بەرپرسیارانەتر
8/31/2023 6:24:00 PM
ئەرسەلان رەحمان
بەیاننامەکەی
پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕاستە ڕواڵەتێکی زاڵدەستی پێوەدیار و دەمکوتکەرە، بەڵام
ئاماژەیەکی خراپە، بۆ دابەزینی ئاستی گوتار لە ململانێی سیاسیدا.
پارتی دەبوایە وەک ئەوەی تەبەنی گوتاری سیاسیی کوردی بە ڕووی دەرەوە
دەکات، لە ئاستی ناوخۆشدا تەبەنی گوتارێکی لۆژیکی و سیاسیی و نیشتمانیی ئەوتۆ
بکات، ئاستی شوێنکەوتووانی بە ئەندام و لایەنگرەوە بەرز بکاتەوە، ڕێگر بێت لە تێکدانی
ژینگەی میدیایی، گەشەکردنی گوتاری ڕق و کینە، چیقڵدانەی سیاسیی فراوانتر بێت، نەکەوێتە
ژێر کاریگەری پەیجەوان و لەشکری ئەلیکترۆنی و سۆشیالمیدیای یار و نەیاری.
ئەوە بە پلەی یەکەم
بەرپرسیارێتی پارتییە، خەمی بەرهەمهێنانی گوتارێکی بێت؛ کە لە ئاست ئاڵنگارییەکانی
بەردەم پڕۆسەی سیاسی و هەرێم بێت وەک کیان، ئەو گوتارە لەسەر بنەمای پێشخستنی ڕەوڕەوەی
حوکمڕانی و زەمینەڕەخساندن بۆ ساڕێژی برینی ڕابردوو بێت، نەک ئاو کردنە ئاشی تابووری پێنجەم و تێکدانی فەزای پێکەوەسازانی
دەنگ و ڕەوت و ڕەنگە جیاوازەکان لە کۆمەڵگەدا، کە ئەندام و لایەنگری هەردوولا دەگرێتەوە.
وەک چۆن کاریگەری
سۆشیالمیدیا و مەیلی بەکارهێنەران، دامەزراوەکانی ڕاگەیاندنی لە کاکڵەی پەیامی میدیایی
خاڵیکردووەتەوە و زۆرێکیانی کردووە بە تەنەکەی زبڵ و خاشاک، هاوشێوە، کاریگەرییەکەی
گەیشتووەتە بەیانی م.س لایەنەکان و پەیامیان لە لۆژیک پێ خاڵی دەکاتەوە.
ئەمە نەک تەنیا لە بەیاننامەکەی پارتی، بەڵکو لە بەیاننامەکەی یەکێتی
و لێدوانی سیاسییەکان، هەڵوێستی هەردوولا لە بارەی پۆستی سەرۆک کۆماری، پارێزگاری
کەرکووک، پەیوەندی هەولێر و بەغدا و ڕووداوەکانی 2017، کوشتنە بکەرنادیارەکان،
بودجە و داهاتی دەروازەکان ڕەنگیداوەتەوە.
ئەم گوتارە و
هاوشێوەکانی، برەو بە گوتاری ڕق و کینە دەدەن، فەزای گشتی دەشێوێنن، ئاسایشی دەروونی
ئەو هاووڵاتیانەی حەفتا .. هەشتا ڕۆژ جارێ مووچەی فەرمانبەری یان دووسەد هەزاری
خانەنشینیان وەردەگرن وێران دەکەن، گرژی زۆرتر و بۆشایی زیاتر دەکەن.
جێی خۆیەتی، ڕۆشنبیر و ئاکادیمیانی
پارتی و یەکێتی و ئەوانەی لە خەمی داڕشتن و سەرخستنی گوتارێکی نەتەوەیی و نیشتمانین
لە ناو لایەنەکان، بەتایبەتی پارتی ڕەخنەی ئەو زمان و گوتارانە بکەن، کە زیانخەرۆن،
لانیکەم لە سۆشیال و لە ڕێی کەناڵەکانەوە فووی پێدا نەکەن و تەشەنەی پێ نەدەن، پەراوێزی
بۆ نەنووسن، لە بەرامبەریشدا پێویستە یەکێتی خۆی لە قاوغی موهاتەرات ڕزگار بکات و
پێداچوونەوە بەو گوتارەی بکات، کە مانەوەی خۆی لە ڕەشکردنی پارتی دەبینێتەوە.
ئەرسەلان رەحمان