و قەبارەکەیان نزیکەی 3 تێرا بایتە، زیاتر لە 330 سەرکردەی جیهانی کە هەندێکیان ئێستا لە دەسەڵاتن و هەندێکیان لە دەسەڵات نەماون، پارەیان لەنێو ماڵ و موڵکە نهێنییەکانیان لەسەرتاسەری جیهان شاردووەتەوە.
زیاتر لە 600 رۆژنامەنوس لە 117 وڵاتدا بەدواداچونیان لە مەلەفەكاندا كردووە بۆ ماوەی 14 مانگ، تا گەیشتوون بە بڵاوكردنەوەی بەڵگەنامەكان. یەكێتی نێودەوڵەتی بۆ رۆژنامەنوسانی بنكوڵكاری "ICIJ" لە واشنتۆن، كە لەگەڵ 140 دامەزراوەی راگەیاندن كار دەكات، ئەم مەلەفە گەورەترین دۆسیەی بنكوڵكارییە تائێستا ئیشی لەسەر كرابێت.
مەلەفەكان چیان ئاشكراكردووە؟
بەڵگەنامەكان پێكدێن لە شەش ملیۆن و 400 هەزار بەڵگەنامە، نزیكەی 3 ملیۆن وێنە، زیاتر لە یەك ملیۆن ئیمەیڵ، نزیكەی نیو ملیۆن خشتەی بڵاوكراوەكان.
_تێوەگلانی بەخشەرێكی ناودار لە پارتی پارێزگارانی بەریتانیا لە یەكێك لە گەورەترین ئابڕوچونی گەندەڵی لە ئەوروپا.
_شای ئوردن 70 ملیۆن و جونیەی ئیستەرلینی بۆ خانوبەرە خەرجكردووە لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و بەریتانیا، لەرێی كۆمپانیا نهێنیەكانیەوە.
_تێوەگلانی خێزانی دەسەڵاتداری ئازەربایجان لە گرێبەستی خانوبەرە لە بەریتانیا كە قەبارەكەی دەگاتە زیاتر لە 400 ملیۆن ئیستەرلینی.
_سەرۆك وەزیرانی چیك بەشێوەی نهێنی كۆمپانیاكانی وەبەرهێنانی لە دەرەوە بەكارهێناوە بۆ كڕینی دوو ڤێلا لە فەرەنسا بە 12 ملیۆن ئیستەرلینی.
بنكوڵكارییەكە ئاشرایكردووە كە 330 سیاسی لە جیهاندا پێگەی خۆیان بەكارهێناوە بۆ بەكارهێنانی كۆمپانیا نهێنیەكان بۆ شاردنەوەی سەروەت و سامانەكەیان.
لاكشمی كۆمار، لە دامەزراوەی Global Financial Integrity ئەمریكی، كە دامەزراوەیەكی بەدواداچوونە، دەڵێت ئەو كەسانەی "توانای گواستنەوەی پارە و راكێشانی و شاردنەوەیان" هەیە، زۆربەشیان لەرێی بەكارهێنانی كۆمپانیا نهێنیەكانەوە ئەو كارانە دەكەن.
بەڵگەنامەکانی پاندورا تۆڕە ئاڵۆزەکانی کۆمپانیا سنوورییەکان ئاشکرا دەکات، کە زۆرجار دەبێتە هۆی خاوەندارێتی شاراوەی پارە و سەرماییەکان.
بۆ نموونە، لەوانەیە کەسێک لە بەریتانیا خاوەندارەتی لە موڵک بکات، بەڵام لە ڕێگەی زنجیرەیەک کۆمپانیا لە وڵاتانی تر، یان لە "دەرەوەی وڵات" .
تایبەتمەندی وڵات و هەرێمەكان لە دەرەوە:
+ئاسانی دروستكردنی كۆمپانیا.
+بە یاسا كارئاسانی كراوە كە بەهۆیەوە ئەستەمە ناوی خاوەن كۆمپانیاكان بزانرێت.
+باجی كۆمپاكان كەمە یاخود هەر نیە.
قەبارەی ئەو پارەیەی لە باج شاردراوەتەوە
قورسە بزانرێت قەبارەی ئەو پارەیە چەندە كە لە پەنگەكانی خۆدزینەوە لە باجدا دانراوە، بەڵام رۆژنامەنوسانی بنكوڵكاریی مەزەندە دەكەن 5.6 تریلیۆن و 32 تریلیۆن دۆلار بێت.
سندوقی دراوی نێودەوڵەتی دەڵێت حكومەتەكان نزیكەی 600 ملیار دۆلار زیان دەكەن بەهۆی خۆدزینەوە لە باج بەهۆی بەكارهێنانی پەناگەكانی خۆدزینەوە لە باجدا.