624وتار

٣٣ ساڵ پاش ئەنفال هێشتا کوردی عێراق لە مەترسیدان

5/4/2021 3:35:00 PM
فەرهەنگ فەرەیدون

پێشمەرگە کە بۆ پاراستنی ئازادی کورد دامەزەراوە لە ئێستادا نەک ئازادی تەنانەت ناتوانێت بونی کورد بپارێزێت.

لە ساڵی ١٩٨٨ ڕێژمی بەعسی عێراق زیاتر لە چارەکێکی کوردی عێراقی ڕوبەڕوی یەکێک لە قێزەونترین تاوانەکانی سەدەی ڕابردو کردەوە. لە شاڵاوی بە ناو ئەنفالدا زیاتر لە ١٨٢٠٠٠ هەزار کورد زیندەبەچاڵ کران یاخود بێ سەروشوێن کران. هێشتا کەسوکاری قوربانیەکان بەو هیوایەوە دەژین کە کەسوکاریان بگەڕێنەوە.

 نەتەوەی کورد کە هەمیشە بونی لە مەترسیدابوە دەبو پێش هەمو شتێک کار بکات بۆ دروستکردنی بەهێزترین و ڕێكخراوترین هێزی سەربازی بۆ مانەوەی خۆی.

بەڵام دوای ٣٣ ساڵ کوردی عێراق هێشتا لە مەترسیدایە. جینۆسایدی ٢٠١٤ی یەزیدیەکان کەیسێکی ڕونە. لە ئێستادا هەرێمی کوردستان لە هەمو کاتێک دابەشتر و لاوازترە. هەرێم هێزێکی سەربازی زەبەلاحی هەیە بەڵام توانای پاراستنی هەرێم و دانیشتوانەکەی نیە. وە ئەو کێشانەی لە پێشمەرگە هەبوو دێرینن و تا ئێستاش خەمیان ناخورێت. هێزی پێشمەرگە سەرەتا لەلایەن مستەفا بەرزانیەوە لە ساڵی ١٩٤٦ لە عێراق دامەزرا و پاشان کۆچیان کرد بۆ ئێران بۆ پاراستنی کۆماری مەهاباد و ئازادیەکەی. بەڵام کۆمارەکە کەوت و نایانتوانی بیپارێزن. بە هەمان شێوە پێشمەرگەی هەرێم نەدتوانیوە دانیشتوان و خاکی هەرێم بپارێزێت کە ئەمەش شکستی سەربازیە. بە شکستی سەربازی هەمو پێكهێنەرێکی وڵات دەکەوێتە رەحمی دوژمنەکانیەوە..

لە سەروبەندی کۆتای جەنگی عێراق-ئێراندا، هێزە زەبەلاحەکەی بەعس دەستبەتاڵ بون بۆ لەناو بردنی کورد. سەدام لە ساڵی ١٩٧٦ەوە جەنگی لەگەڵ دەکردن و پێشتریش لەگەڵ ئێران ڕێکەوتنێکی نا هاوسەنگی واژۆ کرد بۆ لەناوبردنی کورد. بەڵام دواتر سەدام دەستی دایە ستراتیژێکی نوێ و دەستی کرد بە لەناوبردنی مەدەنیەکان. چەکدار  و مەدەنی وەک یەک تەماشای دەکرد. لە ئاکامدا هەوڵی پاکتاوی نەتەوەی کوردی دەست پێکرد. بەکیمیابارانی هەڵەبجە دەستی پێکرد و بە ئه‌نفال کۆتای هات. پێشمەرگەش تەنها توانای پاراستنی خۆی هەبوو و هیچ کارێکی ئەوتۆی پێ نەکرا بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم کۆمەڵکوژیە.

پاشان لە ساڵی ٢٠١٤ پاش ماوەیەکی بەرچاو لە حوکمڕانی دیسانەوە پێشمەرگە ئامادەنەکرابو کوردستان بپارێزێت و کارەستی شەنگال و لەدەستدانی کەرکوکی لێکەوتەوە. داعش چەندین تاوانی دژی کورد کرد و چەندین شار و گوندی کوردی وێران کرد.

