کوردستان

په‌یامه‌كانی پشت ھێرشی مووشەكی بۆ سەر ھەولێر

05:00 - 16/02/2021 218 جار خوێندراوەتەوە

شیكاری: د.نه‌وزاد هێتوتی

لە 15 شووباتی 2021، بە چەند مووشەکێک هێرشکرایە سەر چەند ناوچەیەكی دیاریكراو لە هەولێر.  لەم ھێرشەدا چەند مووشەکێک بەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر کەوتن. ھەروەھا لەم ھێرشەدا مووشەكیەدا  بنكەی سەربازی ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە نزیك فڕۆکەخانەی ھەولیر كرانە ئامانج.

 

ئەمە یەكەم جار نییە كە لە رێگەی مووشەكەوە ھێرش دەكرێتە سەر ھەولێر. لە 30ی ئەیلوولی 2020 شەش مووشەک لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کەوتنە خوارەوە.

مووشەکانی ساڵی پار لە نزیک بەرتەللەوە لە پارێزگای نەینەوا ئاراستەی هەولێر کرابوون. بەڵام ئەمجارە مووشەكەكان لە نزیكی 12 كیلۆمەتر لە نێوان رێگای گوێر و ھەولێر ئاراستە كراون.

ئەوەی جێگەی سەرنجە، شێواز و تەکنیک، کە لە هێرشی ئەمجارەدا بەكار ھێنراون ھەمان شێوازی پێشووی ھێرشەكانی سەر فڕۆکەخانەی هەولێرە.


ھەر چەندە بەدیاری كراوی حكومەتی ھەریم راینەگەیاندووە كە كێ لە پشت ھێرشەكانەوەیە. بەڵام لە تۆرە كومەڵایەتییەكان گروپێكی میلیشیا شيعەكان بەناوی (سەرایا ئەولیاء ئەلدم) كە سەر بە ئێرانە و دژایەتی ئەمریكا دەكەن، بەڕپڕسیارێتی خۆی لەم ھێرشانەدا راگەیاندووە.

ھێزە هاوپه‌یمانه‌كانی نزیك له‌ ئێران دەمێكە راھاتوونە لەسەر ئەوەی بۆ درووستكردنی گوشار لە سەر لایانەكان و بە دەستھێنانی مەرامی سیاسی لە رێگەی ئەو میلیشانەوە ھێرشدەكەنە سەر نەیارەكانیان. بە تایبەت ئێران لە رێگەی ھێزە هاوپه‌یمانه‌كانیه‌وه‌ بەردەوام لە بەغدا مووشەك ئاراستەی بنكە و بارەگاكانی ئەمریكا و بەتابەتیش سەفارەتی ئەمریكا دەكەن.


ھێزە میلیشیاكان لە سەر ئاستی ناوچەكەش ھەمان شێواز و تەكتیك بەكاردەھێنن بۆ دژایەتیكردنی نەیارەكانیان. بەتایبەت لە یەمەن چەندین جار ھێرشیان كردووە سەر دامەزراوە نەوتییەكان و فڕۆكخانەكانی عەرەبستانی سعودی. ھەروەھا لە لوبنان و فه‌له‌ستینیش


ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە كە ئەم ھێرشانە لە كاتێكدا ئەنجام دراوەن كە سەرۆكێكی نوێ لە ئەمریكا ھاتووە سەر دەسەڵات و ھێشتا دیار نییە بەرانبەر ھێرشی مووشەكی ھێزە پرۆكسییەكانی ئێران بۆ سەر ئەمریكا و ھاوپەیمانەكانی سیاسەتی بە چ شێوەیەك دەبێت. ئایا بە ھەمان شێوازی دۆنالد ترەمپ رووبەرووی ئێران و ھێزە میلیشیاكان دەبێتەوە یاخود بە شێوازەكی تر مامەڵەیان لە گەڵدا دەكات.

 

دیارە لەسەردەمی دۆناڵد ترەمپ ئەمریكا ھەڵوێستی زۆر تووندی بەرامبەر ھێرشی ھێزە میلیشیاكان بۆ سەر ئەمریكا و ھاوپەیمانەكانی ھەبووە.

 

لە دیسەمبەری 2020 كاتێك میلیشیا شيعەكان ھێرشیان كردە سەر بنكەی سەربازی K1 لە كەركوك، ئەمریكا لە وەڵامدا لە رێگەی فرۆكەوە گورزێكی تووندی سەربازی لە كەتایبی حزبوڵڵا وەشاند لە قایم. ھەروەھا كاتێك بە فەرمانی ئێران، ھێزه‌ میلیشاكانی شیعە لە 31ی دیسەمبه‌ری 2020 ھەوڵی داگیركردنی سەفارەتی ئەمریكایاندا لە بەغدا. لەبەرامبەردا، ئەمریكا گورزێكی سەربازی گەورە و شۆكھێنەری لەو میلیشیانە وەشاند، كاتێك قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودس و ئەبومەھدی موھەندیس جێگیری فەرماندەی دەستەی حەشدی شەعبی كرانە ئامانج.


بۆیە، دیسان لێرەدا پڕسیار ئەوەیە، ئایا سەرۆك بایدن ھەمان سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ دەگرێتەبەر بۆ رووبەرووبوونەوەی میلیشیا شيعەكان یاخود سیاسەتێكی جیاوازتر دەگرێتە بەر؟.


