گوێ قوڵاغ بۆ دهۆڵی سەدرییەکان و چاونوقان لە ئاست رووماڵی رووداوەکانی ناوخۆ
8/7/2022 8:55:00 AM
ئەرسەلان رەحمان
دەستگیرکردنی میدیاکاران بە تایبەتی پەیامنێر و
وێنەگران، رەفتارێکی ئیدانەکراوە، کاریگەری نەرێنی لەسەر وێنای هەرێم لە راپۆرتی دیپلۆماتکار
و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەبێت. دەست نەپاراستن لە پشتەوانەی قانوونی نوێنەران،
ئاماژەی روونە بۆ نەبوونی ئیدراک و تێنەگەیشتن لە سەنگ و پێگەی نوێنەری هەڵبژێردراوی
خەڵک و باوەڕنەبوونە بە یاسا. بۆ نوکتەش دەڵێن لە پێناو چەسپاندنی یاسا و رەوشی
گشتی کەس ئێستا رانەگیراوە.
ئەم رەفتارانە ئەو وێنایە دەشێوێنێ و تێکیدەشکێنێ،
کە دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان هەمیشە دەیەوێ وا ببینرێ، ئێرە مێرگێکی
رازاوەیە و بەهەشتی کاری میدیاییە و پەراوێزێکی رێز لێگیراو بۆ ئازادی کاری میدیا
هەیە.
دوو هەفتەیە دیمەنی هەڵکوتانە سەر ئەنجوومەنی نوێنەران و خۆپیشاندانی
سەدرییەکان و ئیرادەیان بۆ گۆڕانکاری لە شاشەکانەوە، (بێ چارەسەری هەواڵیانەی ئەوتۆ،
کە هۆشیاری بدرێتە وەرگر و پێی بڵێی هەولێر و بەغدا تەنیا لە سەر نەخشە دەکەونە
ناو چوارچێوەیەکەوە)، پیشان دەدرێ، باسی رای خەڵک و گرنگی لە پرۆسەی دیموکراتی ئەکرێ،
شانازی بە شکانی شکۆی ئەو ئەنجوومەنەوە دەکرێ، کە ئێرەش بەشێکە لێی و خەڵک دەنگی پێ
داوە؛ کەواتە دەبێ چاوەڕێی کاریگەری خراپی رووماڵی ناشیانەی میدیای ناوخۆیی بکرێ و
درک بەوە بکرێ، ئەوەی روو ئەدات ئەنجامی واقیعیانەی کارکردنی بەشێک لە میدیایە، کە
بێ ئامانج، بێ بەرچاوڕوونی، بێ بوونی پاساوێکی پیشەیی، قەبارەی رووداوەکان گەورەتر
لە خۆیان پیشان ئەدا، رایگشتی لە بارەیانە بەلاڕێدا ئەبا، خودی راستیی رووداوەکان
ئەشێوێنێ، گێرەشێوێنی و پەکخستنی دامەزراوەیەکی دەستووری وەک ئەنجوومەنی نوێنەران
بە خەباتی رەوای خەڵک ناودەبات، بیریشی لەوە
نەکردووەتەوە، هەڵوێستی چی دەبێ ئەگەر ئەوەی بەغدا بێتە هەولێر.. کاتێکیش هەلومەرجی
نوێ دێتە ئاراوە، هەندێک دەیانەوێ لاسایی بەغدا بکەنەوە، هەمان ئەو جۆرە میدیایە خۆی
لێ نەبان دەکا، وەک ئەوەی خەڵک لە گوێی گادا خەوتبێ.
میدیا قابیلیەتی هەیە حاڵەت بکاتە دیاردە و لەوەش زیاتر حاڵەتێکی فەردی
یان زۆر مەحەلی بکاتە دیاردەیەکی جیهانی.. بۆیە باشتر وایە میدیا بە هەڕەمەکی بەکار
نەهێنرێ و گوتاری میدیایی بە جۆرێک دابڕێژرێ خزمەتی پرسە گەورەکان و خەون و هیوای
تاک بکات.
ئەمجۆرە مامەڵە ئەمنییە، (کە هیچ پشتیوان و سەنەدێکی
یاسایی نییە) لەگەڵ میدیا، ئاماژەی نەبوونی
روئیایەکی مەدەنیانەیە بۆ کارەکە، هەروەها نیشانەی بێ موبالاتی و بەهەند وەرنەگرتنی
ئەو بنەمایانەیە، کە کراونەتە پێوەری مانەوە و بەهێزکردنی ئەم چیرۆکەی لە ناوچەکە
هیوای لەسەر هەڵچنراوە.