داعش هەر وەک بەعسیەکان بەڵگەی مێژوی دەهێنایەوە بۆ پاساودانی جینۆسادی یەزیدیەکان هەر وەک چۆن  بەعسیەکان سورەتێکی قورئانیان کردبوە بەڵگە. هەروەها ئەو ئەفسەر و جەنڕاڵانەی لە سوپای سەدامدا لە ساڵانی هەشتاکاندا جینۆسایدی کوردیان ئەنجامدا پاش نزیکی سێ دەیە زۆرێک لەو ئەفسەر و جەنه‌ڕاڵانە لە سوپای داعشدا جینۆسایدی کوردیان دوبارە کردەوە. بۆ نمونە، عێزەت دوری کە بە جێگری سەدام دادەنرا یەكێک بوە لە بڕیادەرە سەرەکیەکانی داعش. لە کاتێکدا هەمان ئەو ئەو بەرپرسانەی کوردانەی کە بە  چاوی خۆیان جینۆسایدی کوردیان بینی لە ساڵانی هەشتاکاندا، هەمان بەرپرس بون کە بە چاوی خۆیان جینۆسایدی کوردیان بینی لە ساڵانی ٢٠١٤ و ‌هیچ گۆڕانکاریەک بە سەریاندا نەهات و بگرە بە سیاسەتەکانیان پێشمەرگەیان لاوازتر کرد.

هەرێم  خاوەنی چەندین هێزی گەورەی چەکدارە کە بە کۆی گشتی دەگەنە نزیکی نیو ملیۆن لە هەرێمێکی شەش ملێۆنیدا و ئەو ژمارە زۆری چەکدار هەرێمی کوردستانی بەسەربازی کردوە. هەروەها هێزی پێشمەرگە نزیکی سەد و پەنجا هەزار چەکداری هەیە کە ئەم ڕێژەیە زۆر زیاترە لە سەربازانی ئازەربیژان و قەتەر و کوەیت و ئوردن.

بەڵام هێزەکانی هەرێم نەیانتوانی بەرگری هێزی میلیشیای داعش بکەن لە کاتێکدا هەولێر خەریک بو دەگیرا و هێزە دەرەکیەکان پایتەختی هەرێمیان ڕزگارکرد. هەروەها کاتێک هێزە عێراقیە میلیشیاکان هێرشیان کردە سەر کەرکوک، پێشمەرگە نەیتوانی بەرگری بکات و شارەکە گیرا. وە ئەم ڕوبەڕوبونەوانە هێزی ڕاستەقینەی پێشمەرگەی دەرخست.

لەهەمان کاتدا، کاتێک پێشمەرگە پشتگیری بکرێت و هەریکاری بکرێت دەتوانێت وەک هێزێکی نمونەیی دەربکەوێت.

بۆ نمونە لە جەنگی دژی داعشدا سەرەڕای نەبوونی موچە و چەک و پێداویستی پێویست، پێشمەرگە توانی مێژویەکی گەورە تۆمار بکات تەنها بە هاوکاری هاوپەیمانان. لە کاتێکدا هاوکاریەکان کەمێکی دەگەیشتنە پێشمەرگە . بەم جۆرە شکستەکانی پێشمەرگە بەهۆی هەڵەی ستراتیژی و گەندەڵی و خراپ بەڕێوە بردنەوە بوە.

هەرێمی کوردستان یەکەم دەسه‌ڵاتی کوردیە کە پاش دو سەدە ئەرکی پاراستنی گەلی کوردی کەوتە ئەستۆ، بەڵام نەیتوانی خاک و گەلی کوردستان بپارێزێت. لە ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧ هەزاران کورد کوژران و لە ماوەی یەک هەفتەدا لە سەدا ٥١ی خاکی کوردستان داگیرکرا کە هازاران کەس شەهید بون بۆ ئەم خاکانە لە سالانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوەوە. لەوانە بو کە هەرێمەکە کۆتای پێبێت ئەگەر هاوپەیمانان ڕێگریان نەکردایە. لە کاتێکدا ئێران و تورکیە کە بە دوژمنی کورد داده‌نرێن توانیویانە کورد لە مەترسی دەرەکی بپارێزن.

