لە داهاتوودا چی ڕوو دەدات؟ چەند پێشبینیەک بۆ داهاتووی مرۆڤایەتی
7/19/2025 4:23:00 PM
د. ماکۆک محمد
ئەوەی ئێستا لای ئێمە موعجیزە و ئەستەمە، لە داهاتوودا بەهۆی زانستەوە مرۆڤایەتی پێی دەگات.
هەر ڕووداوێک لە قورئاندا باس کرابێت، خوای گەورە ئاماژەی بەوە نەکردووە کە ئەمە موعجیزەیە و دووبارە نابێتەوە، بەڵکو هەمووی هاندانە بۆ ئەوەی مرۆڤ پێی بگات.
مرۆڤیش بەشێک لە دەسەڵاتی خوایەتی پێ بەخشراوە، چونکە جێنشینی خوایە لەسەر زەوی، وە ڕۆحی مرۆڤ جیاوازە لە ڕۆحی گیاندارانی تر، ڕۆحی خوایی و نەمری لە جەستەیدایە،
...
لێرەدا هەندێک لەو پێشهات و ڕووداوانە باس دەکەم کە خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا ئاماژەی پێکردووە و دەکرێت لە داهاتوودا مرۆڤ پێی بگات، لەوانە :-
▪️ کۆشکی شاژنی سەبەء کە ناسراوە بە (بەلقیس) یەکێک بووە لە گەورەترین تەلارەکانی مێژوو، کاتێک بەلقیس دەیەوێت سەردانی پێغەمبەر سولەیمان بکات (سەلامی خوای لەسەربێت)، سولەیمان، دەیەوێت بەلقیس توشی سەرسوڕمان بکات و پیشانی بدات دەسەڵاتی ئەم گەورەترە.
دەستوپێوەندی کۆدەکاتەوە و پێیان دەڵێ: کێ دەتوانێت ئەو کاتەی بەلقیس لە ڕێگایە بۆ ئێرە، کۆشکەکەیم بۆ بهێنێت؟ یەکێک لە جنۆکە بەهێزەکان کە ناسراون بە عفریت، وتی قوربان پێش ئەوەی لەسەر کورسییەکەت هەڵسیت من کۆشکەکەی دەهێنم !!
بەڵام لەو لاوە زانایەک وتی قوربان من بە چاوتروکانێک دەیگەیەنمە ئێرە.
{قَالَ الَّذِي عِندَهُ عِلْمٌ مِّنَ الْكِتَابِ أَنَا آتِيكَ بِهِ قَبْلَ أَن يَرْتَدَّ إِلَيْكَ طَرْفُكَ}
وەکو چۆن ئێستا بە چرکەیەک نامەیەکی ئەلیکترۆنی لەمسەری دنیا بۆ ئەوسەری دنیا دەنێردرێت، دەکرێت لە داهاتوودا هەموو کەلوپەلێکی تریش بە خێرایی بنێردرێت، تەنانەت خودی مرۆڤیش بە چرکەیەک بگاتە هەر شوێنێکی ئەم زەویە کە بیەوێت.
▪️ مرۆڤ لە داهاتوودا جلوبەرگێک دروست دەکات کە ئاگر ناگرێت و بەرگەی پلەی گەرمای بەرز دەگرێت، وە دەتوانێت بەو جلوبەرگەوە بچێتە ناو ئاگر و زیانیشی پێ نەگات. یاخود ئەتوانین بڵێین مرۆڤ ئاگرێک دروست دەکات کە بۆ جەستەی مرۆڤ سوتێنەر نەبێت.
خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا ئاماژە بەوە دەکات ئیبراهیم (علیە السلام) خرایە ناو ئاگرەوە بەبێ ئەوەی زیانی پێ بێگات.
▪️ مرۆڤ لە داهاتوودا لە ڕێگەی زانستەوە دەکرێت هەتا هەزار ساڵ تەمەنی درێژ بێت.
کاتێک خوای گەورە باسی پێغەمبەر نوح دەکات، دەیتوانی بفەرموێت نوح سەلامی خوای لێبێت ساڵانێکی زۆر پێغەمبەرایەتی کرد، بەڵام بە ژمارە دەفەرموێت ٩٥٠ ساڵ پێغەمبەرایەتی کرد، ئەمەش ئاماژە و هیوایەکە بۆ مرۆڤایەتی کە ئەوانیش چونکە لە هەمان ڕەگەزن دەکرێت بگەنە هەمان تەمەن.
