تەجنیدکراوەکان لە میدیادا
1/24/2021 10:05:00 AM
ئەرسەلان رەحمان
میدیایەکى بێ گوتار.. هەر ئەوەى لێ چاوەڕوان دەکرێت!
بۆچى برەو بە کاڵاى بێ ئەرزشى نەیار دەدرێت
-1-
کەناڵە میدیاییەکان، هێشتا وەک پێویست لە رووى داڕشتنى گوتارى میدیایی نەخەمڵیون. ئەگەر چى ژمارەیان زۆرە، ئەگەرچى بژێوى ژیانى هەزاران کەسیان پێوە بەندە و شەو و رۆژ خەریکى بڵاوکردنەوەن.
لە هەریەک لەو کەناڵانەى هەراشتر دێنەبەرچاو، ئەگەر لە رووى مرۆیى و تەکنیکییەوە، هەموو شت هەبێت؛ هێشتا عەقڵى میدیایی بە درووستیى نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەى ئیدارەى تواناى مرۆیی و تەکنیکى کەناڵەکان بکات، بەرەو پێشیان بەرێت و گوتارێکى کامڵ پێشکەشى وەرگرانی بکات.
ئەوانەى توانایان سنووردارترە، هەندێکیان وەک دەستەمۆ، کێ زیاتر دەستیان بەسەردا بێنێت؛ لە ئامێزى ئەون. هەندێکی دیکە وەک تەیرى کەویکراو بەسەرشانى ئەم و ئەوەوە دەخوێنن.
(بە رەهایی نا)، بەڵام بەشى هەرە زۆرى کەناڵە میدیاییەکان تەنیا زمانیان کوردییە. ئەگینا ناوەڕۆکیان کوردیانە نییە. تەنیا ئیشیان بووەتە وەرگێڕانى پەیامى ئەم و ئەو، بێ گوێدانە مەترسیدارى پەیامەکان و لێکەوتەى نەرێنیان.
نموونەى هەرە سادە، ئەو بەرهەمە ئێرانیەیە، کە هیچ ئەرزشێکى نییە، بەڵام دەبینیت لە چەندین پەیج و سایتی کوردیی بێ هیچ بیرکردنەوەیەک بڵاودەکرێتەوە. ئەمە یەکەمجار نییە، ئەو کەناڵانە سڵیان لە بڵاوکردنەوەى پەیامەکانى داعش نەدەکرد!
ئەمە لە چەند حاڵەتێک بەدەر نییە:
یەکەم: ئەوانەى بڵاوی دەکەنەوە وابەستەى سوڕگەى "مقاوەمەن" وەک خۆیان ناوی دەبەن. لە بازنەى بەرژەوەندپارێزى شیعەگەرییدا دەخولێنەوە.
دووەم: نەیارێتیان دژ بە بەڕێز "مسعود بارزانى" ناکۆکیەکى سیاسیی نییە، بەڵکو هێندە بۆیان بووەتە کێشەیەکى دەروونى، لە دژى سڵ لە هیچ ناکەنەوە دەستى بۆ بەرن.
سێیەم: رەنگە تێنەگەن دژى کێ و بۆچى ئاو لە ئاشی خەڵکى دیکە دەکەن؟
چوارەم: رەنگە کەسانێکیش هەبن بەکارى بێنن بۆ چنینەوەى دەستکەوت وگەیشتن بەو مەرامیان.
پێنجەم: کەسانێکى تەجنیدکراوون و وەک تابوورى پێنجەم کار دژى خەڵکى خۆیان بۆ لایەنى دەرەکى دەکەن. لە میدیادا نموونەى تەجنیدکراوەکان هەن و خەڵک دەیانناسێت. هەر بنووسن دەزانرێت بۆ کێ و لە پێناو چى و بەرامبەر بە چى دەنووسن؟