 بە حزبی کردنی هێزی پێشمەرگە وای کردوە کە وەزارەتی پێشمەرگە کە بە پێی یاسا فەرماندەری ‌هێزی پێشمەرگەیە هیچ دەسەڵاتێکی نەبێت. وە ئەم دابەش بونەی وای کردوە کە وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی بتوانن بە ئاسایی دەستێوەردان لە هەرێم بکەن.

هیشتا پێشمەرگە خاوەنی کلاشنیکۆڤی، چینی، ژەنگاوی دروستکروای سەدەی ڕابردون سەرەڕای بودجەیەکی گەورە. هێزی پێشمەرگە هیچ زرێپۆش و هێزێکی ئاسمانی نیە. بەم شێوەیە هێزی پێشمەرگە تەنها بۆ جەنگی گەریلای کاریگەری دەبێت و توانای بەرپەرچدانەوەی مەترسیە دەرەکیەکانی نیە لە بەرامبەر گەلێک کە هەمیشە بونی لە مەترسیدایە. زۆرێک لە فەرماندەکانی پێشمەرگە لە دژی سەدام وەک گەریلا جەنگاوه‌ربوون و ئێستا  بەرپرسن لە هێزەکەدا و ئەم هۆکارە بەشێک لە دۆخی ئێستای پێشمەرگە روندەکاتەوە.

پێنج سەدە پێش جینۆسایدی یەزیدیەکان، لە ساڵی ١٥١٤ لە جەنگی چاڵدێران جەنگاوەرانی کورد لە نێوان میرنشێ و خێڵە کوردیەکاندا دابەش بوبون و لەو جەنگە چارەنوس سازەدا نەیان توانی دەسکەوتێکی ئەوتۆ بە دەستبهێنن و دەیان هەزاران کورد لە پێنج سەدەدا بونەتە قوربانی. پاش پێنج سەدە هێشتا هێزە کوردیەکان لە هەمان بارودۆخدا خۆیان دەبینەوە. هەبونی دەیان هێزی بنەماڵە و شەخسی و یاسای و نایاسای ئەوە ڕوندەکاتەوە کە گۆڕانکاریەکی ئەوتۆ بەسەر جەنگاوەرە کوردەکاندا نەهاتوە و تەنها چەکەکانیان گۆڕاون.

هێزەکانی پێشمەرگەی یەکێتی و پارتی لە ماوەی چوار دەیەی رابردوودا چەندین جار شەڕی ناوخۆیان ئەنجام داوە، یەکێک لە بەربەستەکانی یەکگرتنەوەی ئەم دووهێزە نەبوونی متمانەیە لە نێوان ئەم دوو هێزەدا. هەرچەندە لە ژێر سەرپەرشتی هێزەکانی هاوپەیمانیدا بەشێک لە ‌‌هێزەکانی پێشمەرگە یەکیان گرتوەتەوە، بەلام بەراورد بە ژمارەی هێزەکانی تری (٧٠ و٨٠) وە شێوازی یەگرتنەوەی ئەم هێزانه‌ نمونەی نیە، چونکە دابەشکردنی دەسەڵات لە ناو ئەو ‌‌هێزەدا وای کردوە کە بڕیاردان زۆر گران  بێت.