لە بیرمان نەچێت بە ئامانج گرتنی ھەولێر خۆی لە خۆیدا پێش ئەوەی مەسجەكە بۆ ھەولێر بێت بۆ ئەمریكایە!.

 میلیشیاكان لە رێگەی ئەم ھێرشانەوە بێگومان دەیانەوێت چەند پەیامێك بگه‌یه‌نن.

یەكەم، دەیانەوێت ئیدارەی بایدن تاقی بكەنەوە بەوەی، ئایا ئەمریكا ئامادەیە ھاوشێوەی ترەمپ لە رێگەی ھێزی سەربازییەوە رووبەرووی ھەرەشەكانی ئێران و گروپە شيعەكان ببێتەوە و بەرگری لە ھاوپەیمانان بكات یان نا.

 

دووەم، پەیامێكی تری ئێران بۆ ئەمریكا ئەوەیە كە ئەگەر بایدن گەمارۆكانی سەر ئێران ھەڵنەگریت، ئەوا ھێزە هاوپه‌یمانه‌كانی ئێران دەست بە چالاكی سەربازی دژی بەرژەوەندی و پێگەكانی ئەمریكا و ھاوپەیمانەكانی لە عێراق و ناوچەكەدا دەكەنەوە. بۆیە ئەمە دەكرێت زیاتر ھەرەشە و گوشاریك بێت بۆ سەر ئیدارەی بایدن بۆ گۆڕینی سیاسەتی ئەمریكا بەرانبەر ئێران.


بەھەمان ئاراستەش ئامانجێكی تری پشت  ئەم ھێرشانە  ئەوەیە كه‌ بە ئەمریكا بڵێن كە ھیچ شوێنی ئارام و سەقامگیر بۆ جێگیر بوونی ھێزەكانی ئەمریكا لە عیراقدا نییە. بە تایبەت لەسەردەمی ئیدارەی ترەمپ ئەمریكا زۆربەی بنكە و بارەگاكانی لە عێراق چۆڵ كرددووە و ئێستا ھێزەكانی ئەمریكا زیاتر لە بنكەی (عین ئەسەد و ھەولیر و فڕۆکەخانەی بەغدا جێگیر كراون). بێگومان بەدەر لە ئەمریكا، گروپە شیعەكان لە رێگەی ئەم ھێرشانەوە  پەیامێكیان دایە ھەولێریش كە بریتییە لەوەی ھەموو كات دەستمان دەگاتە كوردستان. بۆیە كورد نابێت لە سیاسەتی ئێران و میلیشیا شيعەكان دەربچن و پاڵپشتی سیاسەتی ئەمریكا لە عێراقدا بكەن.


ھەروەھا ئێران و ھاوپەیمانەكانی لە رێككەوتنی شنگال زۆر نیگەرانن كە لە نێوان حكومەتی ھەرێم و كازمیدا ئەنجام دراوە. لە لایەكی تریشەوە، ئێران و ھاوپەیمانەكانی دەیانەوێت واپێشان بدەن كە بارودوخی ھەولێر یان كوردستان بە شێوەیەكی گشتی ناسەقامگیرە ھاوشێوەی بەغدا و شارەكانی تری عێراق.


لەبەر ئەم ھۆكارانەوی سەرەوە، گرنگە كە ئیدارەی بایدن ئەو ھێرشانەی كراونە سەر ھەولێر بە جدی وەربگرێت و نەرمی نواندن بەرانبەر هێزه‌ میلیشیاكان، نەك ھەر كێشەكان چارەسەر ناكات بگرە كێشەكان قوڵتر دەكاتەوە.


ھەرچەندە لە پەیوەندی تەلەفونی نێوان سەرۆكوەزیران مەسرو بارزانی و ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەخت لەسەر ئەوە كراوه‌تەوە كە ھەماھەنگی نێوان ھەرێم و ئەمریكا بەھێز تر دەكەن بۆ پاراستنی سەقامگیری لە كوردستان. ھەروەھا، بلینکن ئاماژەی بەوەی كرد زۆر تورەن لەو ھێرشەی كراونەتە سەر ھەولێر و ھەڵ دەدەن تاوانباران رووبەرووی سزا بكەنەوە.


بیگومان لێرەدا راستێك ھەیە دەبێت ئەمریكا بیزانێت كە ئەگەر ئەمریكا سیاسەتی ترساندن و پەڕپرچدانەوە(Deterrence strategy) دژی ئەو گروپانە پراكتیزە نەكات، بێگومان ئەمە نەك ھەردەبیتە خالێكی گەورەی لاوازی ئیدارەی بایدن بەڵكو ھێزه‌میلیشیاكان مەودای ھێرش و ھەرەشەكانیان زیاتر فراوانتر دەكەن و زیاتر و زیاتر ھێرش دەكەنە سەر پێگەو بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا.


بۆیە، كاتی ئەوەیه‌ بایدن ھێڵی سوور بۆ میلیشیاكانی شیعە دابینیت. ئەگەر ئەمە نەكات رووداوەكان لە كۆنترۆڵ دەردەچن و دواتر ئەمریكا ناتوانێت ئیدارەی قەیرانەكان بكات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement