مەترسییەک لەسەر مووچەى فەرمانبەران ئاشکرا دەبێت
01:10 - 22/05/2020
"زەمەن"
ڕاوێژكارێکی
دارایی و ئابووری سەرۆك وەزیرانی عیراق مەترسییەک
لەسەر مووچەى فەرمانبەران ئاشکرا دەکات و هۆشداری لە كورتهێنانی بودجە بۆ مووچەی
مانگی داهاتووی فەرمانبەران دەدات.
مەزهەر محەمەد، ڕاوێژكاری
دارایی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی فەرمی عیراقیە (واع)
دەڵێت، بۆ دابینكردنی مووچە و خەرجییەكانی تری دەوڵەت پێویستمان بە 5 ترلێۆن دینار
هەیە، بەڵام بەم بارودۆخەی ئێستاوە ناتوانین ئەو بڕە پارەیە دابینبكەین، لەكاتێكدا
مانگی ئایار 2 ترلێۆن دینار داهاتمان هەبووە.
ڕاوێژكاری دارایی
سەرۆك وەزیرانی عیراق ئاماژەى بەوەشکردووە، بۆ مووچەی مانگی (حوزەیران)ی كارمەندان،
حكومەتەكەیان ڕووبەڕووی قەیران دەبنەوە، چونكە ئێستا بەغدا ڕووبەروی ئاستەنگێكی
گەورە بۆتەوە بۆ دابینكردنی مووچەی مانگی شەش، چونكە داهاتی نەوت لەمانگی ئایاردا
كەم بووە، بۆیە لیژنەیەكی بالایان پێكهێناوە بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پەیكەری دارایی گشتی.
ئاشکراشیکردووە كە لە چاكسازی داراییدا چاو دەخشێنرێتەوە بە مووچەی پلە باڵاكان و
پاراستنی مووچەی پلەكانی خوارەوە و ئەگەر توانا هەبێت بۆشیان زیاد دەكرێت، بۆ ئەوەش
ئەو چاكسازییە لە مانگی حوزەیرانەوە دەچێتە بواری جێبەجێ كردنەوە.