توانای پێشمەرگە بەهۆی هۆکاری ناوخۆیەوە بەرەو لاوازبوون دەچێت. پێشمەرگە لە کاتی خۆیدا موچەیان پێ نادرێت و لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا تەنها ٤ بۆ ٦ جار لە سالێکدا موچەیان پێ دراوە، بۆ نموونە لە کاتی شەڕی داعشدا، ئەوان سەرکەووتنی گەورە و مێژوویان تۆمار کرد لە کاتێکدا نە باش ڕاهێنرابوون نە چەک و پێداویستی باشیان پێدرابو. لە سەدا ٥٠ هێزەکانی پێشمەرگە لە پارەی گیرفانی خۆیان چەک و فیشەک و  خواردن و هاتوچۆیان دەکرد، هەروەها زۆرینەی ‌هێزەکانی پێشمەرگە کارێکی دیکەیان دەکرد لەگەڵ پێشمەرگایەتیدا بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانیان.



بەشێکی زۆری بودجەی تەرخانکراو بۆ ‌هیزەکانی پێشمەرگە دەڕوات بۆ ئەو هێزانەی کە هێزی تایبەتن و سەر بە کەسایه‌تی و حیزب  و خێڵە سیاسیەکانن. ئەم هێزانە تەنها کار بۆ دابین کردنی ئاسایشی ئەندام و کەسایەتیەکانی ناو پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و هاوپەیمانەکانی ئەو دوو حیزبە دەکەن ئەوەی ئەمێنێتەوە لە ژێر ڕەحمی هاریکاری هاوپەیمانیدا جێ دەهێڵن. هێزەکانی پێشمەرگە ئەوەیان سەلماندووە کە ‌هێزێکی هاوپەیمانی کاریگەری ئەمەریکایە لە شەری دژی داعشدا. هەرچەندە هاوکاریەکانی ئەمەریکا زیاتر دارایی بوە و کەمتر جەختی لە چارەسەرکردنی گرفتەکانی پێشمەرگە کردۆتەوە.


ئاسایشی سەربازی هەرێم شكستی هێناوە، وە شكستی ئاسایشی سەربازی دەسکەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریەکان دەگەڕێنێتە دواوە وە مێژو نیشانی داوە. لەم دۆخەی ئێستایدا پێشمەرگە تەنها پارێزگاری دەسەڵاتێک لە دەسەڵاتێکی دیکەی کوردی دەکات لە هەرێمی جوگرافیا داخراودا. گەندەڵی و کەمتەرخەمی هێزی پێشمەرگەی بە جۆرێک لاواز کردوە کە ناتوانێک لە مەترسیە جۆراو جۆرەکانی رۆژهەڵتی ناوەڕاست کورد بپارێزێت.

 ٣٣ ساڵی پاش جینۆسایدی بە ناو ئەنفال هێشتا هەرێم نەیتوانیوە مانەوەی کورد دەستەبەر بکات.  پێشمەرگە کە بۆ پاراستنی ئازادی کورد دامەزەراوە لە ئێستادا نەک ئازادی تەنانەت ناتوانێت بونی کورد بپارێزێت

ئاسایشی سەربازی هەرێم شكستی هێناوە، وە شكستی ئاسایشی سەربازی دەسکەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریەکان دەگەڕێنێتە دواوە وە مێژو نیشانی داوە. لەم دۆخەی ئێستایدا پێشمەرگە تەنها پارێزگاری دەسەڵاتێک لە دەسەڵاتێکی دەیکەی کوردی دەکات لە هەرێمی جوگرافیا داخراودا. گەندەڵی و کەمتەرخەمی هێزی پێشمەرگەی بە جۆرێک لاواز کردوە کە ناتوانێک لە مەترسیە جۆراو جۆرەکانی رۆژهەڵتی ناوەڕاست کورد بپارێزێت. ٣٣ ساڵی پاش جینۆسایدی بە ناو ئەنفال هێشتا هەرێم نەیتوانیوە مانەوەی کورد دەستەبەر بکات.  پێشمەرگە کە بۆ پاراستنی ئازادی کورد دامەزەراوە لە ئێستادا نەک ئازادی تەنانەت ناتوانێت بونی کورد بپارێزێت

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن