گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناکۆکەکان و رۆڵى سەرۆک کۆمار
7/6/2020 9:58:00 PM
گۆران عەلی کەریم
یەکێک لەو رەخنانەی،
کە لە سەرۆککۆمار دکتۆر بەرھەم ساڵح، دەگیرێت، ئەوەیە هیچى بۆ کەرکوک و کورد نەکردوە،
ئاشکرایە کارکردن لەسەر دۆزى کورد و بەتایبەتى کەرکوک، جاران زۆر ئاسانترو لەبارتر
بوو تا ئێستا، چونکە ئەوکاتە، نەکورد دەستى لەتاڵانى نەوتى کەرکوک هەبوو، نە خەڵکى
کەکوکیش بەکوردەکانیشەوە بێزارى سیاسەتى حزبى کوردى نەبببون، هەرچۆنێک بێت، خەڵکانێک
هەن هەمیشە دەیانەوێت شکستی خۆیان بخەنە
ملی ئەوی تر، رەنگە ئەمەش بەشێک بێت لەوە.
هەرکەس شارەزاى
دۆخى سیاسى عێراق و کوردستان بێت، باش لەوە تێدەگات، کە رەنگە ئاسان نەبێت وا بەئاسانی
ئەو ھەموو ھەڵە سیاسی و ستراتیژیەی لەرابردودا کراوە راست بکرێتەوە، بەڵام موستەحیلیش
نییە، ئەوە پانتاییەى، کە دکتۆر بەرهەمیش ئیشى تیادا ئەکات، ئەو موستەحیل نەبوونەیە،
کە بەئیرادەوە لە سەرى راوەستاوە.
لەدوای ریفراندۆم
و لەدەستدانی بەشیکی زۆری ناوچە کوردنشینەکان، بەردەوام ھەوڵ بۆئەوە دەدرێت پێشمەرگە
بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانە، کە پێشتر لەبن دەستى پێشمەرگە بوون، یان هێزى هاوبەشیان
لێبووە، ھەڵبەتە وەفدی حكومهتی ھەرێمی كوردستان، ھەوڵی ھەبوە، بەڵام ئەم ھەوڵانە
بەبێ بونی هەوڵەکانى سەرۆککۆمار ئەنجام نەدەدرا، هەوڵەکان لەکۆشکی کۆمارەوە بزوێنەرى
خواستى گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە بوو، بەدەر لە ئەقڵیەتى پۆپۆلیستى و سیاسەتى خۆم و
خۆم، سەرۆک کۆمار، لەسەر چەندین دۆسییەى گرنگ کار دەکات، بەڵام تیمەکەى نایانەوێت
وەک منەت لەمیدیاکانەوە باسى بکەن، بەتایبەتى ئەرکەکان قورسن و رێگریش زۆرە، هەر وەک
ئەوەى تائێستاش لەمپەر لەبەردەم ئەم گەرانەوەى پێشمەرگە بۆ هەندێک ناوچە ماوە.
هەوڵەکانى دکتۆر
بەرھەم ساڵح، لەحکومەتی عێراقی بۆگەرانەوەی ھێزی پێشمەرگە، وەک پێویستیەکی سەربازى
و راگرتنى هاوسەنگى وایە، بۆ پارێزگاری کردنی خاکی کوردستان و پاراستنى خەڵکەکەى لەدەستی
توندرەوانى داعش، لەرابردوودا بەداخەوە ھەرێمی کوردستان، نەتوانی کیانێکی سەربەخۆ
بۆخۆی دروست بکات، نەشیتوانێ پەیوەندیەکى باش و تۆکمەى لەگەڵ بەغداد هەبێت، ئەمەش
ئەرکى سەرۆک کۆمارو نوێنەرانى کوردى لەبەغداد قورستر کردوە، بەتایبەتى، کە ئێستا بەغداد
باش ئەزانێت، کورد لە بەهێزییەوە نییە، کە رووى لە رێککەوتن کردوە، بەغدادیش جگە لە
کێشەکانى خۆى، توانا ئابورییەکەى بەجۆرێکە، خۆى بەدواى دەریچەیەکدا دەگەرێت بۆ
رزگار بوون، ئەوەى لەو پێناوەشدا سەرۆک کۆمارە کوردەکە پێشکەشى کردوە، جێگەى بایەخى
ناو خۆو دەرەوەیە، بۆیە هەقوایە چیتر لایەنەکان واز لەو رەخنە بێ ناوەرۆکانە بهێنن،
کە ئامانج لێى شانخاڵى کردنەوەى بەرپرسیارێتییە و هۆکارێکن بۆ دارمانى زیاتر و ماڵوێرانکردنى
خراپتر.
لەرابردوودا، بەشێکی
زۆر لەنوێنەرانی کورد، لە بەغدا، ھەوڵێکى زۆریانداوە، تا ھەولێرو بەغدا، بگەنە رێکەوتن،
لەم پرسەشدا سەرۆککۆمار راستەوخۆ بە بەرپرسانی حکومەتی گوتوە، کە نابێت موچە و قوتی
ھاوڵاتیانی کورد بکرێتە کارتی فشاری سیاسى، بەڵام ناهەقیشە گەر ئێمەى کورد، هەموو
کێشەو گرفتەکان بخەینە مللى ئەوى دى، هەرچەندە هیچ شتێک پاساوى برینى مووچەی نییە،
بەڵام لایەنى هەرێمیش ئەوەندە کەموکورتیان هەیە، کە نەک هەر بوونەتە هۆى دەستوپێ
گرتنى سەرۆک کۆمارو نوێنەرانى کورد لەبەغدا، تەنانەت بووتە هۆى لاوازى کارتەکانى دەستى
شاندى کوردیش لەبەغدا، لەوەش خراپتر سەربارى هەموو ئەو گرفتانەى کە هەیە، کەمووکورتیەکانى
ناوخۆى ئیدارەو حوکمرانى هەرێمی كوردستان وایکردوە، نەتوانرێت یەک گوتاری جەماوەرى
و حزبیش لەبەرامبەر بەغدا دروست ببێت.