{ وَلَقَدۡ أَرۡسَلۡنَا نُوحًا إِلَىٰ قَوۡمِهِۦ فَلَبِثَ فِیهِمۡ أَلۡفَ سَنَةٍ إِلَّا خَمۡسِینَ عَامࣰا }
▪️ لە داهاتوودا مرۆڤ دەکرێت بەهۆی زانستەوە بۆ هەندێک بارودۆخی تایبەت مرۆڤی تر بۆ ماوەی سەدان ساڵ بخەوێنێت.
خوای گەورە لە باسی یارانی ئەشکەوتدا باس لەوە دەکات کە زیاتر لە سێ سەد ساڵ خەویان لێکەوت بەبێ ئەوەی زیان بەرجەستەیان بکەوێت.
▪️ لە داهاتوودا مرۆڤ چەکێکی لەیزەری هێندە بەهێز دروست دەکات کە زۆر لە چەکی ئێستا بەهێزترە و قەبارەکەشی هێندەی دارێکی بچوک یان گۆچانێک دەبێت.
بۆ ئەمەش پشت بە دار عەساکەی موسا دەبەستین سەلامی خوای لەسەربێت، لە چەند ئایەتێکی قورئاندا خوای گەورە باسی کاریگاری و هێزی ئەو دارەی دەستی موسای کردووە، تەنانەت ڕووباری پێ لەتکردووە، تاشە بەردی گەورەی پێ شکاندووە.
▪️لە داهاتوودا مرۆڤ لە ڕێگەی زانستەوە دەتوانێت لەگەڵ زۆربەی گیاندارەکانی تر قسە بکات.
لە ئێستادا هەندێک باڵندە و گیاندار دەتوانن چەند وشەیەک بڵێن، وە هەندێک گیاندار دەتوانن لە ئاماژەی مرۆڤ تێبگەن، بێگومان پێشکەوتنی زانست ئەم لێتێگەیشتنەی نێوان مرۆڤ و گیانداران زیاتر دەکات.
خوای گەورە لە چەندین ئایەتی قورئاندا ئاماژە بە گفتوگۆی نێوان گیانداران و پێغەمبەر سولەیمان دەکات سەلامی خوای لەسەربێت.
بیرمان نەچێت سولەیمان مرۆڤ بوو نەک فریشتە.
▪️ لە داهاتوو مرۆڤ دەتوانێت لە تەمەنی پیریشدا منداڵی ببێت، وە دەکرێت بەبێ باوکیش منداڵ بخاتەوە، تەنانەت بەبێ ڕەحمی دایکیش دەکرێت لە ڕەحمی دەستکردا مناڵ دروست بکەن.
هەروەک خوای گەورە بۆ لەدایکبوونی پێغەمبەر عیسا و پێغەمبەر یەحیا سەلامی خوایان لەسەربێت باسی دەکات.
▪️ بەپێی ئەم زانستەی هەتا ئێستا مرۆڤ پێیگەیشتووە، هیچ تەنێک ناتوانێت بەخێرایی ڕووناکی بڕوات، بەڵام خێرایی ئەو بوراقەی پێغەمبەری برد بۆ ئاسمانەکان (درودی خوای لەسەربێت) زۆر لە خێرایی ڕووناکی زیاتر بووە، ئەمەش هیوا و ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی دەکرێت لە داهاتوودا مرۆڤ بۆ گەشتی ئەستێرەکانی تر ئامێری وا دروست بکات بگاتە ئەو خێراییە.
▪️ لە داهاتوودا دەتوانرێت بەرهەمی کشتوکاڵی زۆر لە ئێستا زیاتر بکرێت، بەڕادەیەک دەتوانرێت لە هەر دەنکە گەنمێک حەوت سەد دەنک بەرهەم بهێنرێت.
کاتێک خوای گەورە باسی پاداشتی چاکە دەکات، دەیتوانی بفەرموێت پاداشتی هەر چاکەیەک بە حەوت سەد ئەوەندەی خۆی دەدەمەوە، بەڵام زۆر بەجوانی باسی ئەو پاداشتەی تێکەڵی بەرهەمهێنانی گەنم کردووە و دەفەرموێت: وەکو چاندنی دەنکە گەنمێک وایە کە حەوت چڵی لێ ببێتەوە و هەر چڵێکیش سەد دەنک گەنم بگرێت. بەم شێوەیە تێمان دەگەیەنێت پاداشتی چاکەکردن چەند زۆرە و زیادکردنی بەرهەمی دانەوێڵەش بەو ڕادە زۆرە ئەستەم نیە.